چیرۆکەکانی چیا : دوو مەلای دینی و دووهەڵوێستی جیاواز، (چیرۆکی ژمارە ٨)
Saturday, 06/02/2016, 22:39
کاتێک بەرەی کوردستانی لە سایەی ئێراندا بەزۆرو خوایشت دروستکرا ، شەڕی براکان ڕاگیراو ئیتر هامشۆ بۆسنورەکانی کە لەخەون دەچوو کرایەوە . پارتێکان گەڕانەوە ناوچەی سۆران و یەکێتیش مەڵبەندێکی دامەزران لەبادینان ، بەڵام چونکە پێشمەرگەی ناوچەکەی کەم بوو لەهەموو تیپ و مەڵبەندەکان داواکرا کێ ئارەزوومەندە دەتوانێت بۆ درێژە دان بەخەبات بەرەو بادینان بڕوات . منیش بڕیارم دا بڕۆم بۆ ناوچەی بادینان و بەشێکی تر لەجوگرافیای نیشتمانە داگیر کراوەکەم ببینم و خەباتی تێدا بکەم.
ڕەتڵی یەکەم بەسەرکردایەتی شەهید "ئازاد هەورامی" بەڕێکەوت کە ژمارەیان زیاتر لە١٠٠ پێشمەرگەدەبوو ، ڕەتڵی دووهەم بەسەرکردایەتی "کاک حاکم عمر " بوو کە منیش لەگەڵیان بووم لەو گەشتەدا کە پڕی بوو لەڕووداو ، کە گەیشتینە دەشتی کۆیە لەسەر سەر ڕووبارەکە کە لەدوکانەوە درێژ دەبێتەوە و بەخاڵخاڵان دا ڕاگوزەر دەکات بۆ گەرمەسێر گوندەکانی ئەم ناوجانە ئاودەدات و کشتوکاڵ بەرهەم دەهێنرێت لەسایەیدا ، ئێمە بەنیازی چونمانمان بۆ سماقولی بۆ مەڵبەند لەوێ یەکمان گرتەوە، کەبینیمان هێزێکی زۆری پێشمەرگە کۆببۆوە بۆ گرتنی شارۆچکەی تەقتەق ئێمەشیان دانا کە بەکردار بەشدار بین لەگرتنی تەقتەدا ، ئەو شەوە بۆ یەکەمین جار تەقتەق گیرا بۆ یە دەڵێم بۆ یەکەمین جار دوایش چەند جارێکی تر هەمان شارۆچکە گیرایەوە، ئێوارەکەی شەهید عەبدولڕەحمان پێی ووتم سورە ئاگات لەخۆت بێت ، ئەمە دوهەمین ئێوارەبوو ئەو قسەیەبکات و داوام لێبکات کەئاگاداری خۆم بم ، ئەو ئێوارەیەی لەگوندی مالومە دەچوین بۆ گرتنی ناحیەی کارێزە ، ئەم ئێوارەیەش کە بەنیازین تەقتەق بگرین . بەداخەوە شەهیدی سەرکردە عەبدولڕەحیم شەهیدبوو من مامەوە . دوای ڕۆژێک ئێمە لەدەشتی کۆیە پەڕینەوە بۆ مەڵبەندی چوار دوایش ئەوەش کەوتینەڕێ بۆ مەڵبەندی سێ و چەند ڕۆژێک لای شەهیدی سەرکردە "حەسەن کوێستانی" بووین گوندەکان هەمووی تێک درابوون لەهێرێشكی بەعسدا ، من پێشتر ئەو مەڵبەندەم بەئاوادانی دیبوو لەناو بێستانی کاڵەک و تەماتەکانیدا تەراتێنم کردبوو لەماڵەکاندا خۆراکم خواردبوو لێفەو بەتانێکانیم لەماڵی خوادا بەخۆم دابوو، ئەوە بەر لەیەک دووساڵ بوو، بەڵام ئێستا تۆپ باران و باروت ژیانی تێدا نەهێشتبوو گوندێکانیش لەوێ نەمابوون بێستان و کشتوکاڵەکانیش بێخودان مابونەوە. دوایی چاوەڕوانی چەند ڕۆژێک ئێوارەیەک بەڕێ کەوتن بەرەو مەڵبەندی بادینان ، زۆر ڕۆشتین تا لەچیایەکی بەرز ماینەوە ، یەکەمین جارم بوو مێشولەی وا دڕو ناجیسن ببینم ، بەدوان یان سیانێکیان دەیان توانی بەرزت کەنەوە ، تاریک بوو بەرامبەرمان پایگاکانی دوژمن بوو دەبوو بێدەنگ بین و ڕاوی میشولەش بکەین هەر بەبێدەنگی ، باشبوو چامانەیەکم پێبوو بەمەتارەی ئاوەکە تەڕم کردو لەسەرو چاوم پێجا ، میسولەکان هێندە دڕبوون دەیان ویست بە ناو چاومانەوە بدەن ، ئەو چاوەڕوانی یە و درێژەکێشانی لام وایە ناخۆشترین کاتی پێشمەرگایەتیم بووبێت .
پاشان دەنگێک لە تاریکێوە هات و پێشمەرگەکانی مەڵبەندی سێ کە دەستەیەکی تایبەتی شەهید "حەسەن کویستانی" بوو دوای ماڵئاوایی جێیان هێشتین و ڕابەرە بەتەمەنەکە پێشمان کەوت بۆ ئەو جێگەیەی کەدەبوو لە گڵۆپەکان و ڕوناکی ئاوادانی نزیک بینەوە ناو جەرگەی دوژمن و داگیرکەران ، ئەمە دەشتی حەریرو پاتاسەو و ئێمەش نزیک گوندی سیساوابووین ، هەرڕۆشتین و بێدەنگ بووین ، هەرلە بێدەنگیدا بووین دنیا ڕووناک دەبۆوە و ئێمە هەر ڕێگەمان دەکرد خۆر هێشتا هەڵنەهاتبوو بەڵام گوندی ووتەنی هەموو "دەعبایەکت" لەیەک جودا دەکردەوە . تەواو ڕووناک بۆوە ، ئیتر ڕابەرەکەمان فەقیانەیەکی سپی بەست بەسەر قۆڵەکانێوەو و مێزەرێکی سپی کە لەبەفر دەچوو بەست لەسەرێوە ،ڕابەرەکەمان مەلا یەکی پڵنگ ئاسابوو ، هەروای کرد دەمەنچەیەکی سمسی کورتی کرد بە پشتێنەکەیداو سەربەرەوخوار بۆوە لەچاو تورکانێکدا دوو ئۆتۆمۆبێلی بەڕازیلی بۆ هێناین کە جاشی تێدابوو ، مەلا پڵنگەکە ووتی: سەرکەون ئەمڕۆ تائێوارە میوانن لەماڵی ئەم خانەخوێیەتان ، نازانم بۆچی پرسیارم کرد داخۆ ئەمانە جێگەی بڕوان ؟ مەلا پڵنگەکە ووتی: بەر لەهەفتەیەک ئەمانە چەند ئەفسەرو سەربازیان لەناو هەریر بۆ جەهەندەم نارد . پێش ماوەیەک کتێبێکم لە لای بارەگای "ڕاهی کارگەر" بەفارسی وەرگرتبوو گیڤارابوو باسی لەبیرەوەرێکانی خۆی دەکرد لە شۆڕشی کوبادا گیڤارا لەجێگەیەک باسی قەشەیەک دەکات کە هەموو شتێکی بەخشیبوو بەشۆڕش ، نازانم بۆچی لامنیش ئەم مەلا گیانەم بەو قەشەیە بەراوردکرد؟ هەستم کرد لەیەک چونێک لەنێواندیاندا هەیە ، ئاخر ئاین نەیووتوە با پشت لەنیشتمان بکەین . پاشان سواری ئۆتۆمبێلەکان بووین ،من بۆیەکەمین جاربوو سواری ئۆتۆمبێلی بەڕازیلی بووم تا ئەوکاتە هەر بیستبوومان کە عێراق پڕبوە لەبەڕازیلی ، ئەوکاتانە بەڕازیلی ئۆتۆمۆبێلێکی داوا مۆدێل بوو پێم وابێت . ئێمە یان کرد بەدوو بەشەوە ، پێنج پێشمەرگەمان لەگەڵ سەرۆک جاشەکە چوین بۆماڵیان کە کاک حاکم عمەریشمان لەگەڵ بوو ، سەرۆک جاشيکە باڵای نزیک دوومەتر دەبوو من ئەم بەیانی یە هەموو شتێکم خسبۆ ژێر زوومی چاوەکانم ، ماڵیان لەگوندێکی ڕووتاوەدابوو لەپشتی شەڕگەی حاجی هۆمەرانەوە بوو، ئێمەلە بەردەمان گەورەترین سەربازگەی عێراق بوو دەیان تۆپ لەبەرچاومان بوو ، ئێمە ئەو بەیانی یە بەناو قوڵای دوژمندا ڕێمان کرد ، سەرۆک جاشەکە لە پێشەوە دانیشتبوو ، من زۆرجاران ڕیشم هەبوو بۆیە پێی ووتم: ئەم ڕیشەت جێگەی گومان نەبێت بۆ سەربازەکان ، بەڵام لە پرسگاکە سەربازەکە کەدیاربوو تێرخەو نەببوو ،ئەو تەنها سەرێکی کرد بەناو ئۆتۆمۆبێلەکەداو ووتی بڕۆن . چوینە ماڵەکەیان و هەستمان کرد بۆنی گۆرەوێکانمان لە زێرابی سەرداخراو دەچوو کە لە دیوەخانەکە لەسەر لباد و فەرشەکان دانیشتین ، ژنە بەرگ ڕەشە پیرە هات ووتی بچن بۆ ئادەبخانە ، ئەو دیاربوو دەیزانی ئێمە پێویستە پش و بدەین ، یەکەم ووشەی بادینی فێربووم کە پێی ووتین "کەت کەت هەڕن " واتە یەک یەک بڕۆن ، دوای ماوەیەک یەک سینی گەورە کەدەڵێم گەورە ئیتر خۆتان وێنەی بکێشن یاپراخیان هێنا بەبەرچنەیەک نانەوە ماستاو ، من هەرگومانم هەبوو بۆیە خانەخوێکەمان لەهەموو لایەکەوە قاپەکەی تێکرد ، ئیتر ئێمەش دەستمان کرد بەخواردن تاڕادەی مەست بوون .
عەسرێکی درەنگ بردیانین بۆسەر زێی گەورە بەشەکەی تر لەهاوڕێکانمان لەناو بێستانێکی خەیاردا مابونەوە مێشوولە گاڵەیەکی پێکردبوون کە ئەوەی شەوی ڕابردوو خوێ چێشت بوو بۆیان . پاشان ئەوان هێلکەی کوڵاویان بۆ بردبوون واتە یاپراخیان نەخواردبوو. جێگەکە بەرامبەر سەربازگەیەکی گەورەکە بوو،هەرلەوێ کەڵەکیان بۆ چاکردین و پەڕینەوە ئەوەی ڕووی دا هەمووی لەچاوتورکانیكدابوو، لەتاریکی شەودابوو،لەوبەرەوە پیاوێکی پیری باریکەلانە بوە ڕابەرمان کە زیاترشێوەی تانجی هەبوو ئەو بڕوای بەڕێگەنەبوو ناو تا گەلێکانی چیای شیرین هات لەگەڵمان بەدرێژای ئەو شەو ڕۆژە من نەم دی ئەم پیاوە پیرە نەئاو بخواتەوە نە نان و نەدانیشێت ، تەنها و تەنها و تەنها جگەرەی دەپێچایەوەو دوکەڵەکەی بەبادەکرد ، لەمرۆڤی چاخێکی تر دەچوو . ئەو وانەیەکی سەیری دابەگوێماندا کە پرسی بۆچی ئاربیجیمان پێنی یە ،یان بیکەی سی ، پاشان پێی ووتین ئەی بۆچی دکتۆرمان لەگەڵ نی یە ، پاشان کە بۆ ناوچەیەکی تر دەچین دەبوو بەرگی ئەو ناوچەیە بپۆشین ؟ ئەوە وانەی ڕابەرەکەمان بوو ، کە ماڵئاوای لێکرین و وەک بروسکە لە بەر چاومان وون بوو بۆ ئەو جێگەیەی کە جێی هێشتین .
چیرۆکە درێژەکەی چونمان بۆ بادینان لێرە کۆتای پێدەهێنم و دەچمەوە بۆ ڕۆژانی ئەنفالی یەک کە هێزی پێشمەرگە زۆریان لە شاناخسی هەوارمان هەڵدابوو ، ئەوڕۆژەی کە بەکیمیاوی لەشاناخسی دا ٧٠٠ پێشمەرگەو خەڵکی سفیل زامداربوو ١٣ پێشمەرگەش هەرلەجێدا شەهید بوون . ئێمە لەسەقز بووین چاوەڕێ بووین هێزەکەمان بگەڕێنەوە لەگەڵیاندا بچینەوە بۆ بادینان لەشاری شنۆ و شاخی کێلەشینەوە بەرەو خواکورک و دەشتی بەرازگرو شێروانی مەزن و سەر ڕۆنباری ڕۆشین ، بڕیاربوو کۆمەڵێک چەک و پێداویستی و دەرمان و قیناعی گازیش بەرین لەگەڵخۆماندا. ئێمە لەئوتێل نەکەرۆز بووین لەسەقز هەمووڕۆژێک تەرمێک یان دوان لە شەهیدەکان دەگەرانەوە بۆ سەقز کە لەخەستەخانەکانی ئێراندا گیانیان لەدەست دەدا .
من نامەوێت ووردەکاری ئەوەباس کەم کە چۆن تەرمی پێشمەرگەو پاسدار تێکەڵی یەک دەبوو پاسدار بەناوی پێشمەرگەوە دەناژراو دوای هەڵەکە بە ئازارەوە چاکدەکرایەوە، باسی ئەوە ناکەم چۆن ژووری ئوتێلەکان پڕ بوو لەبریناری سەرتاپاسوتاو، ،دوایی ڕۆژێک لەڕۆژەکان تەرمی شەهید هاوڕێ هاتەوە ، براکەی کاکە ڕێبوار جاوشین و خزمەکانی بڕیاریان دا کە هیچ نەبێت بیبەین بۆ سەر سنور تاکو دایک و خوشکەکانی و خزمەکەنای بێنەدیداری شەهیدەکەیان . من لەتەمەتی پێشمەرگایەتی و ژیاندا زۆرجاران لاشەم دیوە کە برینی قوڵ لەجەستەیدا بوە ،بەڵام هەرگیر لاشەی ئاوام نەدیبوو کە هەڵوئاوسابوو سوتاوبوو تێک چوبوو کرمی سپی جەستەی شیدەکردەوە ،پاشان بۆنی زۆر لێدەهات ئێمە چەند بۆنێکی زۆر بەهێزمان کرد بەلاشيکەوە بیرمە بۆنێکی فەرەنسی بوو ناوی "ڕیجمۆرد" بوو چەند شوشەیەکمان پێوەکرد گەرمابوو ماوەیەک چەند کاژێرێک لە سەردەشت ماینەوە تا بەرگەیان بۆکرد و مۆڵەتیان داین بەرەو سنور بڕۆین لاشەکە لەناوپیکابێکدابوو لەبەر خۆرەکە ، هەوا گەرم بوو لەڕێگە بڕیارمان دا کە لە گوندی کانی زەرد لاشەکە بەخاک بسپێرین ، هەم گوندێکەو ئاوادانی تێدایە ئەگەریش کەس و کاری شەهیدیش بێت بۆسەردانی دەتوانێ لەیەکێک لەو مالانەدا بمێنەوە . بۆیە هەموو مان بڕیارەکەمان لاپەسەند بوو چوین لە دێکەوەستاین لەکانی زەرد تا لەڕێگەی مزگەوتەکەوە داوا لەخەڵکی ئاوایی بکەین بێن کۆمەکمان بکەن لاشەی ئەم شەهیدە بەخاک بسپێرین . مەلای دینی گوندەکە لێمان هاتە دەنگ و خەڵکی لێهانداین کە ئەوان ڕێگە نادەن تەرمی کەسی بێگانە لە گۆڕستانەکەیان بێت . ئەو مەلا هەڵکێشراو لە خیانەتەدا دەیووت سەیرکەن ئەم کافرانە بستێک خاکیان نەماوە لاشەی کوژراوەکانیان بشارنەوە تێیدا، کوردایەتیمان بۆدەکەن . ڕشانەوەی ئەم مەلایە هەمیشە لەگوێکانما دەزرنگێتەوە ، شانسێک کە ئەم مەلا دینی یە هەیبوو ئەوەبوو ئەو دێیە داگیرکراوە ناو ئێران بوو، ئێمە چەکمان پێنەبوو تا فێری کوردایەتی بکەین ، پاشان هێندەش بێدەسەلات نەبووین خەڵکێکی زۆر کۆبۆوە پاسداریش هات و جاشيکانی ناو دێش هاتن کە ژێرسێیان پێبوو . ڕسوا سەیریان دەکردین شەهیدەکەمان هێنا لە نۆکان لەگۆڕستانە ڕووتەڵەکەی ئەوێدا کردمان بەژێر خاکەوە . کێلێکمان لەبەردێک بۆکرد بەنیشانەی ، کاتێک مرۆڤ دەدۆڕێت هەموو دەرگاو پەنجەرەکانیشی لەسەر کڵۆم دەدرێت ، کاتێکیش سەردەکەویت هەزاران دۆست و دوژمن لە خزمەتدا خۆی نمایش دەکات . هەزار سڵاو لەگیانی سەربازە وونەکان . شەهید هاوڕێ بەنمونە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست