له‌چاکسازیشدا خیانه‌ت ده‌که‌ن یان چاکسازیش نازانن؟
Wednesday, 23/12/2015, 22:14
دوا به دوای چڕبوونه‌وی قه‌یرانه‌کان که ماوه‌ی زیاتر له دوو ساڵه باڵی کێشاوه به‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستاندا، بۆته هۆی بێ‌کاری و بێبازاڕی له‌سه‌رجه‌م شار‌و شارۆچکه‌کان و مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوکێیه‌کی زۆر له‌لایه‌ن هاوڵاتیان، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی پیاده‌کردنی ئه‌و سیاسه‌ته چه‌وت و هه‌ڵه‌یه‌ی که ماوه‌ی (٢٤) ساڵه ده‌سته‌ڵات دارانی ئه‌م هه‌رێمه په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن، به‌تایبه‌تی له‌دوای شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆوه که ماوه‌ی نزیکه‌ی (١٥) ساڵ بوو هه‌رێمی کوردستان له که‌شێکی ئارام و پڕداهاتدابوو ! ده‌کرا پلانێکی باش دانرابا بۆ داهاتوو سود له‌و که‌ش و هه‌وا ئارامه
وه‌رگیرابا، بۆنمونه که‌رتی کشتوکاڵ کوردستان ناوچه‌یه‌کی کشتوکاڵی گرنگه له‌دێرزه‌مانه‌وه به‌کشتوکاڵ ناسراوه گه‌ر بایه‌خی باشی پێبدرێت داهتێکی باشی ده‌بێت بۆ کۆمه‌ڵگا، یان که‌رتی پیشه‌سازی ده‌کرا گرنگی بدرێت به‌که‌رتی پیشه‌سازی که به‌شێکی باش هێزی کاری له خۆده‌گرت، وه‌یان که‌رتی گه‌شت و گوزاری هه‌رێمی کوردستان ناوچه‌یه‌کی گه‌شت و گوزاری گرنگه به‌هۆی بوونی سروشته جوانه‌که‌ی که ده‌کرێت سودی لێ وه‌ربگیرێ ته‌نانه‌ت ده‌توانرێ سود له وه‌رزی زستانیش ببینرێت له‌ناوچه کوێستانیه‌کان که به‌فرێکی زۆری لێده‌بارێت بۆ یاریه جۆراو جۆریه‌کانی سه‌ر سه‌هۆڵ، وه زۆر بواریتریش، به‌ڵام نه‌ک گرنگی به‌و بوارانه نه‌درا به‌ڵکو ته‌نها گرنگی به که‌رتی بازرگانی درا که ئه‌م که‌رته به‌ته‌نیا جگه له‌زیان هیچتر نیه، وه‌یان سیاسه‌تێکی زۆرخراپ په‌یڕه‌و کرا که نازانم ناوی بنێم چی ناوی بنێم خیانه‌ت و دزی یان ناوی بنێم به‌رژه‌وه‌ندی خوازی بۆ حزب و بنه‌ماڵه و یان ناویبنێم نه‌زانین! که له‌سه‌ره‌تادا ته‌نها پشت به‌سترا به به‌شه‌بودجه‌ی به‌غدا و دواتریش داهاتی نه‌وت ئه‌ویش وه‌ک له‌سه‌ر زاری وه‌زیره په‌یوه‌ندیداره‌کان بیستراوه که که‌س ئاگای له گرێبه‌ست و داهاته‌کانی نیه جگه له سه‌رۆکی حکومه‌ت که سیانزه ساڵه ئه‌و گه‌نجه بازرگانه سه‌رۆکی حوکومه‌ته جگه له بازرگانێک هیچتر نیه !
قسه له‌سه‌ر ڕابردوو نیه چونکه له ڕابردوودا زۆرێک له‌نوسه‌ران و ڕۆشنبیران و خه‌مخۆران به‌هه‌موو شێوازێک بانگه‌وازیان کرد که ئه‌م شێوازی حوکمڕانیه هه‌ڵه‌یه، که‌چی گوێیان لێنه‌گیرا تا کار گه‌یشته ئه‌مڕۆ که برینه‌کان تادێت قوڵتر ده‌بن و قه‌یرانه‌کان چڕترده‌بنه‌وه، به‌ڵکو قسه‌مان له سه‌ر چاکسازیه‌کانی حکومه‌ته که وه‌ک ئه‌و په‌نده کوردیه وایه که‌ده‌ڵێ ( پاشی تایه به‌ڕه‌ی به‌خۆدادا ) تازه خه‌به‌ری بۆته‌وه و له‌خه‌وی غه‌فڵه‌ت هه‌ڵساوه و خه‌ریکی چاکسازیه بۆ بنه‌بڕکردنی قه‌یرانه‌کان ! به‌ڵام به‌چاوێکی خه‌واڵوه‌وه ! چونکه ڕاگه‌یاندنی ئه‌و فه‌رمانانه‌ی حوکومه‌ت بۆ چاکسازی به‌و جۆره ئه‌و جاره‌شیان وه‌ک ڕابردوو نازانین ناوی بنێین چی، ئایا دیسانه‌وه ده‌سته‌ڵاتداران ده‌یانه‌وێ له‌چاکسازیشدا خیانه‌ت بکه‌ن ؟ یان چاکسازیش نازانن.؟
چونکه زۆر جۆری تری باشتر هه‌یه بۆ چاکسازی یان ڕوونتر بڵێین زۆر جێگای که‌ی پڕ داهاتر هه‌یه که چاکسازی تێدا بکرێ.
بۆ نمونه پێداچونه‌وه به داهاتی گومرگه‌کانی خاڵه سنوریه‌کان که وه‌ک وه‌زیری دارایی ده‌یگووت تا ئێستا داهاتی گومرگه‌کان نایه‌ته‌وه ده‌ست وه‌زاره‌تی دارایی، یان پاره‌و داهاتی نه‌وتی به‌قاچاغ فرۆشراو که به‌تانکه‌ره‌کان به‌ڕێ ده‌کرێته ده‌ره‌وه ڕۆژانه وه‌ک ڕێگای شه‌مه‌نده‌فه‌ری نه‌پچڕاوه به‌ڕێده‌کرێته وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ، یان پێداچونه‌وه به ڕێژه‌و ژماره‌ی پاسه‌وانه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم و حوکومه‌ت و حزب و به‌رپرسه‌کاندا کرابا، یان پێداچونه‌وه به لیستی بندیوار و خانه‌نشین کراو ته‌مبه‌ڵکراوه‌کاندا کرابا، یان پێداچونه‌وه به‌داهاتی وه‌سه‌رێکنراوی به‌رپرسه گه‌نده‌ڵه‌کان کرابا ده‌ستیان به‌سه‌ر داگیرابا، یان گرنگی بدرێت به بنه‌بڕکردنی بێ‌کاری به‌که‌رته جۆربه‌جۆره‌کانی سه‌رچاوه‌ی داهات تاد...
ئه‌وه‌یه چاکسازی نه‌ک ئه‌وه‌ی ئێوه که له‌وێشدا به‌شی خه‌ڵکتان له‌سه‌داسه‌د بڕیوه !به‌ڵام به‌شی خۆتان له‌سه‌دا په‌نجاو سی ، دیسانه‌وه خۆتان دزیوه‌ته‌وه له خاڵه گرنگه‌کان که سودی هه‌بێ بۆ تاک و کۆمه‌ڵگا و بۆ داهاتووی ئه‌و گه‌ل و نیشتمانه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست