لەشکر کێشی تورکیا و پیلانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق
Thursday, 10/12/2015, 8:57
لە ڕۆژانی 5 و 6/ 12/2015دا هەزاران جەندرمەی تورک بە جۆرەها چەکی گرانەوە لەسەر داوای بارزانی پەلکێشی باشووری کوردستان کران، بەشێک لەو سەربازانە بۆ شارۆچکەی سۆران و بەشەکەی دیکەشیان بەرەو باشیقەی ئێزدینشین گوێزرانەوە. بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:-
مەبەست لە هێنانی سوپای داگیرکەری تورک :-
لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە دیرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لێوان لێوە لە هاوکاریکردنی داگیرکەران و پەلکێشکردنی سوپاکەیان بۆسەر کوردستان و لاوازکردنی شۆڕشگێڕان.
ئەم باسە پەیوەستە بەم پەلکێشکردنەی سوپای تورکەوە، لەبەرئەوە لە باسەکە لانادەم و ناچمە سەر باسی گرێدراویەکانی پارتی و بارزانی بە داگیرکەرانی دیکەوە.
لە ساڵی 1992 بە دواوە دەیان جار پەلکێشی سوپای تورک بۆ قوڵایی باشووری کوردستان کرا، تەنانەت لە ساڵی 1995 وە بەشێکی بەرفراوان لە ناوچەکانی بادینان ( بامەڕنێ، شێلادزە، کانیا ماسی، ئامێدی، باتوفە، بێگۆڤا، دێرەلوک و هتد. ) کرانە سەربازگە بۆ دەوڵەتی تورک.
هاوکات لە ڕێگەی سەدان کۆمپانیای تورکیەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی شێوەی نیمچە پارێزگایەکی تورکیان بە خۆیانەوە بینی و دەیان خوێندنگەی تورکیش لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە ڕێگەی فەتحوڵا گولەنیەکان و بە هاوکاری ڕاستەوخۆی بارزانی کرانەوە. بەڵام پەلکێشکردنی ئەم جارەی سوپای تورک زۆر جیاوازترە لە ڕابردوو و گەلێک مەبەستی دوولایەنەی تورکیا و بارزانی تێدایە.
مەبەستەکانی بارزانی :-
1- دووپاتکردنەوەی وەفاداری بۆ دەوڵەتی تورک.
بە تایبەت لە دوای ساڵی 2011وە بارزانی زیاتر وەک کارمەندێکی دەوڵەتی تورک دەرکەوتووە نەک وەک خەمخۆرێکی دۆزی کورد و بە جۆرەها شێوەش لە خزمەتی ئەو دەوڵەتە فاشستەدا بووە، ئەم پەلکێشکردنەش زیاتر بۆ سەلماندنی دڵسۆزیەکانی بارزانییە بۆ حکومەت و دەوڵەتی تورک.
2- شاردنەوەی سەرکەوتنەکانی کوردان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا.
سەرکەوتنەکانی هەدەپە لە دوو هەڵبژاردنی یەک بە دوای یەکی تورکیادا وەک شۆکێک وابوو بۆ بارزانی، چونکە سەرانی پارتی هەم لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە و هەم لە ڕێگەی کۆمەککردنی ئەردۆغان بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و هەم وەک چەواشەکاری کۆمەڵگا زۆر لە هەوڵدا بوون کە هەدەپە نەتوانێت بەربەستی 10% دەرباز بکات.
3- کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی داستانی کۆبانێ و سەرکەوتنەکانی گردە سپی.
بارزانی زۆر دڵی بەوە خۆش بوو کە چەتەکانی داعش بەهۆی گەمارۆدراوی کۆبانییەوە بتوانن ئەو شارە داگیربکەن و لە ڕێگەی ئەو داگیرکردنەوە تەسلیمکاریەکەی شەنگالی پێ بشارێتەوە. بەڵام نەک کۆبانێ نەکەوت بەڵکو شەرڤانان توانیان گردە سپیش ڕزگار بکەن و بۆ هەتا هەتایە هەم گەمارۆی سەر کۆبانی نەهێڵن و هەم کانتۆنی کۆبانێش بە کانتۆنی جزیرەوە گرێ بدەن. کە ئەم سەرکەوتنانەش هەم لە نێو کوردان و هەم لە جیهاندا دەنگدانەوەی زۆری داوەتەوە و کاریگەری زۆریشی لە نێو کوردان و ئازادیخوازانی جیهاندا بەجێ هێشتووە.
4- کپکردنی دەنگی ئازادیخوازانەی ئێزدیەکان.
بە سەرپەرشتی تورکیا و لە ڕێکەوتنێکی نهێنی نێوان پارتی و داعشدا شەنگال تەسلیم کرا، بەڵام لە خۆ بوردەیی گەریلا و شەرڤانان ئەم پیلانەی هەڵوەشاندەوە و لە 12/11/2015دا توانیان شەنگاڵ ڕزگار بکەن، ئەم سەرکەوتنە لە مێژووی ئێزدیەکاندا وەرچەرخانێک بوو و هاندەرێکیش بوو تاکو بیر لە ئازادیی بکەنەوە و لە هەوڵی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیەکی سەربەخۆدا بن. سەرکەوتنی ئەم هەنگاوەش ئەگەر لە ئایندەیەکی نزیکیشدا نەبێت ئەوا لە ماوەی چەند ساڵێکدا هەم پێگەی بارزانی تەواو لە باشووری کوردستاندا لاواز دەکات و هەم بە دووری نازانم کە بارزانیش ڕاپێچی بەر دادگا بکات لەسەر تەسلیمکردنی شەنگال.
5- ڕێگریکردن لە زیاتر پێشکەوتنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
سەرکەوتنەکانی یەپەگە و یەپەژە، گۆڕینی سیستەمی خوێندن، بە سیستەمیکردنی دامەزراوەکانی ڕۆژاوا، زاڵبوون بەسەر گرفتەکان و دەیان هەنگاوی دیکە، خەونی لە مێژینەی بارزانی زڕاند و لە ڕێگەی پەلکێشکردنی سوپای تورکەوە دەیەوێت پێش بەو پێشکەوتنانە بگرێت.
6- ترساندنی لایەنە کوردییەکان.
لە دوای کۆتایهاتنی سەرۆکایەتی هەرێم، ڕۆژانە پارتی لە پیلانگێڕیدایە بۆ دووبارە دانانەوەی بارزانی بە سەرۆک، کە ئاژاوەگێڕیەکانی خورماتو و پەلکێشکردنی سوپای تورکیش لەو چوارچێوەیەدا جێگە دەگرن، تاکو ئەگەر لە ڕێگەی پیلانگێڕیشەوە ئەو داخوازیەی بۆ مەیسەر نەبووبێت ئەوا بتوانێت لە ڕێگەی سوپای تورکەوە لایەنە ناڕازییەکان بترسێنێت و جارێکی دیکە بکرێتەوە بە دەسەڵاتداری بێ ڕکابەر.
7- کپکردنی دەنگی جەماوەر.
لە سایەی دەسەڵاتەکەی بارزانییەوە باشووری کوردستان دووچاری گەورەترین قەیرانی دارایی و پاشاگەردانی هاتووە، هەموو خزمەتگوزارییەکان پەکیان کەوتووە و بۆ ماوەی 4 مانگیشە دەست بەسەر قوتی میللەتدا گیراوە، ئەم ڕەوشەش ناڕەزایەتی جەماوەری بە دوای خۆیدا هێناوە و ڕۆژانە داواکاری گەل بۆ گەڕاندنەوەی قوتی زەوتکراویان لە زیادبووندایە، بارزانی دەیەوێت لە ڕێگەی پەلکێشکردنی سوپای تورکەوە دەنگی ناڕازیبوان کپ بکاتەوە.
8- دابەشکردنی هەرێمی کوردستان و گەڕاندنەوە بۆ دوو ئیدارەیی.
بارزانی زۆر باش درکی بەوە کردووە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بۆشایی دەکەوێتە نێوان دار و دەستەکەی و جەماوەری باشووری کوردستانەوە، بۆئەوەی درێژەش بە دیکتاتۆری خۆی بدات پێویستی بە دابەشکردنی باشووری کوردستان و دوو ئیدارەیی هەیە. قەتڵوعام کردنی خۆپیشاندەرانی ناڕازی، کودەتا بەسەر پەرلەمان، دەرپەڕاندنی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و ڕێگەگرتن لە سەرۆکی پەرلەمان بەشێکە لەو ئامادەکاریانە.
مەبەستەکانی تورکیا :-
1- خەوبینینی تورکیا بە ویلایەتی موسڵەوە.
تاکو لە ڕێگەی ئەم پەلکێشیەوە (بە چاوساخی پارتی دیموکرات) بتوانێت قوبرسێکی دیکە بەرهەم بێنێت و بەم داگیرکاریەی بەشێک لەو خەونە دێرینەیەی بێنێتە دی.
2- هاوکاری گەیاندن بە چەتەکانی داعش.
پاش سەرکەوتنەکانی کۆبانێ و ڕزگارکردنی گردە سپی، سنووری داعش بە تورکیاوە تەواو کەم بویەوە، خۆ ئەگەر بێتو جەرابلوس و عەزاز ئازاد بکرێن ئەوا بە تەواوەتی ڕێگەی هاوکاریگەیاندنی تورکیا بە داعش کۆتایی پێ دێت، لەبەرئەوە تورکیا دەخوازێت پێش ڕزگارکردنی عەزاز و جەرابلوس ڕێگەیەکی دیکە بۆ هاوکاری گەیاندنە داعش بدۆزێتەوە، ئەو ڕێگەیەش باشووری کوردستانە.
3- ڕێگەگرتن لە ئاشکرابوونی هاوکاریەکانی تورکیا بۆ داعش.
ئەگەر بێتو موسڵ هاوشێوەی شەنگال لە لایەن گەریلاوە ڕزگار بکرێت ئەوا تەواوی بەڵگەی هاوکاری تورکیا بۆ داعش و هاوپەیمانی پارتی و داعشیش دەکەونە دەست گەریلا و ئاشکرا دەکرێن. ئەم هەوڵدانەی تورکیاش بۆ ئەوەیە تاکو لە ڕێگەی ئەم لەشکر کێشیەوە بتوانێت ئەو بەڵگانە لە ئاشکرابوون بپارێزێت (تەنانەت ماوەیەک بەر لە ئێستا بارزانی ڕایگەیاند کە ئامادەیە هێز بنێرێت بۆ شاری ڕەقەی سوریا، کە ئەم ئامادەیی دەربڕینەش هەر لەو چوارچێوەیەدا بوو تاکو ئەو بەڵگانە نەکەونە دەست شەرڤانان).
4- ئاژاوە سازکردن لە نێوان لایەنە کوردییەکاندا.
لەشکرکێشی سوپای تورک ناکۆکی نێوان لایەنە کوردیەکان زیاتر قوڵ دەکاتەوە و دوور نییە کە نەبێتە هۆی ڕوو بە ڕووبوونەوەی چەکداریش، چونکە ئەم لەشکر کێشییە لە لایەن جەماوەرەوە جێگەی قبوڵکردن نییە، ناڕازیبوونی جەماوەریش دەبێتە فشارێک بۆسەر لایەنەکانی دیکە تاکو دژ بە تورکیا هەڵوێست بنوێنن، پارتی و لایەنە ئیسلامیەکانیش لە سەنگەری تورکیادا جێگە دەگرن، بەم شێوەیە ناکۆکی نێوان لایەنەکان زیاد دەکات.
5- ڕێگریکردن لە خۆ بەڕێوەبەری شەنگال.
ئەگەر خۆ بەڕێوەبەرایەتیەک لە شەنگالدا ساز ببێت ئەوا هەم پێگەی پەکەکە بەهێزتر دەبێت و هەم کانتۆنەکانی ڕۆژاواش سەقامگیرتر دەبن، لەبەرئەوە تورکیا بەم سەرەڕۆییەی دەیەوێت پێش لەو خۆ بەڕێوەبەرایەتیە بگرێت.
6- سنووردارکردنی گەشە سەندنی پەکەکە لە باشووردا.
پاش هێرشەکانی داعش بۆسەر باشووری کوردستان و بەشداریکردنی چالاکانەی گەریلا لە بەرپەرچدانەوەیاندا، سۆزی جەماوەر بۆ پەکەکە دەیان جار زیادی کردووە و فکرەی ئاپۆیی وەک باشترین چارەسەری لە مێشکی زۆربەی جەماوەردا ڕەنگی داوەتەوە، تورکیاش زۆر ترسی لە بڵاوبوونەوەی فکرەی بەڕێز ئۆجالان و گەشەسەندنی زیاتری پەکەکە هەیە، لەبەرئەوە لە ڕێگەی ئەم لەشکر کێشیەوە دەیەوێت سنوورێک بۆ گەشەکردنی پ.ک.ک دابنێت.
7- ڕزگارکردنی بەعسی و سونەکان لە تێکشکاندن.
بە شێوەیەکی گشتی بەعسی و سونەکان وەک فریاد ڕەسێک داعشیان پەسەند کردووە بە تێکڕایی پاڵیان بەم هێزە دژە بەشەریەوە داوە تاکو بتوانن جارێکی دیکە لە ڕێگەی تۆقاندن و مرۆڤ سەربڕینەوە بێنەوە سەر دەسەڵات، بەڵام تێکشکاندن و پاشەکشەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی داعش هیچ ئومێدێکی بۆ دووبارە دەسەڵاتداری بەعسیەکان نەهێشتەوە و دوور نییە کە لە داهاتوودا دەسەڵاتداری شیعەکان بگاتە ناوچە سونەنشینەکانیش، کۆتایهاتنی بەعسیەکانیش بە زیانی تورکیا تەواو دەبێت، لەبەرئەوە تورکیا بۆ ڕێگریکردن لە تێکشکاندنی سونە بەعسییەکان دوا پەلەقاژە دەکات.
8-زیاتر پارچەکردنی هەرێمی کوردستان.
ئەم لەشکر کێشییە هاوکاریکردنێکە بۆ بارزانی تاکو بتوانێت باشووری کوردستان دابەشی دوو ئیدارەیی بکاتەوە و هەرێمی کوردستان بۆ دوو بەش پارچە ببێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست