کەش وهەوای هەرێمی باشووری کوردستان !
Thursday, 21/01/2016, 20:06
وەرزی بەهار:
پاشێ سێ شەشەی بەهارێ بارانی بە خووڕ دەبارێ وچون دەسەڵاتی هەیی هەتا ئەوڕۆ ٢٤ ئاوبەندی دروست کردوە ، بۆیە خەڵک نیگەرانی بێ ئاوی نین وجووتیارو ئاژەڵداوکشتوکاڵ لەو وەزەدا لەو پەڕی باشیدایە وکەس نیگەرانی گوزەرانی ئەو ساڵی نییە. هیچ بەروبوومێک لە دەرەوەی وڵات هاوردەناکرێ. ئەوی زێدەشە هەناردەی وڵاتانی ئورووپی دەکرێ! تەنانەت ئەگەرلافاویش بێ تاقە ماڵێکیش درزی تیناکەوێ.!
وەرزی هاوین:
لە وەرزی هاوین دا بە هۆی وزەی فراوانی ئاوبەندەکان کارەبا شار بە شار وگووند بە گووند ڕاکێشراوە وناو ماڵی هەموو هاووڵاتیەک فێنک وخۆشە. لەو وەرزەدا خەڵک بەروبوومی شینایی ومیوەجاتی خۆمان دەخۆن. کەلوپەل بە ڕادەیەک هەرزانە کە زیاترەکەی هەناردەی تورکیە وئێران وبەغداو سوریە دەکرێ.
وەرزی پاییز:
لە وەرزی پاییزدا مامۆستاو فێڕکار شآیی و لۆغان دەگێڕن لە خۆشی دەستپێکردنەوەی فێرگەکان ووانە گووتنەوەی مامۆستاکان. قوتابی جلو بەرگ وپێنووس وپێڵاوی بە لاش، پاسی بەلاش وێڕای مامۆستاکانیان دەچنەوە هۆدەی فێرکاری. هەم مامۆستا گیرفانی پڕە هەمیش قوتابی رۆژانە دوو ژەم خواردن لە فێرگەکان دەخوا.! مانۆستاکان داوا لە دەسەڵات دەکەن چیدی پارەیان بۆ نە نێردرێ چون ئەوەندە زۆرە ئەگەر خەرجی نەکەن قەت تەواونابێ !
وەرزی زستان:
وەرزی زستان لە هەرێمی کوردستان خۆشترین وەرزە. تەواوی شارەکان ماڵ بە ماڵ لوولەی غازی بۆ کێشراوە. شارۆچکەکان ،گووندەکانمان، تەنانەت بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانیش سەرمایان نەبێ لوولەی غازیان بۆ شوینی حاوانەوەیان کێشاون! خەڵک ئەوەندە ئاسوودەن کە بە تای کراسێک لە ناو شاردا دێن ودەچن! باشترین جلوبەرگ، پێڵاو، شەوچەرەی زستان، بۆ ئەو وەرزە دەسەڵات پێکی هێناوە ودەیداتە ماڵ بە ماڵی خەڵک.!
سرنج: بینەری بە ڕێزئەوە کەش وهەوای ٢٤ساڵی هەریمی کوردستان بووە. کەس زوێر نەبێ، ئاسمانی وڵات لە هەر چواروەرزی ساڵداخۆشە وبە دڵی هەموومانە. وڵات ئەمن ئەمانە، ژیان بە بێ دڵەڕواکێ دەمەشێ، کەس خەمی نانی دوارۆژی نەبێ، هەموو حیزبەکان وەک بارانی بەهاری پڕن لە خێرو بەرەکەت بۆ خەڵکی خۆمان.نە باوباهۆزە، نە هەورەتریشقەیە، هەموووەک برا خەریکی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتین. تا کەش وهەوایەکی دیکە کە ، گۆڕان ، دێتە گۆڕێ بە خوداتان دەسپێرین و چاوەڕوانی هیچ گۆڕانێک ، مەبن. کەشو هەوا هەر ئەوەیە کە لە بەر چاوانە. چون خودا لە سوڵتان مەحموود گەورەترە. ماڵتان ئاوا و دەوڵەتتان زیاد.
جەعفەرکەریمی
١٩/١/٢٠١٦
سندوقی کوردستانپۆست لە غەریبی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست