کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچی بە پێی بەرژەوەندی شەخسی دەنوسن؟

Saturday, 05/12/2015, 21:06


بە گاڵتەجاریەوە پێی وت: خوا بتگرێت بۆچی بە پێی بەرژەوەندیە تەسکەکانت و، نزیکی و دووریت لە پارتیەوە شت دەنوسیت و، تەنانەت گوێ بە بەرژەوەندیەکانی حزبەکشت نادەیت ؟ وتی: من لە سەرکردە زل و زەبەلاحەکانی ئەم کوردستانە و تەنانەت عیراق و جیهانیش  باشتر نیم و، کاکەبرا منیش خۆمم خۆشدەوێت . وتی: بۆ دەنوسیت، ناتوانیت سیاسەت بکەیت بە  بێ نوسین . وتی نوسیەنەکانیشم بۆ سیاسەتە،  جا تۆ چۆن دەیخوێنیتەوە ئەوە کەیفی خۆتە برا. وتی: کاکە ئەوانەی وەک تۆ ناوناوبانگی نوسەرانی راستگۆش تێکدەدەن . هەروەها وتی: تێگەیشتم لەم دواییە کە یەکلایی بویتەوە و زانیت ئەو پلەیەی مرخت لێخۆش کردبوو و هەوڵت بۆ دا،  وەریناگریت، وا ئێستا  بەر است و چەپدا خۆت لێداوە  و  دەنوسیت،  چونکو دوبارە گەرایتەوە جێگە کۆنەکەی خۆت و، بێ ئومید بویت لە مانۆر و سیاسەت و نزیکایەتی و  خۆ بردنە پێشەوەی فڵانە حزب و فیسارە بەرپرس و هەوڵی ئەملا و ئەولا بۆ پلە و پایە . وتی کاکە نانی ئەم کاتە لە قورگی شێردایە و ، منیش پلەیەکم بریوە و نامەوێت بکوژێمەوە، بە راشکاوی، چونکە هەلی زیاترم پێ نەدرا لەلایەن حزبەکەی خۆمەوە ئەگینا تموحی زیاترم هەبوو . 
ئەمە گفتوگۆی نێوان دوو نوسەری وڵاتەکەم بوو . بی رتوش و ئەملاو ئەولا، ئەمەیە رۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی مەبدەئی وڵاتەکەم . ئەمەیە، سیاسەتی کادران  و نوسەرانی حزب  وەک  پێشەنگی رۆشنبیرانی کوردستان . چۆن باسی بنەما پیرۆزەکانی حزب و کەسایەتی و پابەندبون بە قودسیەتی فکر و بیرو بۆچون و ئایدیۆلۆجیەت گۆراوە بۆ چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ وەزعی سیاسی و پەیوەندیەکانی حزبەکان و دوور و نزیکیان لە یەکتر و لێکردنەوەی لەتە نانێک، بۆ تێرکردنی  بەچکەکان لەلایەن خەڵکە حزبیە خۆ بە نوسەر و سیاسەتمەدارەکانەوە .
ئەگەر ئەمە حاڵی خۆ بەکەڵە نوسەر و ردایکاڵ و گۆرانخواز و رۆشنبیری پلە یەک بێت، ئەی بۆ گلەیی لە نوسەرانی بەرژوەندخواز بکەین  کە دوور لە هیچ بەهایەک دەستیان داوەتە قەڵەم و تەنها بۆ بەرێوەبردنی باری قورسی ژیان کاردەکەن و بە خۆیان  لە رۆژێکدا سەت و هشتا پلە دەگۆرێن .بۆ حەق بە سیاسەتمەداران نەدەین هەزار و یەک فرتوفێل بکەن بۆ کورسیەکانیان و، دوا شت ئەوەی بیری لێبکەنەوە بەرژەوەندی باڵای میلەت بێت .
تۆ بڵێیت لە بنەرەتدا، وەک زۆرێک لە نوسەران ئیدعای دەکەن، تەنانەت نوسین لە پێناو بەرژوەندی شەخسیدا داهێنرابێت و بۆ راستکردنەوەی باری لاری ژیانی نوسەران خۆیان  بوبیت، نەک بۆ دەرخستنی راستیەکان داهاتبێت، وەک بەهانەیەکیش دەڵێن: نوسین لە بەرماڵی دەسەلاتدا داهێراوە و تا ئێستا ئەوەی لەبەرژەوەندی و قازانجی دسەڵاتدارانی مێژوو نەبێت نەگواسرتاوەتەوە بۆ نەوەکان . ئەی ئەگەر ئەمە راست بێت، ئەو هەموو راستیانەی کە لە دەستی نوسەرانی مەبدەئی و حەقبێژ وەرگیراون و بۆمان گوازراوەتەوە و تا ئێستاش دەیخوێنینەوە و پشت بە زانیاریەکانیان دەبەستین چۆن هەڵیان سەنگێنین. نوسەری بەناو رۆشنبیری سیاسی دەبێت چۆن خۆی لە نەرجسیەت و خۆویستی بپارێزیت و نەبێتە نوسەرێکی دکتاتۆر وەک سیاسیەکان، ئەمە بۆ نوسەران بەجێدەهێڵم و لەوبارەوە بە خۆم هیچی لێ نازانم .  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە