پیسخۆریی نه‌هامه‌تییه
Thursday, 17/12/2015, 2:17
( ئه‌وه‌ی په‌یام بۆ گه‌ل ده‌رده‌کات با له پێشه‌وه بیسه‌لمێنێت که هیج پاره‌و موڵکێکی دزراوی لا نییه. ئه‌گینا پێویستە هیچ قسه‌یه‌کی لێ وه‌رنه‌گیرێت.)
به ته‌مغه‌ی پیسخۆرییه‌وه قسه دژی پیسخۆریی به‌تاڵه
له زماندا سیستێمی بیرکردنه‌وه ده‌رده‌که‌وێت. په‌رداخێک ده‌شکێت ده‌ڵێین: "په‌رداخه‌که به‌ربووه‌وه." ناڵێین: "په‌رداخه‌که‌مان له ده‌ست که‌وته خواره‌وه." یه‌که‌م شت له قه‌باعه‌ته‌که راده‌که‌ین. ئیراده‌ی ئه‌وه‌مان نییه به‌ره‌و رووی روداوه‌که ببینه‌وه‌و به‌رپرسیاریی هه‌ڵبگرین.
جوڵانه‌وه‌یه‌کی چه‌کداریی بڵاوه‌ی پێ ده‌کرێت، هه‌زاره‌ها که‌سی تیادا ده‌کوژرێت، ده‌ڵێین: "شۆڕش هه‌ره‌سی هێنا." هه‌روه‌کو کهنهڵانێک به به‌فرو لافاو رۆ چوبێت. هیچ که‌سێک نابرێته به‌رده‌می پرسیار.
هه‌ڵه‌بجه له نێوانی جه‌نگی دوو وڵات‌دا ده‌بێت به مه‌ڕی قوربانیی، ته‌نها ده‌سته خوێناوییه‌که به ناوچه‌وانی ئێمه‌دا ده‌سوێت بۆ سواڵ و که‌ره‌سه‌ی میدیایی. ده‌نا پێویست ناکات که‌سێک وه‌ڵامی پرسیارێک بداته‌وه. قه‌یرانیش که ئه‌مڕۆ به قوتابی قوتابخانه‌وه، به نه‌خۆشی سه‌ر جێگاوه، به پێشمه‌رگه‌ی ناو سه‌نگه‌ره‌وه دیاره، هێلکه‌ی مریشکێکه پێی ده‌ڵێین: "گه‌نده‌ڵیی".
گه‌نده‌ڵبوون شتێکه وه‌کو سێوێک له دارێک که‌وتبێته خواره‌وه‌و له‌سه‌ر زه‌وی رزی بێت. ره‌نگه بارانێکی ناوه‌خت باری بێت یان شانسه‌که‌ی ئێمه ئاوای هێنابێت.
هه‌موو قه‌یرانێک روت ده‌که‌ینه‌وه یه‌که‌م له دزێویی و دووه‌م له به‌رپرسیاریی. قه‌یران وه‌کو قارچک له خاکه‌وه ده‌ردێت. جاران نه‌وت به ده‌ست داگیرکه‌ره‌وه بوو ئه‌مان وت: ئاخ ئه‌م نه‌وته چۆن بووه به به‌ڵا بۆ کورد؟ بۆچی وشک ناکات نه‌جاتمان بێت!
ئێستا نه‌وت به ده‌ست خۆمانه‌وه‌یه به‌ڵا کورد خۆی بوو. ژن و منداڵه‌کانمان له کوردستانیشدا جێگایان نابێته‌وه ده‌یاننێرین له ده‌ریادا بخنکێن.
بۆچی روداو پرسیار دروست ناکات؟ بۆچی کاره‌سات په‌نجه بۆ که‌س راناکێشێت؟ بۆچی مێژووی ئێمه له‌سه‌ر هێڵی تیاچوون ده‌ڕوات؟
کورد ده‌ڵێت: گۆشت بۆ ئه‌وه‌ی بۆگه‌ن نه‌کات خوێی پێوه ده‌که‌یت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێ خۆی بۆگه‌نی کرد چی لێ ده‌که‌یت؟
خوێ هه‌م مه‌ڕه هه‌م گورگ، خوێ هه‌م ده‌رده هه‌م ده‌رمان، خوێ هه‌م کڕیاره هه‌م فرۆشیار، خوێ هه‌م تاوانباره هه‌م دادوه‌ر، خوێ هه‌م حیزبه هه‌م کۆمپانیا.
ئه‌مه پێی ناوترێت گه‌نده‌ڵیی. ئه‌مه پیسخۆرییه. هه‌م دزێووه هه‌م ده‌بێت یه‌کێک هه‌بێت بدرێته به‌ر پرسیار.
ده‌سته‌ڵات و کۆمپانیا
پیسخۆریی ئه‌و کاته ده‌گاته لوتکه که ده‌سته‌ڵات و کۆمپانیا ده‌بن به دوو ده‌ستی خوێ. ئه‌م ده‌ست بۆ ئه‌و ده‌ست. ئه‌و ده‌ست بۆ ئه‌م ده‌ست. ئیتر لێره‌وه ئاو و زێراب تێکه‌ڵاو ده‌بن. ئیتر لێره‌وه تاعون سه‌ر ده‌رده‌هێنێت. ئیتر لێره‌وه شار ده‌بێت به مه‌ڵبه‌ندی جرج.
پیسخۆریی له‌و به‌هایانه ئه‌دات که مرۆڤ و کۆمه‌ڵگایان پێ راوه‌ستاون. پیسخۆریی ڤایرۆسێکه دوژمن ره‌شه‌کوژیی گه‌لێکی پێ ده‌کات. مرۆڤی پێ ده‌کات به په‌نگ.
چەکی گەلکوژیی
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا 300 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ساڵی 1710 چه‌کی پیسخۆریی دژی گه‌لانی موسوڵمان به‌کارهێناوه. وه‌زاره‌ت ئامۆژگاریی میسته‌ر هامفێری سیخوڕی به‌ریتانیای کردووه که هه‌وڵبدرێت فه‌رمانڕه‌وای پیسخۆر و ناپاک هه‌ڵببژێرن بۆ ئه‌وه‌ی ناسکترین کاروباری وڵاته‌که‌یان بگرنه ده‌ست. به له‌ناوبردنی داهاتی نه‌ته‌وه‌یی، کوشتنی گیانی چالاکیی و تێکۆشان رێگا له گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنیان بگیرێت و لاوه‌کانیان توشی سه‌رگه‌ردانیی ببن، توشی مه‌یخۆریی، قومارو پیسخۆریی بکرێن. میسته‌ر هامفێر قسه زێڕینه‌کانی وه‌زیری کۆلۆنییه‌کانی دێته‌وه یاد که ده‌ڵێت: "ئێمه به هۆی شه‌راب و پیسخۆرییه‌وه توانیمان ئیسپانیا له موسوڵمانه‌کان بسه‌نینه‌وه. ده‌بێت به پشتبه‌ستن به‌م دوو فاکته‌ره به‌هێزه هه‌موو وڵاته‌کانی تریش بگێڕینه‌وه ژێر ده‌ستی خۆمان."
لەتکردنی مرۆڤ
له شوێنێکی دنیادا مرۆڤێک حوکمی له‌ناوبردنی به‌سه‌ردا ده‌درێت. به‌ڵام مردن سزایه‌کی به‌س نابێت. دوای ئه‌وه‌ی که به پلایسی داخ، رۆنی له‌کوڵ، قوڕقوشمی تواوه ئه‌شکه‌نجه ده‌درێت ده‌به‌سترێت به چوار ئه‌سپه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پاره بکرێت. به‌ڵام ئه‌سپه‌کان رانه‌هاتبوون بۆ کارێکی وا بۆیه له ژێر قامچی جه‌لاده‌کاندا شه‌که‌ت بوو بوون. ناچار جومگه‌ی ئه‌ژنۆ و قۆڵه‌کانی ئه‌م پیاوه به چه‌قۆ قلیش ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌سپه‌کان بتوانن بیکه‌ن به چوار به‌شه‌وه. به‌زمی کوشتنی ئه‌م پیاوه چوار سه‌عات ده‌خایێنێت.
ئایا تاوانێکی ئاوا له کام وڵاتی دنیادا روو ئه‌دات؟ سۆماڵ؟ عێراق؟ لیبیا؟ ئه‌فغانستان یان کوریای باکور؟
وه‌ڵام: ئه‌م تاوانانه وڵاتیان بۆ نییه. له هه‌ر وڵاتێکی دنیادا موراڵ وه‌کو بینایه‌ک هه‌ره‌س بهێنێت ئیتر جه‌هل و وه‌حشتگه‌ریی حوکم ده‌کات. گرنگ نییه ساڵی (600)ه یان ساڵی 2015 ئێستای عێراق و سوریا به ده‌ست وهحشتگهرییهوه.
له راستییدا ئه‌و پیاوه ناوی ریچارد دامینس بوو. رۆژی 02/03/1757 له پاریس به‌و ده‌رده ده‌برێت. ڤۆڵتێری فه‌یله‌سوف له‌وێ ده‌بێت کاتێک ده‌بینێت ئافره‌تانی ته‌ختی پاشایی ده‌گرین بۆ ئه‌سپه‌کان که له ژێر قامچی جه‌لاده‌کاندا ده‌حیلێنن.
ئه‌مه فه‌ره‌نسای 258 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. کاتێک تیڕۆڕ 130 که‌سی مه‌ده‌نیی له پاریس کوشت فره‌نسای ئه‌مڕۆ هاواری لێ هه‌ڵسا: "خۆشه‌ویستیی بکەن به‌سه‌ر ترس و رقدا." فه‌ره‌نسا له پێش هه‌موو شتێکدا ده‌ستی گرت به به‌هاکانییه‌وه زه‌ره‌ر نه‌هێنن. چونکه ئه‌گه‌ر فه‌رنسا بکه‌وێت هیچ نابێت پێی ههڵبسێتهوه.
پیسخۆریی ئه‌و رۆحه ده‌کوژێت که مرۆڤ و کۆمه‌ڵگا پێی هه‌ڵده‌سنه‌وه.
جیاوازیی نێوانی پاریس که له‌وێ دوو کچ له‌سه‌ر جاده ئاسایی ناوده‌می یه‌کتریی ماچ ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ سعودییه که ده‌ستی مرۆڤی تیادا ده‌بڕنه‌وه، جیاوازیی موراڵه. پیسخۆریی ئه‌و ده‌سته‌یه که ده‌گاته ئه‌و شوێنه‌ی که ده‌ستی تفه‌نگ نایگاتێ.
پیسخۆریی هه‌ر نه‌وت نادزێت، هه‌ر گرد داگیرناکات. ره‌نگه خانویه‌کی جوانت بۆ دروست بکات، به‌ڵام خۆت ده‌کات به قوتوی به‌تاڵ. رۆژانه مرۆڤ لاقه ده‌کات.
به خۆڕایی ئێسقان ناکاته به‌رده‌مت. هه‌موو به‌هاکانتی لێت ده‌وێت. ئه‌گینا شه‌و بێ خه‌م ناخه‌وێت. پیسخۆریی مرۆڤ ده‌کات به سه‌گی بێ کلک. نایه‌ڵێت مرۆڤ خۆی بێت.
خوێ
که خوێ خۆی بۆگه‌نی کرد پیسخۆریی تا ته‌پڵی سه‌ر دێت. مرۆڤ قاچی لە زەوی دەبڕێت. ئیتر پیسخۆریی خۆی هه‌موو لایه‌ک ده‌جوڵێنێت. دەبێت ئهوانەی دژی پیسخۆریی ئەدوێن به ده‌ستنوێژه‌وه باسی پیسخۆریی بکه‌ن! هه‌ر که‌سێک که دژی پیسخۆریی قسه ده‌کات با ته‌مغه‌ی پیسخۆریی وه‌کو "قونی مه‌یمون" بە پاشەڵییەوە نه‌بێت.
خه‌ڵات
رۆژی 09/12/2015 رێکخراوی "کیدۆ" خه‌ڵاتی رێزلێنانی به‌خشی به کاک جه‌لالی سام ئاغا. چونکه جەلالی سام ئاغا لەو ماوەیەدا كە سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی بووە، زیاتر لە (٢٧٢٠) راپۆرتی لەسەر پیسخۆریی ئامادەكردوەو (٨٦) بەرپرسی باڵاشی لەسەر پیسخۆریی روبەڕوی دادگا كردوەتەوە. گومان له‌وه‌دا نییه که کاک جەلال کارێکی زۆری کردووه. خۆشی وه‌کو نموونه‌یه‌ک پیشان داوه که خاوه‌ن پۆست ده‌توانێت به جۆرێکی تر بژی له‌وه‌ی که پیسخۆران بۆ خۆیان داناوه. نوکه که پیسخۆریی بووه به راستییه‌کی سه‌لماو گرنگ ئه‌وه‌یه که نموونه‌ی ده‌ستپاکیی بدۆزینه‌وه. ئه‌گینا دنیایه‌کی ئاساییمان له بیر ده‌چێته‌وه.
قیڕه‌ی باڵنده‌یه‌ک
له ده‌شتێکی ئه‌فریقادا کاتێک که‌متیاره‌کان پارێز ده‌به‌نه به‌ر ئاسکه‌کان، باڵنده‌یه‌ک به سه‌ر دارێکه‌وه تا هێزی تیایه دهقیڕینێت. که‌متیاره‌کان ئاشکرا ده‌کات و ئاسکه‌کان هه‌ڵدێن.
هه‌رچه‌نده که خه‌باته‌که‌ی کاک جه‌لال به‌ری له پیسخۆریی نه‌گرتبێت به‌ڵام هاوارێکه بۆ ئەوەی خەڵک بەئاگادا بێت.
چاره‌سه‌ریی
ئه‌گه‌ر دژایه‌تیی پیسخۆریی له ده‌ست پیسخۆر خۆیدا نه‌بێت، ئه‌بێت ستراتیجێک بۆ چاره‌سه‌ریی دابنرێت:
1. پێویسته کۆمپانیاو ده‌سته‌ڵات له یه‌کتریی جیا بکرێنه‌وه!
ئه‌وه‌ی خاوه‌نی کۆمپانیاو به‌رژه‌وه‌ندییه نابێت له ده‌سته‌ڵاتدا بێت.
2. ئه‌وه‌ی په‌یام بۆ گه‌ل ده‌رده‌کات با له پێشه‌وه بیسه‌لمێنێت که هیج پاره‌و موڵکێکی دزراوی لا نییه. ئه‌گینا پێویستە هیچ قسه‌یه‌کی لێ وه‌رنه‌گیرێت.
3. ئه‌و میدیایه‌ی دژی پیسخۆریی قسه ده‌کات با ریکلامی هیچ کۆمپانیایه‌کی پیسخۆر وه‌کو "ریقنه‌ی قه‌له‌ره‌ش" به ناوچه‌وانییه‌وه دیار نه‌بێت.
ناسر حه‌فید
09/12/2015، سولێمانی
سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆنتراکت
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست