فەرماندەی گەریلاکانی شەنگال نهێنی موسڵ و هێزە تورکەکانی ناوچهکه ئاشکرا دەکات
Friday, 29/01/2016, 21:50
دڵشێر هەرەکول
ڕۆژنیوز – گەلاوێژ ئەورین
فەرمانداری هێزەکانی پاراستی گەل (هەپەگە) دەڵێت: ئەوان ئەڵقەکانی بەرخۆدان لەیەکدی جودا ناکەنەوە، ماوەی 11 مانگە هێزەکانیان لە شەنگال بەرخۆدان دەکەن.
ئەو سەرنجڕادەکێشێتە سەر هەڵوێستی نەرێنی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و ڕێکەوتنەکانی لەگەڵ تورکیا و ئاماژە بەوە دەکات کەشەڕێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی لەسەر موسڵ بەڕێوەدەچێت، شەڕێک لەنێوان عێراق، حکومەتی هەرێم، تورکیا و هێزە هەرێمیەکان لەسەر موسڵ هەیە، پارتیش لەگەڵ تورکیا لەسەر موسڵ ڕێکەوتووە.
لەدیمانەیەکی تایبەتدا بۆ ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) فەرماندەی گەریلاکانی هەپەگە لە شەنگال دڵشێر هەرەکول دەڵێت:" ئێمە ئامادەین موسڵ لە داگیرکاری بپارێزین، فەرمان و ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ دەکەین کە وتویەتی: پێویستە هێڵێکی پاراستن لە عەفرینەوە هەتا برادۆست دروست بکرێت، ئاواکردنەوەی شەنگال ئەرکێکی مرۆییە، ئاواکردن تەنها دانانی چەند بەردێک نیە لەسەریەک، بەڵکو دەبێت کۆمەڵگا و روحی هەرەوەزی شەنگال بپارێزین".
(ئێمە چارەنوسی ئێزدیەکان رادەستی کەسێک ناکەین)
هێزەکانی هەپەگە و یەبەشە لە شەنگال چۆنە و چۆن شەنگال دەپارێزن؟
هەرەکوڵ: بەپانتایی 10 کیلۆمەتری ناوشارۆچکەی شەنگال و 70 کیلۆمەتری تەواوی چیای شەنگال لەژێر پاراستنی هێزەکانی ئێمەدایە، هەتا سنورەکانی ڕۆژئاوا، تا سکین و هۆڵ و تلحەمیس دەپارێزین، هێزەکانمان هەتا ناوچەی سۆلاق هەن، بێگومان هێزی پێشمەرگەش لێرە هەن، بەڵام ئێمە چارەنوسی خەڵکی ئێزدی ڕادەستی هیچ کەسێک ناکەین، ئیدی خەڵکی ئێزدی و کورد بەگشتی بەرگەی جینۆسایدێکی دیکە لەوی ڕوویدا ناگرن، بۆیە لەو ڕوەوە ئەرکە ئەخلاقی و سیاسیەکانی خۆمان لە شەنگال جێبەجێ دەکەین.
جارێکی تر بانگی یەکێتی و پارتی و هەموو هێزەکانی دیکە دەکەین بێن و فەرماندەییەکی هاوبەش ئاوابکەین، ئێمە نامانەوێت تەنها خۆمان لەهەرێمەکە هەبین، هێزە هاوبەشەکانمان چەندەبێت ئەوەندە بەهێزتردەبین.
هەڵوێستی هێزەکانی هاوپەیمانان و حکومەتی عێراق لەو بارەیەوە چیە؟
هەرەکوڵ: ئەو هێزانە ئێمە بەڕەسمی ناناسن، بەڵام خۆشیان باش دەزانن کەکێ لێرە بەرگری و بەرخۆدانی کرد، ئەگەر هاوکاریمان بکەن باشە، ئەگەر نەشیکەن دیسانیش ئێمە ئازادکردنی هەموو خاکی شەنگالمان لەپلاندایە، ناتوانین خۆمان بەوانەوە ببەستینەوە، ئەرکی سەرشانی ئێمەیە ئەو گوندانە ڕزگاربکەین کە هێشتا لەژێر داگیرکاری چەتەکاندان، ئەو گوندانە زۆر گەورەن، بۆ ڕزگاری کردنی ئەوانە پێویستی بە پلانسازی و هێزێکی باش هەیە.
(پیلانی میساقی میلی و تورکەکان لەسەر موسڵ هەیە)
لەموسڵ پیلانی میساقی میللی تورکەکان جێبەجێ دەکرێت، ساڵانێکە ئامانجیانە ئەو شارە داگیربکەن، شیعەش دەیەوێت کاریگەری خۆی لە شارەکەدا هەبێت، ڕاستیەکەی موسڵ شاری کوردانە بەڵام پارتی دەیەوێت لەگەڵ تورکیا ڕێبکەوێت و تورکیا لەوێ بەجێبکات، وەک ئەوەی شارێکی هەرێمە و تورکیا داگیری دەکات، لەئێستاشەوە بناغەیان بۆ ئەوە ئامادەکردووە، تورکیا حەشدی ئەلوەتەنی لەسوننەکان ئاواکردووە، هاتنیان بۆ بەعشیقەش لەسەر ئەو بنەمایەیە.
(تا داعش هەبێت لەدژیان شەڕ دەکەین)
مەسەلەی موسڵ تەنها داعش نیە، بەڵکو ناکۆکی نێوان شیعە و سوننەیە، ناکۆکی لەنێوان کورد، عەرەب و زۆر پێکهاتەی دیکەش لەهەرێمەکە هەیە، بەڵام ئێمە وەک هەپەگە و هێزەکانی ئاپۆچی، وەک ڕێبەری ئاپۆ دەڵێت، داعش لە هەرشوێنێک بێت شەڕی لەگەڵدا دەکەین، هێڵێکی پاراستن لە عەفرینەوە هەتا برادۆست دروست دەکەین، لەچیای شەنگال هەتا چیای عەبدولعەزیز هێڵی پاراستن ئاوا دەکەین، ئەوەش فەرمان و ڕێنمایی ڕێبەرمانە و پێکیدەهێنین، ئەگەر ڕێبەرایەتی تەڤگەرەکەمان لێدوان بدەن ئێمە بۆ ئۆپەراسیۆنی ڕزگاکردنی موسڵ ئامادەین.
(نەک تەنها شەنگال بەڵکوو ئێمە هێزی پاراستنی هەموو کوردستانین)
بەشداری ئێمە لە ئۆپەراسیۆنی موسڵدا کاریگەری دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەزموونی شەڕی داعشمان هەیە، ئەزموونی زیاتر لە 30 ساڵ خەباتمان هەیە، خاکی موسڵیش لە داگیرکاری دەپارێزین، هەتا چەتەی داعش لە موسڵدا هەبن، ترس لەسەر هەولێر، دهۆک، کەرکوک، شەنگال و ڕەبیعەش هەیە، ئێمە تەنها هێزی پاراستنی شەنگال نین بەڵکو هێزی پاراستنی کوردستانین، لەکوێی کوردستان ترس و هەڕەشە هەبێت ئێمە لەبەرامبەری دەوەستینەوە، وەک چۆن گەلەکەمان ماوەی دوو مانگە لە باکوری کوردستان بەرخۆدان دەکات، ئێمەش لەهەموو شوێنێک گەلەکەمان دەپارێزین.
لەلایەکەوە پارتی هێزی تورکیا دەهێنێتە باشووری کوردستان، لەلایەکی دیکەوە لە هەبوونی پەکەکە لە شەنگال ناڕازییە، هۆکار چیە؟
هەرەکوڵ: بەساڵانە ئێمە تێدەکۆشین، ئەگەر ئەمڕۆ هێزە نێونەتەوەییەکان ئەو ڕاستیەی ئێمە دەبینن، لەبەر بەرژەوەندی خۆیانە، لە هێڵی تێکۆشانی ئێمەدا هیچ گۆڕانکاریەک نەهاتوەتەئاراوە، ئەوان نەیاندەویست ڕاستی تێکۆشانەکانی ئێمە ببینن، بەڵام کاتێک زانیان داعش ترسێکە بۆسەر خۆیان، ئەوکات بەمەجبووری تێکۆشانەکانی ئێمەیان بینی، بەڵام دەوڵەتی تورک لەوە ناڕازییە، ئێمە ئامانجمان نیە خاکی کەس داگیربکەین، بەڵکو دەمانەوێت هەموو گەلان لەسەر خاکەکەی خۆیان بەئازادی بژین.
هاتنمان بۆ شەنگال ڕووی خیانەتی پارتی و فرۆشتی خاکی کوردستان و بەتایبەتی شەنگالی ئاشکراکرد، بۆیە ئەوەیان قبوڵ ناکەن، دەیانەوێت هەبوونی ئێمە لێرە لاواز نیشان بدەن، بەڵام هەموو جیهان ئەوە دەزانێت، پارتی و تورکیاش بۆ شاردنەوەی ڕۆڵی ئێمە لەناوچەکە ڕێکەوتوون، ئیدی ئەوان بەپێویستیشی نازانن ڕێکەوتنەکانیان لەو بارەیەوە بشارنەوە، هەموو شتێک بەئاشکرا دەکەن، هاتنی هێزەکانی تورکیا هەڕەشەیە بۆسەر موسڵ و شەنگالیش، بەڵام ئەو حسابەی لەماڵەوە کردبوویان لە بازاڕدا پێچەوانە بوەوە.
ویستیان جارێکی تر مێژووی داگیرکاری بنوسنەوە، بەڵام بەهاتنی ئێمە بۆ شەنگال ئەو مێژووە پێچەوانە نوسرایەوە، پەکەکە مێژووی بەرخۆدانی نوسیەوە، بۆیە ئەوەش بەهێرشێک بۆسەر خۆیان دەزانن، هەموو ڕێوڕێبازێک بۆ بێکاریگەریکردنی ئێمە دەگرنەبەر، وەک چۆن ئاشکرابووە ئاشکرادەبێت کێ ئەم گەلە دەپارێزێت، ئێمە خەڵکی ئێزدی و هەموو باشووری کوردستان دەپارێزین، گەلیش ئەو ڕاستیە دەزانێت، دەزانن کێ دەیانپارێزێت و کێ سیاسەت دەکات و کێش فێل و پیلانگێڕی دەکات، ڕێگە بەهیچ کەسێک نادەین پیلان لەدژی گەلەکەمان بەڕێوەبەرێت، هەرکەس و لایەنێک کارێکی وەها بکات لەدژی دەوەستینەوە.
ئێوە بۆ گەڕانەوەیان بۆ جێ و واری خۆیان، چی گەرەنتیەک دەدەنە خەڵکی ئێزدی؟
هەرەکول: یەک لە ئامانجەکانی کۆمەڵکوژی 03.08.2014 ڕاگوێزان و پەرش و بڵاوەپێکردنی خەڵکی ئێزدی بوو بەسەرانسەری جیهاندا، بۆیە دەبێت لەوە باش تێبگەین و هۆشیاربین، ڕێبەر ئاپۆ چەندین جار لەو بارەیەوە هۆشیاری داوە، خەڵک بۆ ئەوەی ئێزدیخان بپاریزێت ناچارە دەبێت بگەڕێتەوە سەر خاکەکەی خۆی، ئێمە دەتوانین لەو جێگایانەی لەدەستماندایە گەرەنتی بدەینە خەڵکەکەی، هەتا کەسێک لەئێمە مابێت دەستبەرداری ئەم خاکە نابین، ئەوەش بەس نیە لەبەر ئەوەی شارەکە کاول بووە.
ماوەی ساڵێکە هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنیەک لەئەنجامی شەڕدا لێرە بەکارهێنراوە، بۆیە دەبێت ئەم شارە ئاوابکرێتەوە، پێویستە پێش ئەوەش مرۆڤ مێشک و زهنیەتی خۆی ئاوابکات، وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ وتی: دەبێت گەل ژیانی خۆی بەپێی شەڕ ڕێکبخات، دەبێت سەرەتا شەنگال لەمێشکماندا ئاوا بکەین، ئێمە دەتوانین لەسەر چیاکان شارێک دروست بکەین، پێچەوانەی سەدام کە ئێزدیەکانی لە پێدەشتەکان بەجێدەکرد.
وەک چۆن ڕایگشتی لە ئاواکردنی کۆبانێ ئاگادارکرایەوە و کۆنفرانسی بۆ بەسترا، دەبێت هەمان شت بۆ شەنگالیش بکرێت، لەکاتی کۆمەڵکوژیەکەدا خەڵکی هەموو شتێکی بەجێهێشت و ڕۆشتن، ئێستاش ئەرکی ئاواکردنەوەی دەکەوێتە سەر شانی ئێمە، بۆئەوەی ئەو خەڵکە لە پارتی ببورێت لەپای ئەوەی کردی، دەبێت ئەرکی ئاواکردنی شارەکە جێبەجێ بکات، بەڵام لەدەرەوە لەناوچەی پارتیەوە هاوکاری بۆ شەنگال دێت، بەڵام پارتی ناهێڵێت لەسەدا یەکی ئەو هاوکاریانە بگاتە شەنگال.
داوا لە ڕایگشتی دەکەین بۆ ئاواکردنی شەنگال هۆشیاربن، دەبێت ئاواکردنەوەی شەنگال بخرێتە ڕۆژەڤی نێونەتەوەیی، ئەوە ئەرکی سەرشانی هەموو کەسێکە، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای ئێزدی ڕەنگی دەوڵەمەندی کلتووریە، لەهەرکەس زیاتر دەبێت خەڵکی ئێزدی خۆی ئەو کارە بکات، لەبەرئەوەی ئاشکرابوو کە تەنها خۆیان دەتوانن خۆیان بپارێزن، ئاواکردنەوەی شەنگال، ئەرکێکی ئاینی، کۆمەڵایەتی و مێژوویە، دەبێت کۆمەڵگا و ڕوحی هەرەوەزی ئاوابکەینەوە.
س.خ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست