کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


(مناڵە وردکە) و (عوقه‌لاكانی‌ قه‌وم)!

Friday, 25/12/2015, 22:35


کاک (عارف قوربانی) لە  (ئه‌زمونی‌ چایچێتی‌ و سیاسه‌ت له‌ كوردستان) کە لە ماڵپەڕی (خەندان) بڵاویکردۆتەوە دەنوسێ (لێره‌ كێشه‌ی‌ سه‌ربازیمان هه‌بێت وه‌رزشكار تیایدا ده‌بێت به‌ پاڵه‌وان، كێشه‌ی‌ ئابوریمان هه‌بێت بێژه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ و چیرۆك نوس بۆی‌ ده‌بێت به‌ پسپۆڕ، كێشه‌ی‌ سیاسیمان ده‌بێت چالاكوانی‌ بواری‌ ژنان تیماركه‌رێتی......هتد‌)،
دواتر بۆ پشتگیریی بۆچونەکەی خۆی قسەی هاوڕێیەکی سیاسیی خۆی دەهێنێتەوە کە وتویەتی "ناكرێ‌ چاره‌نوسی‌ خه‌ڵك و بڕیاردان له‌ ئاینده‌ی‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌ (مناڵه‌ وردكه‌) بسپێرین". لە کۆتاییدا دەنوسێ (کوردستان به‌ دۆخێكی‌ زۆر مه‌ترسیداردا تێپه‌ڕ ده‌بێت، له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی‌ گه‌وره‌ و ده‌رفه‌تی‌ گرنگیشدایه‌، ......، تكایه‌ له‌ ده‌ستی‌ فه‌یسب و كچی‌ و هه‌رزه‌ سیاسی‌ و موزایه‌ده‌كارانی‌ ده‌ربێنن و با "عوقه‌لاكانی‌ قه‌وم" له‌م قۆناغه‌ تێمان بپه‌ڕێنن، لێگه‌ڕێن با ئه‌وان چاره‌ی‌ بۆ بدۆزێته‌وه)‌.
Bertrand Russell. ی بەریتانی زانای بیرکاری و لۆجیک  وفەیلەسوف و چالاکوانی سیاسی بو، دەڵێت (تا تەمەنی ٤٠ ساڵی خەریکی بیرکاری و لە دوای چل ساڵی خەریکی فەلسەفە بوم، لە دوای شەست ساڵی خەریکی سیاسەت بوم) ، دەیەوێ بڵێ: سیاسەت کردن بیرکردنەوەی قوڵ و ڕامانی زۆری ناوێ وەک بیرکاری و فە لسەفە. هەمو مرۆڤێکی خاوەن زیرەکیەکی پلە ناوەند بە نەخوێندەواریشەوە توانایەکی سروشتیی بیرکردنەوەی هەیە و عەقڵی بە دیمەنی گشتیی ڕوداوەکانی دەوروبەری دەشکێ، بەم توانا سروشتیە خۆڕسکە دەڵێن (هەستی سروشتی common sense)، بە پێی ئەم هەستی سروشتیە لەوەتەی لە ٢٠٠٦ وە حکومەتی یەکگرتوی هەرێم لە پارتی و یەکێتی دروستبوە  بە دوو ساڵەکەی د. بەرهەمی یەکێتیشەوە پشکی هەرە گەورە و گرنگی هەموو  کۆڵەکەکانی  دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان لە دەست پارتی دا بووە، نەک یەکێتی، بیرتانە (حەمە جەزا)ی بریکاری ئاشتی هەورامی کە سەر بە یەکێتی بو کاتێ دەستی لە کار کێشایەوە وتی (من بریکار نەبووم بێکاربوم) ! ئەگەر کەسی پسپۆڕ  لە شوێنی  شیاو دانەنرابێ، یا کەسی پسپۆڕبەڵام  دز و جەردە لە شوێنی شیاو دانرابێ  یا کەسی نەزان و ناپسپۆڕ لە شوێنی گرنگ دانرابێ ، یا ئەوەی تا ئێستا  گەندەڵکارێکی گەورە و دەسەڵاتدار یا  کۆنە سەرۆک جاش و ئەنفالچیەک لە دادگا سزانەدراوە، یا ئەوەی کە گەلەکەمان  بووە بە دوو بەرەی دژبەیەکی کەمینەیەکی سوڵتانیی دۆلار ملیۆنێر و ملیاردێر و زۆرینەیەکی ڕوت و قوت و بەلەنگاز و بێکار و نائومێدکراو، یا ئەوەی سیاسەتی نەوت و گازی نێچیروان بارزانی و ئاشتی هەورامی  بوەتە هۆی پێنەدانی موچەی سێ مانگ و وەستانی زۆربەی پرۆژەکان، یا ئەوەی  ئێستا پارتی چوەتە بەرەی تورکیا و  دەستی پیلانگێڕیی خستۆتە ناو کوردەکانی سوریا و تورکیا و بەمە بوەتە ناحەز یا بگرە دوژمنی پەکەکە و پەیەدە ، یا زۆر  سیاسەت و ڕەفتاری تری دیکتاتۆریانە و خۆسەپێنەرانەی پارتی ، ئایا بۆ زانینی هەمو ئەم ڕاستیە سادانە و ڕێگای چارەسەریان  پێویست بە  لێکدانەوەی قوڵ و مەنتیقی و فەلسەفیی (عوقەلا) دەکات؟ ئێ باشە (عوقەلا)کەی کاک عارف کێن تا وەک محەمدی مەهدی ئەم خەڵەکە ڕزگاربکەن؟ کە واتە کێشەکە هەر نەبونی پسپۆڕی و زانین و شارەزایی نیە کە بێگومان زۆر زۆر گرنگن، بەڵکو بەهێندەی ئەمە گرنگ کێشەی نەبونی  ویژدان و ڕەوشت وهەست و سۆزە باڵا و پڕواتا و قوڵەکانی وەک عەدالەت و خۆشەویستی و هاوغەمی و مرۆڤدۆستیە لە لای زۆربەی نەهەنگەکانی دەسەڵاتی کوردی و پیاوەکانیان لە بازاڕدا، مەگەر ئەوانەی ڕژێمی هێتلەریان دەبرد بەڕێوە شوان و گاوان بون؟ ئەی باشە مەبەست لە (مناڵە وردکە)کەی هاوڕێکەی کێن؟ ئەگەر مەبەست لە (مناڵە وردکە) ئەبو کاروانی  حیزبی شیوعی کوردستان  و سرود سەلیمی  مەسیحی و بێگەرد تاڵەبانیی یەکێتی و د. یوسف محمد  سادق و عەلی حەمە ساڵح و برزو مەجید ی گۆڕان و سۆران عومەر و فەخرەدین قادری کۆمەڵی ئیسلامی و ئەبوبەکر هەڵەدنی و د.شێرکۆ جەودەتی یەکگرتوی ئیسلامی و هاوشێوەکانیان بێت ئەوا من و سەدان هەزار زوڵملێکراوی ئەم گەلە شانازی بە هەڵوێستەکانیان دەکەین!  ئەی باشە مەبەستی کاک عارف قوربانی لە (فه‌یسبوكچی‌ و هه‌رزه‌ سیاسی‌ و موزایه‌ده‌كارانی‌) کێن؟ ئەگەر مەبەستی لەو سەدان هەزار گەنجە داماو و بێکار و بێپارە و بێژن و بێئایندەیە بێت کە تەنیا face book  و   instagram   یان بەدەستەوە ماوە تۆزێ خەمیانی پێ بڕەوێنن و ناخی خۆیانی پێدەربڕن، ئێدی باشە با کاک عارف پیشنیازێ بکات بۆ (کەریم سنجاری)ی وەزیری ناوخۆ بۆقەدەغەکردنی ئینتەرنێت بۆ ئەوەی  ئیتر پارتی لەو  نوزە و پرتە و بۆڵەیەش ڕزگاری بێت و بێ (موزایەدەی سیاسی) حوکمی ڕەوا و عەقڵانیی  خۆی خەستتر و چڕتر بکاتەوە بە سەر ئەم خەڵکە ستەمدیدەیە!
کوردستانی  پڕ لە کارەسات و قەیران و شەڕ و ڕق و ترس و  نەداری و مەینەتی توێژێکی لە  نووسەر  و بنوس و میدیاکار و سیاسیی  موچەخۆری هێناوەتە ئاراوە کە  لە ترسی نانبڕینیان یا لە ترسی ئەوەی پلە و پۆست لە ئایندە دا لە کیسی خۆیان نەدەن  ناوێرن ڕاستە و خۆ بێ پێچ و پەنا ڕاستییەکان دەربڕن، لە بری ئەمە دەکەونە پینە و پەڕۆ، یا فەلسەفاندن  یا بەدەوری ڕاستیە گەرم و ڕۆژئاساکاندا دەخولێنەوە و ناوێرن خۆیانی لێبدەن، بەمە دەبنە پۆلیسی سیاسی (سانسۆر)  بەسەر بیر و هزری خۆیانەوە، چەند ناخۆش و سەختە ئاوا بژیت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە