کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جه‌نابی جێگری سه‌رۆك... باش نازانی.. خراپیش مه‌ڵێ.

Thursday, 21/01/2016, 23:14


له‌سه‌روبه‌ندی روودانی هه‌ر كێشه‌و قه‌یرانێكدا كه‌ دووچاری وڵاتێك ده‌بێته‌وه‌، واپێویست ده‌كات به‌رپرسانی ژیرو باڵای ئه‌و وڵاته‌ له‌رێگه‌ی كه‌ناڵی ویژدانه‌وه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیاندا بكه‌ن و زۆر به‌وردی وشه‌و رسته‌كان به‌كاربهێنن و كه‌م قسه‌ش بكه‌ن، نه‌بادا به‌وشه‌یه‌ك هه‌ستی خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیان بریندار بكه‌ن، تیری بیرو جووڵه‌كانیان ئاراسته‌ی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن، به‌دوای نه‌خشه‌ رێگادا ده‌گه‌ڕێن بۆ رزگاركردن و ئیداره‌كردنی كێشه‌و قه‌یرانه‌كان.
به‌ڵێ، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی راكێشام بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ لێدوانه‌ رۆژنامه‌نووسییه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ كه‌ پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی مامۆستایاندا، ئه‌نجامیدا، له‌كاتێكدا مامۆستایان و سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵكی كوردستانیش له‌ چاوه‌ڕوانی مزگێنی گه‌رمبوونی گیرفانه‌ به‌تاڵ و چۆڵه‌كانیان بوون و له‌سه‌رمای قه‌رزاری و بێپاره‌یی، هه‌ناسه‌یه‌ك هه‌ڵمژن له‌ زمانی ئه‌و به‌ڕێزوه‌، كه‌چی جه‌نابی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نه‌هه‌واڵ و نه‌ مزگێنی نزیك و دووری پێنه‌بوو، ئه‌مه‌ تا ئێره‌ ئاسایی وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخ بوو به‌ڕێزیان وتی: (ده‌بێت مامۆستا تێبگات) چه‌ند جارێكیش دووباره‌ی كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش سه‌رجه‌م مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی تووڕه‌ و بێزار كرد، ته‌نانه‌ت له‌ پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك فیس بووك و ئه‌وانی تریش شتی وایان بۆ نووسیبوو كه‌ قه‌ڵه‌م شه‌رم له‌ نووسینه‌وه‌یان ده‌كاته‌وه‌، كاتێك جه‌نابیان وا قسه‌ ده‌كه‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ مامۆستا گێل و نه‌فامێك بێت، یان له‌وه‌شه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بووبێت مامۆستا بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ و نیوه‌، باری نه‌فامی و ساوایی ئه‌و له‌ سیاسه‌ت و حوكمڕانیدا به‌ڕێ ده‌كه‌ن!! به‌هه‌رحاڵ بابیری ئه‌و به‌ڕێزه‌ بهێنمه‌وه‌ و ئه‌م قسانه‌ش ئاراسته‌ی گوێیه‌ كۆنكریتییه‌كانی بكه‌م، كاتێك جه‌نابتان له‌ سكوڵه‌كانی به‌ریتانیا خه‌ریكی خوێندنی (ABC) بوون، چونكه‌ تۆ هه‌ر كه‌ له‌ دایك بوویت كه‌وچكێكی ئاڵتوونیت له‌ده‌مدابوو، چونكه‌ نه‌وه‌ی شۆڕشگێڕێكی گه‌وره‌ی كوردیت سه‌ر شانی ئه‌و خه‌باتی باوكتان كه‌وتن و بوون به‌مه‌ی كه‌ ئێستا هه‌ن كه‌ نه‌بوونی له‌ بوونی فره‌ باشتره‌. ئێ،  له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا و كاتێك هه‌رێم له‌ ژێر دوو ئابڵۆقه‌ی ئابووریدا كاتی و خه‌ڵكی كوردستان و مامۆستاش به‌تایبه‌تی به‌كوله‌مه‌رگی به‌نه‌هامه‌تی ژیانیان به‌ڕێ ده‌كرد و به‌دروشمی (سه‌ری به‌رزمان بۆ مووچه‌ نه‌وی ناكه‌ینه‌وه‌) به‌رامبه‌ر به‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ وه‌ستان و له‌ هیچ شوێنێكی ئه‌م هه‌رێمه‌دا یه‌ك قوتابخانه‌ نه‌وه‌ستا و هه‌ر هه‌موو مامۆستایان به‌برسێتی و به‌جلی شڕوشۆڕه‌وه‌ (كه‌ ئه‌مه‌ شه‌ره‌فه‌ گه‌وره‌كه‌ی مامۆستایانی كوردستانه‌) پابه‌ندی ئه‌ركه‌كانیان بوون و تا گه‌شتینه‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی كه‌ جه‌نابتان وا ده‌ڵێن، بۆیه‌ ئێژم بیكوڵێنه‌ ئه‌و جا بیڵێ به‌ڕێزم، مامۆستاو هه‌می خه‌ڵكی كوردستان زۆر به‌جوانی تێگه‌شتوون و هه‌ڵوێستیشیان نواند بگره‌ زیاتر له‌ نه‌وه‌ته‌كانیش هه‌رچه‌نده‌ شۆڕشگێڕه‌كانی ئه‌وكات ئێستا  به‌شێكیان خاوه‌ن كۆمپانیاو سه‌رمایه‌داری گه‌وره‌ن و له‌ لیتاوی گه‌نده‌ڵیدا نغرۆ بوون، بۆیه‌ ئه‌وه‌ تۆی تێنه‌گه‌شتوویت و له‌ ئه‌لف و بێی سیاسه‌تكردن و حكومه‌تداری نازانیت، ئه‌وه‌ تۆیت ئاگات له‌ كێشه‌ی ره‌عییه‌ته‌كانت نییه‌، ئه‌وه‌ تۆی كاتێك نازانیت مامۆستاو فه‌رمانبه‌ران وا بۆ شه‌ش مانگ ده‌چێت مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌ كه‌چی جه‌نابتان ده‌ڵێن سێ: مانگ هه‌ندێ شوێن سێ مانگ و نیو مووچه‌یان نه‌دراوه‌تێ، ئای خودای گه‌وره‌ ئاش له‌ خه‌یاڵیك و ئاشه‌وان له‌ خه‌یاڵێكی تر، پێم ناڵێی به‌ڕێزم تۆ له‌ كوێ نووستووی، به‌و شێوه‌یه‌ له‌ ئێش و ئازارو خه‌ڵكی كوردستان كه‌م ده‌كه‌یته‌وه‌و لێیان گه‌یشتوویت!!  نا نا ئه‌مه‌ ئه‌وپه‌ڕی خه‌مخۆری و دڵسۆزی تۆ نیشانده‌دات به‌رامبه‌ر به‌مامۆستایان و سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و كابینه‌ی كه‌ جه‌نابتان جێگری سه‌رۆكه‌كه‌ین!!!.
به‌ڕێزم: ئه‌گه‌ر تۆ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت نه‌بوویتایه‌ من وام نه‌ده‌نووسی، من ده‌مویست ده‌ستخۆشیت لێبكه‌م بۆ هه‌واڵێكی خۆش و واشمزانی ئه‌م ماوه‌یه‌ ئه‌زموون و شاره‌زایی باشت به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام مخابن ده‌رچوو هیچ وا نییه‌ و هێشتا ماوه‌ فێری سه‌نعه‌ته‌كه‌ ببیت، بۆیه‌ تكام وایه‌ چیتر ئه‌گه‌ر باش نازانیت خراپیش مه‌ڵێ..... تكایه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە