کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕاستیەکی تاڵ

Friday, 22/01/2016, 13:27


داگیرکاری ئەو وشەیەیە کە وڵاتانی ئەوروپی خۆیانی لێئەبوورێنن ، یان خۆیانی لێ گێل دەکەن کاتی باسکردنی نەهامەتیەکانی وڵاتانی هەژار( جیهانی سێیەم ). ئەم وشەیە بە تەواوی پشتگوێ دەخرێ کاتێك بانکی نێونەتەوەیی یان ناوەندی بریتانی بۆ گەشەپێدانی نێونەتەوەیی باسی گەشەپێدانی ئابووری  وەبەرهێنان وبەرزکردنەوەی ئاستی دیموکراسی و مافی مرۆڤ  دەکەن لە وڵاتانی  هەژاردا.
بە پێی ئەو دەنگۆ و ڕاپۆرتانە کە لە لایان دام و دەزگا فەرمییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواوە دەردەکرێ، وڵاتانی هەژار بۆیە لە هەژاری و چەرمەسەرییدا ئەتلێنەوە، چونکە بە پێی پێویست هەوڵیان نەداوە بۆ پێشکەوتن وەك وڵاتانی ڕۆژئاوا، وە ئەو وڵاتانە دەبێ سوپاسگوزار بن کاتێ وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوکاری مادییان دەکات وەک "خێر" بۆ ئەوەی گەشەی ئابووری بە خۆیانەوە ببینن. 
کاتێك باسی سەردەمی داگیرکاریان دەکەن، ئەو سەردەمە وەك قازانج و سەربەرزی بۆ ئەو گەلانە دەخەمڵێن  نەك وە تاوان و جینۆساید، دەڵێن ئێمە بووین هاوکارتان بووین بۆ سەرکەوتن بە سەر پلیکانەکانی شارستانیەت و ئێمە بووین گەشەی مرۆڤایەتییمان بە دیاری بۆ ئێوە هێنا، وەك ئەوەی شارستانییەت لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و ئاسیا و ئەقیانووس، بوونی نەبووە تا خێرخوازە ئەوروپیەکان گەشتن بەو جێگانە.
بەڵام ئەرشیفی مێژوو شتی تر دەردەخات، کە ئەوروپیەکان خۆیانی لێ دەبوێرن، ئەویش قەرەبوو(قەرامات)کردنەوەیە کە بۆ وڵاتانی داگیرکەری ئەوروپی خوازیار نیە و دڵگران دەبن پێی.
لەساڵی رابردوودا لە میانەی گفتووگۆیەك ناوەندی "ئۆکسفۆرد یونیۆن"  نوێنەرێك لە پەرلەمانی هیند بە ناوی شاشی سارۆ سەردەمی داگیرکاری هێنایە باسکردن، کە زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە یوتووب تەماشایان کرد. شاشی سارۆ پێی وابوو " هەژاری ئەو بەشەی جیهان شتێکی سرووشتی نیە، بەڵکو هۆکاری بە تاڵانبردنی خێر و بێری ئەو وڵاتانەیە لە لایان داگیرکەرە ئەوروپیەکان کە تا ئێستاش کاردانەوەی خراپی هەیە بە سەر گەشەی  ئابووری ئەو وڵاتانەدا، وە باسی قەرەبوو کردنەوەی ئەو وڵاتانە  لە لایان  وڵاتانی داگیرکەری ڕۆژئاوایی بە شێتی ناودێر دەکرێ.
  کاتێك باسی میراتی داگیرکاری دەکەین،هەندێ ڕاستی دڵتەزێن دەکەوێتە بەرچاو کە باوەڕکردنی ئەستەم دەبێ. کاتێك ئەوروپیەکان لە ناوەراستی ساڵی ١٤٩٢ گەشتنە ئەو سەرزەوییەی کە ئێستا بە ئەمریکای باکوور و لاتین ناودێر کراوە، دانیشتوانی بە دووسەد  بۆ سەدوهەفتاو پێنج ملیۆن کەس مەزندە دەکران، بەڵام لە ماوەی سەد ساڵی یەکەمی داگیرکاریدا  ڕیژەی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکای لاتین کەم بووەوە بۆ نزیکەی چوار ملیۆن کەس، زۆرترین هۆکاری مردن و قڕ بوونی دانیشتوانی ئەو سەرزەوییە بە هۆی کوشتار و جینۆسایدکردن و دەرکردنیان لە سەر زەوی و زاری خۆیان و بە بەردە گرتن و برسی ڕاگرتنیان تا مردن و بڵاو بوونەوەی نەخۆشی لە نێوانیاندا بوو، کە ئەورووپیەکان بە لەعنەتی مەسیح دژی ئەو گەلانە ناودێریان کردبوو. ئەو تاوانانە حەوت بەرانبەری هۆلۆکۆست بوو. 
لە نێوان ساڵانی ١٥٠٣ تا ١٦٦٠ زیاتر لە شانزە ملیۆن کیلۆ زیو لە دڵی زەوی و زار و ڕاوڕووتکردنی خەڵکی ئەمریکای لاتین بەرەو ئەوروپا نێردرا، بەو شێوەیە یەدەکی زیو لە ئەوروپا سێ بەرانبەر زیادی کرد،وە تا کۆتایی سەدەی هەڤدەیەم زیاتر لە سەد ملیۆن کیلۆگرام زیو لە ئەمریکای لاتینەوە بەرەو ئەوروپا نێردا کە سەرمایەکی زۆر بوو کرایە گیانی ئابووری ئەوروپا ، وە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ  سەرهەڵدانی شۆرشی پیشەسازی.
ئەوروپیەکان بە داگیرکردن و بەردە گرتنی خەڵکی ئەمریکای لاتین نەوەستان، بەڵکو زیاتر لە پانزە ملیۆن بەردەیان لە ئەفریقا بە کەشتی بۆ ئەمریکا و کەندا گواستەوە ، کە ڕێژەیەکی زۆریان لە نێو زەریا لە برسی و تینووی مردن بوونە خوراکی نەهەنگەکانی زەریا، لە هەمانکاتدا دەستیان کرد بە قڕکردنی گەلی ڕەسەنی ئەمریکا کە بە هیندیە سوور پێستەکان ناسراون. لە نێوان ساڵی ١٥٠٠ تا ١٨٥٠ زیاتر لە ١١٢ ملیۆن کەس لە خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکای باکوور(ئەمریکا وکەنەدا ) لە سەر دەستی ئەوروپیەکان کوژران، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم کۆی گشتی سوور پێستەکان نزیکەی نیو ملیۆن کەسیان لە ژیاندا مابوون.
ئێستا چواردە ولاتی دەریای کاریبی هەن دەیانەوێ بریتانیا ڕیسوا بکەن و لە هەمانکاتدا داوای قەرەبووی سەردەمی داگیرکاری بکەن، چونکە کاتێ بریتانیا لە ساڵی ١٨٣٤ کۆتایی بە سەردەمی بەردایەتی هێنا و یاساغی کرد، بەردەکانی قەرەبوو نەکرد، بەڵکو خاوەنەکانیان واتە ئەوروپیەکانی بە نزیکەی بیست هەزار پاوند  قەرەبوو کرد ، کە دەکاتە نزیکەی بیست ملیۆن پاوندی ئێستا. لەو کەین و بەیەنە  گەلانی ڕەسەنی ئەو ناوچە بوون بە دەستی بەتاڵ و ڕەنجەڕۆیی هاتنە دەر. ئەم ژمارانە ئەوەمان پێ دەڵێن ئەمە مشتێکە لە خەروار،گەر بێت و مەزەندەیی ئەو هەموو سەرمایە بکەین کە لەو وڵاتانەوە بەرەو ئەوروپا نێردراوە لە دوای ساڵی ١٤٩٢، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێت " ئەوە وڵاتانی داگیرکراو بوون ئەوروپایان گەشە پێدا نەك ئەوروپا گەشەی بەوان دا .
ئەوکاتەی هیندوستان لە لایان بریتانیا وە داگیرکرا، سیستمی کشتوکاڵی هیندوستانیان بە تەواوی تێكدا، بە جۆرێك بەس ڕێگەیان بە کێڵانی ئەو  بەروبوومانە ئەدا کە ئەوروپا پێویستی پێبوو، ئەو سیاسەتە نگریسە تا کۆتایەکانی سەدەی نۆزدەهەم  بوو بە هۆی لە برسا مردنی زیاتر لە ٢٩ ملیۆن هیندی،ئەو تاوانە مێژوو نووس مایك دیڤێس بە ئاخرین کوشتارەکانی سەردەمی ڤیکتۆریایی ناودێری کردووە.
 ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە کاتێك ڕووی داوە کە هیندوستان ساڵانە زیاتر لە دە ملیۆن تەن بەروبوومی خواردەمەنی بەرهەم دە‌هێنا کە بەرەو بریتانا بە کەشتی دەیانگواستەوە. بریتانیەکان بەوەوە نەوەستان بەڵکو بازاڕەکانی هیندوستانیان تەژی کرد لە بەرهەمەکانی بریتانی و بەرهەمە خۆماڵیەکانی هیندوستانیان تەواو وێران کرد، بە جۆرێك تا بەر لە داگیرکردنی هیندوستان، وڵاتی هیند  نزیکەی ٢٧% بازاڕی جیهانی بە دەستەوە بوو، بەڵام کاتێك بریتانیەکان هیندوستانیان بەجێهێشت هیند تەنها ٣% بازاڕی جیهانی بۆ مایەوە، لە هەمانکاتدا هیندوستان ناچارکرا بە دانی باجێکی ساڵانە بە بڕی٣% داهاتی گشتی وڵات بە  بریتانیا کە تا ئێستاش بەردەوامە، لە ژێر ناوی " کەڵك وەرگرتن لە داگیرکەر" واتا هەموو ئەو دام و دەزگا و بینا و هتد. کە لەلایان بریتانیاوە داگیر کراوە بۆ هیندستان بەجێ دەهێڵین لە بەرانبەر ئەو بڕە باجە .  کاتێك وڵاتی چین نەیویست ئەو بەندە مۆر بکات دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئەفیۆن(تلیاك)، کە وڵاتی چین بە شێوەیەکی بەرچاو دەیانچاند و داهاتێکی باشیان لێ دەسکەوت دەکرد.  بریتانیەکان بەمە دڵگران بوون و چاویان بڕیە وڵاتی چین لە ڕێگەی گۆڕینەوەی ئەفیۆن بە چایی، واتا بریتانیا ئەفیۆنی بە چین دەدا و چین چایی، وای لێهات زۆرینەی خەڵکی چین گیرۆدی ئەفیۆن بوون، ئەوکات ئیمپراتۆری چین هەستا بە قەدەغەکردن و  چاندن و کڕین و فرۆشتن و هاوردە کردنی ئەفیۆن.  
ئەو بڕیارە  تووڕەیی بریتانیای لێکەوەتەوە و دوو بژاردەیان بە چینیەکان دا، یان کڕینی ئەفیۆن و بەخشینی چایی ،یان شەڕ و داگیرکردنی چین. بە جۆرێک وەك بێڕێزی کردن بە تاکی چینی لە سەر دیوارەکان دەیان نووسی " قەدەغەیە سەگ و چینی بێتە ژوورەوە ". کاتێ چین لە داگیرکاری بریتانیا ڕزگاری بوو، ئامادە نەبوو باجێکی ساڵانە بۆ هەتا هەتایە ببەخشێتە بریتانیا و بەندی کەڵك وەرگرتن لە داگیرکەر لە لایان چینیەکانەوە ڕەتکرا ، ئەم کارە بووە هۆی تووڕەیی بریتانیەکان کە هەستان بە تێکدان و سووتاندنی هەموو شتێك، تەنانەت چاڵاو و کێڵگە ومەزرا و بێستان مەڕ و ماڵات هەموو شتێك کە نەیانتوانی بیبەن بە شێوەیەکی دڕندانە لە ناویان برد، وە هەرێمی  هۆنگ کۆنگ تا ساڵی ١٩٩٩ لە ژێر دەستی بریتانیەکان مایەوە . هیندوستان بۆیە ئەو بەندەی پەسەند کرد، چونکە دەترسا لە چین خراپتر بەسەریانا بێت.   
بەو شێوە نزیکەی زیاتر لە ٦٠% زەوی و زاری کشتوکاڵی بۆ داگیرکەرە ئەوروپیەکان مایەوە سەرەڕای سەربەخۆی زۆربەی ئەو وڵاتانە . ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت" ئەوە وڵاتانی هەژارە تا ئێستا گەشەسەندنی ئابووری بەخشیوە و دەبخشێتە  ئەوروپا "
ئەوکاتەی چاوچنۆکی ئەوروپیەکان بەرەو ئەفریقا بردیانی، لە وڵاتێك وەك کۆنگۆ زیاتر لە دە ملیۆن کەس لە لایان داگیرکەرە بەلجیکیەکانەوە کوژران، وە دەیان ملیۆن تەن لە دانی فیل و شلەمەنی کێش و لاستیك لەو وڵاتەوە بۆ بەلجیکا گوازرایەوە، کە زۆربەی باڵەخانەکانی ئەو وڵاتە بە ئەوانە ڕازێنراون  کە ئێستا بوونەتە جێگای دڵڕفێن بۆ گەشتیاران، وەک" ئاسەوارە ناوازەکانی سەدەکانی هەڤدەهەم تا نۆزدەهەم  کە لە مۆزەخانەکانی بەلجیکا هەن، ڕازاندنەوەی باڵەخانی یەکیەتی ئەورووپا لە برۆکسل،وێستگەی شەمەندەفەڕەکان، دام و دەزگا فەرمیەکان، کۆشکە ناوازەکانی بەلجیکا و هتد.
فەرەنسیاکان کاتێ ئەفریقایان داگیرکرد. زمان و بڕوای خەڵکەکەشیان گۆڕی، بە جۆرێک کاتێ یەکەم وڵاتی ئەفریقی بانگی سەربەخۆی دژی فەرەنسا لێدا وڵاتی گینیا(غینیا) بوو کە سیکۆ تۆری سەرۆکی ڕزگاریخوازی غینیا لە ساڵی ١٩٥٨ سەربەخۆی هەڵبژارد.
دەسەڵاتی داگیرکەری فەرەنسا تووڕە بوو، وە پەیامی تووڕەبوونی خۆی بە ڕووخاندنی هەموو ژێرخانە سەرەکیەکان دەست پێکرد، کە فەرەنسیەکان لە کاتی داگیرکاریدا لەو وڵاتە درووستیان کردبوو. ئەو ساڵە سێ هەزار فەرەنسی لە غینیا وەدەرکەوتن و هەرچی لە توانایاندا هەبوو لە گەڵ خۆیان بردیان و هەرچی بۆیان نەبرا ڕووخاندیان یان ئاوریان تێبەردا، وەك نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان،باخچەی ساوایان،دام و دەزگا و باڵەخانەکان و ترۆمبیل و پەرتووك و داو و دەرمان و هەموو کەرەستەکانی کشتووکاڵ وەك تراکتۆر و کامپا، هەموویان لەناوبران.
لە کێڵگەکاندا ئەسپ و مانگا و پەز و پۆڵە و پەلەوەرەکنایان بە شێوەیەکی دڕندانە قەتوڵ وعام کرد. دانەوێڵە و یەدەکی خوراکیان ئاور تێبەردا، چاڵاوەکان و سەرچاوە سەرەکیەکانی ئاویان ژەهراوی کرد. هۆکاری سەرەکی ئەم هەڵسووکەوتە ئەوە بوو،پەیامێك بگەینن بەو جیگانەی تر کە لە ژێر داگیرکاری فەرەنسادان، کە بۆ  بانگی سەربەخۆی باجی گران دەدەن.
بەو شێوە ترس لە نێو سەرانی سەربەخۆیی خوازی ئەفریقیا بڵاو بووەوە،دوابەدوای ئەو کارەساتەی بە سەر غینیا هات، کەسیان ئەو بورێیەیان لە خۆیاندا بە دینکرد وەك سیکۆ تۆری بانگی سەربەخۆی تەواو بە گوێی داگیرکەردا بدەن،                            کە دروشمی " ئێمە ئازادی هەڵدەبژێرین گەرچی لە هەژاریدا بژین، بە ڕوومەت ترە لە ژێردەستی و کۆیلایەتی "  
هەتا ئێستا چواردە وڵاتی ئەفریقی هەیە باجی ساڵانە بە فەرەنسا دەدات لە ژێر ناوی کەڵك وەرگرتن لە داگیرکەر. 
 دراوی هەموو ئەو وڵاتانە بە ناوی" فرانکی ئەفریقییە" وە ئابوورییان گرێدراوە بە فەرەنسا وە هەر کاتێك کەسێك لەو وڵاتانەدا سەری هەڵداوە و ویستوویەتی سەربەخۆیی ئابووری بەدەست بێنێت و لە دراوی فرانکی ئەفریقی خۆی بکشێنێتەوە لە ڕێگای کودەتاوە کۆتایی پێهاتووە، ئەوە ئەو ڕاستیە بوو کە سەرۆکی پێشووی فەرەنسا جاك شیراك ئاماژەی پێکرد" ئەفریقا شاڕەگی ئابووری فەرەنسایە وگەر سەربەخۆیی ئابووری بەدەست بێنن ئەوا ئابووری فەرەنسا هەرەس دێنێت. 
هتا ئێستاش چەندین وڵات هەن لە جیهاندا باجی ساڵانە بە وڵاتانی داگیرکەری کۆن دەدەن، لە ژێر ناوی "کەڵك وەرگرتن لە داگیرکەر" 
بۆ نموونە ئەو وڵاتانەی باج بە بریتانیا ئەدەن، کە خاوەنی گەورەترین یەدەکی زێری جیهانە. 
وڵاتانی وەك ( کەنەدا،ئۆسترالیا، دوورگەکانی کاریبی و زەریا ئارام،  پێنج وڵاتی ئەفریقی ، کوێت، بەحرەین،قەتەر، عومان،ئیمارات ) وە هەردوو وڵاتی عێراق و میسر تا کاتی ڕووخانی پاشایەتی ئەو باجەیان بە بریتانیا ئەدا، ئێران تا میللی کردنی پێشەسازی نەوت لە لایان د.موسەدقەوە ئەو باجەی ئەدا، ،نیوزلاند لە ئەم ساڵەوە بڕیاری سەربەخۆی تەواوی خۆی داوە و لە ژێر تاجی بریتانی نەماوە. کە ئێستا وڵاتانی کەنەدا و ئۆسترالیا و هەندێ دوورگە لە دەریای کاریبی و زەریای ئارامدا هەن لە ژێر تاجی بەریتانین، واتا شاژنی ئێستا بریتانیا شاژنی ئەوانە . وە ئێستا هەموو کانگاکانی زێڕ و زیو و ئەڵماس لە ئەفریقا هی بریتانیایە، کە زۆرترینیان لە باشوی ئەفریقایە
ئیسپانیا: وڵاتانی ئەمریکای لاتین کە ئێستاش چەندین وڵاتیان هەیە لە ڕووی ئابوورییەوە گرێدراوە بە ئیسپانیا، سەرەڕای ئەوەی کە ئسپنانیا زمانی خۆی لە سەردەمی داگیرکاری بەسەریاندا سەپاند، وە زۆرترین ڕێژەی زێڕ و زیوی لە ئەمریکای لاتینەوە گواستەوە بۆ ئیسپانیا کە ئێستا یەدەکی زێری ئیسپانیا کەمتر نیە لەوەی بریتانیا وە خاوەنی چەندین کانگای زێڕ و زیو کانگاکانی تری ژێر زەوییە لە ئەمریکای لاتین.
ئەمە ئەو ڕاستییە تاڵەمان پێ نیشان ئەدا، ڕۆژئاوا بە هەوڵ و تێکۆشان و ماندوو بوون نەگەشتۆتە ئەو گەشە ئابوورییە بەڵکو بە ڕاو ڕووتکردن و کوشتاری بێبەزەیی و ئاسەمیلەکردنی گەلان ئەو ئارامی و گەشەسەندنەی بۆ خۆی دەستەبەر کردووە، وە وڵاتانی هەژار(جیهانی سێیەم) باجی ساڵانی تاڵی داگیرکارییان دەدەن لە لایان ڕۆژئاواوە. ئەو دەمەی سەرۆکی پێشووی لیبیا "موعومەر قەزافی" ویستی وڵاتانی ئەفریقی هانبدات بۆ سەربەخۆی ئابووری و پەراوێزخستنی فرانکی ئەفریقی و پێکهێنانی دراوێکی بە‌هێزی یەکگرتوو، زەنگی مەترسیدار بوو بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەجۆرێك لە ماوەی دوو هەفتەدا هەموو ئامادەکارییەکیان کرد بۆ لێدانی گورزی سەربازی لە لیبیا، کە تاکە وڵاتی ئەفریقی بوو قەرزاری هیچ وڵاتێك نەبوو، وە بانکی لیبیا بە دیناری لیبی نەبێت بە هێچ دراوێکی تر مامەڵەی لە گەڵ دونیای دەرەوەدا نەدەکرد، کە بەهێزترین دراوی ئەفریقا بوو. واتا ئەوە مافی مرۆڤ و دیموکراسی نیە کە ڕۆژئاوا شینی دەکات، بەڵکو بازرگانی و گوێڕایەڵی و بەردەییە بە شێوازێکی نوێ، وە دەیان دام و دەزگای جۆراوجۆریان پێكهێناوە لە ژێر ناوی"نێونەتەوەیی"نێودەوڵەتی "  کە وەك چەکوش بەکاری دەبەن دژی وڵاتانی جیهانی سێیەم. 
کاتێك قەزافی لە ٢٠١٠میانەی گەشتەکەی بۆ فەرەنسا، وتی ئەورووپیەکان بۆ دڵگرانن بە کۆچی بەکۆمەڵی گەنجانی ئەفریقیا و ئاسیا و ئەمریکای لاتین، کەچی هەرچی خێر و بێری وڵاتەکانیان هەیە لە لایان ئەوروپیەکانەوە دزراوە، گەر ئەتانەوێ چیدیکە ڕوو لە بە‌هەشتی ئارامی ئێوە نەکەن، ئەو زەوی و زار و کانگا و تاڵانیانەی بردووتانە بیدەنەوە پێیان، ئەوکات کەس ڕووی لە بەهەشتی داڕماوی ئێوە ناکات،چونکە وڵاتانی خۆیان دەبێتە بەهەشتی ئارام و جێگای گەشەسەندنی ئابووری. 
ئەم وشانە لە لایان ڕۆژنامە نووسە ئەوروپیەکان بە "پرتەوبۆڵەی سەگە هارەکەی ئەفریقیا "ناودێر کرا. 
کاتێك لە بینای کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان جاڕنامەی ئەو ڕێکخراوەی دڕی و وتی" ئەمە ئێوە بە مەیلی خۆتان و بۆ بەرژەوەندی خۆتان نووسیوتانە،میللەتانی ئێمە بۆ ئەبێ گوێڕایەڵی خواستەکانی ئێوە بێت،گەر پێکەوە ژیانی گەلان و هاوکاری نێوانیانتان دەوێت، دەبێ سەر لەنوێ جاڕنامەیەکی تر بۆ کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بنووسرێ، بەجۆرێک ئەو گەلانی هێشتا لە ژێر داگیرکاریدان بێبەش نەبن لە نووسینەوەی ئەو جاڕنامەیە" 
ئەو دەم وتیان" پیر بووە و وڕاوە دەکات" 
واتا" گەر ئەتەوێ هاوکاری هەژارێك بکەی، فێری ماسی گرتنی بکە، نەك گۆمەکە ژەهراوی بکە"

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە