لەباشووری کوردستان شۆڕش و ڕاپەڕین ڕوونادا
Thursday, 21/01/2016, 22:48
سروشتی مرۆڤی کوردستانی باشوور دوو جۆرە: دیکتاتۆر وەیان کۆیلە. هەر مرۆڤێکی ئەو دەڤەرە لێی بدوێی بەهەردوو ڕەگەزەکەوە،وەیان لەهەر چین و توێژێك بێ، یان دیکتاتۆرە وەیان کۆیلە. هەر یەکێك گەر بۆی لوا ئەبێتە دیکتاتۆر ،خۆ ئەگەر بۆی نەکرا و بۆی نەچوە سەر،ئەوا لەباشترین حەڵەتدا کۆیلەتی هەڵئەبژێری. بۆیە ،هیچ کات نەك شۆڕش و ڕاپەڕین؛بەڵکە گۆڕانکاریش لەو جۆرە مرۆڤانە وەك خەونی شاعیران وایە.
بۆ نمونە زۆربەی توێژی مێینە یان خەریکی گۆڕانکارین لەڕووخسار و گۆڕینی ڕەنگی چاو و جوانکاری لە لووت و گوپ و گوێی و لچ و لێویاندا هەرگیز کاتی ئەوەیان نیە بتوانن گۆڕانکاری لەهزر و بیریاندا بکەن. خۆ خانمانی ماڵ جگە لە گۆڕانکاری لە پەردە و تاقمی قەنەفە و ژووری نووستن،هەرگیز ناتوانن و کاتی ئەوەیان نیە وانەی گۆڕانکاری و هزری بەمناڵەکانیان بدەن. ئەمان پەروەردەی مناڵەکانیان بەتەواوی داوەتە دەست خوێندگاکان و پەرستیاران. خۆیان لەو بەرپرسیاریەتە دزیوەتەوەو ئەوەی بیری لێ ناکانەوە چۆنێتی دەستەبەرکردنی ماف و ئاواتەکانیانە. ئەمە لەکاتێکدا لە باکوور و ڕۆژئاڤا هەمان توێژ سەرمەشقی شۆڕش و گۆڕانکاریەکانن. ئێمە ناتوانین چاوەڕوانی شۆڕش و ڕاپەڕین لە مرۆڤێکدا بکەین کەوا سروشتی خۆی بەدڵ نەبێ و هەموو کاتەکانی لەبەر دەم ئاوێنەدا بەسەر بەرێ. ئەم جۆرە مرۆڤانە نەك ناتوانن گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا بکەن،بەڵکە ناتوانن کاریگەری پۆزەتیڤ لەسەر خێزانەکانی خۆشیان دابنێن.
گەنج چۆن ئەتوانێ دژی ستەم و نایەکسانی دەنگی بڵند بکا و ڕاپەڕێ لەکاتێکدا خۆی توانای بژێوی خۆی نیەو دەست لە باوك و دایکی پان ئەکاتەوە! گەنج چۆن ئەتوانێ گۆڕانکاری بکا لە کاتێکدا داوای سلفەی ژنهێنان لە حکومەت ئەکا! کەی ژنهێنان و خانوو کردن ئەرکی خەڵکانی تر و بەرپرسیاری حکومەتن! چۆن گەنج ئەتوانێ شۆڕش بکا لەکاتێکدا تەنها بیری لای سێبەری خەڵکانی ترەوە بێ و هەوڵبدا خۆی تیا حەشار بدا! ئەوڕۆ زۆربەی گەنجان ناتوانن نانێك پەیدا بکەن وەیان بژێوی خۆیان دابین بکەن. ئەم گەنجانە هەر چاویان لای تاعین و دامەزراندنەوەیە،وەیان ئەیانەوێ ببن چەکدار و ئاسایس و پۆلیس.گەنجی ئێستا تەنها بە تەمەن گەنجن،دەنا گەنج نین و پەکەوتەو کەنەفەتەن.
ڕۆشنبیرەکانمان هەمویان پاڵەوانانی فەیسبووکن. هەرچی چالاکی و ئازایەتیان هەیە لەو بوارەدا تێناپەڕێ. ئەوەندە دەنگیان بەرزە کە ئاگرەکە لەخۆیان دوور بێ. ئەم جۆرە کەسانە ڕۆڵی گسکی کارەبا ئەبینن بۆ کۆکردنەوەی دەنگە ناڕەزاکان و بەخشینیان بە پارتە بەناو سیاسیەکان. ئەمانە تەنها خەریکی سەوداو مامەڵەکردنن بە خەونەکانی نەوەکانی ئەم گەلە. ئەمانە گەورەترین کۆیلەی ئەم دەسەڵاتەن و ئەیانەوێ هەرچی گەنجە ببنە شاگردیان و تەنها وانەی کۆیلایەتی فێری ئەوان بکەن.
جا کۆمەڵگایەك ئەوە حاڵی گەنج و ڕۆشنبیر و توێژی مێینەی بێ ، چۆن ئەتوانێ ڕاپەڕێ. خۆ ئەوە باسی پێشمەرگە ناکەین کەوا چۆن لووشکە لووش ئەگرین و هەندێکیان خۆیان ئەکوژن. کێ دویوەیەتی پێشمەرگە بگری وەیان خۆی بەدەستی خۆی بۆ پارەو مووچە کۆتایی بەژیانی بهێنێ؟!! پێشمەرگە گەر بەڕاستی خاوەن و هەڵگری ئەو ناوە بوونایە ئەوا پێش ئەوەی خۆی لەناو بەرێ ،ئەهات بەرپرسە دزەکانی لەناو ئەبرد. وەیان چۆن ئەبێ پێشمەرگە کاری پاسەوانی بکا. وەیان دایبی مناڵە مەسئولەکان بگۆڕێ و کاری بازاڕیان پێبکەن؟؟ گۆڕانکاری و خەبات و شۆڕش و ڕاپەڕین هەرگیز بەم جۆرە بەناو پێشمەرگانە ناکرێ. بۆیە بەندە لەو بڕوایەدام لە کوردستانی باشوور هەرگیز ناتوانن ئەم جووت دەسەڵاتەی یەکێتی و پارتی بگۆڕن. من دڵنیام گەر مووچەش نەدەن و لەسەرو ئاوانەشەوە سەرانەش لەخەڵکی وەرگرن هێشتا کەس ڕاناپەڕێ. ئێمە ئەو بەناو شۆڕش و ڕاپەڕینانەی لەوەو پێشیش کەڕوویان دا هەرگیز نە شۆڕش بوون ونە ڕاپەڕین. زۆربەمان ڕاپەڕینی ١٩٩١ مان لەبیرەو مێژووەکەشی ئەوەندە کۆن نیە و ئەزانین کەوا گەر بێتوو ئەمریکا و جەنگی کەنداو نەبوایە کەس نەبوو بتوانێ ڕوو بەڕوی هێزەکانی بەعس بوەستێتەوە. نەك هەر ئەوەندە،بەڵکە گەر جاش و چەکدار نەبوایە کەس نەیئەتوانی هەڵکوتێتە سەر بارەگاکانی بەعس . کەواتە ئێستێ کوردی باشوور بەتەمای ئەمریکاو هێزی ترن ئەم سەرکردانە بگۆڕێ،نەك خۆیان بەو کارە هەستن. مرۆڤی ئێمە فێری ئەو تەمەڵیە بوون .
زۆرێك پێیان وایە باروو دۆخی ئابووری گەلێ خراپە و ئەمەش هۆکاری سەرەکی ڕاپەڕینە. بەڵێ ئەمە بۆ گەلی چاو کراوە و زیندوو ڕاستە. لێ بۆ گەلی ئێمە زۆربەی زۆرمان لە هاندەران پاڵپشتی ماددی کەس و هاوڕێ و خزمەکانمانین و دەستمان بۆ درێژ کردوون و هاریکاریان ئەکەین . بۆیە دەسەڵات زۆر باش ئەزانێ و مووچە نادا و پشتێنی لێ کردۆتەوە. بۆیە گەر ساڵێکی تریش مووچە نەدا ئەوا مێش میوانی نیەو کەسیش فزەی لێوە نایەت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست