گۆڕان و چەکداری
Friday, 01/01/2016, 21:13
گۆڕان خاوەنی ١٨ چەکدارە(خولە سەنگاوی)
گۆڕان لەتەك هێزەکانی (٨٠ و ٧٠) پێوستە هێزو یەکەی (٩٠) دروست بکا(عەدنان عوسمان)
بۆ ئەوەی دیموکراسی ئەتك نەکرێ،پێویستە خۆمان چەکدار بکەین (دلاورە درێژ)
هەر لەدوای ئەوەی گۆڕان وەزیر و پەرلەمانتارو مووچەخۆرەکانی لە هەولێر دەرکران و ئومێدی گەڕانەوەیان نەما، کەوتنە دروست کردنی سینارێۆی جیا جیا کە هەندێکیان خۆیان لە دروست کردنی هێزی سەربازی و میلیشیایی دا ئەبینییەوە. ئەم بیرکردنەوەی ئەم برادەرانە لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە زانییان چی دی ناتوانن لە حکومەتە بنکە فراوانەکەدا بەشە برا بۆ خۆیان بپچڕن. دەنا گەر پارتی کش گۆڕانی نەکردایە،ئەوا هەرگیز و هەرگیز ئەم گۆڕانخوازانە بیریان بۆ چەك و دەمەقاچانیش نەئەبرد. ئەوان پێش ئەوەی ڕەوانەی سلێمانیان بکەنەوە سەری زمانیان تەنها لە کورەی هەنگوینی خەباتی مەدەنی ژەنی بوو. کێ هەبوو لەو برادەرانە باوەڕی بە خەبات و جارێکی تر چەك هەڵگرتن و دروست کردنەوەی (سرك) و ڕێکخستنە چەکداریەکان بکردایەتەوە!
ڕەنگە پرسیاری هەندێك لێرەدا ئەوەبێ کە لەبەرانبەر ئەوەی پارتی ئەیکا دژ بە خەڵکی کوردستان بەگشتی و گۆڕان بەتایبەتی، هیچ ڕێگە چارەیەك ماوە جگە لە هەڵکوتانە سەر پارتی و وەدەرنانیان لەڕێگەی هێزی چەکداریەوە ؟؟ حەتمەن ئەوە باوەڕی ئێمەیە کەئەم بەناو هێزانەی کوردستان هیچیان جگە لەڕێگای ڕادیکاڵی و تووندوو تیژی چەکداریانە ،هیچ ڕێگایەکی تر بە گونجاو نابینین،ئەوە لە مێژە ئێمە ووتومانە گۆڕانکاری تەنها لە ڕێگای هیزەوە ئەبێ بکرێ. ئەوەی ناوی نراوە بە خەباتی مەدەنی و شارستانی و خۆپیشاندان و گردبوونەوەو واژوو کۆکردنەوە،ئەو ڕێگایانە تەنها لە ئەوروپاو ئەمریکا پەسەندە. دەنا بۆ شوێنێکی وەك کوردستان کە چەند دز و تاڵانچی و سیخوڕێك وەك کەلاك کەوتونەتە گیانی و ڕۆژانە هەرچی سووکایەتی و شەرمەزاری تیا ئەنجام ئەدەن،باشترین و کورترین ڕێگا بۆ سەرکەوتن و گۆڕانکاری تەنها وتەنها لولەی تفەنگەکانە. ئەی کەواتە بۆ ئەبێ لەم کاتەدا دژ بەگۆڕان بین کەوا گەر بیەوێ گۆڕانکاری لەڕێگای هێزەوە بکا و هەوڵ بدا سنوورێك بۆ پارتی دابنێ و نەیەڵێ میلەت لەوە زیاتر سووك و ڕیسوا بێ؟
بۆ وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارە ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٩. ئەو کاتەی گۆڕان وەك لیستێکی سیاسی دروست بوو کەدیارە لەپێش ئەوەدا خۆی وەك دەزگایەکی ڕۆشنبیری هاتە کایەوە.کاری تەنها ئەوە بوو کە خەڵکی و شەقام زیاتر ووشیار بکاتەوە و هەندێ ڕووی گەندەڵی و پیسخۆری پارتەکان بخاتە ڕوو. ئەو کات گۆڕان لەوەشدا سەرکەوتوو نەبوو چونکێ ڕووی دەمی ڕەخنەکانی تەنها لە یەکێتی بوو. ئەو کات فیشەکی ڕەخنەی مەخزنەکانی تەنها لەیەکێتیدا خاڵی کردەوە. هەر بۆیە ئەمە بوو بەمایەی گومان. ڕەنگە نابێ ئەوەمان لەیاد بچێ کە هۆکاری دروست بوونی (گۆڕان) کۆکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی و ڕەخنەگرانی شەقام بوو بۆ ئەوەی بتوانن کۆنترۆڵیان بکەن و لەوە زیاتر تەشەنە نەسێنێ و تووڕە بوون و دەنگ هەڵبڕینەکان تەنها لەسەر ڕیتم و ئاوازی گۆران بمێنێتەوە. ئەمە کاری گۆڕان بوو هەر بۆیە توانرا سنوورێك بۆ ئەو ئاگرە دابنێن کە خەریك بوو ماڵی ئەم دوو بنەماڵەیە بسووتێنێ. بەمانایەکی تر؛ ئەوەی گۆڕان کردی تەنها لەخزمەتی پارتی و یەکێتی و حزبۆچکەکان بوو. وەیان باشتر بێژین؛ئەوەی گۆڕان کردی لەدژی میلەت و دەنگە هارو هاجەکان بوو. ئەمان توانیان تەمەنی گۆڕانکاری ڕاستەقینە ڕابگرن و ئیفلیجی بکەن. گۆڕان نەك خەڵکی هوشیار کردەوە،بەڵکە خەڵکی تووشی نائومێدی کرد. گۆڕان نەك بۆ بەرژەوەندی خەڵك دروست بوو،بەڵکە جارێکی تر بەرژەوەندی خەڵکی ئەوەندەی تر نابووت پێکرد . گۆڕان نەك هەر نەیتوانی لە دۆزە نەتەوەییەکاندا سەرکەوتوو بێ،بەڵکە جارێکی تر کوردی بردەوە نێو هەڵبژاردەکانی عێراق و تا ئێستاش باوەڕی وایە چارەسەر تەنها لە بەغدایە. لەکاتێکدا ئەوەی چاوەڕوان ئەکرا ،ئەبوو گۆڕان کاری بۆ ووروژاندنی دۆزە کوردستانیەکان بکردایەو گەلی کوردی بکردایەتە سەرچاوە. نەك هەر ئەمە،بەڵکە گۆڕان تا هەنووکە ئایدیۆلۆژیایەکی ڕوونی نیەو داوای ڕوونڕەیی لە خەڵکانی تر ئەکا.
بۆچی پێوستە خەڵکی لەڕێگای خۆیانەوە و بەخۆڕسکی و دوو لەچاوەکانی گۆڕان خۆیان چەکدار بکەن و بکەونە وێزەی ئەم سیخوڕو دزو تاڵانچیانە؟؟ لەڕاستیدا ئەمە ئەو پیلانەی ئێرانە کە هەنووکە هانی گۆڕان و سەرکردەکانی ئەدا و قانیانی داوە بۆ خۆپڕچەککردن دژ بە پارتی . لەبەرئەوەی بۆ ئێران گرنگە لەزۆنی سەوز کەبەهی خۆی ئەزانێ کەس لەخۆیەوە دەست نەکا بەئاودا گەر خۆی مۆڵەت پێدراوی ئەو نەبێ. ئێران ڕێگا بەو هێزانە ئەدا چەکدار بن کە بەئارەزووی ئەجنداکانی ئەو بجوڵێنەوە. ئێران لایەنێکی ئەوێ بتوانێ وەك کۆلارە پەتەکەی بەدەستیەوە بێ و کەی وویستی زیاتر بۆی بەرەڵا بکا وکەی نەیوویست بیهێنێتە خۆارێ. ئێران پێی باشە گۆڕان ئەم کارە بکا چونکێ نایەوێ هەر گۆڕانکاریەك لەو زۆنە سەوزە شین باوە هەڵگیرسێ گەر سەرچاوەکەی لە تارانەوە پیلانی بۆ نەکێشرابێ. بۆیە پێم وایە گەر شتێك لەوە بەدەر ڕووبدا،ئەوا ئێران نەك هەر ڕێگر ئەبێ،بەڵکە دوور نیە لەدژیدا بوەستێتەوە. واتە گەر سبەینێ خەڵك خۆی چەکدار کردوو توانی ئەم دزانە شار بەدەربکەن،ئەوا ئێران بەجۆرێکی تر بیر ئەکاتەوە. بۆیە پێوستە لەسەر گەنجان و ئەوانەی دژی پارتین و نایانەوێ هەتا سەر لەژێر دەسەڵاتی ئەم دوو بنەماڵە ژیان بگوزەرێنن،ئەوا باشترین ڕێگە خۆ پڕچەککردنە لەڕێگای خۆیانەوە دوور کەوتنەوە لە گۆڕان و ئەوانەی هاتەریبی ئەمانەنە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست