كاتی ئەوە هاتووە ڕۆژنامەنوسان قسەیەك لەسەر گیرفانی بەتاڵی خۆشیان بكەن
Thursday, 14/01/2016, 16:12
پوختەیەك لە بابەتەكە:
- نوسینی ئەم بابەتە لە پێناو شكاندنی تەوقی بێدەنگی ڕۆژنامەنووسانە بۆ ئەوەی چیتر لەمافی خۆیان بێدەنگ نەبن
- بەئەركی خۆمم زانی لەبری هاوڕێ ڕۆژنامەنوسە گیرفان بەتاڵەكانم دو وتەی حەق و ڕەق لەسەر موچەكانیان بڵێم
- بەداخەوە ڕۆژنامەنوسە گیرفان بەتاڵەكان تا ئێستا بەو پەڕی هەستیاری و بەشەرمەوە باس لە گیرفانی بەتاڵی خۆیان دەكەن
- كەناڵێكی (KNN) كە یەكێك لە كەناڵە ئۆپۆزسیۆنەكانی پێشەوە، کە نزیكەی 4 مانگە موچەی كارمەندەكانی خۆی نەداوە
- بەملیۆنان دۆلار لەژمارەیەك كەناڵی بێسودی كوردیدا لە پارەی خەڵكی خەرج دەكرێت
- تەنیا داخستنی بەشێك لەو كەناڵە حیزبییە زیادە بێ سودەی هەیە ڕەنگە بەشی موچەی زۆربەی فەرمانبەرانی هەرێم بكات
- ڕۆژنامەنوسێك نەتوانێت داكۆكی لە حەقی خۆی بكات و مافی خۆی وەر بگرێت ئیتر چۆن دەتوانێت داكۆكی لەمافی ئەوانی دیكە بكات
- ڕۆژنامەنووسێك پێنەدانی موچەی خۆی لای نەبێتە هەواڵ ئیتر چۆن بێ موچەیی ئەوانی دیكەی لا هەواڵە
- پێویستە لێرە بەدواوە ئەو كەناڵە حیزبیانەی موچەی كارمەندەكانی پێدابین ناكرێت ڕاشكاوانە بە كارمەندەكانی بڵێت و چیتر واز لە سیاسەتی بێ دەنگی و دەستی دەستی پێكردن بێنن
ئەوەی ڕۆژانە لەم هەرێمە لەسایەی مافیاكانی دەسەڵاتی كوردییەوە دەیبینی ئەستەمە لەهیچ حوكمێكی دیكتاتۆری خۆسەپێن و گەندەڵدا بە درێژایی مێژوو بینرابێت وە بیبینیت.
نامەوێت زۆر لەسەر ستەم و دزی ئەم دەسەڵاتە بدوێم، ئەوەی ئەمجارە دەمەوێت بابەتێكی تەواو جیایە لەگەڵ باسەكانی پێشوو، چونكە بۆ داكۆكی لەوانی دیكە (خەڵك) زۆرمان وتووە و پێویستە لێرە بەدواوە دو وتەش لەسەر گیرفانی بەتاڵی خۆمان (ڕۆژنامەنوسان) بڵێین بۆ ئەوەی ئەركی پیشەیی خۆمان بەتەواوی جێبەجێ بكەین.
نزیكەی دوو ساڵە بەناوی قەیرانی داراییەوە لەم هەرێمی كوردستانە دەسەڵات دەستی خستوەتە بینە قاقای خەڵك و سەرە ڕای ئەوەی ڕۆژانە بەبەرچاویەوە نەوت و داهاتەكەی تاڵان دەكات و بەهەدەری دەدات، هاوكات موچە و حەق و حەق دەستی خۆی كە مافێكی سەرەتاییە و موچەیە لە بری كار نایداتێ.
لە ئێستادا بەناو حكومەتی هەرێم موچەی پێنج مانگی فەرمانبەرانی لایە و دیاریش نییە كەی و چۆن موچەی مانگەكانی دیكەی داهاتوو دەدات...
ئەوەی گرنگە و دەمەوێت لەم بابەتەدا بیڵیم لەبری هاوڕێ ڕۆژنامەنوسە گیرفان بەتاڵەكانم دو وتەی حەق و ڕەق لەسەر موچەكانیان بڵێم، چونكە بڕوام وایە ڕۆژنامەنوسێك نەتوانێت داكۆكی لە حەقی خۆی بكات و مافی خۆی وەر بگرێت ئیتر چۆن دەتوانێت داكۆكی لەمافی ئەوانی دیكە بكات، یان ڕۆژنامەنووسێك پێنەدانی موچەی خۆی لای نەبێتە هەواڵ ئیتر چۆن بێ موچەیی ئەوانی دیكەی لا دەبێتە هەواڵ.
لەسەر ئەم مژارە ئەگەر باس لەو كەناڵە بكەم كە بەندە كاری تێدا دەكات (KNN) كە یەكێك لە كەناڵە ئۆپۆزسیۆنەكانی پێشو نزیكەی 4 مانگە موچەی كارمەندەكانی نەداوە و سەرە ڕای ئەوەش زیاتر لە ساڵێكە سەری مانگ و كۆتایی مانگ دیار نییە، واتا كەس نازانێت كەی موچە وەردەگرێت و كەی سەری مانگ دێتەوە، ئەمەش بۆتە گرفتێكی گەورە بۆ زۆر بەی هاوپیشەكانم لەو كەناڵە و سەرەڕای ئەوەی بەگیرفانی بەتاڵەوە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە موچەكانیان مانگانە دواكەوتووە، كارمەندان بێ گوێدانە ئەو دوا كەوتنە كاریان كردووە، ئەوەش بەش بەحاڵی خۆم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هێشتا زۆر موولولە دەمار هەیە كە كەناڵی (KNN) بە ویژدان و خەمی خەڵكەوە دەبەستێتەوە.
بۆیە كارمەندانی بەو جۆرە ئامادەبوون و ئامادەن درێژە بەكار بدەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت یان دەبوو یەكێك خەمەكانی ڕۆژنامەنوسانیش بەیان بكات و سنورێك بۆ ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر بەیەكێك لەسەرەتایترین مافەكانیان كەپێدانی موچەیە دابنێت...!
ڕەنگە بەرلەوەی ڕق و توڕەیی و هاتنە دەنگی خەڵكی هەرێم و كارمەندان دەسەڵاتی داهات دزی كوردستان ڕابماڵێت و بیان هێنێتەوە هۆش خۆ لەوەی كە چیتر یاری بە مافەكانی خەڵك نەكەن، ڕۆژنامەنوسان بایكۆتی كەناڵەكانیان بكەن و سنورێك بۆ ئەو پێشێلكاریانە دابنێن...
چونكە ئێستا موعاناتی بێ موچەیی ڕۆژنامەنوسانی بەگشتی وا هەراسان كردووە، كە نەتوانن لەوە زیاتر درێژە بە ئەركەكانیان بدەن، چونكە ئەگەر بەرپرسانی كەناڵەكانی هەرێم نەتوانن مافە داراییەكان هاوشێوەی كەناڵەكانی وڵاتان دابین بكەن بۆ كارمەندەكانیان، ئەوا لانی كەم دەتوانن سەرەڕای دواكەوتنی چەند مانگی موچە بە كارمەندەكانیان بڵێن ئەو كاتە موچە وەردەگرن و سەری مانگ و كۆتایی مانگتان ئەو كاتەیە، چونكە ئاشكرایە زۆربەی ڕۆژنامەنوسانی هەرێم كرێ چین وپێویستیان بەوە هەیە وەڵامێك بە خاوەن كرێكان بدەنەوە كە كەی پێیان دەدەن.
ئەم پەیامەش بۆ سەرجەم كەناڵەكانە و تەنیا بۆ (KNN) نییە با هیچ كەناڵێكیش خۆی لێبێ بەری نەكات و خۆی لە كەی ئێن ئێن بەباشتر نەزانێ، چونكە وەك لە ڕابردوشدا بینیمان یەكێك لەكەناڵە حیزبییەكان بەبیانوی قەیرانی داراییەوە سەرجەم كارمەندەكانی ناردە ماڵەوە و بێ كاری كردن. كە ئەوە ئەو پەڕی بێ مافی بوو بەرامبەر بەو پۆلە هاوپیشەیەمان كرا، چونكە لەڕاستیدا وەك چۆن هەموو خەڵك دەزانێت بەناو حكومەتی هەرێم بێ پارە و داهات نیە و قەیرانەكانی هەمووی دروستكراون، ئەوا بۆ حیزبەكانیش هەمان شت ڕاستە و حیزب هەرگیز بێ پارە نابێت و هەركاتێك نەوت نەما و حكومەت پارەی ئاو و كارەبا و گومرگ و داهاتەكانی دیكەی وەرنەگرت ئەو كات ئێمەش دەڵێن ئەشهەدوبیلا بێپارەن.
بۆیە ئەگەر بێت و حزبێكی وەك پارتی (كەئێستا ئەویش دەستیكردووە بە سیناریۆی دواخستنی موچەی كارمەندەكانی ڕاگەیاندنەكانی) تەنیا بەشێك لەو كەناڵە ئاسمانیە زەبەلاحە بێ سودانەی كە مانگانە ملیۆنان دۆلاری تێدا خەرج دەكات دابخات و كەمی بكاتەوە و واز لە سیاسەتی گەوجاندن و بەرژەوەندی حیزبی بێنێت ئەوا دەتوانێت هەموو مانگێك لەكاتێ خۆیدا موچەی تەواوی كارمەندانی كەناڵی حیزبەكانی دیكە بدات و بەشێكی زۆری موچەی كارمەندانی وەزارەتەكانیش دابین بكات...!!؟
بەبڕوای من بەملیۆنان دۆلار لەژمارەیەك كەناڵی بێسودی كوردیدا لە پارەی خەڵكی خەرج دەكرێت و تەنیا داخستنی بەشێك لەو كەناڵە حیزبییە زیادە بێ سودانەش بەشی موچەی زۆربەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی هەرێم دەكات. (بێگومان ئەمە بۆ كەناڵەكانی یەكێتیش هەر ڕاستە و ئەویش وەك پارتی شەریكی، وایە لەپەیڕەوی سیاسەتەكەیدا).
لە كۆتایدا نوسینی ئەم بابەتە لە پێناو شكاندنی تەوقی بێدەنگی ڕۆژنامەنووسانە بۆ ئەوەی چیتر لەمافی خۆیان بێدەنگ نەبن، بەئەركی خۆشمم زانی لەبری هاوڕێ ڕۆژنامەنوسە گیرفان بەتاڵەكانم دو وتەی حەق و ڕەق لەسەر موچەكانیان بڵێم، چونكە بەداخەوە ڕۆژنامەنوسە گیرفان بەتاڵەكان تا ئێستا بەو پەڕی هەستیاری و بەشەرمەوە باس لە گیرفانی بەتاڵی خۆیان دەكەن.
بەپێویستیشی دەزانم لێرە بەدواوە ئەو كەناڵە حیزبیانەی موچەی كارمەندەكانی پێدابین ناكرێت ڕاشكاوانە بە كارمەندەكانی بڵێت و چیتر واز لە سیاسەتی بێ دەنگی و دەستی دەستی پێكردن بێنن، بۆ ئەوەی هەموان بەرچاو ڕوون بن و لاسایی دەسەڵاتی شكستخواردوو نەكەینەوە لەوەی بە بێدەنگی شتەكان بەڕێ بكەین و وابزانین تاسەر ئەو بێدەنگییە سودی بۆمان دەبێت.
لەسەر ئاستی گشتیش پێویستە سەرجەم حیزبەكان ئاوڕ لەگوزەرانی خەڵك بدەنەوە و لەوە زیاتر ستەمیان بەرامبەر نەكەن، چونكە سەرجەم ئەو حزبانەشی دەڵێن داهاتمان لانییە، بە بێدەنگی و پەردەپۆشیان بۆ تاڵانیەكانی دەسەڵات بەشداری ڕاستەوخۆن لەو ستەمەی ئەمڕۆ لە سایەی حكومەتی كوردی لە خەڵك دەكرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست