ئێمە ستراتیژییەکی نەتەوەیی کوردیمان نییە
Monday, 07/12/2015, 0:59
وشەی ستراتیژی لە وشە رەسەنە یۆنانییەکەوە ( ستراتیگۆس ) ەوە وەرگیراوە، کە واتای ( هونەری جەنگ) یا ( هونەری سەرکردایەتی لەشکر ) یا پایەی ( ژەنەراڵ )ی دەگرێتەوە . لە سەرەتادا زاراوەی ستراتیژی تەنها لە بوارەکانی لەشکرتاری و پلان و هونەری جەنگدا بەکار دەهێنرا . بەڵام بە درێژایی سەردەمەکانی مێژوو و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و گۆڕاندا، بوو بە زاراوەیەکی گشتی و، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەکار دەهێنرێ، لە بواری : ( سیاسی، ئاسایشی نەتەوەیی، گەشەی ئابووری، تەکنۆلۆژیا، بەڕێوەبردن، پەروەردەیی، رۆشنبیری، پەیوەندیی نێودەوڵەتی، دیبلۆماسی، وەرزشی، پیشەسازی، کشتوکاڵی، پرۆژەکانی ئاوەدانی، گەشتیاری، چاکسازی، جوگرافی، ... هتد) لە ئەمڕۆدا ستراتیژی بۆتە زانیاری و هونەر .. کە لە میانەی هەبوونەکان و تواناکانی دەوڵەتدا، لە پێناوی هێنانەنەدی ئامانجەکان لە ماوەیەکی نزیک و دووردا .
تا ئێستا لە لایەن بیرمەندانی سیاسی و سەربازییەوە، چەندین پێناسەی نزیک لە یەکتری بۆ ستراتیژی کراوە، کە لە سەرەتادا پێناسەکان بە زۆری بواری جەنگ و پلان و هونەری جەنگیان گرتۆتەوە .. بەڵام لە ئەمڕۆدا ستراتیژی بۆتە زاراوەیەکی باو و بڵاو، بە پێی پەیوەندی بە بوارەکانەوە پێناسە دەکرێ .
کوردستان لە کۆن و لە ئەمڕۆدا، شوێنێکی ستراتیژی زۆر گرنگی هەبووە و هەیە .. کوردستان بێشکەی یەکەمین و رەسەنترین شارستانییە لە هەموو جیهاندا .. شوێنێکی جیۆپۆلۆتیکی گرنگی هەبووە و هەیە، سامانێکی زۆر و زەبەندی هەیە، بە تایبەتیش نەوت و گازی سروشتی و ئاوی شیرین و زەوی بە پیت و ئاوهەوایەکی سازگار و، دیمەنی سروشتی جوانی هەیە .. بۆیە لە کۆنەوە بوو بە ئامانجی داگیرکردنی زلهێزەکان و، بوو بە گۆڕەپانی ململانێ و شەڕی گەورە .. لە ئەمڕۆشدا دۆزینەوەی نەوتێکی زۆر لە کوردستاندا و دەرهێنانی ..هەروەها رۆڵی قارەمانێتی بێوێنەی پێشمەرگە دلێرەکانی کوردستان لە شەڕی دژ بە بە تیرۆریستانی داعشی بێڕەوشت .. ئەزموونی حوکمڕانی خۆبەڕێوەبردن لە باشووری کوردستاندا .. فراوان بوونی پەیوەندییە دیبلۆماسی و بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتاندا .. کردنەوەی فروکەخانەی نیودەوڵەتی و لە هەولێر و سلێمانی، گەشتی رۆژانەی فرۆکە بۆ وڵاتان .. ئەمانە و چەندین هۆکاری تر، شوێن و پێگەی کوردستانیان لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا، شیرنتر و گرنگتر کردووە و، رۆڵ و پێگەی کورد بە هەند دەزانن .. کوردستان بۆتە جێی بایەخدانی وڵاتە زلهێزەکان. دۆزی رەوای گەلەکەشمان بەرەو پێشەوە چووە و، دۆست و لایەنگرەکانمانیشمان لە زیادبووندان و، زیاتریش داکۆکیمان لێدەکەن و پاڵپشتیمان دەکەن .
ستراتیژییەکی پلان داڕێژراوی تۆکمەی نەتەوەیی و، ئاسایشی نەتەوەیی، زۆر گرنگ و چارەنووسازە بۆ هەر نەتەوەیەک .. چەمکە ستراتیژییەکانی نەتەوەییش بریتین لە :
١ـ کۆمەڵێک پلانی تۆکمە و پرەنسیپەکان، کە ئامانجە نەتەوەییەکان دیاری دەکەن، لەسەر رۆشنایی بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەیی بنیات دەنرێن .
٢ـ پێویستی بوونی سەرکردایەتییەکی دانا و و بە توانا و کارا، کە بتوانێ ئەم پلانانە بەڕێوەبەرێ .
٣ـ ئەم پرەنسیپانەش رەها نین، بەڵکو لەسەر بنەمای هێزی لەبار و هەبووی دەوڵەت و، تواناکانی نەتەوەیی دیاری دەکرێن .
٤ـ ئەم پرەنسیپ و بنەمایانە، سروشتی ڕێبازی دەوڵەتی هاوچەرخ دیاری دەکەن .
٥ـ پێویستە لەسەر ئاستی بنکە و لووتکەدا، تواناکانی نەتەوە لە بەرچاو بگیرێن .
گرنگی ستراتیژی سیاسی و نەتەوەیی، لە ستراتیژی هونەری جەنگ کەمترن نین .
لە ئەمڕۆدا بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەری ناوچەیی و جیهانی، بار و دۆخێکی لەبار بۆ ئێمەی کورد هاتۆتە ئاراوە ـ سەرەڕای ئەو هەموو پیلان و تەگەرانەش کە لە لایەن داگیرکەران و نەیارانی کورد و کوردستانەوە دەخرێتە رێمان ـ دەبۆیایە ئێمەی کورد بە باشی ئەم هەل و دەرفەتە رەخساوەمان بقۆستایەتەوە .. ئێستاش نەچووە .. گەر بە خۆماندا بچینەوە، دەتوانین سوودیان لێوەربگرین و، لە دەستی خۆمانی نەدەین و، هەنگاوی بوێرانە بۆ دامەزراندنی ( دەوڵـەتی کوردسـتان ) ی سەربەخۆ بنێین، کە هیــوا و خـواستی هەموو کوردێـکە .. گەشبینم بەوەی کە ئەم هیوایەمان نزیک بۆتەوە.
بێگومان تا کوردیش نەبێت بە خاوەنی ( دەوڵەتی کوردستان ) ی سەربەخۆ، نە تورک و نە عەرەب و نە فارس .. ناتوانن بە ئارامی و ئاشتی بژین .. تا رۆژێ زوتریش دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێت .. لە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەکەدایە .
ئێمەی کورد لە ئەمڕۆدا، رەنگ و دەنگ و سەنگمان هەیە و .. ناومان کەوتۆتە ناوانەوە و .. بووینە بە لایەنێکی کارا لە ململانێ و هاوکێشە و کێشەکانی ناوچەکەدا .. لە شەڕی دژ بە تیروریستانی داعش و، بەرەی نوسرە و، هەموو گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکاندا، رۆڵێکی کاریگەری بەرچاومان هەیە .. شانازیشە بۆ ئێمەی کورد، کە رۆژانە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، دەبنە مانشێتی لاپەڕەکانی رۆژنامەکانی جیهان و، بە هەواڵی بە پەلەی میدیاکان .
بەڵام مەخابین و بەداخەوە، کە تا ئەمڕۆش ئێمەی کورد، نە ستراتیژییەکی نەتەوەیی و، نە ستراتیژییەکی ئاسایی نەتەوەیی و نە تاکتیک و ستراتیژییەکی سیاسیمان هەیە .. گەمەکەرێکی نابەڵەدی سیاسیشین .. چونکە سیاسەت هونەری هەڵخەڵەتاندنە، نەخەڵەتێنی .. دەتخەڵەتێنن .. مەبەستم لە سەرکردەکان و لە بەرپرسە سیاسییەکانی گەلەکەمانە .. ئێمەی کورد تا ئەمڕۆش سوود و پەندمان لە هەڵەکانمان و، لە فاکتەرە سەرەکییەکانی شکستی و نەهامەتییەکانمان وەرنەگرتوون و، دووبارە و دەبارەیان دەکەینەوە .. بۆیەش تا ئەمڕۆ نەبووینە بە خاوەنی کیانێکی سیاسی سەربەخۆ و، نەمان توانییوە خۆمان لە ژێردەستی داگیرکەران رزگار بکەین .. تا ئەمڕۆش بەرژەوەندییە تەسکەکانی حیزبی و کەسێتی، لە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەییمان لە پێشترن .. تا ئەمڕۆش حیزبەکانی کوردستان لە ململانێ و مشتومڕێکی بێ مانا و ئەنجام پووکدان .. هیچ لایەنێک بڕوا و متمانەی بە لایەنەکانی تر نییە .. هیچ لایەنێک بە دڵێکی فراونەوە رەخنە و ناڕەزایی و پێشنیار و رای لایەنەکانی تر قبووڵ ناکا .. هەر لایەنێک خۆی بە راست و، لایەنەکانی تر بە تاوانبار دەزانێ .. تا ئەمڕۆش فرە ئاغا و فرە کوێخاین و .. هەر کاکە و هەر لایەنێک لە ئاوازێک دەخوێنێ .. هەموو لایەنەکان لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵێنی جێبەجێکردنی زۆریان دا، گەلێ دروشمی گەورە و بریقەداریان پێشاندا، گەر دەسەڵات وەربگرن، بە زووترین کات هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان یەکدەخەن و، دەیان کەن بە سوپایەکی دامەزراوەی نیشتمانی، دوور لە دەستێوەردانی حیزبی لە کاروبارەکانی .. سوپایەکی پێشمەرگە، کە دڵسۆزی و هاوبەستەبوونیان بۆ کورد و کوردستان هەبێت، نەک بۆ حیزب و بۆ کەسایەتی و لایەنەکان .. تا ئەمڕۆش هێزەکانی پێشمەرگە یەک نەخراون و، جەختیش لەسەر یەکخستنەوەیان ناکەن .. بەڵێنیان دا کە باشتر و تۆکمەتر ناوماڵی کورد رێکبخەن .. ئەمەشیان نەکرد .. بە پێچەوانەوە زیاتر لێکترازاوین و، زیاتر پەرتەوازە بووینە و، درزی ململانی و کێشمەکێشمەکانی نێوان لایەنەکانیش گەورەتر بۆتەوە .. بەڵێنیان دا کە هەلی کار بۆ دەرچووان و بۆ بێکاران دابین بکەن بژێوی و گوزەران میان باشتر بکەن .. بە پێچەوانەوە، رێژەی بێکاری زۆر زیاتر بووە .. گەنجەکانمان لە تاو بێکاری و بێ ئومیدی و بێ پارەیی و، نەمانی بڕوا و متمانەیان بە بەڵێنەکانتان، هاوبەستەبوونیان بۆ نیشتمانەکەیان کاڵبۆتەوە، لە داخی بێکاری و ململا ێی سیاسیدا بێ هیوا و بێ ئومێد بوون و سەری خۆیان هەڵگرت و، کوردستانیان بە جێهێشت و، رێگای هات و نەهاتی مەرگیان گرتەبەر .. ئێمە پپێشتر لە نووسینێکدا نووسیومانە کە کۆچکردنیی گەنجەکانمان زەنگی مەترسیدارە و زیان بە ئەمڕۆ داهاتووی کوردستان دەگەیەنێی .. چونکە گەەنجان کۆڵەکەکان و بڕبڕەپشتی کۆمەڵگاکەمانن و، دینەمۆی هێززی بەرهەمهێنان و داهێنان .. بەڵێنیان دا کە کەرکوکی ( دڵی کوردستان ) و ( قودسی کوردستان ) بگەڕێننەوە بۆ باوەشی کوردستانی دایک .. بەڵام وا نزیکەی دوو ساڵ زیاترە نەمدی نە پەڕلەمانتارێکی کوردمان لە پەڕلەمانی عێراقدا .. نە وەزیرێکی کوردمان لە حکوومەتی عێرقدا .. نە لایەنێکی سیاسیمان .. داوای جێبەجێکردنی ماددەی ( ١٤٠) ببکەن .. راستە کە لە ئێستادا کورد لە کەرکوکدا باڵادەستە و، پێشمەرگەش بە خوێنی گەش و ئاڵی سنوورەکانی دەیارێزێ و، تا ئێستا بە سەدان پێشمەرگەمان، لە پێناوی بەرگری کردن لە کەرکوک شەهید بوون .. بەڵام تا ئێستا حکوومەتی کوردستان ئاوڕێکی جدی نەداوەتەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک ئەگەر هەشبووبێت زۆر لاوازە بووە و لە ئاستی پێویستدا نەبوونە .. وەکو شارێکی کوردستانی ئاوڕییان لە کەرکوک نەداوەتەوە .. دەبوایە تا ئێستا چەندین کۆڕ و سەمینار و چالاکی هونەری و رۆشنبیری و سیاسییان لە شاری کەرکوک و خانەقین دا، سازبکردایە .. بەڵام نەیان کردووە .. ئەمەش هەر بۆ رێنەکەوتنی نیوان حیزبەکان دەگەڕێتەوە و، کەرکوکیش بووە بە گۆڕەپانێکی تری ململانێی نێوان حیزبە کوردییەکان .. کەرکوکییەکانیش باجی زیانەکانی ئەم ناکۆکییانە دەدەنەوە .. تا ئێستاش دوژمن و نەیارەکانی خۆمان بە باشی نەناسیون .. ئەم لایەن لەگەڵ ئەو دەوڵەتە ناوچەییە دایە و، لایەنەکانی تر لەگەڵ فڵان دەوڵەت دان .. هەندێ لەو دەوڵەتانە لایەنەکانیان کردوون بە بەردی دامە و، چۆنیان بوێت وا دەیان جووڵێنن و بەکاریان دەهێنن .. باشیش ئەوە دەازانن کە داگیرکەران هەردەم کار بۆ ئەوەدەکەن، کە سیاسەتی ( پەرتـکە وزاڵـبە ) لە کوردستان دا پەیڕەوی بکەن .. جا چۆن دەبن بە دۆست و، چۆن بەرژەوەندی کورد و کوردستانیان دەوێ ؟! چۆن بە یەکگرتنی کورد چاویان هەڵدێت .. ؟! .. تا ئەمڕۆش، شاندەکانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا، شاندی حیزبەکانن و گوزارشت لە را و بۆچوونی حیزبەکانیان دەکەن .. کەچی دەبوایە شاندەکان حکوومی بن و، بە ناوی حکوومەتی کوردستانەوە بن و، نوێنەری هەموو لایەن و پێکهاتەکانی کوردستانیان تێدابن .. تا ئەمڕۆش زۆر بە کەمی کەسی شیاومان لە شوێنی شیاودان .. چونکە پایە و پۆستە باڵاکان تەنها لە نێو حیزبەکاندا قورخکراون .. کەسی وەها دانراون لە پۆستە باڵاکاندا، زۆر نابەڵەد و بێ توانا وهیچ لەبارن، تەنانەت هێچ بەگراوند و ئەزموونێکی سیاسی و ئیداری و دیبلۆماسی و بەڕێوەبردنیان نییە، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو پەندە کوردییەمانەوەیە : " نـان بۆ نانەوا و .. گۆشـت بۆ قەساب " .. تا ئەمڕۆش ئێمەی کورد یەکگرتوو نین و .. خاوەنی وتارێکی سیاسی یەکگرتووش نین .. تا ئەمڕۆش نەمان توانیوە لە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی دا، رەنگ و دەنگ و وتار و هەڵوێستەکانمان یەکبخەین و، دەستەیەکی سەرکردایەتییەکی باڵا و کارای نەتەوەیی هەڵبژێرین و .. بکەین بە مەرجەعییەتێکی نەتەوەییمان و .. ئامەنجە نەتەوەییەکانمان یەکبخەین و، نەخشەڕێگایەکی ستراتیژی و، توکمەی نەتەوەیی دابڕێژین و .. هەرەس بە سنووری ترس لە داگیرکەران بهێنین و، یەک هەڵویست بین لە دیاری کردنی چارەنووسی کورد و کوردستان دا .. ئەم هۆیە نەرێنییانەش، تەنها بۆ ترس و چەکەرەی لایەنەکان لە داگیرکەرانی کوردستان ناگەڕێنەوە .. بەڵکو هۆی سەرکییان، بۆ نەبوونی یەکیەتی نێوانمان دەگەڕێتەوە .. بۆ ململانێ و پێداگرتن لەسەر سەرکردەیی و دەسەڵات و بەڕێوەبردن و بەرکەوتنی پشکی شێر لە سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن دەگەڕێتەوە .. بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تا ئەمڕۆش ستراتیژییەکی تۆکمەی نەتەوەیی و، تاکتیک و نەخشەڕێگایەکی سیاسی یەگرتووی نەتەوەییمان نییە .. تا ئەمڕۆش بە شێوەیەکی بەرنامەداڕێژراوی کۆنکریتی، خواست و ئامانجەکانی گەلەکەمان دیاری نەکردوون .. تا ئەمڕۆ پەیڕەو پرۆگرامێکی نەتەوەییمان نییە .. تا ئەمڕۆش لەسەر دەستوورێکی پەسەندکراوی یەکگرتوو رێنەکەوتووین .. تا ئەمڕۆش بە دژی دزی و گەندەڵییەکاندا نەچووینەتەوە و، هیچ هەنگاوێکی پراکتیکیشمان بۆ چاکسازی نەناوە .. تا ئەمڕۆش پەڕلەمانی کوردستان نەبووە بە مەرجەعییەتی گەلەکەمان .. تا ئەمڕۆش سەروەریی یاسا پێشێل دەکرێ و، کەسانێک لە دەسەڵاتدا خۆیان لە سەرووی یاساوە دەزانن .. تا ئەمڕۆش یەکسانی و دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ بەرجەستە نەبوونە .. تا ئەمڕۆش توندوتیژی دژ بە ژنانی کوردستان درێژەی هەیە .. تا ئەمڕۆش هۆیەکانی ژیان و گوزەرانێکی ئاسایی بۆ خەڵکی دابین نەکراون .. خەڵکی بە دەست نەبوونی کار و، بێ مووچەییەوە دەناڵێنن .. تا ئەمڕۆش کێشەی کەمی کەرەبا و ئاوی خاوێنی خواردنەوە و، ئاوڕۆ و قیرتاوکردن و کەم خزمەتگوزاری چارەسەر نەکراون .. خەڵکی لە بەڵێنی زل و قسەی رووت بێزاربوونە و، بڕوایان بە تواناکانی حکوومەت نەماوە، کە بتوانن کێشەکانیان بۆ چارەسەربکەن .. ئەم هەموو کێشانە، بۆ نەبوونی پلانێکی ستراتیژی داڕێژراوی ماوە نزیک و دوور و، نەبوونی چاکسازی و کەمتەرخەمی حکوومەت دەگەڕێنەوە .. دەبوایە تا ئێستا حکوومەتی کوردستان چەندین دانیشتنی بکردایە بۆ باسکردن و لێکۆینەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفت و کێشانە .. هەموو ئەمانە نەرێین و، زیان بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد دەگەیەنن .. خەلكی کوردستان توڕەن و بێزار بوونە .. چونکە تا دێت کێشەکان زیاتر کەڵەک دەبن و، ژیانیان تاڵتر و گوزەرانیان قورستر دەبێت .. بۆیە لەمە زیاتر ناتوانن خۆیان بگرن چونکە کورد وتەنی ( جـام پـڕبووە و لێی دەڕژێ ) .. خەڵکی متمانەیان بە بەڵێنەکانی حکوومەت نەماوە و، چاوەڕێی هەنگاوی پراکتیکی چاکسازی دەکەن .. ئەگینا بەر ئەو توانجە دەکەون، کە دەڵێن : ( تێــر ئاگـای لە بـرسی نییە ) .
تا بە جدی خۆماندا نەچینەوە و.. بەرژەوەندییە باڵاکان و چارەنووسی گەلەکەمان لەبرچاونەگرین و .. نەیان خەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی حیزبایەتی و کەسییەوە .. تا یەکێتی و یەكڕیزی و یەکڕەنگی و یەک وتاری سیاسیمان رانەگەیەنین، ناتوانین ( دەوڵـەتی کوردسـتان ) ی سەبەخۆ رابگەیەنین .
بێگومان ناکۆکییەکان و نەسازان و رێنەکەوتن لە نێوان حیزبە کوردییەکانمان دا .. هۆکارێکی سەرکین لە بەشێک لەو قەیرانانەی کە لە ئەمڕۆدا رووبەڕووی باشووری کوردستان بوونەتەوە .. ئەمەو تەنگهەڵچنین بە ئازادییەکان و بە دیموکراتی و بە ئازادی راگەیاندن .. زیانیان بە ناوبانگی حکوومەتی کوردستان گەیاندووە و، زیان بە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانمان، لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا دەگەیەنن .. متمانەیان پێمان نامێنێت .. و زیان بە پێگەی کوردستان دەگەیەنن .
هیوادارم کە حکوومەتی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکان بە خۆیاندا بچنەوە و، لەسەر مێزی گفتوگۆدا دابنیشن و بە رووحێکی متمانە بەیەکتری و، هەستکردنیان بە بەرپرسێتی، لەسەر کۆتایی هێنان بە کێشەکانی نێوانیان رێبکەون و، چیتر کات بە فیڕۆ نەدەن .. ئەگینا کێشەکان و قەیرانەکان گەورەتر و .. گەورەتر دەبنەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست