مەترسیی شکستێکی گەورە؟
Friday, 18/12/2015, 23:16
لە ئیمڕۆی کوردوستانا تەنانەت کوردێکی نەخوێندەواریش دەتوانێ ئەم ڕاستیە سادەیە ببینێ کە لە دژایەتی کردنی سەرسەختانەی نەتەوەکەمان ئێستا تورکیا بە چەند هەنگاوێک لە پێشی ئێران و سوریا و عێراقەوەیە. تورکیا ڕۆژانە بە ئاگروئاسن وەڵامی داوای ڕەوای نەتەوەکەمان دەداتەوە، نەک هەر لە قەندیل بەڵکو لە سەر جادەی قیری شارەکانی باکوری کوردوستان بەرامبەر خۆپیشاندانی ئاشتیانەی ژن و منداڵ و هەرزەکار و پیر. تورکیا بە ئاشکرا خەریکی دانانی پیلانێکی ترسناکە بۆ شکستپێهێنانی شۆڕشی کوردانی ڕۆژاوا بە ڕابەرایەتیی پەیەدە و هێزی پێشمەرگەکانی کە بریتین لە یەپەگە و یەپەژە، ئەوشۆڕشەی هەمو دونیای پێشکەوتوی سەرسامکرد بە سەرکەوتنەکانی بە سەر داعش و هەروەها بە بیروڕا پێشکەوتنخوازەکانی بەرامبەر ژنان و کۆمەڵ بەگشتی. تورکیا لە باشوری کوردستانیش دەمی ژەنیوەتە نەوت و گازەکەی و کردویەتی بە بازاڕی ساغکردنەوەی کاڵاکانی.پارتی ئێستا بە نهێنی و بە ئاشکرا لە بەرەی تورکیادایە و جگە لە مەسعود بارزانی و نێچیروانی برازای و زاوای هیچ کەسێک زانیاری (داتا) ی تەواوی دەربارەی ئەم پەیوەندیە گوماناویە هەمەلایەنە (ئابوری، سیاسی، سەربازی، هەوڵگری..) نیە. هیچ کەسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردوستانیش ئاگاداری داتا و وردەکاریەکانی پەیوەندیەکانی تورکیا و هەرێمی کوردوستان نیە، بەڵام واگوماندەکرێ کە چەند دەسەڵاتدارێکی یەکێتیی خاوەن پلە و پۆست لە ژێرەوە سودوقازانجە ئابوریەکانیان بە توندی لەگەڵ پارتی تێکئاڵابێ و بە نهێنی پشکێکی داهاتی نەوتی کوردوستان لە پارتی وەربگرن بەرامبەر بێدەنگکردن و ئیفلیجکردنی یەکێتیی نیشتمانی لە وەی واز لە هەڵوێستی دودڵی و ڕاڕایی و لاستیکی و شەرمنانە بێنێ کە نە لە گەڵ ڕابوردویدا دەگونجێ کە پڕە لە هەڵوێستی سەروەریی نەتەوەییانە و نە لەگەڵ سەنگ و قورسایی سیاسی و سەربازیی ئێستایدا دەگونجێ، ئەم هەڵوێستە لاوازەیە کە تا ئێستا نەیهێشتوە یەکێتی لە ناو حیزبەکانی تری کوردوستاندا ببێتە هێزێکی کارا و پێشڕەو بۆ دەسپێشخەریەکی بوێرانە و حەکیمانە بۆ گێڕانەوەی دۆخی پەرلەمان و حوکومەتی هەرێمی کوردوستان بۆ پێش ١٢ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ و ئینجا یەکخستنی هەمو هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی سەرکەوتوانەی قەیرانە جۆراجۆرەکانی هەرێم. ئەگەر پەند لە ڕابوردو وەرنەگرین ئەگەری دوبارەبونەوەی ئەو ڕابوردوە زۆر بەهێزە! (ئەیوب بارزانی) ی ئامۆزای مەسعود بارزانی دانەری کتێبی (الحرکـة التحرریة الکوردیة ١٩٥٨ - ١٩٧٥) لە لاپەڕە ٤٦٩ ی ئەو کتێبەدا دەڵێ: (ئێران دەسەڵات و نفوزی تاکڕەوانەی مەلا مستەفای بارزانیی بەهێزکرد چونکە دەیزانی خەپاندن و فێڵکردن لە تاقە کەسێک زۆر ئاسانترە لە فێڵلێکردن و دەستەمۆکردنی سەرکردایەتیەکی بەکۆمەڵ). دروست هەر واش دەرچو، کاتێ لە بەهاری ١٩٧٥ شۆڕشی ئەیلول بە فەرمانی مەلا مستەفا بڵاوەی پێکرا. وادیارە، دەترسم! ئێستاش تورکیا و سعودیە و ئەمریکا و... هەمویان تەنیا لەگەڵ خودی مەسعود بارزانی و نێچیروانی برازا و زاوای چەندین ڕێکەوتنی نهێنی بکەن بە زیانی گەورە و درێژخایەنی گەلەکەمان و سودی زۆر و ناهاوتای هەردولایان ، و وردەکاریە زۆرگرنگەکانی ئەو ڕێکەوتنانە لە هەمو خەڵکی کوردوستان بشارنەوە ولە ئاکامدا گەلەکەمان توشی شکستێکی گەورە بکەن !
بۆیە داوادەکەم لە مەسعود بارزانی بۆ چارەسەری ئەم دۆخە ترسناکەی هەرێمی کوردوستان و گەلەکەمان تێیکەوتوە دۆخی پەرلەمان و حوکومەت بگێڕێتەوە بۆ پێش ١٢ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ و ئینجا بۆ پێداچونەوەی ڕەخنەگرانەی سەرجەم سیاسەتە ناوەکی و دەرەکیەکانی حوکومەتی هەرێم و بۆ چاکسازیی خێرا و ڕیشەیی لە سیستمی حوکم، سەرکردایەتیەکی مەیدانیی بەکۆمەڵ دروستبکات لە کەسی یەکەمی هەمو حیزبە گرنگ و گەورەکانی هەرێم . ئەم سەرکردایەتیە مەیدانیە ناوبەناو چاودێری و لێپرسینەوە لە کار و کارنامەی هەر سێ دەسەڵاتەکەی هەرێم بکات و لە مەسەلە نیشتمانی و نەتەوەییە چارەنوسسازەکاندا بڕیاردەری یەکلاکەرەوە بێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست