کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رێککەوتنی پارتیی و یەکیتیی پەیوەندیی بە دانیشتنی نهێنی هێرۆی برایم ئەحمەد لەگەڵ میتی تورک و مەسعوددا هەیە

Thursday, 14/01/2016, 19:33


ئەو رێکەوتن و نزیکبوونەوەی نیوان یەکێتیی و گۆڕان کە لە ناوەراستی مانگەکانی ساڵی رابردوودا رووی دا، و زۆر کەس پێیان وابوو، هەردوو لایان دژی پارتیی خۆیان کۆدەکەنەوە و ستراتیژی سیاسیی و هێزی سەربازیی خۆیانی یەک دەخەن، هەموو ئەمانە تاکتیک و فێڵکردن بوو، هەروەها فێڵ و چەوشەکردنیش بوو، کە یەکێتی لە ئەندام و لایەنگرانی خۆی کرد. سەرچاوەیەک لە نێو مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمان کوردستان، ئەو زانیاریی و قسانەی بۆ کوردستانپۆست کرد، ئەوەی ئاشکرا کرد، کە تەنانەت ئەو نیمچە راپەڕینەی چەند مانگی رابردوو کە لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکە روویاندا و چەند بارەگایەکی پارتیی تێدا سوتێنرا، پلان و رێکەوتنی پارتیی و یەکێتیی خۆیان بوو، پێکەوە ئەنجامیان دا، تا پارتی بیانوویەک بدۆزێتەوە، وەزیر و ئەندام پەرلەمانتارەکانی گۆران دەربکات، پێشوەخت هەردوو لا لەسەر ئەوە رێککەوتبوون.
ئەو سەرچاوەیە، ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە کاتێکدا دەسەڵاتی کوردی، بەتایبەتی یەکێتی دەبوو هەوڵ بدات چارەسەری کێشە ئابووری و سیاسییەکان بکات و لەگەڵ پارتیی وحیزبەکانی دیکەدا ئەو مەسەلەیە بە خاڵی گرنگ بزانێت، بیر لە نەهامەتیی و بێموچەیی فەرمانبەر و مامۆستایان بکات، کەچی لەگەڵ پارتییدا لەسەر گاز و نەوتی چەمچەماڵ رێککەوتوون و ئەوەی بە خەیاڵیاندا نەیەت میللەت و خەڵکی کوردستانە، پێیان وایە جگە لە خۆیان لە کوردستان کەسی تێدا نییە و هەمووی موڵکی خۆیانە، یان کێشەیەک لە هەرێمدا نییە، تەنیا ئەو رێکەوتنە نەبێت، بۆیە لە یەکتر نزیک بوونەوە و ئەو گرێبەستەیان بۆ یەکتر مۆردەکەن!. ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، کە بەم رێککەوتنەی هەردوولا، رێکەوتنی ستراتیژی نیوان پارتیی و یەکێتییش بۆ ماوەی ١٠ ساڵی دیکە دریژکراوەتەوە. یەکێک لە خاڵی رێککەوتننامەکەیان ئەوەیە هەردوو بنەمالە (بارزانی و تالەبانی) پشتی یەکتر بگرن، بەتایبەت لە کۆنگرە و پلۆنێومی داهاتووی یەکێتی، کە باڵی هێرۆ، دەیەوێت شاناز و لاهور بکەنە ئەندامی سەرکردایەتیی، بۆ ئەمە پارتیی پشتگیریی تەواوی لێدەکات وه‌یه‌كیتیش پشتگیری له‌مانه‌وه‌ی بارزانی ده‌كات وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم . سەرچاوەکە وتی: لە ئیستادا هەر سێ باڵەکەی ناو یەکێتی، لە ناو خۆیاندا شەڕیانە لەسەر ئەوەی کامەیان پارتیی رازی بکات و بیکات بە هاوپەیمانی خۆی.
هەر ئەو سەرچاوەیە ئەوەی بۆ کوردستانپۆستیش ئاشکرا کرد، لە ماوەی رابردوودا شانازی برایم ئەحمەد، بە تاکتیک ئەو نووسینانەی دژی پارتیی دەنووسی، تەنیا فشارێک بوو دەیکردە سەر بارزانی، تا پێی رابگەیەنێت دوو بالەکەی دیکە ئەو هێز و توانایەی ئێمەیان نییە و لەگەڵ ئێمەدا رێکبکەون، ئەو هێرش و نووسینانەش زیاتر دژی دوو باڵەکەی ناو خۆیان بوو  بۆ فریودانی جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان تا وه‌ك دژه‌ پارتی خۆیان بناسینن  .
لە وەلامی پرسیارێکی سەرچاوەکەی ناو یەکێتی، ئەو نهێنییەشی ئاشکرا کرد، کە هێرۆی برایم ئەحمەد چەند جارێک بە نهێنی چاوی بە مەسعود بارزانی کەوتووە، ئەو چاوپێکەوتنەش لە کۆشکێکی تایبەت لە ناوچەی بارزان ئەنجام دراوە، دەکەوێتە (دۆرە) له‌ده‌ڤه‌ری بارزان ، هەر کاتێک مەسعود بارزانی کۆبوونەوەی نهێنی لەگەڵ میتی تورکدا هەبێت لە بری سەری رەش بۆ ئەو شوێنە دەچنە لای، چوونی هێرۆ بۆ ئەو شوێنە کۆمەڵیک رێکەوتن و نزیکبوونەوەی لەگەڵ تورکیاشدا لێکەوتۆتەوە، تەنانەت هێرۆ چاوی بە قارداشەکانی میت کەوتووە و رێکەوتنی هەردوولایان لە سەر نەوت و گازی چەمچەماڵ یەکێکە لەو خالانەی کە لەوێ لەسەری رێککەوتوون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە