کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دژایەتی توورکیا و داعش دژیی پەکەکە تێدەگەم، ئەی پارتی و بەرزانی بۆ!

Saturday, 02/01/2016, 21:37


هەر دەسەڵات و هێزێک  چەند بەهێز و خاوەن هەموو دەسەڵاتێک بێت  
ڕۆژێک دەبێت لەبەرامبەر داخوازی و مافی ڕاوای گەلێک سەرشۆڕبکات
کاتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندنەکانی پارتی و لێدوانی دەسەڵاتدارانی سیاسی پارتی گووێ بیست دەبم و دەخوێنمەوە بە ئاشکرا بۆنی شەڕێکی سیاسی لە دژیی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلەکەمان دیارە، بە ئاشکرا میتۆدەکانی شەڕی تایبەت و شێوازی شەڕی سایکۆلۆژیای دەوڵەتی توورک و دەزگاکانی میت باڵی بەسەر سیاسەتەکانی پدک کێشاوە، دەوڵەتی توورک چەمکی شەڕی تایبەتی لە دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژئاوا بێ هیچ پێوانێکی ئەخلاقی و سیاسی پەیڕەو دەکات، چونکە هەموو دەزانین ئاکەپە و ئەرگەنەکۆنی سەوز دەوڵەت، دژیی هەموو بەهای کوردن لە هەرکۆیەکی ئەم جیهانە بێت، هەموو پلانێکی گڵاو و هۆڤانە بۆ سەرکووت کردن و توانەوەیی ناسنامەی نەتەوەی و ماف و داخوازی گەلەمان جێبەجێ دەکەن تاکوو کیانێکی کورد دروست نەبێت.
هەراسان بوون و هاربوونی دەوڵەتی توورک دەرئەنجامی دەسکەوتی گەلەکەمانە لە باکوور و ڕۆژئاوایی کوردستان کە بە ناسنامە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ مۆرکی خۆی لە دەسپێکی ئەم سەدەیەداوە و کە کوردێکی خاوەن ناسنامەی سیاسی و ئایدۆلۆژی و فەلسەفی ئازادانەی لە کەسایەتی گەلدا بەرجەستە کردووە،  هیچ سەرکوتکاریی و زۆڵـمێک ناتوانێت پێشی لێبگرێت بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئاستی تێکۆشین و پەرچەکرداری شۆڕشگێری بەهێزتر و پتەوتردەکات پرشنگی تێکۆشان وەک بڵێسەی ئاگری نەورۆز بە هەموو ناوچەکە و جیهاندا بەردەوام لە گەشەکردندایە. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کورد وەک فاکتۆرێکی بەهێز سەیردەکرێت، کورد لە ناوچەکە ڕۆڵی کارا دەبینێت گرنگی خۆی هەیە، چونکە بە ناسنامەیی دیموکراتیک و پێکەوە ژیانی گەلان بە بنەما گرتووە خاوەن لە هەموو پێکهاتە جیاوازە دەردەکەوێت، هێزی نێودەوڵەتی وەک سۆنگایەکی چارەسەری سەد ساڵەی ناوچەکە باوەڕیان پێهێناوە، بۆیە ناچارن چاو بە سیاسەتی خۆیان و سیاسەتی ئینکاری پاوەنخوازی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوچەکەدا بخشێنێتەوە و کۆتایی بە ڕەوشی سەد ساڵە بێنن و سەرلەنۆێ داڕشتنەوە بکەنە بەرنامەی کاری خۆیان.
هەوڵەکانی دەوڵەتی توورک ئەوەیە ناو ماڵی کورد بشێووێنن و کورد پارچە پارچە بکەن و هیوا و باوەڕیی گەل تێک بشکێنن لەم خاڵەدا تاکوو ئاستێک سەرکەووتوو بووە، بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی لایەنێکی کورد دەکات تاکوو بە ڕێگای ئەو  حزبە و چەندین پاشکۆی ئەم هێزە لە کوردستان دەست بەچەواشەکاری و ئاژەوەگێڕی بکەن، بە هەموو شێوەیە نەشیاو دوورلە بنەمای ئەخلاقی نەتەوەیی و ئازادیخوازانە کەوتوونەتە ناو یارییە گڵاو پلانگێڕی دەوڵەتی توورک بۆ هەندێک دەسکەوتی کاتی و بەرژەوەندی کەسێتی خۆیان و بنەماڵەکانیان، بۆیە بە هەموو شێوەیەک هەڵمەتی ڕەشکردن لەسەر بنەمای نادروست و بێ ئابڕوانە پەیڕەودەکەن لە هەموو ئاستێکدا لە دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بە ڕێبەرتی پەکەکە، کەوتوونەتە خزمەتی بەرژەوەندی سیاسی دەوڵەتی توورک.
ئەوەی سەیرە پارتی! تازە بە تازە لەم ڕۆژانەیی دوایدا و لە سەروبەندی کوشتارگە و کۆمەڵکوژی دەوڵەتی توورکدا لە باکوور ووڵات کە بۆتە هۆی شەهید بوونی دەیان کەس و ئەشکەنجەدانی سەدان کەس و گەمارۆدانی شاروشارۆچکەکان و گوندەکان، لەهەموو شوێنێک چەتەکانی ئاکەپە بۆ سەرکوتکردنی گەلەکەمان بڵاوەیان پێکراوە، لە خەمی پرۆسەیی ئاشتیدان!
بێگومان بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە  پارتی بە ئاشکراو بە نهێنی دەستی لە کۆمەڵکوژیی باکووردا هەیە، ئێوە دەتانەوێت بەو هێزەی تورکیا کە هێناوتانە، لە باشووریش هێرش بکەنە سەر هێزەکانی گەریلا و یەپەگە لە ڕۆژئاوا، لە سۆنگەیەکی تریش ڕاوایی بەهێزیی داگیرکەری توورکیا بدەن و پەکەکەش بە کراسی خۆتان بپێوون! بۆیە ماوەیەکە لە ڕاگەیاندنەکانی ئێوەی پدک بەرگی خیانەت بۆ پەکەکە دەدورنن بەوەی بەغداد چەک و هاوکاری سەربازیی پێشمەرگە ناکات و هاوکاریی پەکەکە دەکات. ئەم هاوکارییە بەغداد بۆ پەکەکە لە ڕوانگەی ئێوە بۆسەر پرۆسەی ئاشتی کاریگەری نەرێنی و خراپی دەبێت، بەڵام ئایا ئێوە ئاگادار نین چ دەگوزەرێت لە باکوور؟!. نازانم بۆچی پارتی لە نزیک بوونەوەی سیاسی  پەکەکە و بەغدا ترساوە؟! هەرچەندە تاکوو ئێستا شتێکی بەرچاوو ڕوون نییە. بەڵام ئەو پەندەی دەڵێت لە دز وایە هەموو کەس دزە بە بیری مرۆڤدا دێنێت.
 هەرچەندە پەکەکە مافی خۆیەتی پەیوەندی سیاسی و دبلۆماسیەکانی سەربازیەکانی بەرفراوان بکات،  هەوڵ بدات پرۆسەی دژە تیرۆر کە بە ناسنامەی داعش خۆی ناساندووە زیاتر دەورپێچ بکاو لەناوی بەرێت، چونکە هەموو دەزانین داعش دروستکراوێکە تایبەت لە دژیی بەرژەوەندیەکانی کورد بە ڕێکخستن کراوە و توورکیا هاوکارێکی گەورەیەتی، بۆیە تێکشکاندن و لەناوبردنی داعش بۆ کورد دەسکەوتێکی مەزنە.
هەرچەند ئەمڕۆ پەکەکە و دەوڵەتی عێراق و حوکمەتی هەرێمی کوردستان هێزیی پێشمەرگە و گەریلا لە سەنگەری دژە تیرۆردا تێکۆشین دەکەن، بە مانایەک ڕاوایەتیەک هەیە ئەگەر عێراق چەک و هاوکاریی پێشکەش بە پەکەکە و پەیەدە بکات، بەڵکوو بۆ کوردیش دەبێت جێگایی خۆشحاڵی بێت چونکە داعش بە هەموو مانایەک هێزێکی عروبەیی عەرەبی سوننە و فاشستی توورکیە. گەورەترین زەرەرمەند لە شەڕیی داعشدا کە زیانی گیانی و ماڵی ڵێکەوتووە کوردە. بۆیە هەوڵدان بۆ ڕاوایەتیدان  بە هێنانی هاوکارانی داعش  بۆ کوردستان و بە مانایەکی تریش هەوڵدان بۆ چێواندنی پەکەکە بەخۆتان و ناساندنی وەک خۆفرۆشێک جێگایی گەڵتەجاڕیی سەرشەقامەکانی کوردستانە. چونکە هەموو کەسێک دەزانێت پەکەکە هێچ پێوویستی بە هاوکاریی سەربازیی و چەک نییە، تاکوو عێراق بۆیی دابین بکات، بەڵکوو ئەوە هەموو جیهانە پێووستی بە پەکەکەیە، تایبەت بۆ ڕزگارکردنی شاریی موسڵ لەدەستی داعش و ئەردۆغانی فاشیست عێراق و باشووریش پێوویستیان بە پەکەکەیە، چونکە ئەگەر لە موسڵ داعش نەمێنێت بێگومان چیتر داعش ناتوانێت بە ئارەزوویی خۆی هێرش بکاتە سەرسەنگەرەکانی پێشمەرگە. بەڵام ئەمە لە بەرژەوەندی توورکیا نییە، بەڵام بۆ لەبەرژەوەندی پارتیشدا نییە نازانم؟!
هێنانی هێزی سەربازیی توورکیا بۆ باشیقە بۆ هاوکار و پشتیوانی داعش هاتووە؟ گوومانتێدا نییە چونکە لە دەرکەوتنی چەتەکانی داعشەوە توورکیا گەورەترین هاوکار و پاڵپشتیان بووە، هەمان کاتیش ئەم هێزە بۆ گواستنەوەی نەوتی داعش جێگیر کراوە، چونکە خەتی بازرگانی نەوتی داعش و توورکیا لە سوریا کە هەبوو لەلایەن یەپەگەوە کۆنترۆڵ کرایەوە،  چیتر توورکیا ناتوانێت لە سوریاوە بازرگانی بکات، بۆیە ئەمڕۆ ڕێگای بازرگانیەکەیان گۆڕی و هێزی هاوکاریشیان بۆ تەرخان کرد، بۆ ساغکردنەوەی نەوتی داعش بە ڕێگایی پارتیدا بۆ توورکیا ڕەوانەبکرێت.  ئەگەر وانییە باشە دەپرسین ئەم هێزەی توورک بە ئەمری کێ و بە چ سیفاتێک هاتووە و بۆچی؟!  ئایا دەتوانن بڵێن بۆ پارێزگاری لە کورد و کوردستان هاتووە و دژی داعشە؟! ئایا بە ڕاستی هیچ کەس و لایەنێک باوەڕ دەکەن بەم سینارۆیی دەوڵەتی توورک و پدک کە ئەم هێزەی توورکیا بۆ دژایەتی داعش جێگیر کراوە؟! 
چونکە ڕاستیەک هەیە، جیهان و هەموو کوردێک ئازاد و خاوەن وویژدان دەزانێت هاوکارەکانی داعش کێن و کێ هاوکاریی چەتەکانی داعشی دەکرد دژیی شۆڕشی ڕۆژئاوا و هەموو هاوکاری سەربازی و لۆجستیکی داعشی دەکرد تاکوو ڕؤژئاوا داگیربکات، کێ بوو کۆسپی کەوت کاتێک ڕۆژئاوا بووە دۆزەخی چەتەکانی داعش بێگومان ئەردۆغانی دوژمنی کورد و دۆستی پارتی بوو. ئەوە ئەردۆغان نییە کۆسپی کەوتووە کە هێرشە ئاسمانیەکانی ڕووسیا دۆزەخی بۆ داعش خوڵقاندووە و لەلایەکی تریش هێزەکانی یەپەگە و سوپای سوریایی دیموکراتی  ئاوی فوراتیان تێپەڕاند ئاکەپە پێی هەزم نەکرێت، بۆیە هێرشی پێچەوانەی داعشی خستەگەر وەک ڕەدفعلێک لە دژیی سەرکەوتنەکانی یەپەگە.  هاوکاری چەتەکانی کرد لە چەند شەوی ڕابووردودا و چەتەکان هێرشیان کردە سەر سەنگەری پێشمەرگە لە باشوو، بە هاوکاری سەربازی میتی توورک و   هێرش بۆ  سەر ئاسایشی سەرێی کانی،  کۆمەڵکووژی شاریی قامشلۆیان ئەنجامدا.
لەلایەکی تریش ئەوەی جێگای سەرنجە و باڵکێش بوو، عەرەب هەستان بە بەستنی کۆنگرەیەک لە دژی داعش و بە هاوپەیمانی  سەربازیی عەرەبی خۆیان ڕاگەیاند، کە لە ٢٤دەوڵەت پێکهێنراوە و سعودیە سەرۆکایەتی دەکات، دژیی تیرۆرستی داعش، لە بەلاغی کۆتایی کۆنگرەکەدا پەکەکە و پەیەدەیان خستە لیستی تیرۆر!. لە کاتێکدا هەموو ئاگادارین پێش کۆبوونەوەی هاوپەیمانی، مەسعود بەرزانی سەردانی سعودییە و قەتەریی کرد، دەنگۆی وەرگرتنی ٨ ملیار دۆلار وەک بەخشیش پێشکەشی بە بەرزانی کراوە بلاوکرایەوە، ئەم دەوڵەت بە حساب هاوکاری گەلی کورد دەکات! بەڵام  گەورەترین بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد وەک تیرۆرست بەناودەکات و دوژمنایەتی خۆی ڕادەگەیەنێت؟، بێگومان هەموومان ئاگادارین ئەمە داوایی دەوڵەتی توورکە، چونکە هیچ پاساوێک  نییە بۆ ئەوەی هاوپەیمانی سەربازی عەرەبی دژە داعش، پەکەکە و پەیەدە وەک دوژمنی خۆیان بناسێنن، چونکە لە لۆژیکی سیاسیدا بێ هیچ پاساوێک بیانوویەک هیچ کەسێک ناکات بە دووژمنی خۆی، چونکە هیچ پاساوێک بۆ ئەم بابەتە نییە. ئەوەیی هەیە تەنیا داخوازی توورک و هەندێک هێزی کوردیە کە چاویان بە سەرکەوتنی پەکەکەدا هەڵنایەت، بە پێچەوانەوە ئەوەی ئەمڕۆ دژیی چەتەکانی داعشە بێت، دەبێت وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن توانستێکی بێ وێنە هاوکار و پشتگیری کورد بێت، چونکە هەموو جیهان گەواهی ئەوە دەدەن، کە کورد بە کرداری شەڕی دەستەویەخەیی چەتەکانی داعش دەکەن، بە پێشەنگایەتی هیزەکانی یەپەگە و گەریلاکانی هێزی پاراستنی گەل، هەپەگە.
لەلایەکی تریش هەر ڕۆژێک پدک دژایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکات و بە هەموو شێوەیەک بۆ تێکدانی رەوشی ئاسایشی  ڕۆژئاوا کۆمەڵێک کەس بە بەهانە هانی سەرشەقامی دەدەن، کاتێک هێزەکانی ئاسایش بڵاوەیان پێدەکەن دەبنە دکتاتۆر، خۆ لە هەوڵێر ئەوەی دژیی دەسەڵاتەکەتان بکەن، گوومان نیە گۆماوی خۆێن هەڵدەستێنن، باشە ئێوە ئەم هەموو هەواڵە چاواشەکارانە بە چ بنەمایەک دەسازێنن؟! یان تەنیا دەتانەوێت هێزی دەمارگیری دۆست و ئەندامەکانی خۆتان پێ تیژ بکەنەوە، باشە ئەمەش دەکەن بە مەسەلەیی بۆرییە نەوتەکە! کە پەکەکە بووە بە هۆکاری  بڕینی قووت خەڵک و هەواڵێکی واتان دروست کرد کە پەکەکە دەیەوێت قەیرانی دارایی زیاتر بێت و خەڵک لەبرساندا لەناوبچێت. باشە بۆ بڕینی بووجە و دزینی داهاتی نەوتیش ناکەنە ملی پەکەکە بڵێن هەموو داهاتەکە پەکەکە دەیبات،  هەموو بانکەکانی کوردستانی بڕیووە بەڵکوو خەڵک باوەڕتان پێ بکات، بێگومان ئەوە ڕوونە هۆکاریی نەبوونی کارەبایی حوکمیش دەخەنە ئەستۆیی پەکەکە بەهۆکاریی شەڕ و ئۆپراسیۆنەکانی دەوڵەتی داگیرکەری توورک لە باکوور، کە گازوایل نییە بۆ مۆلیدەکان، بۆناڵێن پەکەکە کێشەیە و شەڕی دژیی دەوڵەت ڕاگەیاندووە، ئەو سنوورەیی داهات و قووتی خەڵکی لەسەرە پەکەکە ئاڵۆزی تێدا دروست کردووە و سنوورەکە داخراوە بۆ ئەوەی کیانی کورد لە باشوور تێک بچێت.! تاکوو هەموو شکست و نسکۆکانی خۆتانی پێ پەردەپۆش بکەن، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ لە باشوور گوزەرە دەکات نەمانی شەرعیەتی سیاسی و حوکمڕانی و دامودەزگاکانی حوکمەتی هەرێمە، چونکە لە ئەمری واقعدا ئەوەی ئەمڕۆ لە باشوور ژیان دەکات، دەسەڵاتێکە بە مانایی سیاسی کودەتاچیە و هیچی تر، ئەوەی ئەمڕۆش ئەم هەرێمەوە بەڕێوە دەبات پارتی و بنەماڵەی بەرزانییە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە