کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌زمون و یادى پشكۆ نه‌جمه‌دین و وچانێك له‌ دوكانه‌كه‌ی كاك فازیلی خه‌یات دا

Sunday, 20/12/2015, 10:52


(1)
(ئه‌زمون و یاد) تاوه‌كو نوسینی ئه‌م سه‌رنجه،‌ سێ به‌رگی لێ چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌یه‌كێك له‌ كتێبه‌ گرنگ و سه‌رنج راكێشه‌كانی نوسه‌ر و كتێبخانه‌ی كوردی داده‌نرێ، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌ بۆ نه‌وه‌كانی پێش راپه‌ڕین زۆر گرنگه‌، چونكه‌ باسی رۆژگاره‌كانی كۆتایی حه‌فتاكان و هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كان ده‌كات، ئه‌و كاتانه‌ی خه‌ڵك بێ ئاگابوون له‌وه‌ی چی له‌ناو شۆڕش ده‌گوزه‌رێ؟(به‌تایبه‌تی له‌ حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیست دا)  به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م په‌رده‌ له‌سه‌ر زۆر راستی لاده‌دات، كه‌ بۆ نه‌وه‌ی پێش راپه‌ڕین زۆر گرنگه‌ كه‌ به‌وری بیخوێننه‌وه‌، هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م سێ به‌رگه‌ بۆ نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕین گرنگه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن به‌شێك له‌ شۆڕشی كوردی چۆن گوزه‌راوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن شۆڕش چ ناحه‌قییه‌كی به‌رامبه‌ر به‌كه‌سه‌ دڵسۆزو مه‌بده‌ئیه‌كانی خۆی كردووه‌. 
(2)
له‌به‌رگی 3 و له‌ لاپه‌ڕه‌ 91 دا نوسه‌ر باسی (داود به‌گ) و دوكانی كاك (فازیلی خه‌یات) ده‌كات له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌نوسێت :( داود به‌گ له‌ یاده‌وه‌ری مندا ، چه‌ند وێنه‌یه‌كی دیكه‌شی هه‌یه‌، ئه‌و به‌یانیانی هه‌موو رۆژێك به‌ جیبێكی تایبه‌ت له‌ (عه‌بابه‌یلێ) وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌رۆیشت و له‌ دوكانی (فازیلی خه‌یات) به‌یاری تاوڵه‌ ده‌یگوزه‌راند و ئێواره‌ش به‌هه‌مان جیب ده‌گه‌ڕایه‌ وه‌ گوند و له‌حه‌ساری ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌یدا داده‌به‌زی)
لێره‌دا پشكۆ نه‌جمه‌دین زۆر به‌ رووكه‌شی دیمه‌نێكی تۆمار كردووه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی كه‌مێك خۆی هیلاك بكات و تۆزێك بچێته‌ ناو واقیعی ئه‌و دوكانه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك هاتوچۆی كردووه‌. ئه‌و دوكانه‌ی باسی ده‌كات دوكانی: (به‌رگ درووی پیاوان بووه‌ بۆ  قات و پانتۆڵ كه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌و دواتریش واته‌ له‌ چله‌كان و تا كۆتایی  په‌نجاكانی سه‌ده‌ی بیست دا  تاكه‌ دوكان بووه‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ و شتێكی گرنگ و سه‌رنج راكێش بووه‌، پاشان له‌ شه‌سته‌كاندا (به‌كر مسته‌فا و سه‌ید عه‌بدوڵڵا)  دوكانی خه‌یاتیان داناوه‌، كه‌ پێشتر شاگردی كاك فازیلی خه‌یات بوون)دواتریش (قادر عه‌لی)دوكانی خه‌یاتی داناوه‌، به‌كورتی  له‌ چله‌كاندا كاك(فازیلی خه‌یات) كاری تێدا كردووه‌و له‌ په‌نجاكاندا بووه‌ به‌ هی خۆی، ئه‌و دوكانه‌ تاوه‌كو ئه‌وكاته‌ی داخراوه‌ (له‌كۆتایی حه‌فتاكان و سه‌ره‌تای هه‌شتاكان) مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیران و شاعیران و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و كه‌سایه‌تیه‌ ناسراو و ناوداره‌كان بووه‌، یه‌كیك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ (داود به‌گی باوكی كه‌ریم به‌گ بووه‌)كه‌ له‌ په‌نجاكان و شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیست هاتوچۆی ئه‌و دوكانه‌ی كردووه‌، هاوكاتیش شوێنی شاعیرانی وه‌كو ( فایه‌ق بێ كه‌س، ئه‌حمه‌د هه‌ردی ، كه‌مالی ،ناتیق ، صاڵح هه‌ژار، حیلمی، قانع ، صاڵح شاره‌زووری ، شێخ سه‌لام،  ع . ع . شه‌ونم ، ئه‌حه‌ی لار، كاردۆخی،  حه‌سیب قه‌ره‌داخی(كه‌ ئه‌وكات مراقیبی ئیعاشه‌ بوو له‌ هه‌ڵه‌بجه‌) هتد...
هه‌روه‌ها مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران به‌گشتی هاتوچۆی ئه‌و دوكانه‌یان كردووه‌و له‌وێ گفتوگۆی رۆژانه‌و رۆشنبیریان كردووه‌، دیارترینیان : (صادق به‌هادینی شاعیرو نوسه‌ر م.سه‌عده‌دین)، هه‌روه‌ها شوینی هاتوچۆو دانیشتنی (قایمقام : شێخ حه‌مه‌ ئه‌مینی شێخ ئه‌وڵا  و حاكم رۆسته‌م و حاكم ئه‌حمه‌د و حاكم عومه‌ر) و چه‌ندین حاكم و قایمقامی تر بووه‌ .
هه‌روه‌ها شوێنی هاتوچۆی كه‌سایه‌تیه‌كانی وه‌كو (له‌تیف قادرو بارام به‌گی باوكی هونه‌رمه‌ند په‌یوه‌ند جاف و سه‌عدی به‌گی قادر به‌گی ته‌وێڵه‌یی و ئه‌فراسیاو به‌گی كوڕی ئه‌حمه‌د موختارجافی شاعیر، حاجی فه‌ره‌ج ناسراو به‌ حاجی فه‌ره‌جی زه‌ڕه‌(باوكی شه‌هید خالید و شه‌هید مه‌حمود) ، كه‌ریم به‌گی كوڕی داودبه‌گ و مه‌لا ئه‌حمه‌دی بامۆكی،  دیاری به‌گ، مه‌حمود به‌گی ئه‌وڕه‌حمانه‌ فه‌نی كه‌(مه‌لاك) بوو، نوری حیلمی،  شێخ كه‌مالی عه‌بابه‌یلێ، نوری حه‌لاو، ئاجی مه‌یفرۆش : (كه‌سایه‌تی ئه‌رمه‌نی و پیرێكی سپۆرت بوو) ، حه‌مه‌ سه‌عید فه‌نی (حه‌مه‌ سه‌عیه‌ فه‌نی سه‌رسپی) ، مه‌حمود به‌گی حسێن به‌گ، كاك مه‌حمود عه‌لی مراد، عه‌بدوڵای مه‌لا تایه‌ر، صباح به‌گی حه‌مه‌ سه‌عید به‌گ و نوری برای، كاكه‌ حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم، حه‌مه‌ی مه‌حمود ئه‌فه‌ندی، ئه‌نوه‌ر به‌گی جه‌میل به‌گ، كاك عومه‌ری حه‌مه‌صاڵح بانه‌یی، مامۆستا مه‌لا عه‌بدول له‌تیف بامۆكی، ئه‌حمه‌د دلاوه‌ر، جه‌مال خه‌فاف، سه‌ید كازمی سه‌ید جه‌واد، شێخ سه‌عیدی موفتی، عارفی حاجی فه‌ره‌ج (عارفی چایچی)، مامۆستا شێخ فاتح شێخ ئه‌حمه‌د، شێخ عارفی شێخ ئه‌حمه‌د، شێخ عه‌ینه‌دینی شێخ نه‌جمه‌دینی عه‌بابه‌یلێی ، شێخ حه‌مه‌ تۆفیق، شێخ ماجیدی شێخ حه‌سه‌ن، شێخ ماجیدی شێخ ئه‌حمه‌د، غه‌فور پشده‌ری (مدیر مال)ی هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌،ئه‌حمه‌د موراد خان، مامۆستا شێخ صاحب محه‌مه‌د زه‌كی عه‌بابه‌یلێی، شێخ عبدالله‌ی شێخ ئه‌حمه‌د عه‌بابه‌یلێی ... هتد 
ئه‌م دوكانی خه‌یاتیه‌ به‌ته‌نیشت چایخانه‌ی (ئازادی)یه‌وه‌ بووه‌، زۆر جار كه‌سایه‌تیه‌كان له‌به‌رده‌م دوكانه‌دا تاوڵه‌یان كردووه‌، به‌ڵام به‌گشتی ئه‌و دوكانه‌ شوینی گفتوگۆ و بیرورا گۆڕینه‌وه‌و شیعر خوێندنه‌وه‌وبابه‌تی رۆشنبیری و باس و خواستی رۆژ بووه‌،به‌كورتی یاری تاوڵه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی دوكان كراوه‌و گفتوگۆی رۆشنبیری و بیرورا گۆڕینه‌وه‌ له‌ناودوكانه‌كه‌دا كراوه‌و شوێنیك بووه‌ جگه‌ له‌ئیش و كاركردن تێیدا وه‌كو چایخانه‌ی شه‌عبی ئێستا خه‌ڵكه‌ رۆشنیرو كه‌سایه‌تیه‌كان روویان تێ كردووه‌. 
(فازیلی خه‌یات 1920 -  13/11/2009) بۆ خۆی كه‌سێكی زمان زان بووه‌ (كوردی : سۆرانی و هه‌ورامی و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكی كوردی وراڤه‌ كردنی بۆ هاوڕێیانی خولیای سه‌ره‌كی بووه‌ .
عه‌ره‌بی : جڵفه‌و قه‌واعیدی و خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌ده‌بیات،به‌تایه‌تی ئه‌ده‌بیاتی كۆن.  
 فارسی : نوسین و قسه‌كردن و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی فارسی كۆن به‌تایبه‌تی حافز و سه‌عدی.
توركی: قسه‌كردن و خوێندنه‌وه‌. 
 هاوكاتیش خاوه‌نی ده‌نگێكی خۆش بووه‌ به‌ڵام گۆرانی تۆمار نه‌كردووه‌، یان زۆر به‌كه‌می و هاوڕێیانی به‌دزییه‌وه‌و له‌ موناسه‌باته‌كانداو به‌كوالێتی خراپ تۆماریان كردووه‌. وه‌كو شاعیری به‌ناوبانگ (عه‌لی كه‌مال باپیر) له‌ دیوانه‌كه‌یدا له‌ لاپه‌ڕه‌ (53) له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ:
( ئه‌بینێ ده‌سته‌یی سه‌رخۆش وبه‌زمی مه‌یخۆران 
به‌ده‌نگی خۆشه‌وه‌ فازیل ئه‌ڵێ مه‌قامی نه‌وا) 1.
لێره‌دا هه‌ر له‌سه‌ر شاعیری به‌ناوبانگ (كه‌مالی) و په‌یوه‌ندی به‌دوكانه‌كه‌ی كاك فازیلی خه‌یات و حیلمی شاعیره‌وه‌ ئه‌م مێژووه‌ تۆمارئه‌كه‌ین: كاتێك (كه‌مال)ی كوڕی شاعیر عه‌لی پاپیر ئاغا ناسراو به‌كه‌مالی، نه‌قڵی كه‌ركوك ده‌بێت، كه‌مالی له‌به‌ر كوڕه‌كه‌ی ناچار ده‌بێت هه‌ڵه‌بجه‌  به‌جێبهێڵێت و رووبكاته‌ كه‌ركوك، ئه‌وكاته‌ هه‌م كه‌مالی زۆر بیری هه‌ڵه‌بجه‌و شاعیرو كه‌سایه‌تیه‌كان ده‌كات، هه‌م شاعیرو كه‌سایه‌تیه‌كان زۆر بیری كه‌مالی ده‌كه‌ن، له‌و كاتانه‌دا كه‌مالی شاعیر تازه‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری ( دیاری شاره‌زوور) چاپده‌كات و نوسخه‌ بۆ كه‌سایه‌تیه‌كانی وه‌كو كاك فازیلی خه‌یات و حیلمی شاعیرو هتد..  ده‌نێرێ، حیلمی شاعیر به‌م شیعره‌ سوپاسی ده‌كات وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌و داواشی لێی هه‌یه كه‌ كتێبی دووه‌م ناو بنێت (باخی میر) ‌: 
مامه‌ی خۆشه‌ویست شاعیری مه‌شهوور 
رووناكیت خسته‌ ده‌شتی شاره‌زوور
له‌گه‌وره‌و بچوك سه‌ناخوانی تۆن
سوپاست ئه‌كه‌ن له‌ نزیك و دوور 
هۆنراوه‌كانت وه‌ك گه‌وهه‌ر وایه‌
دڵ رۆشن ئه‌كا هه‌روه‌ك پارچه‌ی نوور
(حیلمی) به‌راستی  بچووكی تۆیه‌ 
زۆر لای به‌نرخه‌ دیاری شاره‌زوور 
(فازیلی خه‌یات) یادی تۆ ئه‌كات
پێت ئه‌ڵێ مامه‌ی دڵسۆزی جه‌سوور 
ئومیدم وایه‌ بۆ به‌رگی دووه‌م 
باخی میر بێته‌ سه‌ر له‌وحه‌ی ستوور
چونكه‌ به‌شداری هونه‌ری تۆیه‌
پێویسته‌ مه‌دحی سایه‌ی تووه‌ سوور(2)
  ئه‌م سیفه‌تانه‌ی كه‌ له‌ كاك فازیلی خه‌یاتدا بووه‌ وای كردووه‌ كه‌ ساڵی 1967 كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی ناودار له‌ ئێواره‌یه‌كدا كه‌ بریتی بوون له‌ ( حه‌سه‌ن زیره‌ك ، مه‌حمود تۆفیق شلك ، شه‌وكه‌ت ره‌شید ، سه‌لاح ره‌شید .. هتد) ئاهه‌نگێكی قه‌شه‌نگیان تۆماركردووه‌ به‌ ئاماده‌بوونی كه‌سایه‌تیه‌ ناوداره‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌تا به‌ره‌به‌یان له‌ماڵی كاك (فازیلی خه‌یات) گۆرانیان وتووه‌، كه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌م شتێكی نوێ و رچه‌ شكێنی بووه‌ كه‌ عه‌شاماتێك له‌ خه‌ڵك تا به‌ره‌به‌یان هاتوچۆی ئه‌و ماڵه‌و به‌شداری ئه‌و ئاهه‌نگه‌یان كردووه‌.
 له‌ كۆتاییدا بۆیه‌ ئه‌م سه‌رنجانه‌م نوسی چونكه‌ له‌ كتێبه‌كه‌ی پشكۆ نه‌جمه‌دین به‌رگی 3 زۆرلامسه‌رلایی باسی (دوكانه‌كه‌ی كاك فازیلی خه‌یاتی) كردبوو، هیوادارم له‌ چاپی ئاینده‌دا تیشك بخاته‌ سه‌ر ئه‌و دوكانه‌و سوود له‌م نوسینه‌ وه‌ربگرێ یان وه‌ك خۆی له‌به‌رگی 4ی ئه‌زمون و یاد دا بڵاوی بكاته‌وه‌و ئه‌م مێژووه‌ جوانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و كه‌سایه‌تیه‌كاتی له‌بیر نه‌كات.  
په‌راوێز 
1ـ له‌دیوانه‌كه‌ی كه‌مالیدا له‌ ساڵی 1986 نوسراوه‌: فازیل كوڕێكی به‌رگ درووی ده‌نگ خۆش و رووخۆش و هۆشیاره‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه.‌
2ـ دیوانی (حیلمی) لاپه‌ڕه‌ 29 ، كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی ئومێد كاكه‌ ره‌ش له‌ ساڵی 1985 چاپكراوه‌. 
 تێبینی / 1ـ  بۆ ئه‌م نوسینه‌ سوودم له‌ مامۆستا ( شێركۆی كوڕی كاك فازیلی خه‌یات و مامۆستا سه‌لاح حیلمی) وه‌رگرتووه‌، هه‌روه‌ها سوودم له‌ كتێبی (نامه‌ی ژیان) دوو نامه‌كه‌ی كه‌مالی و ناتیق له‌ ژێر تیشكی دوو نامه‌كه‌ی نالی و سالم له‌ نوسینی (ساجد ئاواره‌) وه‌رگرتووه‌.  
2ـ له‌دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و شیعره‌ی (حیلمی) ، كه‌مالی شاعیر، كتێبی دووه‌می شیعریی خۆی  ناو ده‌نێت (باخی میر) وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و له‌سه‌ر داوای (حیلمی) و هاتنی ناوی كاك (فازیلی خه‌یات) له‌ شیعره‌كه‌دا، كه‌ هاوڕێیه‌تیه‌كی خۆش هه‌بووه‌ له‌ نێوانیانداو هه‌میشه‌ به‌ (مامه‌) یان به‌ (عه‌لی ئه‌فه‌ندی)  بانگیان كردووه‌و دیاره‌ له‌ شیعره‌كه‌ له‌باتی كه‌مالی به‌(مامه‌) ناوی هاتووه‌. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە