پارەى سپى بۆ ڕۆژى ڕەش
Friday, 29/01/2016, 21:14
پارەى سپى، رۆژى ڕەش، قەرز، ئەمریکا، بانک ، قەیران، دۆلار ، قەیران،ملیاردیر، کۆمپانیاکان،
کۆتا قسەى منیش ئەوەیە ئەگەر پارەکانتان ڕەشیشە گرنگ نییە ، بیهێننەوە و فریاى ئەم ڕۆژە ڕەشەى بخەن، با ڕۆژەکانمان لەوە ڕەشتر نەبێت.
----------------------------------
بەپێى لێدوانى ( کریستۆڤەر هیل) باڵوێزى پێشوى ئەمریکا لە عێراق بۆ ڕاگەیاندنەکانى ئەمریکا و ئەوروپا سەرکردەکانى کورد لە باکورى عێراق ، دیارە مەبەستى( هەرێمى کوردستانە) خاوەنى 80 ملیار دۆلارن، ناوبراو دەڵێت ئەو پارانە بەناوى 8 کۆمپانیاوە لە بانکەکانى دەرەوەدا هەڵگیراون!
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەرێمى کوردستان لە خراپترین حاڵەتدایە، لە ڕوى ئابوریەوە، کە هەم حکومەت نزیکەى 20 ملیار دۆلار قەرزارە و هەروەها موچەخۆرانیش( 5 مانگە) موچەیان وەرنەگرتووە و لەم کاتەشدا حکومەت خاوەنى هیچ نییە ناتوانێت مانگانە تەنانەت نیو موچەش دابەش بکات!
ئاخر پێشینان زۆر جوانیان وتووە(پارەى سپى بۆ ڕۆژى ڕەش) دەى ئەگەر ئێوە خاوەنى ئەو پارە زەبەلاحەبن لە بانکەکانى دەرەوەدا و ئەوەش حاڵى حکومەت و گەلەکەتان بێت ، ئەگەر ئێوە خۆتان بە خاوەنیان دەزانن بۆچى لەم کاتەدا (پارە سپییە) کانتان ناهێننەوە و فریاى ئەم ڕۆژە ڕەشەى بخەن؟!
ئایا دەزانن کە دەوڵەمەند ترین کەس لە دونیادا ملیاردێر (ئەمانسیۆ ئۆتیغا) ى پیاوى کارە و بەپێى ڕیزبەندى گۆڤارى (فۆربس) سامانەکەى بریتیە لە (80.3 ) دۆلار، کە سامانەکەى هەر هێندەى سامانى هەشت کۆمپانیاکەى ئێوە دەبێت ، کەواتە کۆمپانیاکانى سەرانى حکومەتى هەرێم کێبرکێ لە گەڵ (ئەمانسیۆ ئۆتیغا و بیل گیتس و وارن بوفیت و بەرنار ئارنۆلت و ......) گەورە سەرمایەدارانى دونیادا دەکەن، بەڵام لەبەر ئەوەى کە ئەو پارانە بەناوى جۆراو جۆرەوە لە بانکەکانى دونیادا هەڵگیراوە بۆیە ناویان لە لیستى دەوڵەمەندەکانى جیهاندا نییە.
پێشتریش بەرپرسێکیترى ئەمریکى وتبوى کە بەرپرسانى عێراقى و هەرێمى کوردستان خاوەنى (220) ملیار دۆلارن، هەروەها وتبووى ئەگەر تا سێ ساڵیتر حکومەتى عێراق یەک بەرمیل نەوتیش دەرنەهێنێت ئەوا دەتوانێت بەو پارانە بودجەى هەرسێ ساڵەکە دابین بکات.
کۆتا قسەى منیش ئەوەیە ئەگەر پارەکانتان ڕەشیشە گرنگ نییە ، بیهێننەوە و فریاى ئەم ڕۆژە ڕەشەى بخەن، با ڕۆژەکانمان لەوە ڕەشتر نەبێت.
وەک شاعیر دەڵێت:
برا فکرى چرا کبریتى فرسەت تالەدەستدایە
شەوى یەڵدا لەپێشە ڕۆژى عمرت وەختە ئاوا بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست