پارتی بۆی بچێتەسەر هەرێمی کوردستان دابەش دەکات
Monday, 21/12/2015, 21:17
پارتی بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ دابونەریت و یاسا و رێسایەک و، بە بێ ئەوەی هیچ بەهایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە عەشایەریەکەی خۆشیەوە لەبەرچاو بگرێت، مامەڵەی لەگەڵ شایستە یاساییەکاندا کرد،تەنانەت پێش ئەوەی لەگەڵ هەڵوێستەکانی گۆڕان و، بە شێوەیەکی عەسکەری دوور لە کاری مەدەنی سەردەمانە رەفتارێکی چاخەکانی کۆن بنوێنێت، توڕی بەیاسا هەڵدا . لەم نێوەندەشدا ئەگەر وردەکاری پێشهاتەکان بخوێنینەوە کە لە چ وەزعێکداین، بۆمان هەیە بپرسین کە گۆران لە ئاست پێشیلکاریەکانی پارتی چی بکات لە قازانجی خۆی و دوارۆژی گەلەکەماندایە ؟
بە پێی پێشبینیەکان بێت، بریاری یەکلاکەروەی گرنگی ململانێی ناوچەکە بریشکێکی باشی بەر کورد دەکەوێت، ئەگەر نەڵێیین، کورد یاریکەرێکی سەرەکی هاوکێشەکان دەبێت . ئەگەر بەم دوو جەمسەرەی ئێستا کە لەگەڵ کورد دا کێشەیەکی ئەوتۆیان نیە، هاوکێشەکان بخوێنینەوە، بەڵام دابەشبونی کورد بەسەر هەردوویاندا بێ گومان زەرەر بە بەشێکی گرنگی دەرئەنجامی مامەڵەی زلهێزەکان لەگەڵ رەوتەکەدا دەدات، دەبێت زۆر گەشبین نەبین لە مەرام و پلانەکانی جەمسەرەکان.
لە دوو ئەگەردا، یەکەم: دروستبونی دەوڵەتی سونە و، دەوڵەتی کوردستان بە هەر سنورێکە بێت . دووەم گۆرانکاری بێ دروستبونی دەوڵەت و دسەتکاریکردنی سنورەکان . کورد دەکەوێتە چەقی کردەوەکانەوە: واتە کورد گۆرانکاری بەسەر باری سیاسی و جوگرافیدا دێت،ئەگەر بێ دەوڵەتیش لێی دەرچین . جا بە هەر لایەکدا بشکێتەوە قازانج و زەرەری خۆی هەیە . بەشێکی گەورەی کوردستانی باشور بە پێی سیاسەتی لایەنی زاڵی کوردی گیرۆدەی دەستی سەرجەمسەرەکەی، خۆیەتی پێش ئەوەی دەردانەکانی رەفتاری جەمسەرەکەی تر زیانی پێ بگەیەنێت . واتە زەرەیەک متمانە بە تورکیا ناکرێت لە پاشقول نەدان لە پرسی کورد لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، ئەگەر بۆی بکرێت و زۆریش رێی تێدەچێت، ئەوەش روونە کە وا تازە تورکیا پاش شکستی لە بەدیهێنانی ئامانجی تایبەتی خۆی، رووی لەو میحوەرە کردووە، کە بتوانێت هەندێک مەرامی خۆی بێنێتە دی، وەک ئەوەی لە هاوپەیمانیە ئیسلامیەکە لایەنەکان ملکەچی بوون، مەرجەکانی خۆی سەپاند و پەکەکە و پەیەدە ی خستە لیستی تیرۆرەوە لە روانگەی ئەو هاوپەیمانیەوە . لە ئاست کوردستانی باشوور ئەردوگان هیچی لە شای ئیران زیاتری بۆ کورد پێ نیە و، رۆژگار رۆژی لە دواوەیە .
ئەگەر کورد بۆ ئەمریکا کەرەستەیەکی باشی عەسکەری بێت و هێزێکی پیادەی بەتوان بێت و لە بەکراهێنانی هیچ زەررەێکی نێوخۆیی بۆ ئەمرکیا نەبێت، کە لە مێژەوە لەئاسمانەوە بۆی دەگەرێت . بەڵگەشمان زۆرە لوانە: ئەگەر پێکهێنانی رێکخراوی قاعیدەمان لەبەرچاو بێت بە پاڵپشتی و خەرجیەکی گەورەوە لە دژی یەکێتی سۆڤێت رۆڵی خۆی بینی و چۆن دروستی کرد . ئەمرۆش بۆ هەمان مەبەست بە گۆرانکاریەکی بچوکەوە، پێویستی بە پێکهاتەیەکی عەسکەری لەو جۆرە هەیە لە جموجوڵەکانی جەمسەرەکەی خۆیدا بەکاری بێنێت و، لەوێشدا لە هێزی کوردی کوردستانی باشوری لایەنگری جەمسەرەکەی خۆی ئاسانتر وهەرزانتری دەستناکەوێت .
بۆیە، ئەگەر باس لە وەزعی نێوخۆی کوردستان بکەین، دەبێت بە راشکاوی باس لە دوو هۆکاری سەرەکی بکەین، کە وای لە ئەمریکا کردووە لە ئاست پێشیلکاریەکانی پارتی، ئەگەر بە نهێنی پشتگیریشی نەکات، بێدەنگی بنوێنێت:
یەکەم: بۆ ماوەیەکی دورو درێژی تر لە شەرکردن دژ بە داعش و یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکانی ناوچەکە بۆ قازانجی خۆی، هێزی کورد بە کاردێنیت .
دووەم : کە ئەو وەک یەکەیەکی عەسکەری مامەڵە لەگەڵ کورددا بکات، پێویست بەوە ناکات کە لە نێوخۆدا دیموکراسی بێت، بۆیە تا چەندین ساڵی تر ئەگەر تەنها پارتی و بەرزانی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بێت بەو مەرجەی فەرمانەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکەن لە ناوچەکەدا، هیچ خەمێکی نابێت .
بە پێی ئەو دیدە و لە روانگەی بارودۆخە بابەتیەکەی کوردستان و تایبەتیەکەی پارتی وەک حزب و بنەماڵە و هەڵوێست و روانین و بیرکردنەوە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە تەسکەکانیان، نەک بە تەنها ملکەچی ئەمریکا دەبن، بەڵکو پاش جێ قایم بونی تورکیا لە ململانێی ناوچەکە زیاتر خۆی ملی بۆ ئەواندەنێت و، پشت لە گەلی کوردستان و ئامانجە ستراتیجیەکەی دەکات و، تەنانەت سەربەخۆییش دەکاتە قوربانی مانەوەی خۆی، نەک وەک ئێستا بە راگەیاندن موزایەدەی پێوە دەکات . بۆ ئەو مەبەستەش بی دوودڵی هەر هەنگاوێکی پێویست دەهاوێژێت، کە لە قازنجی مەرام و ئامانجەکانی تورکیا و ئەمریکادا بێت . لەم بارەشەوە بەشەکەی تری کوردستان کە پارتی بە زۆری زۆردارەکی خۆی پێوە هەڵواسیوە، ئەگەر لە قازانجی پارتیدا نەکەوێتەوە، بێشک لە دیگەڵەوە پشتی لێدەکات و تەنها ئەو ناوچانە بەرێوەدەبات و چاڵدێرانێکی تر توشی گەلی کوردستان دەکات . بۆیە، دەشێت بڵێین کە ئەگەر پارتی بەو شێوەیە بۆی بچێتەسەر، هەرێمی کوردستان دابەش دەکات .
بەڵام ئەم وەزعە عەقڵیکی وای دەوێت کە رەفتارێکی وا بنوێنیت، لە ملهوریەکانی پارتی و دەرئەنجامی هاوکێشەکان قوتاربیت و دەردانەکانی لەسەر کوردستان نەکەوێـتەوە و بۆ سەدەیەکی تر ئەم میلەتە گیرۆدەی دەستی داگیرکەرانی نەبێت، چۆن ؟ بۆ وەڵامی ئەمەش پێویستە خەمخۆرانی گەلی کوردستان رێگەیەک بە قورابانیدانی گەورەی لایەنەکانەوە بدۆزنەوە، لەوەشدا دەبێت دەست لە پارتی و کردەوەی چاکی ئەو بشۆیت، بۆ دەرچون لەم میحنەتەی کورد، کە لەدەرئەنجامی کاردانەوەکان و کردەوەی پارتی و هاوکێشەکانی ناوچەکە وگۆرانکاریە گەورەکە چاورەوان کراوەکەدا توشی دەبێت . ئەمەش قسەی زۆر هەڵدەگرێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست