کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خەیار فروشتنەکەی ئاشتى هەورامی بیست ملیاری پێژماردین

Thursday, 03/12/2015, 0:41


دکتۆری پایەبەرزو شکۆدار جەنابی کاک ئاشتی هەورامی لەدانیشتنێکدا لەبەغدا پێی وترا، کەوا دەرکردنی نەوتو بەبازارکردنی کارێکی ئاسان نیە،ئەوبش لەوەڵامدا فەرموبوی" لای ئێمە لەخەیارو تەماتە فرۆشتن ئاسانترە". چەند جارێکیش بۆ سەلماندنی توانای کاسبیکردنی بەنەوتی هەرێمەوە شەکرێکی شیرینتری شکاند کاتێک لەکۆبونەوەیەکدا خۆی گییڤکردەوەو فەرموی"کەسێک لەو پسپۆرترو شارەزاتر وبلییمەتر نەک لەکوردستانو جیهانیشد نیە،بەڵکو لەسەر مەریخیش بونی نیە"؟!.لێزانی ئەو برادەرەو شارەزایی لەکاسبیەکەی ئێمەی هێنایە سەر ساجی عەلی..
لەزمانی تورکمانیدا بەئاگر ئەڵێن" ئاتەش"،ئەم ئاشتیەی کە بەتەما بو دونیامان بۆ بکاتە شامی شەریف و ئاشتی وسەقامگییری ئابوری لەکوردستانا بەرقەرار بکات، لێمان بو بەئاتەش و خەریکە هەمو کوردستان ئەسوتێنێ بە حیزبی پارتیشەوە..شوکر بۆ خوا سەرۆکی هەرێمو سەرۆکی حکومەت و وەزیری سامانە سروشتیەکانو وەزیری پلاندانایش هەر لەپارتییە،کەواتە دەسەڵاتی فیعلی بواری نەوتو بەرێوەبردنی هەرێمو پلاندانانیش لەم هەرێمە بەدەست پارتیەوەیە..کەس باسی شەریکو جێگرانی ئەم دەسەڵاتدارەنەم بۆ نەکەن، چونکە بەعام لەوڵاتانی شەرقیدا ئەمانە دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نیە ئەگینا ئەوانیش بەو ئاگرەوە ئەسوتان.
کاک ئاشتی خەیارفرۆش کە پێنج ساڵ پێش ئێستا سوێندی خواردبو لەساڵی 2015دا ئاستی هەناردەی نەوت بگەیەنێتە یەک ملیۆن بەرمیلو بەشی مانگانەش لەداهاتەکەی لەناو زەرفێکا بنێرتە ماڵی هاوڵاتیانەوە، ئێستا کەوا لەکۆتایی 2015دا نزیک دەبینەوە هەرێمی کوردستانی بە 20 ملیار دۆلار قەرزار کرد، بەمەش ئەبێ هاوڵاتیان هەم لەبەشە نەوتەکەی خۆیان خۆشبن، هەم ئەگەر بەزەحمەتیشی نەزانن هاوکارییەکی کاک ئاشتیش بکەن بۆ ئەوەی ئەم قەرزوقۆڵە بداتەوە.
کارەساتەکە لەوەدا نیە ئەم قەرزە چون چۆنی ئەدرێتەوە لەکاتێکدا فەرمانبەرانیش چوار مانگ جارێک موچە وەرئەگرن کەبژیۆوی ماڵو منداڵیانە.بەڵکو کارەساتەکە لەوەی داهاتویە،چۆن چۆنی ئەم قەرزو قۆڵانە ئەدرێنەوە.
هەڵبەت هەمومان ئەزانین هیچکام لەبەرپرسانی پارتی کە ئەوە حەوت ساڵ زیاترە پارەی نەوت ئەدزن وسامانی میللەت ئەخەنە سەر حیسابەکانیانەوە لەدەرەوەی وڵات هیچکات ئامادە نین لەپارەی خۆیان بەشێکی بچوکی ئەم قەرزەش بدەنەوە،هەرچەندە من پێموایە ئەگەر ئەوان عاقڵ بن و نەهێلن ئاشتی هەورامی سەری ئەوان بخوات،، باشتروایە بەشێک لەو پارانەیان بهێننەوەو قەرزەکەی پێ سوک بکەن، چونکە نە میللەت بەرگەی باجی زیاتر لەوەی ئیستا ئەگرێ،نە بەغداش پارەمان بۆ ئەنێرێ، یا خۆی ئەکات بەخاوەن، نە وڵاتانی دونیاش ئامادەن لەبەرامبەر ئابورییەکی داتەپیوی وەکو ئەوەی کوردستان قەرزی نێودەولەتی بدەنە هەرێم..
 ولیزالیک ئەینەل مەفەر؟
پێشبینی ئەکەم حکومەتە ناسکو نازدارو تازە پێگەیشتوەکەمان چەندین ئیجرائاتی قورستر بخاتە سەرشانی میللەت بە:
- زیادکردنی نرخی بەنزین جارێکیتر.
-زیادکردنی نرخی کارەباو کەمکردنەوەی ماوەی پێدانی بەماڵانەوە،هەڵبەت بەئیستیسنای ماڵی مەسئولەکان؟
- زیادکردنی رسوماتی فەرمانگە حکومیەکان بەکەرتی تەندروستیشەوە.
-راگرتنی سەرجەم پرۆژە خزمەتگوزارییەکان.
-کەمکردنەوەی موچەخۆران بەدەرکردنی ژمارەیەکی زۆریان، هەڵبەت بە ئیستیسنای کادیرانی حزبەکانیان.
- فرۆشتنی موڵکی حکومەت وهەراجکردنیان وەک ( زەوی و عەقارتی حکومەت).
- زیادکردنی باجی سەر هاوردەکان بە شێوەیەک ئاگر بخاتە ناو بازارەوە .
- دانانی باجی گەورەتر لەسەر کۆمپانیاکانی گەیاندن، بەمەش کارتی موبایل گرانتر ئەبێت لەوەی هەیە.
- هەوڵدان بۆ راکێشانی قەرزی نێودەوڵەتی بەشیوەیەک هەرێم بخاتە ژێربارێکی زۆر قورسەوە و ئاییندەی بخاتە مەترسییەوە.
ئەمانە مشتێکن لەخەرواری ناو هەگبەی حکومەتە نازدارەکەی هەرێم کە بەتەمابو کوردستانمان بکاتە دوبەی، بەڵام دەرکەوت ئەو دوبەیەی ئەوان باسیان ئەکرد، گەڕەکی هیندی وپاکستانیەکانی ئەوێ  بێت؟
خوا مەحفوزمانکات رۆژانێکی گەڵێ رەشمان لەپێشە..باقی وەلسەلام..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە