داعش پرۆژەیەکی نێو نەتەوەییە!
Monday, 14/12/2015, 20:23
ئەم بارودۆخەی ئێستا پێمان دەڵێت کە بۆچی ڕێگا نادرێت داعش لەناو بچێت،ببینن کە دیموکراسیەتی بۆرژوازی چۆن خودی بنەماکانی دیموکراسیەت دادەڕزێنێت و لە مانا بنەڕەتیەکەی دای دەماڵێت. لە هیچ پێناسەیەکی دیموکراسیەتدا جێگای ئەو گروپ و ڕێکخراوە توند ڕەوانە نابێتەوە کە زەرەر لە پێگەی گشتی کۆمەڵگا بدەن و مەیل و ئارەزوی توند ڕەوەوی و ئاشوب جێگا بە ئاشتی و پێکەوە ژیانی نێو گەلان لەیەک بترازێنێت. کۆی خۆپیشاندانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لەوڵاتانی ڕۆژئاوادا ئەنجامیاندا،بەئاشکرا هێرشیان کردۆتە سەر ئازادیەکان و ئەو مێژووەی کە بەخەباتی قورس و تاقەت پڕوکێن خەڵکی ئەوروپا وەدەستیان هێناوە و ئەمی دڕندە ئێستا لەسەری دەژی. کەوایە بۆچی دەزگای پۆلیس و دامودەزگای هەواڵگری ئاگای لە کارو هەڵسوڕانی ئەم گروپە نیە تا ئەوکاتەی دەست دەبەن بۆ کوشتار کردنی ژیانی مرۆڤە سادەکان؟ تەواوی دامودەزگا هەواڵگریەکان لەژێر پرسیاردان،چونکە داعش گروپێکی جنۆکە ئاسا نیە مرۆڤ نەتوانێت بیان بینێت،بەڵکو ئەوان بەڕۆژی ڕوناک کارە چەپەڵەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن و هیچ باکیان بە ئازادی و حورمەتی کۆمەڵگا نیە؟ کەوایە داعش سەرێکەو هەزار سەر!
ئازادی ئەو کاتە جێگای دەبێتەوە کە لەژێر ناوی ئەودا ئازادی گشتی کۆمەڵگا نەکەوێتە بەردەم لە رزین و داڕوخانەوە.
کاتێک دەڵێم داعش پرۆژەیەکی نێو نەتەوەییە،یانی نێونەتەوەیی خودی سیستەمی سەرمایەداریە،چونکە بەرژەوەندی زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵک لە بوونی گروپە توند ڕەوەکاندا نیە،کاتێک ئەو گروپانە کار لەسەر چونە پێشی دیدی ڕەگەز پەرستی و ڕاسیزم و فاشیزم دەکەن،بەڵام بۆ ئەو کەمینە چەتەیەی کە دەوڵەتیان لەژێر دەستدایەو قازانج پەرچەمی سەرەکی بونیانە،ئەوا بوونی گروپی توند ڕەو هەمیشە لەبەرژەوەندیاندایە. پارتە ڕاست ڕەوەکان و ئەوانەی هەڵگری بیری ڕاسیزمین قۆناغێکە بونیان هەیە لە گشت وڵاتانی سەردەستدا،بەڵام هەرچۆن هەڵسوڕا بن نەیان توانیوە دەنگی زۆرینەی هاوڵاتیەکانیان بۆلای خۆیان پەلکێش بکەن،بەڵام ئێستا لەسایەی سەری داعشەوە،گشتیان لەو پەڕی چونە سەرو بەرەو گرتنی جڵەوی دەسەڵاتن.
پرسیارێک دێتە پێشەوە؛ ئاخۆ پارتە ڕاست ڕەوەکان یان ڕاسیست و نازیەکان دژی خودی دەوڵەتی سەرمایەدارین؟ بێگومان وەڵامەکە نەخێرە. چونکە پرۆژەی ڕاسیستەکان و شۆفێنیستەکان ئاراستەی خۆی لەنێو خودی پایەکانی دەوڵەتی سەرمایەداریەوە وەچنگ دەخەن. پرۆژەی ڕاسیستەکان بۆ باشتر کردنی هەلومەرجی ژیان نیە بۆ چینی کرێکاران و کۆی توێژە کرێ وەرگرەکان.پرۆژەی ئەوان کار لەسەر دابڕاندنی پەیوەندیە نێو خۆییەکانی چینی کرێکاری نێو نەتەوەییە و خودی کاری ئەو چینە والێ دەکات کەتەنها لە پێناو ئەوانی ڕاسیزمدا هەڵسوڕێت،بەو مانایە هێزوئیرادەی خۆی بخاتە ژێر دەستی پارتە ڕاسیست و فاشیەکانەوە.
داعش پرۆژەیەکی گەلێک زەبەلاح و ترسناکە لەم سەدەی بیستویەکەدا،کە کار دەکات لەسەر بەئامانج گەیشتنی ئەو بیرۆکەی کە مرۆڤایەتی لە ناواخنی مرۆڤ بونیەکەی دەربهاوێژێت و لەجێیدا دیدێکی دڕندانە بخاتە جێگای. ئێستا ببینن لە سایەی داعشدا،گشت ئاینە لەبیر کراوەکان،جارێکی تر سەر هەڵدەبڕنەوە،ببینن گشت بۆچونە دژی ئازادیەکان وا جارێکی تر دێنەوە مەیدان،گشت ئەو پێگەی کە بەرگری لەژیانێکی شایستە دەکات بۆ مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی،واجارێکی تر لەسایەی سەری خودی سیستەمی کاپیتاڵیزمەوە بەرەو کاڵ بونەوە و لەناوچون دەبردرێن. ئاخۆ بڵێی لەسایەی سەری کۆنەپەرستی ئاینی و ڕەگەزپەرستی قەومیدا مرۆڤایەتی بەژیانێکی ئارام و بێ جەنگ بگات؟! کارێکی وا جێی بڕوا بوون نیە،چونکە مێژووی مرۆڤایەتی ئەو قۆناغانەی بڕیوە و هیچ ژیانێکی شایستە بەگشتی نەبینراوە.
پرۆژەی داعش،تەنها تایبەت نیە بەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتیەوە،بەڵکو پرۆژەیەکە سەرلەبەری جیهانی گرتۆتەوە و کار لەسەر هەستانەوەی پێگە ڕاسیزمیەکان دەکات ئیتر چی قەومی بێت یان ئاینی،یانی ئەم پرۆژەیە تەنها بەوە کۆتایی نایەت کە وڵاتانی ڕۆژهەڵات جارێکی تر دابەش بکرێنەوە بەپێی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری،بەڵکو ئەم پرۆژەیە بۆ دەم کوت کردنی تەواوی پێگەی یەکسانیخوازی و دیموکراسیەتی ڕاستەقینەیە. چونکە بە دابەش کردنەوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵات،ناتوانێت وەڵام دانەوە بێت بەچارەسەری بێ کاری و نەبونی خزمەت گوزاریە پێویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی زۆرینەی دانیشتوانی هەرچ کۆمەڵگایەک. خودی ئەم چەتەگەرێتیەی قازانج پەرستانی کاپیتاڵیزم،ڕێگری تەواون لەبەردەم ئامادەی ژیانێکی حورمەتدارانە بۆ گشت مرۆڤایەتی. پرۆژەیەکی وەک بوونی داعش،کە توند ڕەوترینی کەلەپوتانی ئیسلامی سەلەفی سیاسی پێک دێنن،دەتوانێت لە گشت وڵاتانی جیهاندا هەمان شێوەی خۆیان بەرهەم بهێننەوە ئیتر باڵی توند ڕەوانی قەومی بن یان باڵی توندڕەویە ئاینیەکان بن.
کۆتای بەداعشیزم؛تەنها بەهاتنە مەیدانی بزوتنەوە کرێکاری و جەماوەریەکانەوە پەیوەستە لەهەرچ وڵاتێکی ئەم سەرزەمینەدا بێت. چونکە بەئاگای هاتنەوەی ئەو بزوتنەوە جەماوەریە مەدەنیانە دەتوانن،دەستی چەتەیی کاپیتاڵیزمی سەرمایەداری بەکۆتا بهێنن و کۆتای بەم پرۆژە نەگریسەی کاپیتاڵیزمی داعشیزم بهێنن. مرۆڤ شەرم لەخۆی دەکات ئەم ڕەگەز پەرستیە دەبینێت لەم سەدەی پێشکەوتنی زانیاریەدا کە بەکەمتر لە چرکەیەک دەتوانیت ئاگات لەدوورترین شوێنی ئەم سەر زەمینە بێت لەوەی ژیان چۆن دەگوزەرێت و چی ڕوو دەدات. لەپاڵ ئەم چونە پێشەی ئاستی هۆشیاری زانستیانەدا،چۆن دەبێت دواکەوتوترین جۆری مرۆڤەکان بێن و بانگەشەی وێران کردن بدەن بەگوێی مرۆڤایەتیدا! ئاخۆ گەر داعشیزم پرۆژەی خودی گشت دەوڵەتانی چەتەی سەرمایەداری ئەم سەدەیە نەبێت چۆن دەتوانێت خۆی بەپێوە ڕابگرێت؟! هیچ دەسەڵاتێک لەم سەر زەمینەدا شک نابەم گەر بڵێم ئەو دەستێکی نیە لەبەهێز کرنی چونە سەری دیدی داعشیزمدا!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست