خەونەکانی حەزرەتی فەساد
Thursday, 03/12/2015, 1:41
لەوەتەى کورد هەیە خیانەتى لێدەکرێت و خیانەت لەخۆى دەکات ، لەوەتەى کورد هەیە دەکوژرێت و ئاوارەدەکرێت ، هێندەى ئەوەش هەرخۆیان ، یەکتریان دەکوشت و یەکتریان ئاوارەدەکرد ، جارێ بەناوى پاککردنەوەى نیشتمان لە ( خائن ) و جارێکیش بەناوى ( پاراستنى ئازادى و دیموکراتى لە ( هێزى تاریکى ) ئاخر بەر لە دوو دەی ڕابردوو هەر شەڕبو لەدەرگاى ماڵەکانى ئەدا و حەزێکى شێتانە هەبو ، بۆ خۆشەویستى کردن لەگەڵ تفەنگدا ،چونکە وەھایان پەروەردەرکردبوین کە مردن و لەدایک بونمان تەنها بەچەکەوە پیرۆزەو هەرماڵێک تفەنگێکى تێدا نەبێت ، ماڵ نیەو دەبێت بە نەفرەتبکرێت ، دواى ئەو هەمو ئەزمونە تاڵە لە تەنیشت ئەو خۆ کوشتنانەدا ، هێشتا ئومێدێک لەدڵى مرۆڤەکاندا بەسەوازى چاوەڕوانى گەیشتنى بەختەوەرى بون، ئێستاش هەرچى دەرگاى بەختەوەريیە داخراوە و کلیلەکانى لە گیرفانى ( حەزرەتى فــەساد ) دایە .
هەمو کون و قوژبنەکانى ئەم مەملەکەتە هەروەک ئەندامەکانى لەشم شارەزام ، بەڵام هێشتا نازانم بۆهەرچى خەونمان هەیە دەکرێتە کەلاوە ؟ بۆچى سەرخوان هەیە پڕە لەنان و پێکەنین ، سەرخوانیش هەیە پڕە لەبرسێتى ؟ ئێرە مەمللەکەتێکە پرە لەو کەسانەى هێشتا نازانن کوڕى کامیانن ، جەلــلاد یان قوربانى ، ئێرەمەمللەکەتى ( تەورە ، تەور ) تەورەکانیان دەخەنە سەرملمان و پێمان دەڵێن بەهەشتى ئێمە هەڵدەبژێرن یان دۆزەخى خۆتان ؟! ئەگەردۆزەخى خۆمان هەڵببژێرین ، ئەوا تەور بە دەستەکان بەشێت بە مناڵانى شار دەمان ناسێنن و لەبەردەم دەرگاى مزگەوتەکان ، لە سەر بۆردى فەرماگەکان ، لەسەر دیوارەکانى شار ، لەبەردەم هۆڵەکاندا ، وێنەکەکانمان بڵاو دەکەنەوە لەژێرەوە بەخەتێکى تۆخ دەنوسن ( هێشتا نازانن کێ باوکییانە ) ؟!
دوودەیە بەر لەئێستا شۆڕش لە دژى شۆڕش لە تەپۆڵکە وشکەکاندا تەڕ تەڕدەکرانەوە ، ئـــاخر شۆڕش نابێت جەنگاوەرى لێببڕێت ؟! ئەوە حیکمەتێکە تەنها شۆِرشگیڕەکان دەیزانن ، هەموو شۆڕشێک هەروایە ، تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێنێت، ئیدى دیارە ئەوە حیکمەتى شۆڕشەو من نازانم بۆچى دەبێت وەهابێت ، بەڵام ئەوەى هەرگیز لەیادم ناچێت ، جەنگاوەرەکان ، فریشتەکانى شۆڕش بون کە کۆڵە پشتەکانیان پڕکردبو لە ڕق و مردن و بەرەو جەنگ ملیان دەنا ، ئاى چیى دیمەنێک بو هەرچى کۆڵانەکانى شاربو جمەى دەهات لە کاسبکارو قوتابیى و فەرمانبەرو مامۆستاو هونەرمەند ، هەر وەک سواڵکەر لە دەرگاى ماڵەکانیان ئەداو داواى نانیان دەکرد بۆ جەنگاوەرە برسیى و ماندوەکانى شۆڕش !
تەنها چەند هەفتەیک بو دواشۆڕشى تەپۆڵکە وشکەکان دەستى پێکردبو ، هەرچەند هەفتەیک بوو (منداڵە بۆیاخچیەکانى شار ) چونە بەردەم بارەگاى شۆڕشگێرەکان وبەدەم نزاو هاوارکردنەوە دەیان وت ( شەڕەکانتان ، پێڵاوى لاستـیکـى کردە پێى هەموومان ، ئیدى ئێمە چـى بۆیاخ بکەین) چی وەزعێکە تائێستاش ، کوشتن و ئەتککردنی ژنێک ، ئیھانەکردن و سوککردنی کۆمەڵگایەک ، بـڕیـی قوتی میللەتێک ، شۆڕش گێرەکان ڕاناچەڵەکێنێت ؟!
تیبینى: بۆ نووسینی ئەم بابەتە سود لە توێژینەوەیەکى بەڕێز ( ئاراس عەبدولکریم ) وەرگیراوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست