یەکێتی لەنێوان دوو ئاڕاستەی پێچەوانەی گۆڕان وپارتیدا
Tuesday, 26/01/2016, 14:00
کێشەکانی هەرێم هەروا قەبەترو گەورەتر دەبن،پەرلەمان ئیفلیجە،حکومەت کارەکانی تاک لایەنەو بێ ئامانج وبێ پڕۆژەیە،مووچەی فەرمانبەران وپێشمەرگە هیچ هەواڵێکی نییە،پەیوەندیەکانمان لەگەڵ بەغداهەڵپەسێرراون ولەگەڵ ووڵاتەکانی تریش سست وئەگەر هەشبن حزبیانەن،هیچ کۆدەنگیەکی نیشتمانی لەهیج بوارێکدانییە،خەڵک وەزاڵە هاتووەو لەلێواری تەقینەوەدایە!!لەولاشەوە شەڕی تاریک پەرستانی داعش بەهەموو شێوازێکی نامرۆڤانە بەردەوامەو شەڕی تورکیاو کورد لەباکوور وشەڕی ڕزگاری کورد لەخۆرئاوا زۆر گەرم وخوێناویە،بەرانبەر بەم دۆخە هەنگاوی هەرە پێویست وچارەنوسساز ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کوردە لەهەرێم کەئەمە دەبێتە سەنگەرێکی تۆکمە کە بەشێوەیەکی کاراتر ڕۆڵی خۆی لەسەر ئاستی ناوچەکەو دونیا بگێڕێ.
هەڵسوڕانی یەکێتی:
تاقە هیوایەک ئەو هەڵسوڕانەی یەکێتیە،کەبەئەرکی لەپێشینەی خۆی داناوە وهەر ڕۆژە لەگەڵ لایەنێک لەگفتوگۆدایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک ودەرتانێک بۆ ئەم دۆخە ناهەموارە،گفتوگۆی سەرەکیش لەگەل پارتی وگۆڕانە وەک دوو ئاڕاستەی سیاسی پێچەوانە.سەرەڕای ئەوەی کە گلەیی وڕەخنەیەکی زۆر لەسەر سەرکردایەتی یەکێتی هەیە لەسەر چارەسەرنەکردنی کێشە ناوخۆییەکانی کە ئەمە بێ کاریگەریش نییە لەسەر ئەو ڕٶڵەی لەنێوان ئەو حزبانەدا دەیبینێ، هێشتاش بێ شاباش ودەسخۆشانە نیە لەلایەن مشورخۆران وپەرۆشانی یەکڕیزی نێوماڵی کوردو سەجەم جەماوەری کوردستان.بەڵام ئەم ئەرکەی یەکێتی زۆرقورسە،قورسە لەوەی ناوبژیوان بێ یان خاوەن ئاڕاستەی سێیەم.یان بەلایەکدا دایبشکێنی!کەئەمەی دواییان دەبیتەهۆی وەدەرنانی لەنیوان هەردووک ئاڕاستەکەداو ڕۆڵی ناوبژیوانی بۆ سفر دێتەوخوارەوە.
ناوبژیوان بەڵام بەئاڕاستەی تایبەت بەخۆی:
یەکێتی دونیابینی ومیتۆدی خۆی هەیە بۆکارکردن،ئەو لەگەڵ بەسیستەمکردنی دام ودەزگاکانی حکومەتەودژی ئەو ئیفلیجکردنەی پەرلەمان بوو هەرچەند تێبینی هەبوو لەسەر ئەدای پەرلەمان بەتایبەت ئەو پەلەکردنەی دوا کۆبوونەوەیان کەبڕیاربوو چاوەڕوانی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکان بکەن بەئامادەبوونی نوێنەرانی هێندێک لەسەفارەت وقونسوڵیەی ووڵاتان کەپەرۆشی ئاشتەوایی ویەکڕیزی کوردانن.ئێستا کە قەرارە ئەم دووئاڕاستەیە جاریکی تر پێکبگەیەنێ هەردووک ئاڕاستەکە هەوڵ دەدەن یەکێتی ڕابکێشن بۆلای پڕۆژەو ئاڕاستەی سیاسی خۆیان،دیارە یەکێتی لە پڕۆژەو ئامانجی سیاسی وئیدارەدانی حکومەت لەگەڵ گۆڕان لێک نزیکترن،بەڵام یەکێتی بە پشت بەستن بەئەزموونی چەند ساڵەی شۆڕش وپاشان حوکمڕانی کوردستان وهەموو ئەو هەڕەشەوگوڕەشانەی لەبەردەم دواڕۆژی گەلەکەماندان وپاشان شێوازی سیاسەتی پارتی وئەوپرەنسیب و سیاسەتانەی جوگرافیای سیاسی بەسەر ناوچەکە و هەرێمیدا سەپاندووە وادەکات یەکێتی هێمنتر وبەکاوەخۆتربێ لە زوویەکلاییکردنەوەی هێندێک لەداخوازی وکێشەکان وخۆڕاگرتربێ بەرانبەر سنوور شکاندنەکان، بەخاتری یەکڕیزی نێوماڵی کوردو نەگەیشتن بە کێشەی مریشکە ڕەشە!ڕەنگە ئەم هێمنیەی یەکێتی کەسانێک بە هاوبەرژەوەندی یەکێتی وپارتی لێک بدەنەوە،من ئەوەش بەدوور نابینم کەسانێک لەپۆستی باڵای یەکێتیدا بیانەوێ بەرژەوەندی خۆیان ویەکێتیش لەوەدا ببیننەوە بەڵام، ئەوە هەبێ یان نا من پێموایە یەکێتی بەم هێمنیەی هەرێمی لەلەتبوون وشەڕو ئاژاوە پاراستووە، هەرچەند من خۆم پێموایە تاڕادەیەک زێدەڕۆیی لەم بێدەنگیەی یەکێتیدا دەکرێ وزۆر شت هەیە نابێ وناکرێ یەکێتی کە ئەرکێکی قورسی لەسەر شانەو جەماوەر وچین وتوێژەکانی کۆمەڵگا چاوەڕوانیەکی زیاتریان لێی هەیە بێ هەڵوێست بێ! لەکاتێکدا یەکێتی زیاد لە بژاردەیەکی هەیە بەتایبەت کە قسە لە نەوت فرۆشیەوە گەیشتووە بە گاز فرۆشی، کەزۆربەی سەرچاوەکەی لەسنووری سەوزەو دیزە بەدرەخۆنەکردنی،یەکێتی بەرپرسیاری سەرەکی دەبێ وئیدی ڕەوا نیە کەس ڕەخنە لەپارتی بگرێ! دەبێ لەبیریشمان بێ لەدواجاردا ئەوە جەماوەرە بڕیاردەدا کێ لەسەر حوکم بێ وکێش بخزێنێتە پەراوێزەوە!
گفتوگۆکان بەکوێ گەیشتن:
گفتوگۆکان یەکێتی ناچاردەکەن بۆئەوەی هەردووکلا گوێی لێبگرن کەمتر دەست وەرداتە ئەو گرێکوێرانەی پارتی وگۆڕان دروستیان کردووە ئەگەر بشزانێ وبشیەوێ بەلایەکیدا بخات هێشتا بەخاتری گەیشتنە ئامانجی گەورەتر کە ئاشتبوونەوە و هەڵدانەوەی پەڕەی نوێێە بۆ حکومەت وپەرلەمان وپرۆسەی سیاسی نابێ پەلە لەهەڵویست وەرگرتن بکات.هەرچەند لەهەردوولای ئاڕاستەکە بەووتاری توندوجنێواوی ختوکەی دەدەن بەڵام ئەرکی یەکێتی زۆر هەستیار ترو گەورەترە ونابێ بکەوێتە داوی کەسانێک کە هەموان دەزانین لەکوێ باهاتوە لەوێ شەنیانکردووە!
ئەنجام:
لەکۆتاییدا دەبێ هەم پارتی هەڵەکانی ڕاستکاتەوە ودۆخەکە باشتر هەڵسەنگێنێ وهەم حکومەت وهەم پەرلەمان دەست بەکاری ئاسایی خۆیان بکەنەوە و لەهەمان کاتیشدا هەموولایەنەکان ڕێك بکەون لەسەر حکومەت و سەرۆکایەتیەکی پەرلەمانی نوێ وگۆڕانیش لە وە بێتەخوار کە جگە لە د.یوسف کاندیدی نەبێ،بۆ هەموولایەکیش بێکەڵکی وبەبنبەستگەیشتنی ئەم حکومەتە دەرکەوتووەو سەرۆکایەتی پەرەلەمانیش وەک چۆن بەڕێکەوتن دانراون هەر بە ڕێكکەوتنیش دتوانرێ دابنرێنەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست