سەربەخۆیی کوردستان وەک گرێیەکی دەرونی مەسعود بارزانی و شتی تر
Tuesday, 09/02/2016, 1:20
هاتنی وەفدی ئەوروپی بۆ کوردستانو کۆبونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان هەڵگری پەیامێک بو بۆ ئەو لایەنانە کە پێویستە دەسەڵاتی کوردی هەوڵیکی جیددی بدات بۆ ئەوەی سەرلەنوی ماڵەکەی خۆی رێکبخاتەوەو، سنورێک بۆ ئەو قەیرانو کێشە قوڵانەی ناوخۆ دابنێت، پرۆسەی دیموکراسی بگەرێنێتەوە رێڕەوەی راستەقینەی خۆی،کۆتایی بەو گاڵتەجاڕییەی ئیفلیجکردنی پەرلەمانو پەکخستنی حکومەتو تەنگژەی دارایی بێنێت، لەجیاتی ئەوەی بیر لەسەربەخۆییو دامەزراندنی دەوڵەت بکەنەوە بەتایبەتیش لەم هەلومەرجەدا کەهێشتا کورد ئامادی ئەو سەربەخۆییو جیابونەوە نیە بەو ئیدارە فاشیلەی 24 ساڵە بەرێوەی ئەبات.ئەمریکاش چەند جارێک بەگوێی سەرکردەکانی کورددا چرپاندویەتی کەوا باشترە بگەڕینەوە باوەشی بەغداو واز لەو خەونەی سەربەخۆیی بێنن..
لە دوایین پەیامەکەی مەسعود بارزانیشا تەنانەت خودی خۆیشی ئاماژەی بەهەڵویستی هەندێ وڵاتانی دونیا دابو بەوەی رازی نین رێگەبدەن بەسەربەخۆیی کوردستان وسازدانی ریفراندۆم،تورکیاش کە زلهێزێکی ناوچەکەیە و هاوپەیمانی نزیکی پارتیە ئەویش بەراشکانەوە وتی ( یۆخ ) بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
سەرباری ئەم هەمو فیتۆیانە کەچی مەسعود بارزانی لەبەیانێکی دورودرێژیدا باسی ئەو مافە ئەکات ونیازی خۆی دەرئەخات بەسازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی،لەولاشەوە حزبەکەی لەرێگەی چەند کەسانێکەوە باس لەوە دەکەن کەوا دەبێت مەسعود بارزانی هەنگاو بۆ ئەم دەوڵەتە بنێت بێ گوێدانە ئەمو ئەو.. نوێنەرەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا هەمو ئەو راستییانەی لەسەر زاری وەفدەکەی یەکێتی ئەوروپاوە هاتوە ئاوەژو کردۆتەوەو بەدرۆیەکی شاخدارەوە ئەڵێ کەوا وڵاتانی ئەوروپا ئامادەن هاوکاری هەرێم بن لەراگەیاندنی سەربەخۆیی، نوسەرێکی دەرباریشیان لەوتارێکدا بارزانی هانئەدات کەوا گوێ لەلایەنەکانی ناوەو دەرەوە نەگرێتو سەربەخۆیی رابگەیەنێت،تەنانەت ئەم هەڵوێستەشی بەهەڵوێستی مەنعکردنی سەرۆکی پەرلەمان لەهاتنە ناو هەولێرەوە ئەشوبهێنێت، گوایە مەسەلەکە ئاوا ئاسانەو کەس نایەتە دەنگ.
هەڵبەت سەربەخۆیی خەونی دێرینەی هەمو تاکێکی ئەم میللەتەیە،کەسیش نکوڵی لەم مافە ناکات،تەنانەت یاساورێساکانی دونیاش رێگا بەم مافە ئەدەن وەک مافێکی سروشتی هەمو گەلانی دونیا، بەڵام خەونەکەی بارزانی خەونی دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆو دەوڵەتێکی خودئیختیاری سەرکەوتو نیە، بەقەدەر ئەوەی خەونێکی خۆیەتی بەوەی ببێتە پاڵەوانی سەربەخۆیی لەکوردستاندا، ئەم خەونەشی ئێستا وەک گرێیەکی دەرونی لێهاتوە، بەبێ ئەوەی حیساب بۆ واقیعیەتی ئەو خەونەو هێنانەدیی بکاتو،پێشتر حیسایی ئەوەشی کردبێت تا چەند میللەتەکەی سودمەند ئەبن لەم دەوڵەتە چاوەرانکراوە بەم وەزعەی ئێستایەوە و لەم هەلومەرجە ئالۆزەی ناوچەکەشدا، ئەو ئەیەوێت ئەگەر خوێنێکی زۆری میللەتەکەشی بڕژێت لەپێناو دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە ئەوە باجەو هەمو میللەتێک ئەبێ بیدات.
با جارێ واز لەوە بێنین تاچەند ولەچ کاتێکا زرووفە بابەتی و مەوزوعییەکان یامەتیدەر ئەبن بۆ راگەیاندنی ئەم دەوڵەتە،با بێینە سەر ئەو هۆکارانەی وا لەمەسعود بارزانی ئەکەن لەم ساتەوەختە پڕ لەقەیرانەی ئێستای کوردستانو لەوەزعی بێمتمانەیی لایەنەکانو هەڵویستی نەرینی وڵاتانی دونیاو ناوچەکەش و،لەکاتێکدا میللەت نانی بڕاوەو خزمەتگوزارییەکانی وەستاونو حکومەتو پەرلەمانەکەشی پەکیانکەوتوە، هەنگاوێکی وا سەرشێتانە بهاوێت و،تەحەددای ئەم هەمو بابەتانە بکاتو سەربەخۆیی ئیعلان بکات.
هۆکارەکان:
- بارزانی ئێستا هەست بەو شکستە ئابروبەرانەی حزبەکەی ئەکات لەسەرکردایەتی کردنی کوردستانو بەڕێوەبردنی هەرێمەکەمان لەرێگای ئەو حکومەتانەی سەر بەحزبەکەیەوەن، چونکە نابێ لەبیرمان بچێ کەوا لەهەشت کابینەی حکومەتدا پێنج کابینە بەسەرۆکایەتی پارتیەوە بوە، لەحوکمڕانی کوردستانیش لەوەتەی راپەڕینەوە تا ئەمرۆ حزبەکەی بارزانی هەمیشە لەسەروی حزبەکانی تر وهاوپەیمانەکانیشی بوەو دەستی باڵاتر بوە، بەمەش بەشی شێری بەر ئەکەوێت لەم شکستو قەیرانە ئالۆزانەی هەرێم، ئێستاش کەوا توڕەیی خەڵک گەشتۆتە سەر لوتو خەریکە ئەتەقێت،مەسعود بارزانی ئەیەوێت لەرێگەی یاریکردن بەهەستی نەتەوەیی و نیشتمانی میللەتەکەی هەڵخەڵەتێنێت وئەو هەمو قەیرانو کێشەی قوتو خزمەتگوزاری وفەشەلی دەسەڵاتەکەی خۆیو حکومەتەکانی حزبەکەی بشارێتەوە..
- بارزانی لەدوای 24 سال لەباڵادەستی لەکوردستانو 10 ساڵی فیعلی حوکمرانی تاکەکەسی وەکو سەرۆکی هەرێم، نەیتوانی وەکو سەرۆکی دەوڵەتێک خۆی نمایش بکات، ئەو تا ئەمرۆش هەروەکو سەرۆکی حزبی قائید ئەو دامەزراوەی بەناو سەرۆکایەتی هەرێمی بەڕێوەبردوە،لەمەشدا شکستێکی گەورەتری لەشکستەکانی حکومەتەکانی پارتی توشهات،بۆیە ئەیەوێت بەراگەیاندنی سەربەخۆیی وا نیشانبدات کەوا سەرۆکی میللەتەو هەر ئەو ئەتوانی کەشتی میللەتەکەی بگەیەنێتە سەرکەناری دەوڵتبونەوە.
-بارزانی کە ویلایەتەکانی تەواوبونەو حزبەکەشی هەوڵێکی زۆریدا بەبێ کێشەو قڕڕە ویلایەتەکەی درێژ بکرێتەوە بەڵام بۆی نەچوەسەر، ئەیەوێت بەئیعلانکردنی ریفراندۆمو سەربەخۆیی ئیعتبارێک بۆ خودی خۆی بگەرێنێتەوە بەوەی لەژێرسایەی ئەودا بوە کەوا کوردستان سەربەخۆ بوەو،لەبری ئەوەش هەقە میللەت پاداشتی بداتەوە بەوەی تا هەتا وەکو سەرۆکی هەرێم بمێنێتەوە بەو ئیعتبارەی ئەبێتە پاڵەوانی سەربەخۆیی میللەتەکەی و ئەبێ رێزی لێبگیرێت بە هێشتنەوەی لەسەر دەسەڵاتو دواتریش بۆ کوڕو نەوەکانی.
- بارزانی و حزبەکەی لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی هەڵبژاردنەگشتیەکان لەساڵی داهاتودا، درکیان بە توڕەیی خەڵک کردوەو چاوەڕوانی سزایەکی توندتر لەوەی یەکێتی نیشتمانی ئەکەن لەسەر هەڵویستە سیاسییەکانیان،ئەوەشیان بۆ رونبۆتەوە کە ئێستا مەیلی جەماوەر بۆ لای بەرەی ئۆپۆسزیۆنی پارتییە، بێجگە لەوەش ئەو بەرە چوار قوڵییەی نێوان لایەنەکانیتر زامنی چارەسەری کێشەو قەیرانە سیاسییەکانن، بۆیە دور نیە هاوکێشە سیاسیەکانی داهاتو بەتایبەتیش هاوکێشەکانی هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی حزبەکەی بارزانیدا نەبن،بۆیە ئەیەوێ لەئێستاوە یاری بەهەستی جەماوەر بکاتو ریفرادندۆم ئەنجامبدات، ئەمەش بکاتە دروشمی هەڵبژاردنی داهاتوو بڵێت من ریفراندۆمم کرد ئێستاش مەجالم بەنی دەوڵەتتان بۆ دروستکەم.
- بەئیستغلالکردنی ئەم بابەتە هەستیارە کەوا هیچ حزبێک ناتوانێت رێگە لەریفراندۆمو سەربەخۆیی بگرێت، ئەیەوێ وا لەحزبەکانی کوردستانیش بگەیەنێت کەوا ئەو پاڵەوانی سەر ساحەکەیەو ئەوانیتریش پاشکۆن،بەمەش واقیعێکی تازە لە پەیوەندییە سیاسییەکان بچەسپێنێتو ببێتە حزبی قائیدو ئەوانی تریش لەدەوریدا بسورێنەوە.
لێرەدا نمونەی چەند میللەتێکی ترمان لەبەرچاوە کە لەهەنگاوێکی هاوشێوەدا شکستی گەورەیان توشهات.. نمونەی جیابونەوەی ئەریتیریاو باشوری سودان وەکو دو نمونەی زیندوی فەشەلی سیاسی حزبەکانو خەباتگێڕەکانی ئەمدو وڵاتەن، کاتێک سەربەخۆییان راگەیاند بەبێ بونی ئەسبابی زاتیو مەوزوعی بەمەش میللەتەکەیان توشی شکستێکی زۆر گەورەکرد،ئێستا ئەم دو وڵاتە لەپەراوێزی خواری خوارەوەی دەوڵەتە سەربەخۆکانن،سەرکردەکانیان ناتوانن سادەترین مافە سروشتیەکانی میللەتەکەیان دابینبکەن کە ئەوانیش بەقەدەر خۆیان قوربانیان لەپێناو سەربەخۆبوندا داوە.پارتی وبارزانی ئەیانەوێ بەهەر نرخێک بێت تەنها بۆ کردنەوەی ئەو گرێیە دەرونیەی بارزانی موغامەرەیەکی ئاوا بکەن سەرباری ئەو هەمو هۆشدارییەی وڵاتە زلهێزەکانو ناوچەکەش وحوکمدانیان بەفەشەلی ئەم هەنگاوە.
ئەڵێن کۆمەڵێک سەرکردەی عەسکەری لەوڵاتێکی هەژاردا کودەتایەکی سەربازی ئەکەن بەسەر رژێمی وڵاتەکەیانەوە، کاتێک دەسەڵات ئەگرنە دەستو سەیر ئەکەن خەزینەی وڵات یەک عانەی تیانیە،لە یەکەم کۆبونەوەی بەناو سەرکردایەتی شۆرشدا گفتوگۆ لەسەر رێگەچارەیەک ئەکەن کە چۆن خۆیان دەرباز بکەن لەم موغامەرەیەی کردیان.یەکێک لەوانە ئەڵێ" چارەسەرێکی ئاسانم هەیە؟. ئەڵێن" ئادەی بێنە بابزانین چیە؟ ئەویش ئەڵێ" ئیستا ئیعلانی دژایەتی خۆمان بکەین دژ بەئیستعمار، بەمەش ئیستعمار لێمان توڕە ئەبێتو هێز ئەنێرێتە سەرمان وڵاتەکەمان داگیر ئەکات ئەوسا ئەوان وڵاتەکەمان ئاوەدان ئەکەنەوەو میللەتەکەشمان بەدەستیانەوە ئیسراحەت ئەکەن؟؟!!.چارەسەرێکی مەعقولە،بەڵام ئایا ئەو ئیستعمارە تورکییەی بەتەکمانەوەیە ئامادەیە ئەم وڵاتە تازەیەمان بۆ ئاوەدان بکاتەوە یا تەنها چاوی لەسامانی نەوتو گازەکەمانە.؟؟؟!! ئەمە پرسیارێکە روبەڕوی پاڵەوانی سەربۆخییەکەمانی ئەکەینەوە...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست