کورتەیەك سەبارەت بە نامۆبونی ئیسلام بە سیکولاریزم
Thursday, 03/12/2015, 2:02
یه‌کێك له تایبه‌تمه‌ندیه بنەڕەتیەکانی ئیسلام که له دوو ئایینه ئاسمانیه‌کانی تری جیاده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه، که له یه‌که‌م ڕۆژی باڵاده‌ستی پەیامبەری ئیسلامەوە بنکه‌ی ئیسلامی سیاسی و ده‌وڵه‌تی شاری دامەزراندووە و چەسپاندووە. هه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه‌ی پەیامبەری ئیسلام و موهاجرین بۆ قوتاربونیان له شمشێری قوڕه‌یشیه بتپەرستەکانی مەککە گه‌یشتنه یه‌سریب (پاشان ناونراو بە مەدینە)،بنەما و بنکەی دەوڵەتی شاریان دیاریکرد. وه‌ك ئه‌وه‌ی له مێژووی ته‌به‌ریا هاتووه، پەیامبەر حوشتره‌که‌ی به‌ره‌ڵا دەکات بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌رشوێنێکی یه‌سریب دا ڕاکشا ماڵی خۆی و مزگه‌وتی تیا بنیات بنرێت. ئه‌و مزگه‌وته جگه له‌وه‌ی شوێنی به‌جێهێنانی ئه‌رکه ئایینیه‌کان بوو، له هه‌مان کاتدا بووە بنکەی بڕیارە سیاسی و سه‌ربازییه‌کانی ده‌وڵه‌تی شاری موسوڵمانان. ئه‌مه‌ش له دایك بونی ئیسلامی سیاسی بوو، له‌یه‌که‌م ڕۆژی به‌ده‌ستهێنانی فرسه‌تی بنیاتنانیەوە. به پێچه‌وانه‌وه ئایینی کریستیانی تاکو زیاتر له سێ سەدە خۆی له سیاسه‌ت و دەوڵەتداریهوه نه‌گلان. ئایینی کریستیانی بۆ یه‌که‌م جار له لایه‌ن کۆنسته‌نتینی گه‌وره پاش ٣٣٠ ساڵ له سه‌رهه‌ڵدانی بە پێجەوانەی ویستی عیسا کە بەشی خوا‌و بەشی سێزاری لەیەکتری جیاکردەوە، وه‌کو ئامرازێکی سیاسی به‌کار هێنرا و پاشان بە قوڵی تێکەڵ بە سیاسەت و دەوڵەت کرا. جولەکەش کە ئیبراهیم بە یەکەم پەیامبەری خۆیان دەزانن و بە پێی گێڕانەوەی تەناخ ساڵی ٢٠٣٨ پێش عیسا لەدایك بووە، یەکەم پاشایەتی جولەکەکانیش لە (گیلال) ی ئیسرائیل لە لایەن (سائول) یەکەم پادشایانەوە لە ساڵی ١٢٠٠ پێش عیسا بنیاتنراوە. واتە تێکەڵکردنی سیاسەت و دەوڵەت لەگەڵ ئایینی جولەکە ٨٠٠ ساڵ نێوانیان بووە.
له سه‌ده‌ی نۆهەمی زایینی‌دا و لە سەردەستی خەلیفەی عه‌باسیه‌کان، به بنیاتنانی ماڵی ژیری (بیت الحکمة) بۆ وەرگێڕان و لێکۆڵینەوە لە تێکستە فەلسەفیەکان. بەوەش توانرا گه‌شه‌ی زیاتر بدرێتبە ئیسلامی عه‌قڵانی و لە ناویاندا ڕەوتی (المعتزلة) . له‌و سه‌رده‌مه‌دا عه‌باسیه‌کان به سیاسه‌تی ڕۆشنبیریان توانیان بیر و شێوازی دونیابینی زۆربه‌ی پیاوانی ئایینی به‌ره‌و لێکدانەوەی عەقڵانی به‌رن. دوائەنجام فەیلەسوفەکانی وهکوفارابی(٨٧٤-٩٥٠)، ئیبن سینا(٩٨٠-١٠٣٧) و ئیبن روشد (١١٢٦-١١٩٨) تەواوکەری ڕەوتی عەقڵانیەت بون لە جیهانی ئیسلامی دا. سەرباری نەبونی بەڵگە یەکلایی کەروەکان هەندێك لە بیرمەرندانی عەرەبی لەوباوەرەدان کە بیر‌و لێکدانه‌وه فه‌لسه‌فیه‌کانی ئیبن روشد ناڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ریان له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی ڕێنێسانسی ئه‌وروپا هه‌بووه. سەرباری تەواوی ئەو پێشکەوتنانە و گەشەی عەقڵانیەت و فەلسەفەی ئیسلامی، نەتوانرا بگاتە ئەوەی بیر لەیەکتری جیاکردنەوەی دەوڵەت و ئایین بکرێت. تەنها شتێك کە عەباسیەکان بەدەستیان هێنا ئەوە بو کە توانیان به‌و سیاسه‌ته کۆمه‌ڵگایه‌کی کراوه به‌رامبه‌ر ئایینه‌کانی تر و به‌رامبه‌ر دیارده کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و بیریەکان بنیات بنێن. ئه‌م گه‌شه‌ی ڕۆشنبیریه له‌سه‌رزه‌مینی عه‌باسیه‌کاندا له ساڵانی ٨٣٣ ی زاینیه‌وه تاکو ساڵانی ١٠٠٠درێژهی کێشا. له ئه‌نده‌لوس تاکو چه‌ند سه‌ده‌یه‌کی تریش به‌رده‌وام بوو. پاشان ئیسلامی عه‌قلانی به‌رده‌وام له پاشه کشه‌دا بون و هۆکاری بنه‌ڕه‌تی ئه‌مەش لاواز بونی عه‌باسیه‌کان و دوا ئه‌نجام باڵا ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی عوسمانی و ئەمازیق و مه‌غۆله‌کان بوو، که نوێنه‌رایه‌تی بیری ئیسلامی سیاسی و ئارتۆدۆکسی ئیسلامیان ده‌کرد. لە سەردەمانی ئەپەڕی گەشەی عەباسیەکان و ئیسلامی موحافەزەکار و سەلەفیشدا بە کرداری و هەمیشە ڕیشەی ئیسلام و دەوڵەت هێندە تێکەڵ بوو بون کە نەکرێت بیر لە جیاکردنەوەیان لەیەکتری بکرێتەوە. دوائەنجام ڕەوتە عەقڵانیەکان نەیانتوانی لەبەر لێشاوی محافەزەکارانە و سەلەفیزمی حەنبەلیەکان بەتایبەتی کەسانی وەکو ئیبن تەیمیمە و پاشان محمەد بن عەبدولوەهاب خۆیان رابگرن.
له سه‌ده‌ی نۆزدەدا و پاش داگیرکردنی میسر له لایه‌ن ناپلیۆنه‌وه وویستی ڕیفۆرم له ئیسلام دا سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه و چه‌ندین ده‌سته‌واژه‌ی وه‌کو ،ڕێنیسانس( نهضة)،چاکسازی (اصلاح)،نوێبونه‌وه (تجدید)، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه (احیا‌ء)، بێداربونەوە (صحوة) سه‌ریان هه‌ڵدا و ته‌واوی ئه‌و ده‌سته‌واژانه ده‌ربڕینی وویستی گۆڕانکاری و نوێکاری بوون له ته‌واوی بواره‌کانی ئایین و سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب و په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی جیهانی ئیسلام.
ئیمپریالیزمی نوێش بووە پاڵنەرێکی گرنگ کە ئەنجامی کاردانه‌وه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه نوێیانە سێ ڕەوتی جیاواز بەرامبەر بە یەکتری لە لایەك و بەرامبەر داگیرکەرانی دەرەکی و دەسەڵاتەکانی ناوخۆ جەمسەرگیر بکات. یه‌کێکیان به ئاراسته‌ی دواوه و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌له‌ف و بنه‌ماکانی شێوازی ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌مانی پەیامبهری ئیسلام و یارانی پەیامبەر . سەلەفیزمیش خۆی لە خۆیدا لەبواری توندوتیژی و ئاوێزە بونی بە سیاسەت پلە و ئاراستەی جیاوازی هەیە.
ڕەوتی دوهه‌م ناسراو بە ئوسوڵی (فوندەمەنتالیزم) ڕوبەڕوبونەوەیە به‌رامبه‌ر سه‌رجه‌م دیارده وکردار ولێکدانەوە و دونیا بینیهك کە حەرفیانە لەگەڵ دەقەکانی قورئان و حەدیس دا نەگونجێت و مامەڵەیان بە شێوازی توندوتیژیانە و زەبروزەنگ. ئه‌مه‌ش جارێکی تر ژیانه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی بوو به سه‌رجه‌م دیارده توند و تیژهکانیهوه. تیۆری و بنه‌ماکانی ئه‌م ئاراسته ئوسوڵیە توند و تیژه له سەرەتا و ناوەندی چەرخی بیست لایه‌ن سه‌ید قوتب لە میسر و مه‌ودودی لە پاکستان زیاتر گه‌شه‌ی پێدراو به‌رجه‌سته کرا. مارگرێت مارکوس که جوله‌که‌یه‌کی له‌دایك بووی ئه‌مه‌ریکایه و هاته سه‌ر ئایینی ئیسلام و لە پاکستان نیشتەجێ بو، ناوی خۆی گۆڕی بۆ (مریه‌م جه‌میله)، له پته‌وکردنی بیری توند و ڕه‌وتی توندوتیژدا به‌شداری له‌به‌رچاوی هه‌بووه. تاڵیبان و ئەلقاعیدە و داعشی ئەمڕۆ بەرهەمی کرداری ئەو ڕەوتەن.
ئه‌م باڵه هه‌میشه له‌گه‌ڵ سه‌له‌فیه‌کان دا کاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌کتری هه‌بووه و هه‌ندێك جار تێکه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌بن و ده‌بنه یه‌ك و به ئاسته‌م لێك جیا ده‌کرێنەوە. ئەرکی سەرەکی ئەم دو قوتابخانەیە و بەشێك لە سەلەفیەکان تێکەڵکردنی ئایین و حوکمڕانی بووە لەگەڵ یەکدا و جیاکردنەوەی بە کفر و دورکەوتنەوە لە بنەماکانی ئیسلام لەقەڵەم دراوە.
ڕەوتی سێهه‌م بریتیه له بزوتنه‌وه‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه بردنی جیهانی ئیسلام له سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی دا به پشتبه‌ستن به عه‌قلانیه‌ت له لێکدانه‌وه‌ی قورئان و حه‌دیس و بنه‌ماکانی شه‌ریعه. ئەم باڵە ئەو سەرچاوانەیان بە شیوازی ناوەڕۆکی (الباطنیة) شی دەکردەوە بە پێجەوانەی پیتیەکان (الحرفیة). له نیوه‌ی دوهەمی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا له لایه‌ن جمالهدینی ئه‌فغانی و (محمد عه‌بدو) نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرا. که‌سانی وه‌کو (تاریق ڕەمەزان) و (فه‌زلول ڕه‌حمان) نوێترین نوێنەرانی ئەو ڕەوتەن و بە نوێکەرەوەی ئیسلامی ناسراون. ئەگەرچی یەکەمیان لەدایكبو، وە پەروەردەی رۆژئاوا و دوهەمیان خوێندکاری زانکۆکانی ڕۆژئاوا و دانیشتوی تا مردنی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بو. بەڵام تاکو ئەمڕۆ نە ئەوان و نە ئەوانەی پێش خۆیان هەرگیز نەیانتوانیوە یان باشترە بڵێم نەیانویستووە ئیسلام بەو ئاراستەیەدا مۆدێڕنیزە بکەن کە بتوانرێت هێڵێکی دیار و لەبەرچاو و جیاکەرەوە لە نێوان ئایین و دەوڵەتدا بکێشن و هەرگیز بۆ بڵاوکردنەوەی بیری سیکولاریزم لە جیهانی ئیسلامی دا کاریان نەکردووە.
سەرەتای قۆناغی ئیمپریالیزمی نوێ لە وڵاتانی ئیسلامی جارێکی‌تر سیکولاریزم لە ژێر سایەی دەسەڵاتە ڕۆژئاواییەکان یان بە پشتیوانی کردنی ئەوان سەریهەڵدایەوە. شۆڕش و ڕاپەڕین دژ داگیرکەرانی ئیمپریالیستی و پێدانی مۆرکی ئایینی پێیان بونە هۆکارێکی گرنگ کە بیری سیکولاریزم جارێکی تر پاشەکشە بکات و پیاوانی ئایینی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ داگیرکەرانی دەرەکی و پاشان دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی وەکیلی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی بخەنە ژێر کاریگەری و نفوزی بەهێزی خۆیانەوە.
دەسەڵاتە سەربازیە کودەتاییەکان و تۆتاڵیتێریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەند و باکوری ئەفەریقای نیوەی دوهەمی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەك، ڕەنگە باشترین نمونەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بن کە توانیان بۆ یەکەم جار و بە ئەندازەیەکی گەورە ئایین و دەوڵەت لە یەکتری جیابکەنەوە. بەڵام ئەمانیش پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی و سەرهەڵدانی بزوتنەوە توندڕەوە ئیسلامیەکان لە وڵاتەکانیان، ناچار جۆرە دابەزینێکیان بۆ پیاوانی ئایین کرد و ڕۆژ بە ڕۆژ بە ئارستەی نزیکخستنەوەی ئایین و سیاسەت لەیەکتری و پەسەندکردن و پەنابردنە بەر نفوزی پیاوانی بۆ مانەوەیان لەسەر دەسەڵات دەڕۆیشتن.
لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە بە هۆی گه‌شه‌ی خێرای جیهانی مۆدێرن و بچوکبونه‌وه‌ی دونیا و گلۆبالیزم و کاریگه‌ری پارچه‌کانی دونیا له‌سه‌ر یه‌کتری، به تایبه‌تی ڕۆژئاوا له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات، تینوێتی گه‌لانی جیهانی ئیسلامی بۆ ئازادی سیاسی و تایبه‌تی له لایه‌که‌وه، هه‌روه‌ها سنوردارکردنی ئازادیە سیاسی و تایبه‌تیەکانی تاکه‌کانی کۆمەڵگا بە هۆی دەقە ئاینیەکان و بنه‌ماکانی ئیسلام و پیاوانی موحافەزەکاری ئایینی له لایه‌کی تره‌وه، هەمیشە بەیەکدادانی سارد یان گەرم و توند لە ئاستی بچوك یان گەورەدا لە ناو ئەو کۆمەڵگایاندا ڕویانداوە. ئەمەش وای کردووە کە چاوەڕوانیەکانی خەڵکی بکەونە پێش ڕەوتی لیبرالترین قوتابخانەی ئیسلامی کە بە ئیسلامی میانەڕۆ ناسراوە. گوایە ئەم باڵە لەچاو ئەوانی تردا کراوە ترینیانە. هەر بۆیە ئەم ڕەوتەش لە زۆربەی لایه‌نەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە توشی بن به‌ست بون و سەرباری هەندێك چاوپۆشی تەکتیکیان نەیانتوانیوە خۆیان له‌گه‌ڵ ژیان و دونیای سەردەمدا بگونجێنن. تەنها شتێك کە لە ژیانا هێشتونیەتەوە ئەوەیە کە سودمەندن لە تەشەنەی ناڕەوایی و گەندەڵی سیاسی و ئابوری دەسەڵاتدارانی وڵاتانی جیهانی ئیسلامی. ئه‌مانه له ڕه‌وڕه‌وه‌ی خێرای شارستانیه‌ت و گه‌شه‌ی خێرا به‌جێماون و سیاسەت و بەرنامەکانیان ناتوانێت وه‌ڵامدانه‌وه‌ی کێشه و داواکاریه‌کانی سه‌رده‌م بێت. ئەوەی جێگای تیاڕامانە دەبینین ئەوروپا و جیهانی ڕۆژئاواش دڵخۆشە بەم ئیسلامە بەناو میانڕەوانە و پستگیریان دەکات. کۆمەڵگا ئیسلامیەکان ئەنجامی ئەم گەشە خێرایە و ئەنجامی بەیەکدادانەکان بەرەو جەمسەرگیری دەچن. لایەنێك بە ئاراستەی سیکۆلاریزمێکی توند و ئەبستراکدا لایەنیکی تر بە پێچەوانەوە. هه‌ربۆیه ئه‌م راسیۆنالستانه زۆرجار سه‌نگه‌ر بۆ سه‌له‌فیه‌کان و توندڕەوان چۆڵ ده‌که‌ن یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌بنه پاشکۆیان.
ته‌واوی ئه‌و ڕەوتە ئیسلامیانە سه‌رباری جیاوازیه بنه‌ڕه‌تی و ڕوکهشیهکانیان له یه‌ك خاڵدا هاوکۆیین و هاوبه‌شن، ئەوەش بریتیە لە دژایه‌تی کردنی سیکولاریزم. سیکولاریزم به مانای جیاکردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و پەروەردە و خوێندن لە ئایین. تەواوی ڕەوتە ئیسلامیەکان له پێناوی ئه‌و دوژمنه هاوبه‌شه‌یان ئاماده‌ن بۆ یه‌کتری دابەزین له زۆربه‌ی مه‌سه‌له بنه‌ماییه‌کانیان بکه‌ن و به‌ره‌یەكی ئیسلامی سیاسی پێك بهێنن. ئه‌مانه ئاماده‌ن به‌رگری له دڕندەترین دوژمنی مێژوییان بکەن دژ به بیری ئازاد و پێشکه‌وتن خوازی و سه‌رجه‌م میتۆدێك بۆ دژایه‌تی کردنی سیکولاریزم و پێکهێنانی کۆمه‌ڵگا و سیسته‌می سیاسی ئازاد و جیاکراوە لە ئایین. ئەوان سەرباری بە ئاگاییان لە ناڕاستی ئەوەی کە سیکولاریزم بێباوەڕی نیە، ئەمە دەکەنە چەکێکی بەگژا کردنی باوەڕداران بەرامبەر سیکولێرەکان. بۆ دژایه‌تی کردنی پێشکه‌وتن خواز و ڕۆشنبیران و پێشره‌وانی بیری ئازادی کۆمه‌ڵ و تاکه‌کان ئه‌گه‌ر نه‌توانن ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست و ئامانجه‌کانیان بهێننه دی، ئه‌وسا ده‌چنه ژێر چه‌تری ده‌سه‌ڵاته‌وه و ده‌یکه‌نه ئامرازێك بۆ دژایه‌تی بیری ئازاد و پێشکه‌وتنخوازی و پەنابردنە بەر ڕەوتی مورتەجیئە. کە تەنها موسوڵمان بون و باوەڕ لە حوکمدار داواکارە و سەرجەم ناڕەوایی و خراپەکاریەکانی دەداتە دەست خوا و رۆژی دوایی.
پایە و نفوزی پیاوانی ئایین لە وڵاتانی ئیسلامی دا بۆتە هۆکارێك کە دەسەڵاتی فەرمی لە ئاستیاندا لاواز و بێ کاردانەوە بێت و تەنانەت سەرباری باوەڕیان بە سیکولاریزم، لە زۆر لایەنەکانی خۆیان بەدور بگرن و لە ناوهێنانی بسڵەمنەوە. دەسەڵاتداران سۆزی مەلاکان و پیاوانی ئایینی دەگۆڕنەوە بە سۆزی ڕۆشنبیران و دەنگە ئازادەکان وجه‌ماوه‌ر. لەو باوەڕەدان کە ڕەنگە ئەمان کاریگەری زیاتریان هەبێت لەسەر خەڵکی سادە و لە هەمانکاتدا هێندەی دەنگە ئازادەکان مەترسی نەبن بۆ سەر دەسەڵاتە ناڕەواکان. دەسەڵاتەکان پیاوانی ئایینی وەکو یەدەکێك له ژێر چه‌تری حکومه‌ت و پارت کەسەکانی دەسەڵات خۆیان ده‌پارێزن. به‌مه‌ش ئه‌و زه‌مینه‌یه‌یان هێناوه‌ته دی که پیاوانی ئایینی سه‌ر به‌و قوتابخانه جیاوازانه باڵادەست بن و دەنگ بڵند تر بن و به‌رده‌وام ببنه جێگای مه‌ترسی بۆ سه‌ر نوسه‌ر و ڕۆشنبیران و لایانگرانی ئازادیخوازی. دهسهڵاتەکان له خه‌یاڵی ئه‌وه‌دان کە پیاوانی ئیسلامی سیاسی له سودی خۆی به‌کاریان ده‌هێنێت، ئه‌مانیش به هەمان شێوه بیرده‌که‌نه‌وه و ده‌سه‌ڵاتیان کردۆته ئامرازی ئامانجه‌کانیان. بۆیه زۆرجار دەبنە ئه‌و سیحره‌ی که له ساحیر هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتانی ئیسلامی له‌وه ده‌دوێن که لە ڕێگای وەزارەتەکانی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پیاوانی ئایینیان کردووه به موچه خۆری خۆیان و به‌وه‌ش خراونه‌ته ژێر کۆنترۆڵی حکومه‌ته‌وه. له کاتێکدا به پێچه‌وانه‌وه سه‌رجه‌م کار و بارێکی ئه‌وقاف و ئایینیان خستۆته بن ده‌ستی پیاوانێك که خه‌لفیه‌ی ئیسلامی سیاسیان هه‌یه و ئازادن له کار و بڕیاریان دا. دەسەڵاتە نادیموکراسیەکان بەم ڕێگایە بەشێك لە ئەرکەکانیان لە بەربەستکردنی ئازادیەکان دەخەنە ئەستۆی مه‌لا و کۆلکه مه‌لا کان و دەنگە کۆنه په‌رسته‌کان و فتوا پڕ لە کینە و ئاگرینەکانیان.
له ئاسته‌کانی تریشدا، دەسەلاتداران له لایه‌ن خۆیانه‌وه ڕاسته‌و خۆ یان ناڕاسته‌وخۆ (تاکو ئێستا) له گوتار و فتوای کۆنهپهرستانەی مه‌لاکان سوود مه‌ندی پله‌ی یه‌که‌من. ده‌یانه‌وێت له‌و ڕێگایه‌وه ئازادی و ده‌سکه‌وته‌کان که به خه‌باتی مێژویی گەلان و بە تایبەتی پاش بەهاری عەرەبی هاتونه‌ته دی له خه‌ڵکی دابماڵن یان سنورداری بکه‌ن. بەهاری عەرەبی خۆی لە خۆیدا جگە لەوەی روبەروبونەوەی جەماوەر بو دژ بە دەسەلاتداران و ناڕەوایی، لە هەمانکاتدا سەنگەرگیری باڵە ئیسلامیەکان و سیکۆلاریزمەکانی ئەو وڵاتانە بو کە تیایدا ئیسلامیەکان توانیان باڵا دەست بن و بەرنامەکانیان دژ بە بیری سیکۆلاریزم و لە چوارچیوەی ئەوەشدا دژ بە ئازادیەکان پیادە بکەن.
دەسەڵاتەکانی وڵاتانی ئیسلامی جگە لەوەی سیاسەتی چەوت و زۆردارانە و ناڕەوایی کۆمەڵایەتی و گەندەڵیەکانیان و هەژارکردنی کۆمەڵگایان هۆکاری گەشە و پشتیوانی توندڕەوی ئایینیە . لە هەمانکاتدا هەر خۆشیان پشتیوانیان لە ڕەوتی ئایینی لە چەندین بواردا ڕەنگ دەداتەوە و دەبینرێت . هەروەکو ئەوەی دەوترێت خۆیان هۆکاری دروستبونیانن و هەرخۆشیان بەهێزیان دەکەن.
ڕێگری دەسەڵات لە ئازادیە سیاسی و تایبەتیەکان وبنەماکانی جیهانی دیموکراتی و مۆدێرن، بەتایبەتی بۆ نەوەی نوێ و لە سەردەمی گەشەی کۆمۆنیکاسیۆنی خێرا و میدیای کۆمەڵایەتی ناکرێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن مەیسەر بێت. گوشار و دەستوەردان لە ژیانی تایبەت و تەنانەت بەرگپۆشین و حیجابی ژنان و گوشار بۆسەر ڕۆژونەگران تا ئاستی زیندانی کردنیان، لە لایەن دەسەڵات یان پیاوانی ئایینی و فتوا ئاگرینەکانیانەوە بۆتە دیاردەیەکی ئاسایی ئەو وڵاتانە . لە لایەکی ترەوە هێشتا لە زۆر لەو وڵاتانەی بەناو سیکۆلارن و لە واقیع دا لە ژێر کاریگەری ڕاستەوخۆی ئیسلامی سیاسی دان و زۆر لە کاروبارەکانی ژنهێنان و تەڵاق و میرات و ... هتد، لە چوارچیوەی یاساکانی ئیسلام و شەریعەدا بە ئەنجام دەگەیەنرێن و دەزگا و دادگای تایبەتیان بەخۆوە هەیە. تەنانەت دەستوری زۆر لەو وڵاتەکەش نەیتوانیوە لە پابەند بون بە وابەستەیی بە بنەماکانی ئیسلام خۆ ڕزگار بکات.
ئه‌رکی ئازادیخوازان و کەس و وڵاتان و هێزە سیکولێر و دیموکراسیەکانە له هه‌ر شوێنێکی دونیادا بن ڕوبه‌ڕوی سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌زگا و که‌سایه‌تیه سیاسیانه ببنه‌وه که پلانی دژ به ئازادیه‌کان داده‌ڕێژن و له ڕێگای مه‌لاکانه‌وه پیاده‌ی ده‌که‌ن. ڕێگا نه‌درێت بنه‌ماکانی ئازادی و دیموکراتی و سۆزی جه‌ماوه‌ر و ئازادی خوازان بکرێته قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانی توێژی دەسەڵاتداران و سۆزی پیاوانی ئایینی و کۆنهپهرستەکانیان.
پێویسته هاوکاتی ئەوەی رووی ده‌م و گوشار دەخرێتە سەر پیاوانی ئایین بۆ دورخستنەوەیان لە ڕادیکاڵیزە کردنی لاوان و کۆمەڵگا، بە هەمان ئەندازە گوشاری ناوخۆیی و نیودەوڵەتی بخرێتە سەر لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانی ده‌سه‌ڵاتە ناوچەییە سەربازیەکان و ده‌سه‌ڵاتدارانی بە ناو دیموکراسی. ئەوانیش لە کرداردا بە شێوازی جیاواز هاوبەشن لەزەمینە خۆشکەری بۆ ڕادیکالیزم و پارێزه‌ری بیری کۆنەپەرستی و توندوتیژی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست