لە دوو بەرەکیەوە بۆ سێ بەرەکی !
Monday, 14/12/2015, 15:41
ئەوەی لێدوان و قسەو باس و هەڵوێستەکانی بەناو ژمارەیەک لە سیاسیەکانی بزوتنەوەی گۆران ببینێت، زۆرینەیان لەسەر ئەرزی واقیع سەلماندویانە،کە بە ناوی بزوتنەوەکەوە جگە لە بەرژەوەندی تەسکی خۆیان هیچ حسابێک بۆ بنەماو شیعارو رێباز و ئامانجەکانی ناکەن، بەڵکو رێز لە بۆچون و رەفتار و عەقڵیەتی رێکخەر و سەرکردە باڵاکانیشی ناگرن . ئەوەتا بە رۆژی نیوەرۆ دەیانەوێت هەمان هەڵەی ستراتیجی زلهێزەکانی تر دووبارە بکەنەوە، کە دوێنی بوو پەشیمانی خۆیان لەمەر رەفتارەکانیان درەبری . بە خۆیان رایانگەیاند، کە ئەگەر بە شێوەیەکی مەدەنیانە تر و بە ئالیەتێکی تر هەڵسەوکەوتیان بکردایە، پێویستی بە داوای لێبوردنی پاشوەخت لە هەڵەکانیاندە نەکرد و، ئێستاش پارتی ئاوا بەم شێوەیە نەبووە کەڵەگا و دەبووە هێزێکی پەراوێزکەوتوو نەک هێزی یەکەم و ئەمە سەردەمە قەت پشتی نەگرت .
رەفتاری نەشیاو لەکاتی نەشیاودا، سەرجەم ئاراستەکان دەگۆرێت و ئامانجەکان دەخاتە ژێر یەک دونیا پرسیارەوە . مەعقولە کوردستانێک لە نێوخۆی خۆیدا گیرۆدەی دەستی چەک و رەفتاری عەسکەری و برا کوژی بێت و، تۆش نەفرەتی لێ بکەیت، ئێستا تۆ بتەوێت هەڵەکانی ئەوان دووبارە بکەیتەوە . ئەگینا ئەوانەی کە داوای پێکهێنانی هێزی چەکدار دەکەن جگە لە خۆبردنە پێشەوە و مەرایی پاش لاوازی هەڵوێستیان لەمەر ئەو رەفتارانەی پێشویان خۆبردنە پێشەوەیان لەئاست پارتی، هیچ کەسێکی گۆرانخوازی عەیار باشی تێدا نابینم .
بونی دوو هێزی چەکدار جگە لە مەینەتی بۆ خەڵکی کوردستان هیچ شتێکی تێدا نەبوو .بونی دوو هێزی چەکدار براکوژی لێکەوتەوە . بونی ئەو دوو هێز بوو هەڵوێستەکانی کوردی لەئاست سەرجەم پرسەکانی دەرەوە و ناوەوەی دوو کرت کرد، هەر ئەو دوو هێزە کوردستانی دابەش کرد بەسەر هەردوو تەوەری ناوچەکەدا دوو ئیدارەیی سەپاند، هەر بونی ئەو دوو هێزە ململانێی گیاندە ئەم حاڵەتە نەفرەتیە .
تۆیەک کە بروات بە مەدەنیەت و رەفتاری سەردەمانە بێت وهەموو رەخنەکانت لەسەر بیرو فەلسەفەی تازەگەری و پێکەوشتنخوازی بنیات نابێت و ئیدیعای گۆرینی بەرەو پیشەوەت کردبێت بە هێزی چەکدار دەیگۆریت ؟ ئەو بەهانە و حیجەتانەی دەیهێننەوە کە خۆیان بە دڵسۆزی گۆران دەزانن و جگە لە لاوازیان هیچی تر بەدی ناکرێت و جگە لە زەرەر بۆ خودی گۆران و هاوار و دادو بێدادیەکانی لەدەست هێزە کلاسیەکیەکان هیچی تریان پێ نیە . ئەگینا پەنجا هێزی تر دروست بکەن نەک بەرگەی هێزی دوو زلهێزە کلاسیکیەکە ناگرن بەڵکو بەهانەش دەدەنە دەستی ئەو دوو هێزە کە لەناویان بەرن و خەڵکیش رەحمیان پێناکات .
تۆیەک کە پشتت بە هێزی گەل بەستبێت و لە هەڵبژاردندا سەرکەوتو بیت و هێزی خەڵک بیت دووەم هێزی جەماوەریت لەبەردەستدا بێت . ئەگەر بارودۆخە گشتیەکە و هۆشیاری میلەت و رۆشنبیریەکەی تەزکیەت نەکات و بەرگریت لێ نەکات لە تەنگانەدا، ئگەر بە شێوەیەکی دیموکراسیانەی سەردەمانە لەبەرامبەر هێزی کلاسیکی نەوەستیت، کە لە قازانجی خۆت و گەلەکەشتدایە، بەهێزی سێیەم کە تازەبەتازە دەتوانیت بەرگری لە رێکخراوێک بکەیت، کە دووەم هێزی کوردستانی بونت بە رەفتاری دیموکراسیانە و مەدەنیانە بەدەست هێناوە . بۆیە، ئەکەر بارودۆخی بابەتی و خودی پشتت نەگرێت و، خەڵک و جەماوەرەکەت و دەنگەکانت کۆلەکەی پشتت نەبن، نەمانت باشترە . تۆیەک، ئەگەر لەم کاتەدا پشت بە هێز ببەستیت کە لە قۆناغێکی هەستیاری و گواستراوەداین ، زۆر بە راشکاوی بۆ خەڵک دەیسەلمێنیت کە هیچ خوێندنەوەیەکت بۆ ئاندە پێ نیە و، ئەگەرەکانت لەبەر چاو نەگرتووە ، تۆیەک کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ناکامڵ لەقەڵەم دابێت و لای تۆ هێزی حزب بێت و هیچ سیفەتێکی نیشتمانی پێوە نەبێت،هێزی حزبیش لای تۆ میلیشیا بێت، بۆچی بتەوێت هێزێکی میلیشیایی تر دروست بکەیت، ئایا ئەمە نیشانەی شکستی گەورە نیە . بۆیە ئەگەر پیاوانی زانای نێو بزوتنەوەی گۆران و بە تایبەتی عەقڵی سەردەمیانەی رێکخەرەکەی رێگە بەم دەنگە نەشازانە بدەن لە قسە زۆر بێ جێکانیان، جگە لە قووڵکردنی کێشەکانی کوردستان هیچیان بۆ خەڵک نابێت و ،هەمووان لەخۆیان دوور دەخەنەوە و جەماوەریان دەگاتە ئەسفەلی سافلین . بۆ خەڵکیش دەیسەلمێنن کە لە پێناو ململانێی حزبی دامەزراون و لە پێناو ئامانجی تەسکی حزبی و شەخسی سیاسەت دەکەن، نەک گۆرانی سەرتاسەری و بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کوردستان، کە خەڵکی وەک ئێمەومانان دڵی پێ خۆشکردون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست