کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌رۆکی ئاشبه‌تاڵ چی ئه‌م جاره‌یان چاوه‌ڕێی چییت...؟

Saturday, 13/02/2016, 21:23


دوای بیست و پێنج ساڵ له‌ ئیداره‌ی ده‌سته‌ڵاتی حزبی له‌کۆتاییدا به‌ره‌و ئاشبه‌تاڵیان بردین، زۆر جاران لێره‌ و له‌وێ منه‌تی پاراستن و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و حکومه‌ته‌ حزبیه‌یان ئه‌کردین به‌چاودا، هه‌رکاتێک هاونیشتمانیان و چین و توێژه‌ جیاجیاکان وستبیان خۆپیشاندان بکه‌ن و ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕن و داوای مافه‌کانیان بکه‌ن یان داوای به‌ دامه‌زراوه‌ کردنی داموده‌زگاکان و ده‌رهێنانی له‌ده‌ستی حزب و سه‌روه‌ربوونی یاسامان ده‌کرد، پێیان ئه‌وتین ئه‌زمونه‌که‌مان ساوایه‌ و با له‌باری نه‌به‌ین وه‌ک ئه‌وه‌ی ته‌نها ئه‌وان دلسۆز و ئێمه‌ش خائین، ئه‌وان خه‌مخۆر و ئێمه‌ بێ خه‌م، ئه‌وان لێزان و شاره‌زا ئێمه‌ هیچ نه‌زان، ئه‌وان خه‌می داهاتویانبێت و ئێمه‌ تێکده‌ر و ئاژاوه‌گێڕ، ته‌نانه‌ت تۆمه‌تی به‌کرێگیراو خیانه‌تیان بۆ ده‌نگه‌ دڵسۆزه‌کان هه‌ڵده‌به‌ست.
ئه‌مڕۆ ده‌رکه‌وت که‌ هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا شتێک بوونی نه‌بووه‌ به‌ناوی ئه‌زموون و حکومه‌تی کوردی تا له‌باربچێ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی که‌ هه‌بوو ئیداره‌ی حزبی بوو بۆ خۆبه‌هێزکردن و دزین و به‌تاڵانبردنی سامان و داهاتی گشتی له‌نێوان هه‌ردوو حزبی ده‌سته‌ڵاتدار به‌تایبه‌تیش له‌ناو ئه‌و دوو حزبه‌ش که‌سه‌ یه‌که‌م و دووه‌مه‌کانی و ده‌ور و به‌ره‌ نزیکه‌کانیانن.
لێره‌دا کاتی خۆیه‌تی بپرسین:
ئایا ئێوه‌ دڵسۆزی گه‌ل و نیشتمانن؟ که‌وایه‌ گه‌ل له‌لێواری نوقومبوندایه‌ به‌هۆی ئه‌و قه‌یران و برسێتیه‌، نیشتمانیش له‌خه‌ته‌ردا چونکه‌ له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی هه‌ژاران و برسیه‌کانداین، چوارده‌وریشمان دوژمنه‌، دڵسۆزیه‌کانتان بنوێنن و پاره‌کانتان بهێننه‌وه‌ و فریای به‌ناو ئه‌زمونه‌که‌ بکه‌ون ئه‌وڕۆ ڕۆژی ده‌رکه‌وتنی دڵسۆزی ڕاسته‌قینه‌یه‌، یان ته‌نها له‌خه‌می خۆتان و سامانه‌ زۆر و بۆر و وه‌سه‌رێکنراوه‌کانتاندان؟ بێگوومان که‌وایه‌.
کاتی خۆیه‌تی له‌ سه‌رۆکه‌ ناشه‌رعیه‌که‌ بپرسین، ئه‌رێ ئه‌زبه‌نی ئه‌وه‌ چاوه‌ڕێی چی ده‌که‌ی؟ بۆچی بێده‌نگی؟ ئایا ده‌تانه‌وێ به‌ره‌و ئاشبه‌تاڵێکی ترمان به‌رن ئه‌و به‌ناو ئه‌زموونه‌ی ناوتان نابوو له‌باری به‌رن خه‌بات و خوێنی شه‌هیدان به‌فیڕۆ بده‌ن خۆتان و پاره‌کانتان بڕۆن و بچن بۆلای سوڵتان.! وه‌ک چۆن له‌ ئاشبه‌تاڵی ڕابردووش سه‌روه‌ت و سامانی شۆڕشتان دزی و ڕاتان کرد بۆلای شای ئێران و ئه‌ویش له‌به‌ر پاره‌کانتان پێشوازی لێکردن! به‌ڕاست پێمان بڵێ ئه‌و سه‌رده‌می هه‌ژاری شۆڕشی ئه‌یلول چه‌نتان پێ بوو که‌چوون بۆلای شا؟ ئێستا چه‌ندتان پێیه‌ که‌ بچن بۆلای سوڵتا؟ ئایا به‌ڕاست ئه‌زبه‌نی به‌ته‌مای چی؟ زۆر له‌و بێده‌نگیه‌ت ئه‌ترسم.! ئایاده‌ته‌وێ ئه‌زمونی سوریامان به‌سه‌ردا تاقی بکه‌یه‌وه‌ ئه‌و نیشتمانه‌ بچوکه‌ پارچه‌ پارچه‌ بکه‌ی و وێرانی بکه‌ی و بیکه‌ی به‌گۆمی خوێن؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ زۆر هه‌ڵه‌ی چونکه‌ تۆ ئه‌و سه‌رۆکه‌نی وه‌ک ئه‌سه‌د پشتیوانیت لێبکرێ.! به‌و پشتیوانیه‌ی هاوپه‌یمانان له‌خۆبایی مه‌به‌ که‌له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان پشتیوانیان کردی له‌مه‌ترسیه‌کانی داعش ، بۆیه‌ هاوپه‌یمانه‌کانت پشتت تێده‌که‌ن ئاگاداربه‌.! له‌بری ئه‌وه‌ بیر له‌چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بکه‌وه‌ و وه‌ره‌ده‌نگ و ده‌سته‌ پیسه‌ ئاوه‌گڵ و خوێناویه‌که‌ت پاک بکه‌وه‌ ، له‌خۆته‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌و ئینجا ده‌ستێک به‌ ده‌ور و به‌ر و که‌سانی نزیکی خۆت و حزبه‌ هاوپه‌یمانه‌که‌ت دابێنه‌، پاره‌ دزراوه‌کان بهێننه‌وه‌ و گه‌نده‌ڵ کاران سزابده‌و ئه‌مڕۆ ڕۆژی ده‌رکه‌وتنی دڵسۆزیه‌ ئه‌گه‌ر ڕاست ئه‌که‌ن، نه‌ک بیر له‌ سیناریۆ و شاردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌کان بکه‌نه‌وه‌ له‌و پێناوه‌شدا خه‌رجیه‌کی زۆر بکه‌ن، بۆیه‌ چیتر نه‌ کات به‌فیڕۆبده‌‌ن نه‌یاری به‌و خه‌ڵکه‌بکه‌ن ، ئه‌گه‌رنا ئاشبه‌تاڵێکی تر چاوه‌ڕێمانه‌ ئه‌وجاره‌شیان ئێوه‌ به‌رپرسن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە