مەتەڵەكەی دانە گاز ؟!
Monday, 14/12/2015, 19:36
لە هەرێمە بچوك و پڕ لە قەیرانەكەی خۆماندا هەموكەسێ شارەزای دۆخی سیاسی و ئابوری نیشتمان بووە، ڕوداوەكان پیویستیان بە شیكردنەوەو بەرچاوڕونی نیە، لە سایەی سیاسەتی سەقەتدا و لە خەم و خەفەتی نەهامەتیەكانی ڕۆژانە كە بەرۆكی هاوڵاتیانی گرتۆتەوە، بەناچاری هەر كەس لە ماڵی خۆیەوە شرۆڤەكاری ڕوداوەكانە و تا ئاستێك درك بە داڕشتنی پیلان و قەرانە دروستكراوەكان دەكات، بەڵام ئەوەی لای من بووە بە پرسیار و هێشتا شیكردنەوەی بۆ دەكەم و باوەڕ ناكەم بگەم بەو دەرئەنجامەی مایەی دڵخۆشی بێت مەتەڵەكەی دانە گازە ، ئاخر هەمو كەس باش دەزانێت سیاسیە دەسەڵاتدارە خۆماڵیەكانی وڵات، هاوتەریب لە گەڵ ئەوەی سیاسەتمەدارن بازرگانمەداریشن، ئەبێ لەم هەرێمەدا چی هەبێت دینارێك سود و قازانجی تێدابێت و بازرگانمەدارێ هاوبەشی نەبێت ئەمە قسەی خەڵكی شەقامەو خەڵكیش بەرچاوڕونە لەوەی چی دەگوزەرێت، تەنانەت زبڵ و پاشەڕۆی ماڵانیش شەریكی بۆ پەیدادەبێت، هەروەك لە كاتی خۆیدا چەن ساڵێ پێش باس لەوە دەكرا ڕێگە نەدراوە بەكۆمپانیایەكی بیانی كارەبا لەو پاشەڕۆیانە بەرهەم بێنێت و لە دەردی بێ كارەبایی رزگامان بكات ، بێمەوە سەر باسی سەرەكی كە ئەوەش مەتەڵەكەی جەنابی دانەگاز، ئەوەی تائێستا ئاشكرا یە و یەكلایی بۆتەوە دانەگاز سەد ملوێن دۆلاری لە حكومەتی هەرێم بردۆتەوە، هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دوای ئەو زیانەی بە خەڵكی بەشمەینەتی گەیان لە هەنگاوێكی شكست خواردوی تردا تەنها دووملیار دۆلاری دیكەی بەدانە گاز دۆڕاندەووە !! هەواڵە دڵناخۆشكەرەكانیش وای ڕادەگەیەنن لە ساڵی نوێدا واتا 2016 جەنابی دانە گاز بەنیازی بردنەوەی یانزە ملیار دۆلاری دیكەیە!!! ئەرێ بەڕاست خەڵكینە ئەو هەمو پارە خەیاڵیە هەروا سوك و ئاسان بەتاڵان دەبرێت مژارێكی تەم و مژاوی و گوماناوی نیە?! ئایا ئەگەر كۆمپانیای دانەگاز 300 كەسی سەرمایەداری عەرەب و بیانی خاوەنیبن و میرو پاشاكانی كەنداو پشت و پەنای بێت تۆبڵێی شەریكی خۆماڵیشیان نەبێت? بەڕاستی مافی خۆمان نیە گومان لەو بەتاڵان بردنەی سامانی نیشتمان بكەین و ترسی ئەوە مان هەبێت مویەك لە ماستەكەدابێت؟ ئایا كەس هەیە لێپرسینەوە لە دۆسێیەكی بەو شێوەیە گرنگ بكات و ڕاستیەكان ئاشكرابكات؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست