ئەوەی پارتی ئەیکات قومارێکە لەسەر چارەنوسی خەڵکی کوردستان
Saturday, 13/02/2016, 22:13
هەرێمی کوردستان زاراوە یەکە شیرین تر لە ووشەی دایک بەسۆزتر لە ووشەی ئیشق وپیرۆز تر لە ووشەی شەهید.
ساڵانێک بوو ئەم جیهانە پڕووشکانیە بۆ ئێمەی کورد ئۆقیانوسێکی بێ بن بوو ،بستە خاکێک نەبوو بە ناوی کوردستانێکی خۆبەخۆ،تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان لەدایک بوو،حکومەت و پەڕلەمان و هێزەکانی ناوخۆ و هێزەکانی پارێزەری خاکی کوردستان گشت خۆ بە خۆ.
چەند دڵفڕێن بوو کاتێک منداڵانی ووڵاتەکەم لە گۆڕەپانی قوتابخانەکانەوە سرودی خوایە وەتەن ئاواکەیان ئەچڕی،مامۆستایانیش ئازادانە و دوور لە پۆستاڵی ڕەشی داگیرکەران باسی کوردو کوردستانیان ئەکرد،بەڵام مەخابن کورد هەرگیز کەسانی ناپاک و سیخوڕ و خۆپەرست و هەلپەرستی لێنابڕێت.
پارتی نموونەیەکی دیاری ئەو بوارەیە و شارەزایە لە شکستی شۆڕش و ماڵوێرانی وئاشبەتاڵدا ، بەووتەی قانعی فەردیش بنەماڵەی بارزانی دەستیان هەبووە لە ڕوخانی کۆماری مهاباددا .
ئێستاش پارتی بە فیتی تورکە عوسمانیە ڕەگەز پەرستەکان سەرگەرمی پلانی ڕوخاندنی ئەم هەرێمەیە ،سەرەتای جێبەجێکردنی پلانەکە بەبانگەشەکردن بوو بۆ فرۆشتنی نەوت و سەربەخۆبونی ئابوری ،ئەمەش کاردانەوەی توندی لەلایەن حکومەتی مەرکەزیەوە لێکەوتەوە تا کارگەیشتە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم ،بەمەش نەک هەر ئابوری سەربەخۆ نەبوو بەڵکو بووە هۆی ئیفلاسی حکومەتی هەرێم .
بەگوێرەی پلانەکە هەنگاوی دووەم ڕوخاندنی پەرلەمان بوو کە شەرعی ترین دەزگای ئەم ووڵاتەبوو بە بڕیارێکی دیوەخانەکەی بارزانی خاپورکرا.
هەنگاوی دواتریش برسی کردن و چەوساندنەوەی میللەتە کە لە ئێستادا جێبەجیی دەکات تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی کاسەلێسەکانی دیوەخانەکەی بارزانی هاوشێوەی جەردە و گیرفان بڕەکان دەست بۆ گیرفانی هاوڵاتیان دەبەن .
بەڵێ پارتی نزیک بوەتەوە لەدواین خاڵی پلانەکە کە ئەویش سەربەخۆیی سیاسیە ئەو بەو بڕیارە قومار لەسەرچارەنوسی خەڵکی کوردستان ئەکات ،چونکە ڕوخانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر ئەکات، پارتی بەتیرێک دوو نیشانە ئەپێکێت.
یەکەمیان پرسی سەربەخۆیی ئەکاتە دەسکەوتێکی مەزنی حیزبەکەی .
دووەمیشیان خۆی لەهەموو قەیرانەکان ڕزگار دەکات بەوەی کە دڵنیایە هەرێمێکی موفلیسی بێ کشتوکاڵ و پیشەسازی هەر زوو بەرگەی فشاری وڵاتانی ناوچەکە ناگرێت و ئەڕوخێت،دوایش ئەڵێت خەڵکی بە شەڕەفی کوردستان ئەوەی لەدەستمان هات کردمان بەڵام سیاسەتی ولاتانی ئقلیم مەزنتربوو ئیتر ئەمە سەربەخۆییە وقوربانی دانی ئەوێت .
بەڵێ هاوشێوەی ئاشبەتاڵی ساڵی 1974 بنەماڵەی بارزانی پارەی کەڵەکەکراوی چەند ساڵەی میللەت بۆ خۆیان ئەبەن ودەرباز ئەبن ، قەرزو مەینەتیەکانی هەرێمێکی برینداریش بۆ خەڵکی بەجێئەهێڵن ،موچەی پاشەکەوتی هاوڵاتیانیش لەگەڵ شنەی شەماڵدا ئەڕوات.
لەبەر ئەوە هەرچی زوترە ئەبێت حیزبە کوردستانیەکان وبەتایبەت یەکیەتی ئەم فرسەتە لە دەست نەدات بۆ بە دەست هێنانەوەی متمانەی میللەت ،ئەوەش بە ڕزگار کردنی بەشێکی ئەم هەرێمە دەبێت.
بەڵێ ئەبێت پەلە بکرێت لە دروست کردنی هەرێمێکی نوێ وئیدارەیەکی نوێ لە زوونی سەوزدا کە تەوای دروشمەکانی باس لە یەکپارچەیی خاکی عێراق بکات . بەمەش لەکاتی ڕودانی هەرمەترسیەکدا نیوەی هەرێمەکە بە زیندوویی ئەمێنێتەوە ، پارتیش جگە لەشکست و شەرمەزاری هیچی تری لە دەست نایەت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست