کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نـامـەیـەک بـۆ ڕۆژئـاڤــا

Saturday, 23/01/2016, 21:39


باشور لە بەردەم تیشکی خۆڕ و ویژداندا داتدەنێم تاکو هەموو کەس گەندەڵی‌و  سکانداڵەکانت ببینێت! ئێوە دەتوانن لە باشوورەوە فێری ئەوەبن کە چۆن ئەم دەسەڵاتە بە ناوی کوردستانەوە یەک بەیەکمانی سوکو ڕسواکردوە ئەم بستە خاکە کە بۆتە ڕمرمێنی ڕۆمو عەجەم و ئەتاتورکەکان بزانن چۆن بەناوی شەرەفی نیشتیمانەوە هەموومانی لەسەنگەرەکانی مەرگدا جێهێشتووە، پێدەچێت ئەم جوگرافیایە تەنها ناپاک بەرهەمی بێت ئەوەی لەم بستە خاکدا لێوەی فێربووم ئەوەبوو کە دەبێت ناپاک بیت تاببیتە قارەمانی میدیاکان ئەگینا هەرگیز نەک جێتنابێتەوە بەڵکو دەبێت هەمیشە دەستەکانت بە قەیتانی پێڵاوەکانتەوە بێت بۆ هەڵهاتن. لێرە شتێک نییە ناوی ئازادی بێت ، شتێک نییە ناوی نیشتیمان بیت بەڵکو جوگرافیایەک هەیە بۆ مردن ئەگەر لەم قەسابخانەیەش ڕزگارت بوو ئەوا دەبێت وەک شێتەکان هەمیشە بەدوو ڕۆحی خۆتا وێڵ بیت، لێرە کۆمپانیایەک هەیە پێدەڵێن کۆمپانیای مردن‌و ترسو تۆقاندن ناویانناوە هەرێمی کوردستان! ئەم هەرێمە بەشێکە لە بەشە گەورەکەی ئەو جوگرافیایەی کە بە درێژایی تەمەنی هەموومان ناوماننا کوردستانی گەورە! باشور بەشێکی بچوکی ئەو نیشتیمانەیە ئەم هەموو قەسابخانەیان بۆ دروستکردووین ئەی دەبێت لە کوردستانی گەورەدا چ دۆزەخێکمان بۆ بخوڵقێنن! ئەگەر لە باشورەوە دەستێکم بشکێت  دەبێت لە کوردستانی گەورەدا قاچەکانم چیان بەسەربێت! ئەمە نیشتیمانە یان قەسابخانەیە کەناویانناوە کوردستان! جەستەم چوار پارچەیەوە دڵم بۆتە سەد پارچەوە، ڕۆحم بە بیابانەکادا وەک [با] دەلوورێنێ‌و زریکەی دهێت دەمناسنەوە ئەوە منم باشور!  هەرێمێک پڕ لە ترس‌و تۆقاندن و هەڵهاتن!                 

من نیشتیمانێکم بۆ چییە؟
کە پسوولەو پێناسی من،
کە مردن‌و ژیانی من،
کە سەروەری‌و ئازادی من،
لەبەردەم قاچی گەورەکاندا
حۆتە ، حۆتە ڕاکشابێت!
ئەرکی ئەم دەسەڵاتە تەنها ئەوەیە
کە تاک بە تاکمان بەرەوو
گەوڕەکانی گەمژەیی ڕاپیچکات؟ 


تکایا هەرێمێک دروستبکەن ناوی بنێن [ڕۆژئاڤا] بێگومان سەرکەوتوودەبن چونکە کوردستان نیشتیمانی دۆراندون‌و مردن‌و درۆزنەکانە جوگرافیایەکە بۆ کوشتنی ڕۆڵەکانی خۆی وەک پشیلەکان کە چۆن بێچووەکانی خۆیان دەخۆن ئاوایش ئەم باشورە پڕە لە کوشتنی براکان‌و هەڵواسینی هەناسەکانی پڕە پیاوی درۆزن‌و پڕە لە پیاوی دۆراو سەرکردەی ترسنۆک! ئێرە ئەو قەسابخانەیە کە ناویانناوە هەرێمی کوردستانی باشوور! لە هەموو شتێک بچێت بەس لە هەرێم ناچێت. جوگرافیایەکیان بۆ خوڵقاندووین پڕ لە ترس‌و تۆقاندن لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی دەچێت تا لە هەرێم، لێرە هەرێمی پیاوە درۆزنەکانە چونکە لێرەکانە درۆ نانی بەیانی‌و نیوەڕۆو ئێواران‌و پاشێومانە، درۆ ماڵە گەورەکەی هەرێم، باشور!                                         

باشوور!
ئەی خەمە سەوزەکەی دڵی من
تۆ بە سیمای چاڵەکانی جەنگەوە
من بە کۆڵێ خەمی ووردیلەو دایکانی ڕەشپۆشەوە
تۆ بە ئەنفال‌و هەڵەبجەو شوباتەوە
من بە حوکمی درۆو قەرەقۆزتەوە
باشور ئەی پەنجەرەکەی تەمەنی من
من بە جانتایەک درۆو
بە دڵێکی پیسەوە
هاتم بێشەرمانە، بێئابڕووانە
دڵە کریستاڵە چوار پارچەکەتم دزی‌و
کردم بە شەش بەشەوە

باشوور! قەسابخانەیەک لە ڕۆحی مرۆڤەکان تێرت نەخوارد لە لاشەی ماندو و هەنگاوی شەکەتوو ڕۆحی هەڵقرچاوم. یان تۆیش وەک سادیسەکان حەز بەئازارو ئەندێشەم دەکەیت تابە کوشتن‌و لێدانی من ئۆقرەت بێتەوە! باشور ئیتر من بەم تەمەنی ترافییمەوە چۆن بتوانم هێمن ببمەوە چۆنبتوانم ئارامببمەوە. چۆنبتوانم لەدەست ئەم جامبازی حیزبانەوە خۆمبدزمەوە لەم کەڕنەڤاڵی ڕەنگانەدا چۆنبتوانم سەربەستانە ڕەنگێک بۆ خۆم هەڵبژێرم، باشور ئەی خەونی مناڵیم‌و خەمی پیریم ئاخۆ ئێستاکە چۆن بە دەم هەنسکی بێئارامیتەوە خەون دەچێتە چاوەکانتانەوە، باشور! ئەی خەمە سەوزەکەی دڵی من ئاخر چۆنبتوانم تۆ لە بیرخۆم بەرمەوە، لەکاتێکدا خۆم بەشێکم لە قورباێکانی دەستی ئەم جەلادانە، چۆنبتوانم لەم شەقامی ترسوو تۆقاندنە بە ئارامی بپەرمەوە چۆنبتوانم هەناسەیەک پڕ بە خۆم لەم نیشتیمانەدا هەڵمژم ئیتر بڵێم ئۆخەی ئەوە منم !     
باشور هێندە تەنیام بووم
هێندە نامۆ بووم بە خۆم
کەسێک نەهات لەدەرگای تەنیایم بدات
کەسێک نەبوو تەنیایمی بەئامانەت لادانێم
لەم هەرێمە پڕ لە دزو جامبازانەدا
کەسێک نەبوو تەنیایم لێبدزێت!

ڕۆژئاڤا تکایە نیشتیمانێک دروستبکەن لە ئاوێتەی ڕەنگەکان دڵنیام ئێوە ژنتان هەیە بۆ ژیان، ئێمەیش ژنمان هەیە وەک جامخانەی دوکانە زەرەنگەرەکان سنگو بەرۆکیان بە خشڵو زێر داپۆشراوە، پیاویشمان هەیە هەردەمی لەسەر پەتێکە بەو واتایەی سیاسەت دەکات بەڵام بەقەدەر سەدان جامباز لەم مەزادخانەی حیزبانەدا خەریکی جامبازیکردنە بە هەست‌و نەستی تاکەکانی باشورەوە، ڕۆژئاڤا ئێوە هەمیشە لە سەنگەرەکانی ژیانەوە شتێکتان هەبووە بۆ ووتن، ئێمەیش هەمیشە لەهۆڵی سینەماو بارو چایخانەو هۆڵی پەرلەمانەوە هەمیشە هیچمان نەبوو بۆ ووتن بشێت! ئێوە کەم قسە دەکەن‌و کەچی هەمیشە گەرووتان پڕە لە چڕینی گۆرانی‌و حەیرانی کوردی ئێمەیش هەمیشە زەنگی موبایلەکەمان پڕە لە قیرەی تاتسڵەکان! ڕۆژئاڤا نیشتیمانێک دروستبکەن و ناوی بنین ڕۆژئاڤا خۆتان لە کوردستان بە دووربگرن چونکە کوردستان واتە مردن! ئێوەیش بۆنی ژیانتان لێدێت دڵنیادەبم کە سەرکەوتوودەبن و ئیتر بۆ هەتاهەتاییە لە فیتنەو بوختانی و قیرە قیری باشور ڕزگارتان دەبێت. لەو درۆ گەورەیەی دەوڵەتی کوردی ڕزگارتان دەبێت، ڕۆژئاڤا ئێوە ئەو چاڵو شۆفڵو خەندەقەنەتان لەبیرە کە چۆن پیاوە ئازاکانی باشور بەدووی ئێوە هەڵیانکەند تازیاتر برسی ‌و ماندوو بێ هیواتربن!  ڕۆژئاڤا ناوێکی جوان‌و خۆش و دڵگیرە و دڵنیادەبن کە ئیتر بۆ هەتاهەتایە لە بۆڵە بۆڵی باشوری ڕزگارتان دەبێت بێگومانبن کە مەردوومەکانی ئەو جوگرافیایە خۆشبەخت دەژین لە ڕۆژئاڤایش دەبێتە سمبوڵی ئازادی چونکە دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئەو نیشتیمانە مادامەکی ژن و کچانی ئازاکانی ڕۆژئاڤا خەباتیان تێداکردووە دەبێتە گەورەترین خەونی ئەم دنیاییە کە بە هەزارەها ژن ئیتر کۆچ دەکەن بۆ لای ئێوە بە دڵناییەوە پێتان دەڵێم کە ژیان کە خۆشبەختێکانی جەستە‌و ڕۆح ئیتر لە ڕۆژئاڤادا ئارام دەبێتو بۆ ئەبەد پشوو دەداتو خۆشبەختانە دوور لە کوشت‌و فڕاندنوو تۆقاندن لە نیشتیمانکەی ئێوەدا خەون بە داهاتووەوە دەبینیت بێگومانبن ئێستاکە بەسەدان مناڵی جوان بەسەدان کچی تازەبووی ئەمەریکای لاتین ناویانراوە ڕؤژئاڤا، ڕۆژئاڤا نیشتیمانێک پڕ لە ڕەنگ‌و ژن. باشور لە خەمی خۆیایەتی‌و وەک دەستارێکی گەورەی لێهاتووە بەم ڕۆژگارە خەریکی هارینی ئێسکو پرسکو پاراسۆکانی خۆیەتی، وەک گۆتەکان  لەچاوەڕوانی گۆتەدا چاوەڕوانی شۆرەسواری خۆیەتی تا لەم سوتماکی قەیرانەدا ڕزگاریکات، باشور چاوەڕوانی خێری زنەی خۆیەتی تاکو وەک دارەکەی موسا لەم جادووی حیزبانەدا ڕزگاریانکات کەچی هەرگیز لەوە نەگەیشتن کە مرۆڤ دەبێت هەمیشە خۆی سۆپرمانی خۆی بێت نەک لە چاوەڕوانی سۆپرمان‌و خێری زنەکاندا بێت ئێمە لە باشور هەمیشە چاوەڕوانین. هەربۆیە ئێوە جوانن بە سەنگەرەکانتانەوە، بە کچان‌و جوانانەی بەرەکانی جەنگەوەو ئێمەیش بە پارەی پیترۆل دۆلارەوە بۆریەکانی نەوت‌و غازەوە بە گیرفان‌ی پڕ بە دۆلارەوە. تکایا هەرگیز بیر لەو چوار دیوارەوە مەکەنەوە کە لە باشور پێدەڵین پەرلەمان چونکە هەر لەوێوە هەرچی دەنگو ڕەنگ هەیە دەخرێتە تەنەکەی خۆڵی بەرژەوەندێکانەوە، پەرلەمان ئەو ماڵە گەورەیە کە پڕە لە پیاوی بۆینباخ‌و قات لەبەر، پڕە لە پیاوی حیزب، زیندانێکە دەنگەکان تێدا کپدەکرێتەوە، حەزیان زۆر لە قسەیەو بەکرداریش حەزیان لە ئۆتۆمبیلی وەنەوشەیە، هەندێکیان عاشقن بە دۆلار، هەندێکیتریان ڕقیان لە درۆیە کەچی ڕۆژێک درۆ نەکەن ژاندەیانگرێ! ئەوانە زۆر قسەدەکەن کەچی گەروویان نایەشێت و کردارەکانیان لەژێر هێڵی سفرەوەیە، تکایا هەرگیز بەخەیاڵتاندا نەیەت بیر لە هەڵبژاردن بکەنەوە چونکە ئەو پارە زۆرەی لە هەڵبژاردندا تەرخانی دەکەن دەتوانن بەو پارە زەبەلاحە چەندین قوتابخانەو نەخۆشخانەو باخچە بۆ مناڵە جوانەکانی ڕۆژئاڤا دروستبکەن! چونکە هەڵبژاردن درۆیەکە لە درۆ گەورەکانی ئەم هەرێمی  بێ ڕێساو یاسایە! ڕۆژئاڤا نیشتیمانێک دروستبکەن لە ڕەنگ و ژن، لە ئازادی و بەرخودان، باکوریش لە کۆتاییدا دەتوانێت نیشتیمانێک دروستبکات کە ناوی بنێت بەرخودان! ڕۆژهەلاتیش کە هەمیشە خۆر تێیدا ئاوادەبیت باورم پێینەماوە، من باوڕم بە خۆڕهەڵات نەماوە شتێکیش نییە لەم دوورگەیەدا ناوی خۆڕهەڵات بێت چونکە هەمیشە لێرەوە خۆڕ ئاوار دەبێت، خۆڕی ئێمەیش دەمێکە چۆتە سەفەری ئاوابوونەوە، باشور ئەو کابوسە گەورەیەیە کە ناومانناوە کوردستان، کەچی هەمیشە درۆزنانە دەڵێن کوردستان بەهەشتی سەر رووی زەمینە! بەڵام جگە لەپانتایەک لە ترسو تۆقاند نەبیت هیچی تر نەبووە! تکایا ڕۆژئاڤا بائێوە ڕۆژئاڤابن نەک هەرێم، نەک کوردستان، بەڵکو تەنها ڕۆژئاڤا و بەرخودان! 
باشور ئەی جوانی شەرمن
باشور
ئەی جوانی شەرمن
ئەی خەمە سەوزەکەی دڵی من
دەبێت ئێستاکە
لەسەر سفرەی کام بێخوانی ماڵێکدا
لەبەر چرای کام ماڵە هەژارێکدا
بە چیچکانەوەو دەستەو ئەژنۆ
خەمەکانی خۆت‌و ئەم خەڵکەت 
لەسەر سنگت لە خاچ دابێت
لە کام کۆچەو کۆڵانێکی ئەم شارەدا
بە پێی پەتی
پەیتا پەیتا
ئازارەکانی دەرگا ئاسنە ژەنگرتۆکان‌و
خەمەکانی کانی ئاسکانت لە
لە کۆڵ نابێت
باشور
ئەی جوانی ئێوارانی شارم
بوکی ڕازاوەی خەیاڵم!
ماڵئاوا ماڵئاوا
ماڵئاوا لە کۆڵانو کوچەو شارت
لە تەنیایی‌و ئازاری بێکۆتات
ماڵئاوا ئەی ژنە جوانەکەی خەیاڵم
کە پەنجەکانم زوو ، زوو
وەک قردێلە لە پرچت دەئاڵاند
ماڵئاوا لە حیلکەی جوانانی شارت
لە پیاسەی ئێوارانی کچان‌و کورانت
ماڵئاوا ئەی کۆڵانە قورینەکانی شارو
مناڵە بێنازەکانی نیشتیمان
دەچیبکە دەی چینەکەم
ئەم سەرە نەفرەت لێکراوەم
ئەم جەستە لاوازو دڵە بچکۆلانەیەم
بە کوێدا بکەم
ئەم هەنگاوە شل‌و شێواوەم
لەسەر پشتی ئەم میژووە قەموورەدا
چۆن توندکەم چۆن!
باشور
چەند تاوانبارم
چەند بە ئازار کێش بیت
ئەوندەیش لێت بە قینم
بەقەد دووری ئەم دنیایە
وەک هەڵەبجە
وەک ئەنفال
وەک شوبات بیرتدەکەم
ئەی جوانی نێو پەنجەکانم من باشور
ئەی خەونی مناڵیم‌و خەمی پیرم بیرتدەکەم
چەندت لێت بە قینم
چەند لێت توورەبم
چەندیش پەرەوازەمکەیت
من دوو ئەوەندە
سەدان ئەوەندە بیرتدەکەم 
باشور ئەی خەمە سەوزەکەی دڵی من
ئەی جوانی نێو ئازارەکانی من
تۆ هەم ئازارو
هەم یەقین‌و
هەم دووری جەستەوو
ڕۆحی سوتماکی منیت
تۆ هەم نیشتیمان‌و
هەم قەسابخانەی جەستە‌و
عاشقە شیتەکەی منیت
باشور
رۆژێک هەستم بە ئەوینت نەکرد
شەوێک چییە نەمتوانی ئارامبم
لە ماڵەکەی تۆدا
کەچی هەمیشە ماڵەکەم بەکۆڵەوە بوو
هەمیشە قاچەکانم بە ڕاکردنەوە بوو
هەمیشە دەستەکانم بە قەیتانی
پێڵاوەکانمەوە بوو بۆ هەڵهاتن
ئیتر ئەمە چ جۆرە خۆشەویستییەکە
کە هەتبێت بۆ من
ئیتر ئەم نیشتیمانە هەبێت یان نەبێت
جەنگ بێت یان ئاشتی بە من چی؟
ئیتر من بەم تەمەنی هەڵهاتنەوە
بەم دەستو پەنجە چرچانەوە
چۆنبتوانم بە شانی ئەستێرەدا سەرکەوم‌و
پڕچی خۆڕ شانەکەم چۆن باشور
چۆنبتوانم ئەم پاڵتووی ئازارەو کۆچ‌و هەڵهاتنە
لە جەستەمەکەمەوە 
ئیتر چۆنبتوانم ئەم جەستە مانددووەم
لە خەمو ئازارەکان داماڵم
بە پێی پەتی، بە سنگە خشێ
بە نێو سروشتدا و دارو خاشاکاتا 
سنگم لە ئازارەکانت بخشێنم
جاران نیشتیمان زیندانێکی گەورەبوو
ناوماننابوو کوردستانی گەورە
ئێستاکە باشور قەسابخانەیەکی گەورەیە
ناوماناوە هەرێمی کوردستان! 
ئەگەر لەم هەرێمەدا زمانم ببرن
دەبێت لە کوردستانی گەورەدا
سەرم چۆن لە لاشەم لێکەنەوە؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە