کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا حکومەت لەقەیراندایە یان کۆمەڵگا؟

Thursday, 03/12/2015, 19:42


وەڵامدانەوە بەم پرسیارە لەو هەلومەرجەوە دێت کە ماوەی بیستوچوار ساڵە خەڵکی لەهەرێمی کوردستاندا سەریان نەوی کردوە لەبەردەم کەمایەتیەکی بازرگانی سیاسیدا کە نەک شایانی ڕێز لێ گرتنن و ڕەوایەتی پێ دانن،بەڵکو تەنها بۆ خانەنشین کردن دەشێن.
کاتێک دەڵێین حکومەتێکی چاک بوونی هەیەو کۆمەڵگا لێی ڕازیە،ناڕاستەوخۆ دەبێت بزانین لەوێدا کۆمەڵگایەکی زیندوو بەئاگا بوونی هەیەو هیچ کات خۆی ناکاتە قوربانی لەپێناو حکومەتدا.چونکە حکومەت و دەسەڵات گەر کۆمەڵگا لێی گەڕاو ئەوی کردە نوێنەری خۆی،ئیتر ڕێک وەک ئەو حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتەی لێ دێت کە لەهەرێمدا بوونی هەیە.
ڕۆژ نیە گوێ بیستی ئەم ووشەیە نەبین؛حکومەت و دەسەڵات لەقەیراندایە. باشە گەر وایە بۆچی ئەو توێژەی حکومەت و دەسەڵات و پەرلەمانیان لەژێر دەستدایە واز ناهێنن لەو بەشە دەسەڵاتەی هەیانە؟ ئاخۆ گەر ئەوان لەقەیراندان،ئەی کێیە بۆ چرکەیەکیش ناوەستێت لە بازرگانی و فرۆشتنی نەوت و قازانج سەرخستنەکانیان؟ کەواتە قەیران یەخەی بەو توێژە نەگرتوە کە کۆی دامودەزگا سەرەکیەکانیان لەژێر دەستدایە،بەڵکو قەیران لەنێو خودی کۆمەڵگادایە و کۆمەڵگا توشی قەیرانی جۆراو جۆر بوە،کە ترسناکترینیان،قەیرانی نەبوونی ئیرادەیە.
کاتێک کۆمەڵگا هەست بکات خۆی بوونێکی کارا نیە لەژیانداو ئەوە تەنها حکومەت و دەسەڵاتە خاوەن ئیرادەو بوونە، ئیتر لەوێدا نیشانەی قەیرانی ژیانێکی زیندوو دێتە گۆڕێ. قەیرانێک کە چارەسەرەکەیشی تەنها لەنێو خودی کۆمەڵگادایە. کۆمەڵگایەک کە هەرچ کاتێک هەستی بەتواناو ئیرادەی ڕاستەقینەی خۆی کرد،ئیتر ئەو کەمایەتیەی کەژیانیان لێ سەندوەتەوە،زۆر زوو دەخرێنە پەراوێزەوە. ئێوە ببینن،گەر ئەو کەمایەتیە سیاسیەی کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، ئاگاداری ئەو زهنیەتەی کۆمەڵگا نەبن کەچۆن دەخەسەێنرێن، ناتوانن درێژە بەدەسەڵاتەکانیان بدەن. ئەو کەمایەتیە هیچ کات فریاد ڕەسی کۆمەڵگا نین و نایشبن. بەپێچەوانەوە،ئەوە ئاستی هۆشیاری سیاسی کۆمەڵگایە دەتوانێت فریاد ڕەسی خۆی بێت. ئەو قەیرانەی ئەو کەمایەتیە بازرگانە سیاسیانە درووستیان کردوە و جومگەکانی ژیانیان ڕاگرتوە لەنێو کۆمەڵگادا،دەرئەنجامی ئەو خۆ بەدەستەوەدانەی کۆمەڵگایە بۆ نێو بەرژەوەندیەکانی ئەو کەمایەتیە بازرگانە سیاسیانەی کە لەژێر ناوی کوردایەتیدا بێستوچوار ساڵە بۆ چرکەیەکیش ڕێگایان نەداوە کۆمەڵگا لەبوون و ماناکانی خۆی بگات. 
کەوایە لێرەدا دەبێت بێ بەزەییانە کۆمەڵگا ڕەخنە لەبێ ئیرادەیی خۆی بگرێت نەک لەو کەمایەتیە. ئاخر چۆن هەق دەدرێت بەکەمایەتیەک کە پێی بڵێین ئێوە ژیانتان وا خواروخێچ کردوە،باشە گەر ئێمەی زۆرینە بوونمان هەبێت، بۆ خۆمان نەمان توانی ژیانمان ڕێک بخەین؟
لەنێو کۆمەڵگای مردوو لە کارکردنیدا بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی،خۆیەک کە گشت تێیدا سوود مەندن،ئیتر لەوێدا ماناکانی بەکۆمەڵگا بوون نامێنێت،بەڵکو ئەوەی بوونی هەیە تەنها دەستەو تاقمە گێل کراوە جۆراوجۆرەکانن.(لەگەڵ ڕێزوحورمەتمدا بۆ گشت لایەک بەمانای سوکایەتی مەبەستم نیە لەو دەربڕینە) کە هەر حیزبە دێت و بەشێکی لێ دەبات بۆ خزمەت کردنی خۆی. کۆمەڵگای هەرێم هەروای لێ هاتوە،ئاخر کام خەڵکێک ماوەتەوە کە لەنێو بەرژەوەندیەکانی ئەو حیزبانەدا نەگەوجێنرابێت. ئاخۆ ئەو کۆ حیزبەی لەهەرێمدان و هەریەکەو بەڕایەڵەیەک بەستراونەتەوە بەو بەرژەوەندیانەی دەسەڵاتیان لێ پێک هێناوە، چ ئامادەییەکیان تێدایە کە واز لەو دەسەڵات وحکومەت و پەرلەمانە بهێنێت و بێت و ببێت بەسەر لەشکری کۆمەڵگا و کار بکات لەپێناو ڕێک خستنی کۆمەڵگا تا چیتر ڕێگا بەو کەمایەتیە نەدەن یاری بەچارەنوسیانەوە بکەن؟
کاتێک کۆی حیزبەکان دەبینین و هەریەکەو بەجۆرێک لە بۆڵە بۆڵدایە،هیچیان لەو دەسەڵاتەی پارتیش باشتر نین کە ژیانی ووشک کردوە. باشە گەر پارتی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و بنەماڵەییە،ئەی ئەو چ خێرێکە وا چەندین ساڵە کاری سیاسی و حکومەت بەڕێوە بردنی لەگەڵدا دەکەن؟من وای دەبینم؛ئەوەی پارتی گەیاند بەم ڕۆژگارە و ئاوا پێی لێ ڕاکێشاوە،تەنها بێ ئیرادەیی کۆمەڵگا بوو بەئەندازەیەکی زۆر،دواتر بەرژەوەند خوازی ئەو حیزبانەی دیکەی دەرەوەی پارتی. ئاخر ڕەوایەتی تێدا نیە کەمایەتیەک بەو ئەندازەیە سواری سەری کۆمەڵگا ببێت و کۆمەڵگاش هێشتا چاوەڕێی پاڵەوان بێت،تا ڕزگاری بکات!؟
مایەی خەمێکی قوڵە وا بەو شێوازە کۆمەڵگا لە بێ ئیرادە بوونی خۆیدا دەبینرێت و بەچۆکدا داهاتوە لە بەردەم کەمایەتیەکدا،کە کاتێک کۆمەڵگا بەئاگای خۆی بزانێت،ئەو کات شەرم لەخۆی دەکات کە لەبەردەم چ توێژێکی زەبوندا بوە لەو گشت ماوەی ڕابردوەدا.
دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان هەمیشە ترسنۆکترینن لەچاو گشت ماناکانی ترسدا،بەڵام تەنها سوود لە بێ ئاگای سیاسی و ناڕێکخراو بوونی کۆمەڵگا دەبینن،بۆیە هەردەم لە خۆ گیڤ کردنەوەدان.،لەڕاستیشدا وانین و ئەوان چین و توێژێکی زۆر بچوک و بێ بەهان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە