کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نەخشەی نوێ

Saturday, 05/12/2015, 20:24


لەدوای جەنگی ساردەوە،ئەمە یەکەمین جارە هەریەك لەدوو زلهێزەکەی جیهان(ئەمریکا و ڕووسیا) پێکەوە بەشدارن لەنووسینەوەی  سیاسەتی جیهان و داڕشتنەوەی نەخشەی جیهان. بەتایبەتی جیهانی پڕ کێشەو ئاریشە،جیهانی دەوڵەتانی ناوەڕاست یان Middle East .
ئەم دوو هێزە بەهێزە کەهەریەکەیان چەندین دەوڵەت و هاوپەیمانی سەربەخۆیان هەیە،دواجار گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە هیچ کام لەو دوانە بەبێ یەکتر ناتوانن سەربەخۆیانە ئەو ئامانجانەی هەیانە ،بیپێکن. هەر بۆیە ،پێم باشە ووتەی یەکێ لە کاندیدەکانی کۆماریەك وەك نمونە بهێنمەوە کاتێ ڕاشکاوانە ووتی(لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا پەیوەندیم گەلێ باشەو پێم باشە لەگەڵیدا پیلانی لەناوبردنی تیرۆری جیهانی جێبەجێ بکەن)ئەمەش ووتەی دۆناڵد ترامپە. کەئەم ووتەیە دانپیانانێکی فەرمیە لەسیاسەتی ئەمریکا کە جگە لەو تا ئێستا هیچ کەسێك ئاوا بەو شێوەیە نەیووتوە. لێرەدا دیارە مەبەستی تیرۆری جیهانی خۆی لەداعشدا ئەبینێتەوە،لێ وەك ئەزانین کە داعش هەر بەتەنها خۆی نیە کە لاواز ببێ و دواتر لەناو بچێ،بەڵکە داعش تەنها نوێنەرێکی کۆمەڵی ڕێکخراوو دەوڵەوتە لەئاستە بەرزەکەیدا. بۆ نمونە داعش نوێنەری چەندین ڕێکخراوی وەك(پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانە)،هەروەها نوێنەری چەندین دەوڵەوتی وەك(سعودیە،قەتەر،ئیمارات،ئێران و تورکیا). کەواتە ،شەڕکردن دژ بە داعش و نەهێشتنی ،پێوستە هەموو ئەوانەی لەپاڵ داعشدان لەناو بچن. کەئەمەش کارێکی یەکجار گران ودژوارە و کاتێکی گەلێ زۆری ئەوێ.هەروەك چۆن کاتی خۆی جێگری سەرۆك بۆشی کوڕ(دیك چینی) ووتی؛ جەنگی تیرۆری جیهانی لانی کەم ٦٠ ساڵی ئەوێ. هەروەها کاتێ داعش سەری هەڵدا،بەرپرسانی ئەمریکا چەندین جار و لەچەندین بۆنەدا ،شەڕی داعش و لاوازکردن و کۆتایی پێهێنانی بە چەندین ساڵ مەزەندەیان کرد. دیارە ئەوان مەبەستیان لەوە نیە کەوا ڕێکخراوێکی وەك داعش ماوەیەکی زۆری بوێ،بەڵکە ئەوەی ئەوان مەبەستیانە؛ هەڵوەشاندنەوەی هەریەك لە (تورکیا و ئێران)ه.
وەك ئاشکرایە، عێراق بەرەو هەڵوەشاندنەوەو هەڵدێر هەنگاوی ناو لە ڕاستیدا شتێك نەماوە ناوی ووڵاتی عێراق بێ،بەڵکە ئەوەی هەیە تەنها چەند کۆمپانیا و مافیاو بەرژەوەندیەکە ئەم ناوە بەکاردێنن بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان و ئەو مەزهەب و لایەنەی باوەڕیان پێیەتی. دەنا عێراق هەنووکە ووڵات نیە و نابێتەوە بە ووڵات. حەتمەن هەر لەکاتی دروست کردنی عێراقەوە لەسەرەتاکانی سەدەی بیست،ئەم ووڵاتە دەری خست ناتوانێ بەشێوەیەکی دیموکراسی هەنگاو بنێ و ببێتە جێگایەك بۆ ئەوەی هەموو جیاوازیە مەزهەبی و ئایینی و کەلتووریەکان پێکەوە بژین،هەر بۆیە لەو کاتەوە ئەم ووڵاتە بەزۆر بەلکێندراوە بەچەندین قۆناغی شەڕو ئاژاوە تێپەڕی و دواجار گەیشتنە ئەو باوەڕەی کەناتوانرێ ئەو هەموو پێکهاتە جیاوازنە بەزۆری زۆردار بەیەکەوە بلکێنرێن و ژیان پێکەوە گوزەر پێبکەن. هەر بۆیە هەمان لێکدانەوەو شرۆڤەکردن بۆ هەریەك لە (ئێران و تورکیا)ش ڕاستە. کەواتە گەر عێراق بەتەواوی هەڵبوەشێنرێتەوە(کەئەشکرێ)ئەوا پێوستە هەمان سیاسەت دژ بەهەریەك لە(ئێران و تورکیا)ش بکرێ. لەوەتی ئێران و تورکیا هەن وەك دەوڵەوت هیچ کام لەو پێکهاتە جیاوازانە نەیانتوانیوە بە یەکسانی لە حکومەتەکانیدا بەشدار ببن و ڕۆڵیان هەبێ.هیچ کام لەو ووڵاتانە زۆرینە نەیتوانیوە ڕێزی کەمینە بگرێ و مافەکانیان دەستە بەر بکا. دیارە بۆ ئەمەش نابێ (سووریا)مان لەیاد بچێ و هەمان چارەش بۆ ئەو دەوڵەتەشە کە هیچی لە عێراق کەمتر و زیاتر نیە. 
دوای ئەوەی عێراق و سووریا کۆتاییان دێ و بەتەواوی لاواز ئەبن،ئەوا نۆرەی تورکیا هاتوە کەئەمیش بەهەمان سیناریۆی هەریەك لە سووریا و عێراق تێبپەڕێ و سەرلەبەر هەڵبوەشێنرێتەوە. ڕەنگە پرسیاری ئەوە بکەین بۆچی ئێستا تورکیا و نەك ئێران. لەڕاستیدا تورکیا ئێستا زۆربەی بەڵگەکانی لەسەر ساغ بۆتەوە کە ئارامگەیەکی باشی تیرۆریستان و ڕێڕەوێکی پان و بەرینی ئەوانە. هەر بۆیە چارەسەرکردنی تورکیا لە ئێران پیوسترە و کارێکی هەنووکەییە. بۆیە تورکیا پێش ئێران ئەبێ کاری تەواو ببێ. هەر بۆیە وا ئێستا ڕووسیا خەریکی لاوازکردنی تورکیایەو ئابووریەکەی لەپەکخستندایە. دواجار هێزی سەربازی تەواوکەری ئەم پرۆسەی بەلاواز کردنە بەئەنجام ئەگەیەنرێ و تورکیا پارچە پارچە ئەکرێ. 
لەکۆتاییدا ئێران هیچ چارەیەکی نامێنێ جگە لە خۆ بەدەستەوە دان وەیان خۆکوژی وەیان گۆڕانکاری و جۆرێك لە گۆڕینی سیستمی سیاسی کەئەوەش دواتر و لەدواجاردا ئەبێ ملبدا بەداواکانی هەریەك ئەمریکا و ڕووسیاو هاوپەیمانەکانیان. هیوادارین میلەتەکەمان هۆشدار بن لەئاست ئەم گۆڕانکاریانە و خۆیان بۆ پارتی و یەکێتی نەکەنە سووتەمەنی سیاسەتە شکستخواردوو و هەڵەو تاوانەکانیان. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە