کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەو هەموو جەنگە لە پێناوی چییدایە؟

Saturday, 19/12/2015, 12:16


چالاکیی ئابووری ئەمریکا، یان مامەلەکردن بە دۆلاری ئەمەریکی، لە ڕۆژێکدا نزیکەی  دوو تریلێۆن دۆلارە. لەم دوو تریلێۆنە، تەنها ٢٥٠ بلێۆنی لەشێوەی نەختینەیە(cash) ، ئەوەی ئەمێنێتەوە لەشێوەی پارەی نەبینراو (virtual money)  یان ئەوەی پێی ئەوترێ (line of credit). بەمانایەکی دی؛ بڕی پارەی نەبینراو ٦ جار زیاترە لەبڕی پارەی بینراو. ئەمە سەرباری ئەوەی ئابووری ئەمریکا خاوەنی بڕی ١٩ تریلێۆن دۆلار قەرزاری  ووڵاتی چینە.
  هەنووکە ئابووری ئەمریکا بەهۆی ئەو قەرزە زۆرەی لەسەرێتی نەك بۆتە ئابووریەکی داتەپیو،بەڵکە بۆتە مەترسیش بۆ سەر جیهان. لەبەرئەوەی بڕی قەرزەکە کەبەردەوام زیادڕەویی(interest  وەیان APR) ئەچێتە سەر،لەوە ناچێ بتوانرێ بدرێتەوە. کەواتە لەم بارەدا دوو ئەگەر دێتە پێش؛
1- نابووتبوون: کە ئەمەش هەروا ناتوانرێ بەسانایی خاوەن قەرز لێی خۆش بێ.
2- دانەوەی: کە ئەمەش هەروا بەئاسانی نادرێتەوە لەکاتێکدا ئابووری جیهان لەدوای داتەپینی ئابووری ساڵی ٢٠٠٨ ئێشتا هەڵنەساوەتەوە. لەهەردوو بارەکەدا ، جگە لە هەڵگیرساندنی جەنگ ، هیچ ئەگەرێکی تر لەئارادا نیە.
ئەوەی جەنگەکان درێژە پێئەدا و ئەگەری وەستانیان کەم ئەکاتەوە بریتیە لە زۆر بەکارهێنانی پارەی نەبینراو وەیان   (credit) . لەبەرئەوەی لەبەرانبەر ئەم جۆرە لە پارەی نەبینراوەدا هیچ جۆرە بالانسێك نیە. کاتێك بالانس نەما، ئەوا شلۆقی و ناجێگیری دێتە شوێنیان، کە لەم بارەدا (جەنگ)تاکە هەڵبژاردەیە.
ئێستا ئەمریکا ئەگەر چی قەرزێکی زەبەلاحی لەسەرە کە پێوستە بیداتەوە، لێ ووڵاتی چین لەم کاتەدا نەك هەر ناتوانێ قەرزەکەی وەربگرێتەوە، بەڵکو بۆتە کۆیلەی قەرزەکانیشی و پێوستە زیاتر مل بەداواکانی ئابووری ئەمریکا بنێ. بۆچی؟ بیهێنەرە پێش چاوی خۆت؛ کاتێ تۆ ١٠٠ دۆلار قەرزت لەسەرە ئەوا گەلێک ئاسانە ئەو قەرزە بدەیتەوە. بەڵام کاتێ ئەو قەرزە ئەبێ بە ١٠٠ هەزار دۆلار، ئەوا خاوەن قەرز نەك هەر ناتوانێ زۆرت بۆ بێنێ و چاوت لێ سوور بکاتەوە، لەبەرئەوەی ئەترسێ لەوەی کاردانەوەت باش نەبێ و نابووتی خۆت ڕابگەیەنێ، یان لانی کەم یاخی بیت لێی . ئەوا لەم بارەدا ترسی ئەوەی هەیە کە قەرزی ترت نەداتێ و بەردەوام دڵنەواییت دەکات و لە هاوکاریەکانیشی بەردەوامە، بەو هیوایەی ڕۆژێك دێ بڕی قەرزەکەت کەم بکەیتەوە، یان بتوانی هەمووی بدەیتەوە. کەواتە کاتێک بڕی قەرز گەلێک لە قەوارەی سروشتی زیاد بکات ئەوا خاوەن قەرز، یان قەرزدەر ئەبێتە کۆیلەی قەرزاربار .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە