کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


میت لە هەناوی حەشدی شەعبیدا

Wednesday, 09/12/2015, 18:20


وڵاتانی داگیركەری كوردستان بەهەمو شێوازێ لە هەوڵی زیان گەیاندنن بە گەلی كورد ودەسكەوتەكانی ، بۆ ئەوەش دەس بۆ هەر كارێكی نامرۆڤانە دەبەن لە پێناوی بە ئەنجام گەیاندنی پیلانەكانیادا، بێگومان پێش لەشكرو پیلان داڕێژەری داگیركەران و دوژمنانی كورد لە ناوچەكەو لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ڕژێمی توركیایە، ئەو بابەتەش شاراوە نیەو ڕوداوەكان و بەڵگەو دیكۆمیتی ئاشكرا ئەو ڕاستیە ڕونتردەكەنەوە، لە دوای ڕاپەڕینی گەلی باشوری كوردستان و وەدەرنانی دام و دەزگا سەركوتكەرەكانی ڕژێمی بەعسی لە ناوچو، ئیدی دەرگا واڵابو بۆ دەیان دەزگای سیخوڕی و دژە كورد و پیلانگێڕ، لە پێناو بەئەنجام گەیاندنی نەخشەو پیلانەكانیان خویان خزاندە ناو چەندین حزب و ڕێكخراو ودەزگای بەناو خێرخوازی، دواتریش لە ڕیی كۆمپانیاكان و كردنەوەی قوتابخانە و  كۆلیژو زانكۆ و دەیان ڕێگەی تر گەشەیان بە كارەكانیاندا، بێگومان لەو بوارەدا توركیا پشكی هەرە زۆری بەركەوتووە، لە ڕێگەی ژمارەیەك دەزگای سیخوڕی كاری خۆی كردووە و بە شێوەیەكی بەر بەڵاو سیخوڕەكانی لە كوردستاندا بڵاوكردووەتەوە،
 ئەوەی لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە ئاماژەی پێكراوە لە هەرێمی‌ كوردستان چەندین تیمی‌ جیاواز كاری‌ سیخوڕی‌ بۆ توركیا دەكەن كە پێكهاتون لە: میت، واتە دەزگای‌ ئیستیخباراتی‌ توركی‌ MIT، ئۆزەڵ‌ تیم (واتە تیمی‌ تایبەت) Ozel tim، ژیتەم (ئیستیخباراتی‌ عەسكەریی‌) jit tem، ئۆیاك (ئەمانە دەزگای‌ هاوكاری‌‌و پشتگیریی‌ سوپایە) Oyak، مانگی‌ سووری‌ توركی‌،
ئەو دەزگایانە كاریان ئەوە بووە كوردی وابەستە بە خۆیان زیاد بكەن و زیاتریش هەوڵی بە توركمانكردنی كوردیان داوە بە ئامانجی ئەوەی ژماەی توركمانەكان زیاد بكەن، هاوكات نانەوەی ئاژاوەو دوبەرەكی لە نێوان لایەنەسیاسیە كوردیەكان لە لایەك و كوردو پێكهاتە نەتەوەیی و ئەتنیكی و ئاینی و ئاینزایەكان لە لایەكی تر،
وەك نمونە روداوەكەی سلێمانی لە دوای پرۆسەی بەناو ئازادی ئێراق بەڵگەیەكی ئاشكرای دەستێوەردانەكانی ئەو دەزگا ئیستخباراتیانەبو، لە ساڵی‌ 2004 هێزێكی‌ فرەڕەگەز هەڵیانكوتایە سەر یەكێك لە بارەگا توركمانییەكان لە شاری‌ سلێمانی‌، پێنج كەسیان دەستگیركردو تورەكەیان كردە سەریان، كە بە وتەی‌ لایەنە بەرپرسەكان ئەفسەری‌ پلەبەرزی‌ دەزگای‌ ئیستیخباراتی‌ توركی‌ بوون‌،
هەڵبەتە لە نوسێنێكی بەم ڕەنگەدا ناكرێت ئاماژە بە سەرجەم كارە قێزەوەنەكانی توركیا بكەین بەڵام وەك دەڵێن مشتێ نمونەی خەروارێكە، ئاشكرا لە ئێستادا دەستی توركیا لە باشوری كوردستاندا زۆر درێژتر بووە و لە ئاستێكی باڵای سیاسی ئابوری سەربازی پێگەی خۆی بتەوكردووە، دەمەوێ لەم كورتە باسەوە بچمە سەر ئەو مژارەی ئێستا رۆژەڤەو دەرگایەكی تری پیلانگێڕیە بەڕوی پیلانگێڕاندا كروەتەوە بەڵام لە ژێر ماسك و دەمامكێكی جیاوازتردا،
لە كاتێكدا گەلی كوردو هێزی پێشمەرگەی كوردستان و گەریلا و شەرڤانەكانی بەشەكانی تری كوردستان سەرقاڵی پاراستنی خاك و گەلی خۆیانن لە هەمبەر دڕندەكانی داعش، خەریكە بەرەیەكی تری شەڕ لە خورماتو بۆ كورد ساز دەكرێت،
ئەو شەڕو دوبەركی و ناكۆكیە نەتەوەیەی لە خورماتو ڕودەدات پیلانێكی زۆر ترسناكە و هەوڵێكی دوژمنكارانەیە بۆ نائارامی ناوچەكەو بەگژیەكدا كردنی پێكهاتەكانی دەڤەرەكە، هەرچەندە ئەوەی بووە بە هۆكاری شەڕو خوێن ڕشتن و ناسەقامگیری و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی ، میلشیاكانی حەشدی شەعبی  شیعە مەزهەبی سەر بە ئێرانن، بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لەسەركردنە ئەوەیە كە ئاژاوەگێڕەكانی ناو ئەو گروپە هەمەچەشنە توركمانەكانن، 
ئەوانەی لە سەرناوی حەشدی شەعبی پرچەك كراون موچەو پێویستیە لۆجیستیەكانیان لە لایەن حكومەتی ئێراقەوە بۆ دابینكراوە گوایە شەڕی داعش دەكەن، لە ڕاستیدا ئامانجی ئەوان بە تەنها تیرۆریستانی داعش نیە بەڵكو زیاتر بۆ شەڕی مەزهەبگەرایی ئامادەكراون، ئەو 
چەكدارانەی شیعە كە ناسراون بە حەشدی شەعبی پێكهاتون لە چەند گروپێك بە ناوەكانی (سرایا ئەلخراسانی ،سرایا ئەلسلام ، كتائب حزب اللە، كتائب ئیمام عەلی، عصائیب ئەهل ئەلحەق) هەروەها هێزەكانی بەدر وەك هێزێكی بەرچاو لە ناو حەشدی شەعبیدا خۆیان ڕێكخستووە، ماوەیەكە ئەو گروپانە بە بیانوی شەڕی تیرۆر هاتونەتە قەزای خورماتوو، بەشێكیان لە دەوروبەری و بەشێكی تریان لە ناو شارۆچكەكە جێگیركراون،
دیارە ئەو گروپ و هیزانە هەمیشە مایەی سەر هێشە بونە بۆ خەڵكی دەڤەرەكەو بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، بەڵام ماوەیەكە زۆر بە چڕو پڕی دەستیان داوەتە ئاژاوە گێڕی و گرتن و كوشتنی حەڵكی خورماتو، ئەوەی ئاشكرایە تەقەكەرەكان لە گەڕەكە توركمان نشینەكانەوە تەقە لە كورد دەكەن و پێشمەرگە و ئاسایش و پیاوی ئاینی و گەنج و مناڵی كورد شەهید دەكەن،
هەمو لایەك ئەو ڕاستیە باش دەزانین ئەو ناوچەیە بە كەركوك و شوێنەكانی دەوروبەریەوە لەسەر یەكیتی نیشتمانی كوردستان هەژمار دەكرێت لە بەر ئەوەی زۆرترین نفوزی ئەو حزبەی تێدایە، هاوكات یەكێتی بە دۆستی ئێران ناودەبردرێت، ئەوەش ڕونە كە حەشدی شەعبی هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێرانە و ئێران هەر چۆنێك بخوازێت دەتوانێت بەو شێوەیە بەكاریان بێنێت،
كەواتا بۆ دەبێت دۆستەكانی ئێران بچن بە گژ یەكتردا لە ناوچەیەكدا كێشەو نائارامی دروست بكەن كە چەتەكانی داعش زۆر لێوەی نزیكن و هەموكاتێ جێگەی مەترسین؟
بڕواناكەم كەس تاوانە خوێناویەكەی كەركوكی بیر چوبێتەوە،
ئەو كاتەی لە (28/7/2008) دەیان هەزار كەس لە شاری كەركوك خۆپیشاندانێكی هێمنانەیان دەست پێكرد بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان و بەتایبەتی مادەی (24) كە تایبەت بو بە شاری كەركوك، ژنێكی خۆكوژ لەنێو ئاپۆرەی خۆپیشاندەراندا خۆی تەقاندەوە و دوای ئەوەش چەندین كەس تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد و لە ئەنجامدا دەیان قوربانی لە شەهید و برینداری لێكەوتەوە كە هەموویان كورد بون.
دیارە ئەوە بە ئاشكرا لە بارەگای توركمانەكانەوە تەقەدەكرا و دواتریش زانرا بە فەرمانی كێ كراوە، ئەوەكەسەی فەرمانی تەقەكردنەكەی دابوو ئەفسەرێكی توركمان و كە دواتر دەربازكراو گەینداریە توركیا، هیچ گومانێك لەوەدا نەبو كە ئەوكردەوە تیرۆریستی و ئاژاوەگێڕیە بە پیلانێكی قێزەوەنی میتی توركیا ئەنجام درابو،
لە ئێستادا گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان سات لە دوای سات سەركەوتنی مەزنتر بەدەست دێنێت ، لە باكوری كوردستان  بەرخۆدانی گەل لە لوتكەدایە ولە هەڵبژاردنی حەوتی حوزیران و لە دوای كودەتاكەی یەكی یانزەی ئەكەپەشەوە گەل هەرجارەو لە شارو شارۆچكەیەك خۆبەڕێوەبەری ڕادەگەیەنێت، تاوانكاری  و دڕندایەتی ئەكەپەو بەرخۆدان و تێكۆشانی گەلی كورد لە جزیرە و فارقین لەبەرچاوانە، لە باشوری كوردستانیش سەڕای هەمو قەیرانە یاسایی و سیاسی و داریەكان بەڵام لە بەرامبەرتیرۆر سەركەوتوبووە، هەمو ئەوانەش مایەی نیگەرانی و توڕەیی و هەڵچونی سەرانی ئەكەپەو شۆڤینیەكانی تورك بون، بۆیە لە ئێستادا لە هەر سێ بەشەكەی كوردستان لە ڕێگەی سیخوڕو نوكەروبەكرێگیراوەكانیانەوە هەوڵی لەبەین بردنی دەسكەوتەكانی گەلی كورد دەدەن، ئایا حەشدی شەعبی سیخوڕی توركیای تێدایە بێگومان ژمارەیەكی زۆر لە توركمانە كان و هەندێ كوردی هەلپەرست لەو ڕێخراوەدا چەكیان هەڵگرتووە، ئەوەش پێمان دەڵێت گومان نامێنێت لەوەی دەزگا سیخوڕیەكانی تورك خۆیان خزاندۆتە ناو ئەو رێكخراوەشەوە، 
لەم چەند ڕۆژەدا پێشمەرگەیەك لە كەركوك بابەتێكی بۆ باسكردم كە هیچ گومانێكی نەهێشتەوە بۆ ئەوەی بڵیم میتی تورك لە هەناوی حەشدی شەعبیەوە پیلانەگڵاوەكانی خۆی جێبەجێ دەكات، ئەو پێشمەرگەیە كە خۆی لە بەرەكانی شەڕدایە باسی ئەوەی كرد كە لە كاتی شەڕەكانی چەند مانگی لەمەوبەری دەڤەری كەركوك كەسێكیان لە گەڵ بووە گوایە پێشمەرگەیە بەڵام كەسێكی بێ مۆراڵ و ترسنۆك بوو، ئەوكەسە لە كاتی شەڕەكاندا هەمیشە هەوڵی ئەدا ترس و دڵە ڕاوكێ لە ناو پێشمەرگەكاندا بڵاوبكاتەوە، دواجار هەڵهات و وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا، بەڵام لە ئێستادا لەناو حەشدی شەعبی پلەی پێدراوە و چەك و پاسەوان و ئوتومبێلی بۆ دابینكراوە، ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەربكرێت ئەوەیە كە ئەو كەسە دوای ئەوەی چووەتە ناو میلیشاكانی حەشدی شەعبیەوە ناردویانە بۆ توركیا و سێ مانگ لەو وڵاتە مەشقی پێكراوە !!
جێگەی پرسیارە لە كاتێكدا شەنگالی شەهیدكراو لە دەستی چەتەكانی داعش ئازاد دەكرێت، هاوكات ئاژاوەو ئالۆزیەكانی خورماتو زیاتر چڕدەكرێتەوە و كوشتن و ماڵ سوتاندن و ڕفاندنی هاوڵاتیان و تەقەكردن لە بارەگای لایەنە كوردیەكان بەئاشكرا لە لایەن توركمانەكانەوە دەس پێدەكات،
بەڕاستی ئەركی سەرەكی كورد و حكومەتی ئێراق لە ئێستادا ئەوەیە هەوڵی كونترۆڵكردنی دۆخەكە بدەن و ڕێگە بگرن لەو دەستە ئاژاوەگێڕەی بەئاشكرا لە هەوڵی تێكدانی نێوان پێكهاتەكاندایە، ئەركی لایەنی ئاسایشی و پەیوەندیدار بە سەقامگیری بارو دۆخەكەش ئەوەیە ئەودەستە ژەهراویانە ببڕن كە هەمیشە لە هەوڵی زیان گەیندنن بە گەلی كورد و دەسكەوتەكانی و كار بۆ داگیركەران دەكەن، ئەوكارەش هەوڵێكی زۆرجدی دەوێت و نێت پاكی و هەستی پێكەوەژیان و مرۆڤدوستی گەرەكە، چونكە هەتا ژیان بەردەوام بێت ئاژاوەگێڕی و دەستی ناپاكان كۆتایی نایەت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە