چۆن بەرەو شۆڕش کردن بڕۆین؟
Monday, 18/01/2016, 20:44
جاران کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان دەیووت : "هەموو شتێک لە باریکیدا دەپچڕێت ،تەنها زوڵم و زۆر نەبێت لە ئەستوریدا". ئەمڕۆ نەک زوڵم و زۆرداری ئەستور بووە بەڵکو لە لوتکەدایە ، بۆیە چاوەڕوانی ڕاپەڕینی چەکدارانە لەحەتمێت نزیک بۆتەوە.
ئۆشۆی مەزن دەڵێت : " ئێمە بەر لەهەڵکردنی شۆڕش ، دەبێ کەسانێک ئامادە بکەین شۆڕش بپارێزێت" . پاراستنی شۆڕش گرنگترە لە شۆڕشکردن ، باشترین نمونەش ڕۆژئاڤای نیشیتمانە، ڕۆژئاڤا نموونەیەکی جوان و زیندووی شۆڕشێکە کە مرۆڤایەتی شانازیی پێوەدەکات . چۆن و بۆچی؟
لەشۆڕشی ڕۆژئاڤادا کەسمان نەمان بیست کە فەرماندارێک تێک بدرێت ،چونکە ئەوان دەزانن ئەو فەرماندار و قوتابخانەو خەستەخانانە سبەی دەبێتە موڵی گەلێک و دەبێت نەیەڵین تێک بدرێت . لە ڕۆژئاڤا دەسەڵاتدارانی باشور و تورکە فاشیەکان و جاشە خۆماڵییەکان لە بۆسەدان بۆ ئەوەی بچوکترین هەڵە بکەنە گایەک و بە ناشرینی باسی شۆڕش بکەن ، بەڵام لەڕۆژ ئاڤادا ژنێک لەسەر شەرەف و لەژێر ناوی شەرەفدا نەکوژراو نەسوتا ، بەڵکوبە پێچەوانەوە ژن بووە ڕابەر و بەچرکەش سەنگەری بەرگری چۆڵ نەکرد و بووە قارەمانی ڕۆژ و سنوری هەموو جیهانی تەیکرد ، وێنەی شەڕڤانەکان و فلیم و دیکۆمێنتارەکان مێدیای جیهانیان داگیرکرد و "پەیەژە" نمونەیەکی هێندە مەزنە کە ووڵاتێکی گەورەی وەک شانشینی بەریتانی بڕیار بدات ئیتر کچ و ژن لە سوپای بەریتانیادا دەکرێت هێزی شەڕکەریان لێدروست بکرێت. لەڕۆژئاڤادا ئۆتۆمۆبێلێک یان تێل و کارەبایەک کێلی گۆڕێک پارچەیەک شتی کۆن قاپێ قاچاغێک جیهازێکی خەستەخانە ئاودیونەکرا و هەراج نەکرا و بازرگانی پێوەنەکرا ، بەڵکو هەموو شتێک وەک چاو پارێزگاری لێکراوە و دەکرێت. لەڕۆژئاڤادا نەوت و گاز و ئاو کشتوکاڵ هەراج نەکراو ژێرخانی نیشتمان فەرهود نەکرا ، نەشمان بیست کەسێک بەشەو کوژرابێت و لە سەر شەقامی شێست مەتری فڕی درابێت و لاشەکەی مێش و مەگەز تێی دابێت . جاسوسێکیشمان نەدی زانیاری دزە پێبکات بۆخاتری ئەوەی دەوڵەمەند بێت.
تەنانەت ڕۆژئاڤا وەک ووشەیەک کەوتە ناو زمانی جیهان و هەمووکەش بەو جوگرافیا پێی ئاشنا بوو، کە کۆبانی لەهەناویدا خۆی پشانداین . ئەی ئێمە چی بکەین کە ڕاپەڕین و بڕیارماندا شۆڕش بکەین ؟ بەر لەشۆڕش دەبێت ئێمە بەرگری لەشۆڕش بکەین دەبێت هەموو شتێک بەموڵک و ماڵی خۆمان بزانین ، شەقێک هەڵدەین لە کەلتوری شڕەخۆری نەیەڵین هێزی فشەڵ و جاشی ئاڕ ئاڕ شۆڕش بەئاقارێکدا بەرن کە خواستیاری ئەوەبین بڵێین بریا هەر ئەم بنەماڵانە حاکمان بوایە .
هەڵگرتن و پاراستنی هەموو مەلەف و دیکۆمێنتێک ئەرکی هاوڵاتی بونی هەموومانە ، پارستنی قوتابخانە و خەستەخانە و فەرمانبەرەکان ئەرکی ئەخلاقی تاک بەتاکمانە . بە دیکۆمێنت کردنی هەموو ڕووداوەکان و بە شوراکردنی هەموو گەرەکەکان لە کەسانی نەفسبەرز ئەرکی سەرەتای ئەم راپەڕینەیە . ٢٥ ساڵە ئەم دەسەڵاتە خۆفرۆشە تاکی کوردی فێرکردوە لەسەر ئەژنۆ ژیان بکات، بۆیە وەک نیوە مرۆڤ لەهەمووتان دەڕوانن ، گەنجەکانی فێرکردوە کە جگە لە حیمایە و پاسەوانی و نیگابانی هیچی تری فێرنەکردوون بۆیە کەسانی لاواز و بێئیرادەی بەرهەم هێناوە کە وەک سەربازی ناوشەترنج لەپێناو مانەوەی پاشادا خۆی بە کوشت دەدات و هیچ پرسیارێکی نییە و چاوەڕێ هیچ وەڵامێکیش ناکات .
ئێمە لەبەردەمی شۆڕشێکدا وەستاوین خۆتانی لێ مەدزنەوە.... !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست