کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاخۆ مرۆڤایەتی پێویستی بەو چەند ئاینە بەناو ئاسمانیە هەیە؟

Monday, 07/12/2015, 0:46


ئێمەی مرۆڤ لەبەردەم گلۆر بونەوەو پیا هەڵشاخانێکداین کە تا ئێستا نازانین کامیان دروستەو پێویستی ژیانمان پڕ دەکاتەوە. ئاخۆ ئاینەکان مرۆڤیان بەرهەم هێناوە یان مرۆڤ بۆخۆی ئاینی بەرهەم هێناوە؟ئایا خوداوەند ئێمەی زیندەوری ئافراندوە یان ئەوە ئێمەی زیندەوەر بووین خودامان ئافراند؟ بۆچی مرۆڤایەتی بەم ئەندازەیە خۆی خستە نێو داوی ئەفسانەیەک کە هەر خودی خۆی بەرهەم هێنەریەتی؟ باشە گەر خوداوەند ئافرێنەری ئاینەکانە بۆچی ئەو چەند جۆرە ئاینەی داوە بەمرۆڤ؟ کام ئاینیان لەوی تریان باشترە،گەر وابێت بۆچی جیاوازی خستۆتە نێو ئاینەکانەوە؟
ئێمەی مرۆڤ دەبێت بگەین بەو بڕوا یەقینەی گەر خودا ئافرێنەری ئاین بوایە،ئەو کات تەنها ئاینێکی دەدا بەمرۆڤایەتی نەک ئەو سەدان ئاینە جیاوازە. مرۆڤ بەرهەمی خودی سرووشتە وەک هەر زیندەوەرێکی ترو سروشتیش بێ مێژووە و هیچ هێزێک لەدەرەوەی سرووشت نەی ئافراندوە. ئەوە خودی مرۆڤە،کە هەریەکەو بەپێی ژینگەکەی خۆی جۆرە خودایەکی لە زهنیەتی خۆیدا دروست کردوە و پەنای بۆ دەبات،دەرئەنجامی ئەوەی ناتوانێت وەڵام بەخۆی و چواردەورەکەی خۆی بداتەوە. ئاینەکانیش بەهەمان شێوە پەیوەستە بەو زەمەنە مێژوەی کە پێویستی ڕۆژگار بەرهەمی هێناون و تەنها خودی مرۆڤ بەرپرسیارە لە دروست کردنی ئاینەکان. چونکە گەر بلێین خوداوەند ئافرێنەری گشتە،ئەوکات دەگەین بەوبڕوایەش کە چۆن خوداوەندێک بەو دیزاینە مەزنەیەوە سرووشتی دروست کردوە،چۆن ڕێگا دەدات،چەندین جۆری ئاین دروست بکات و مرۆڤەکان بەپێی ئاینەکانیان لەیەکتر جیا بکاتەوە و دواجاریش بیانکات بەگژی یەکتریدا؟!ناکرێت خوداوەند ئافرێنەری ئەم جیهانە بێت و بەڵام نەزانێت چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ زیندەوەرەکانیدا بکات! نەخێر ئەوە مرۆڤ خۆیەتی ئافرێنەری ئاین و گشت دوژمنایەتیە نێو خۆیەکانێتی.
ئاینەکانیش چۆن پەیوەستن بە خواستەکانی مرۆڤەوە لەڕێگەی هەرکەسەو بەپێی هێزەکەی،بەهەمان شێوازیش مانەوەی ئەو ئاینانە پەیوەستە بەئاستی هۆشیاری کۆمەڵگاکان و لەئەگەری ئەوەی ئاخۆ گەر مرۆڤایەتی ڕەتی ئەو ئاینانە بکاتەوە چی بەسەردێت،ئاخۆ دەتوانێت جوانتر ژیان ببینێت یان تیا چونی خۆی مسۆگەر دەکات؟! مرۆڤایەتی گەر خواستی پرسیار کردن و بەکرداری کردنەوەی وەڵامی پرسیارەکەی جێ بەجێ بکات،بڕوام وایە ئەوکات دەتوانێت لەدەرەوەی وەهمی ئاینی جوانتر بیر بکاتەوە و جوانیەکانی ژیان و پێکەوە ژیانێکی دۆستانەو ئارام ببینێت لەنێو کۆی گشت مرۆڤایەتیدا.
مرۆڤایەتی تەنها پێویستی بەو ئاینە هەیە کە خودی مرۆڤ لەپێش هەرچ وەهمێکی بان سروشتیەوە ببینێت،بەپێی پێگەی مرۆڤ بونیەکەی ڕێزوبەهای پێ بدرێت،نەک لەڕێگای ئەوەی سەر بەکام ئاین و مەزهەبیت! جەنگ و کاولکاریەکان چۆن بەرهەمی خودی مرۆڤن،ئاینەکانیش بەهەمان شێواز بەرهەمی خودی مرۆڤن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە