تورکیا و سیناریۆکانی موسڵ و کەرکووک
Wednesday, 09/12/2015, 17:15
لە تورکییەوە: ئێنئێنئێسرۆژ
ڕێکەوت ٢ی ئاگۆست/ئەیلوولی ١٩٩٠ە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە داگیرکرانی کوەیت لە لایەن سەددام حوسێن، دیکتاتۆری پێشووی عێڕاقەوە شێواوە. ئەمریکا مەزنترین هێزی سەربازی وڵاتەکەی پاش شەڕی ڤیەتنام، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە کەنداو کۆکردەوە. ئەم بشێوییە، بە تایبەت بەهۆی بنکەی سەربازیی ئینجەریک، قیمەتی تورکیای لای ئەمریکییەکان بردە سەر. ماوەیەک بەر لەم ئاڵۆزییە، دیواری بەرلین تێکڕووخابوو، کۆمۆنیسم لەناوچووبوو و بە کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، چاودێران بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە تورکیا نرخی جارانی لای هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی نامینێ و گرینگیی ستراتیژیکی پێشووی لەدەست دەدا. هەر بۆیەش تورگوت ئۆزال، سەرکۆماری ئەوکاتی تورکیا، لەپێناو بردنەسەری نرخی چەنەلێدانی تورکیا لە مامەڵە سیاسییەکاندا کەوتبۆ حەولدانێکی هەمەلایەنە و دەیویست هەرچۆنێک بێ، شەڕی کەنداو لە بەرژەوەندی وڵاتەکەی بقۆزێتەوە و جارێکی تر، جێگە و پێگەیەکی شیاو بۆ تورکیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەستەبەر بکا.
ئۆزال، ڕۆژی ١٨ی ئاگۆست، دوو حەوتوو پاش داگیرکرانی کوەیت لە لایەن سەددام حوسێنەوە، من و هەژمارێکی تر لە ڕۆژنامەنووسانی تری بانگهێشتی کۆشکی چانکایا کرد و گوتی: “ئەمە-هێرشی سەددام بۆ سەر کوەیت- گرینگترین ڕووداوی پاش جەنگی جیهانیی دووەمە بۆیە کە سەدا ٨٠ی خەزێنەی نەوتی جیهان لە کەنداوە. ئەمەش کەنداوی کردۆتە شادەماری ژیانی ڕۆژئاواییەکانە. پێویست ناکات مرۆڤ شارەزایی بواری ستراتێژیک و ئەمانە بێ تا لەوە تێبگا کە مومکین نییە ئەمریکا بەمە-داگیرکرانی کوەیت لە لایەن عێڕاقەوە- ڕازی بێ.”
[وێنە: بەشداری تورگوت ئۆزال لە کۆبوونەوەی کابینەی وەزیراندا- ٨ی ئاگۆستی ١٩٩٠]
نەوتی کەرکووک
ئۆزال، لەو کۆبوونەوە سێ کاتژمێرییەدا، هەرچۆنێک بێت باسەکەی هێنایە سەر ئەوە کە “دەبێ نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین سەرلەنوێ بکێشرێتەوە”. دەیکوت لەمێژە بیر لەم مەسەلە دەکەمەوە و دیار بوو چاوی تەماحی بڕیبوویە کەرکووک و نەوتەکەی. تەنانەت دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ئۆزال بۆ داگیرکردنی کەرکووک، ڕاوێژی بە سوپای تورکیاش کردووە هەرچەند ژەنەراڵەکانی سوپا پێشوازییەکی ئەوتۆی لەو پلانە نەکردبوو و هێرشکردنە سەر مووسڵ و کەرکووکیان وەک ڕیسک و کەوتنە ناو زلکاو پێناسەکردبوو. داگیرکردنی مووسڵ و کەرکووک بە گوێرەی سوپای تورکیا جگە لەوەی کە بە پێشێلکرانی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێڕاق هەژمار دەکرا، تەنانەت مومکین بوو ئەگەری دابەشبوونی عێڕاق و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردەکانیشی لێبکەوێتەوە.
ئانکارا، ٢٤ی ژانویەی ١٩٩١
ڕۆژە سەرەتاییەکانی شەڕی کەنداو، بۆ وەدەرنانی سەددام حوسێن لە کوەیتە…
جارێکی تر، سەرکۆمار ئۆزال، من و هەژمارێکی تر لە ڕۆژنامەنووسانی بانگهێشتی کۆشکی چانکایا کرد. دیسان باسەکەی هێنایەوە سەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و مەسەلەی کەرکووک و مووسڵ! هێنایی و بردی و بە گوتنی ئەوەی کە “لە کۆنەوە ترسێک بەسەرماندا زاڵە”، بێ ئەوەی ناویان بهێنێ ڕەخنەی لە سوپا و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی گرت: شتی وا لە سیاسەتی دەرەوەدا دەبێتە عورف کە گۆڕینیان دەبێتە کارێکی یەکجار زۆر زەحمەت. ئیمە لە سیاسەتی دەرەوەماندا مامەڵەکردنی باش نازانین. مووسڵ وەک نموونە! مووسڵمان زۆر خراپ دۆڕاند. لە لۆزان “عیسمەت ئینۆنوو” تۆساقالێکی تری بەرگری کردبا، مووسڵیان بۆ ئێمە جێدەهێشت. “کورزۆن”، بە دەستپێشخەری خۆی مووسڵی بە عێڕاقە لکاندبوو. کورزۆن، سەرکۆماری بریتانیا، وەزیری دەرەوەی ئەو سەردەمی ئەو وڵاتە، وتبووی کە “ئەگەر واژۆی ناکا، لە مووسڵ گەڕێن”. -بەو مانایە کە با بۆ تورکیا بێت-. ئەگەر ئینۆنوو هاتنی کۆمەڵەی گەلان بۆ مووسڵی قبووڵ نەکردبا، مووسڵ لە لۆزان دەبوو بە مڵکی ئێمە.”
ئۆزال پاشان بە پێکەنینەوە پێی وتین “جا ئێستا وام لێ تێمەگەن وەک ئەوەی تەماحم دە مووسڵ کردبێ، باشتر کە وەرمان نەگرت، دەنا باش پێشنەدەکەوتین”!
[٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣، عیسمەت ئینۆنوو، بە نوێنەرایەتیی تورکیا، پەیمانی لۆزان واژۆ دەکات]
کێشان-ەوەی دووبارەی- سنوورەکانی عێڕاق
بۆچوونەکانی ئۆزال سەبارەت بە کەرکووک و مووسڵم لە ژەنەراڵ نەجاتی ئۆزگەنیش بیستبوو. ناوبراو، لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ تا ١٩٩٣دا بەرپرسی هەرێمیی ژاندرمە لە ڕۆژهەڵاتی باشووری تورکیا بوو، بۆی گێڕامەوە کە لە ساڵی ١٩٩٢دا، سەرکۆمار ئۆزال سەردانی ئامەدی کردووە و لە بنکەیەکی ژاندرمە، کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ کردووە. ژەنەراڵ ئۆزگەنیش دەڵێ لەناو قسەکاندا ئۆزال پێی وتم “پاشام ئەرێ ئەو سنوورە بۆ ڕێک لەم شوێنەوە کێشراوە؟ ئاوا تۆزیک لە خوارتر کێشرابایە باشتر نەدەبوو؟
ژەنەراڵ پرسیویەتی: مەبەستتان لە خوارتر کوێیە بەڕێزم؟
ئۆزال، وەڵام ناداتەوە و باس لە -تەماحی لەمێژینەوەی- مووسڵ و کەرکووک ناکات.
سیناریۆکانی سەرفەرمانداریی سوپای تورکیا بۆ مووسڵ
مووسڵ و کەرکووکی دەوڵەمەند بە نەوت.
بیرۆکەکەی ئۆزال، من دەخاتەوە بیر قسەکانی “سولەیمان دەمیرەل”، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەوسەردەمی پارتی ڕێگای ڕاست. ڕۆژی یەکی ئەگۆستی ١٩٩٠ە. لە کۆڵانی گونیزی ئانکاراین. خەریکی خواردنی قاواڵتی لەگەڵ دەمیرەل بووم کە قسە هاتە سەر ئۆزال. دەمیرەل وتی: “مەبەستی ئۆزال کەرکووک و مووسڵە، دەیهەوێ لەوێ بەشمان هەبێ، هەر بۆیە من دوێنێ پێم وت کە وشیار بە، دەچی بۆ ڕدێن، سمێڵی لەسەر دادەنێی.”
ئەوەش لەکاتێکدایە کە دەمیرەل، لە حەفتاکان، لە سەردەمی سەرکوەزیریدا، خۆی داوای لە ژەنەراڵ سەمیح سەنجار، فەرماندەی گشتیی سوپا کردبوو تا زانیاریی سەبارەت به سیناریۆیەکی گونجاوی پێوەندیدار بە -داگیرکردنی-مووسڵ و کەرکووکی بۆ بکات. دەمیرەل بە ژەنەراڵ سەنجاری وتبوو کە داهاتی ساڵانەی نەوتی کەرکووک و مووسڵ ٢٠ میلیارد دۆلارە، دەبینی ڕۆژێک وەزعەکە دەگۆڕێ و مەجال بۆ ئێمە دەڕەخسێ! خاوەنی بیرۆکەگەلی ئەمپێریالیستی نیم بەڵام باشترە دەوڵەت بۆ هەر حاڵەتێکی پێشبینی نەکراو ئامادەکاری هەبێ. لەو کاتەوە کە سەردانی عێڕاقم کردووە و حاڵ و ڕۆژی تورکمانەکانی کەرکووکم دیتووە، دڵم گیراوە”.
شەش مانگ دوای ئەو قاواڵتی خواردنەم لەگەڵ دەمیرەل تێپەڕ بوو. لە مانگی فێبرواری ساڵی ١٩٩١دا، جارێکی تر لە ئانکارا چاوم پێی کەوتەوە. لە کلووپی ئانادۆڵوو شێومان دەخوارد، کە ناوبراو دیسان باسەکەی هێناوە سەر کەرکووک و مووسڵ. دەمیرەل وتی کە نە عەرەبەکان، نە یوونان و ئیسرائیل و نە ڕۆژئاواییەکان، هیچ یەک لەو وڵاتانە، حەز ناکەن تورکیا دەست بەسەر مووسڵ و کەرکووکدا بگرێ چونکە ئەگەر بێت و تورکیا ساڵانە ٢٠ میلیارد دۆلار داهاتی هەبێ، دەبێتە مۆتەکەیان.”
[وێنە: سولەیمان دەمیرەل و سەمیح نەجاڕ، فەرماندەی گشتیی سوپای تورکیا]
لە پشت دەرگا داخراوەکاندا، بانگەشەی ئەوە دەکرا کە بووشی باوک، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی تورکیا و وەرگرتنی یارمەتی ئەو وڵاتە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەنداو، “پڕۆژەی ویلایەتی مووسڵ” و “نەوتی کەرکووک”ی وەک “گێزەر”ە فریودەرەکەی دیپلۆماسی بە تورکیا نیشان دابوو.
ئەو نووسراوەی سەرەوە، کورتکراوەی بەشێک لە کتێبی “کوردەکان”، لە ژێر سەردێڕی “سیناریۆکانی مووسڵ و کەرکووک”ە کە لە بەهاری ٢٠٠٣دا چاپ و بڵاوم کردۆتەوە.
دەپرسن بۆ؟
ئەمڕۆژانە تورکیا خەریکی ناردنی تانک و تفەنگ بۆ مووسڵە و ئەمەش شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە لایەن وڵاتانەوە دژ بە تورکیا لێکەوتۆتەوە. منیش ئەمەم نووسی تا بەڵکوو لەو سۆنگەوە، دەلاقەیەک بۆ گەنگەشەکردنی مێژووی نزیکماندا بکەمەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست