گه‌نده‌ڵی و کاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌شه‌ی ئابوری ناوخۆ و هه‌ژاری ـ بەشی چوارەم
Monday, 30/11/2015, 20:38
لێکۆڵینه‌وه مه‌یدانیه‌کان سه‌باره‌ت به کاریگه‌ری گه‌نده‌ڵی و ئابوری و هه‌ژاری له‌سه‌ر یه‌کتری
جگه له تیۆریه‌کان و په‌یوه‌سته لۆجیکیه‌کان،به پێی تاقیکردنه‌وه‌کان وا ده‌رده‌که‌وێت که په‌یوه‌ندیه‌کی کاردانه‌وه‌یی ڕاسته‌وخۆ له نێوان گه‌نده‌ڵی و گه‌شه‌ی ئابوری و له دوا ئه‌نجام دا هه‌ژاری هه‌بێت.
ژماره‌یه‌کی زۆر له ده‌زگا جیهانیهکان له لێکۆڵینه‌وه مه‌یدانیه‌کانیان دا گه‌یشتونه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که نه‌بونی گه‌شه‌ی ئابوری ژماره و ئاستی نزمی گوزه‌رانی هه‌ژاران زیاتر ده‌کات و هه‌ژاران هه‌ژارتر ده‌کات. به پێچه‌وانه‌شه‌وه تاقیکردنه‌کان نیشانیان داوه زیاد بونی به‌رهه‌می گشتی ناوخۆ ده‌سکه‌وتی هه‌ژاران زیاتر ده‌کات و باری گوزه‌رانیان به‌رز تر ده‌کاته‌وه. یه‌کێك له پشتیوانیه گرنگه‌کانی گه‌شه‌ی به‌رهه‌می گشتی ناوخۆ بریتیه له ڕاده‌ی که‌می گه‌نده‌ڵی. که ڕێخۆشکهریه بۆ گه‌شه‌ی ئابوری. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆکاری ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌کانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه نهسڵهمنهوه و به شێوه‌یه‌کی مه‌شروع بخرێته گه‌ڕ و قه‌واره‌ی به‌رهه‌می ناوخۆ گه‌وره‌تر ببێت. له هه‌مان کات دا ده‌سکه‌وته‌کانی بۆ ته‌واوی کۆمه‌ڵگا بێت له ڕێگای خستنه کاره‌وه و به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌سکه‌وت و موچه‌کان و به‌هێزکردنی توانای کڕین و باجدان به ده‌وڵه‌ت و به‌رهه‌می ناوخۆ خستنه بازاره‌وه به‌رجه‌سته ده‌بێت.
گه‌شه‌ی ته‌ندروستی ئابوری ناوخۆ ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سکه‌وته‌کان (قازانج یان موچه) به شێوازێکی ڕه‌وا دابه‌شبکرێت. دابه‌شکردنه‌وه‌ی ده‌سکه‌وته‌کان فاکتۆرێکی نێوهندیه (توسط) ی له نێوان گه‌شه‌ی ئابوری و هه‌ژاری دا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ی ئابوری هه‌میشه ڕاسته‌وخۆ له خزمه‌تی هه‌ژاران دا نیه ، به‌ڵکو دابه‌شکردنه‌وه‌ی ده‌سکه‌وته‌کانه که به‌هۆی ئه‌و گه‌شه‌یه‌وه دێته دی و ده‌چێته سوودی اۆربه و به تایبه‌تی هه‌ژارانه‌وه. ئه‌مه‌ش دوباره پاش به‌هێزکردنه‌وه‌ی هێزی کڕینی هه‌ژاران له گه‌شه‌ی ده‌سکه‌وتی پوختی تاك دا له لایه‌ك و به‌رهه‌می گشتی ناوخۆدا خۆی به‌رجه‌سته ده‌کات، و ئابوری ناوخۆ زیاتر به‌ره‌و گه‌شه‌و سه‌قامگیری ده‌باته‌وه. له هه‌ر دوباره بونهوهیهکیشدا ئه‌م چهرخاندنه سوودمه‌نده له به‌رده‌وامی و له گه‌شه‌دا ده‌بێت و سوده‌کانی دوباره و چه‌ند باره ده‌بنه‌وه.
تیۆریه‌کان به لێکۆڵینه‌وه مه‌یدانیه‌کان پشتیوانی کراون که‌له لایه‌ن که‌سان و ده‌زگا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان له وڵاتانی جیاواز دا ئه‌نجام دراون؛
World Bank بانکی جیهانی
بانکی جیهانی له ڕێگای چه‌ند لێکۆڵینه‌وه‌یه‌که‌وه گه‌یشتۆته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که په‌یوه‌ندیه‌کی کار و کاردانه‌وه هه‌یه له نێوان گه‌نده‌ڵی و گه‌شه‌ی ئابوری دا.
ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ش په‌یوه‌ندیه‌کی ئاڵۆزه. ئه‌وه‌ی جێی گومان نیه ئه‌وه‌یه که گه‌نده‌ڵی گه‌شه‌ی ئابوری زوو یان دره‌نگ به‌ربه‌ست ده‌کات و ده‌بێته هۆکاری ناڕاسته‌وخۆی بڵاوبونه‌وه و قوڵ بونه‌وه‌ی هه‌ژاری.
به ڕای لیژنه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌ی بانکی جیهانی بڵاو بونه‌وه‌ی هه‌ژاری له وڵاتانی ڕابردوی سۆڤیه‌ت دا به هۆی دابه‌زینی له سه‌دا په‌نجای به‌رهه‌می گشتی ناوخۆوه بووه. له وڵاتانی ناوه‌ند و ڕۆژ هه‌ڵاتی ئه‌وروپا هه‌ژاری به‌هۆی دابه‌زینی له سه‌دا پانزه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆوه سه‌ریهه‌ڵداوه. له‌و وڵاتانه‌دا هه‌ژاری به توندی په‌یوه‌ست بوو به گه‌نده‌ڵی فه‌رمانبه‌ری و گه‌نده‌ڵیش له ڕێگای تاقیکردنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانیه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه به گه‌شه‌ی ئابوریه‌وه.
- له وڵاتانی وه‌کو بۆسنیه و گانا و سلۆڤاکیا و پۆلۆنیا بازرگانه بچوکه‌کان قوربانی به‌رتیل دان و سه‌رانه لێسهندنن له لایه‌ن فه‌رمانبه‌رانی گه‌نده‌ڵه‌وه و زۆربه‌یانی به‌ره و نابوتی ماڵی بردووه.
- له به‌نگلادش له سه‌دا 30 له ده‌سکه‌وتی ده‌وڵه‌ت به هۆی به‌رتیل خۆری له‌ده‌ست ده‌چێت.
زیانه‌کانی گه‌نده‌ڵی به جۆرێك کاریگه‌رن له ژیان و گوزه‌رانی زۆربه‌ی خه‌ڵك له ڕۆمانیا، ئیندۆنێزیا و کامبۆجیا خه‌ڵکی ئاماده‌ن باجی زیاتر بده‌ن به ده‌وڵه‌ت به مه‌رجێك گه‌نده‌ڵی که‌م بکرێته‌وه.
- م. ج. کویبریا ((M.G. Quibria
کوبیریا یه‌کێکه له ئابوری ناسان که کار بۆ زانکۆ جیاوازه‌کانی وڵاته یه‌کگرتوه‌کان ده‌کات. له ڕێگای لێکۆڵینه‌وه مه‌یدانیه‌کانه‌وه گه‌یشتۆته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که وڵاتانی له حاڵه‌تی گۆڕانی سه‌ر به یه‌کێتی سۆڤێتی ڕابورد و له گوێزانه‌وه‌یان دا بۆ ئابوری بازاڕ ڕوبه‌ڕوی دابه‌زینی سه‌ره‌کی به‌رهه‌م هێنان و سستی گه‌شه‌ی ئابوری بونه‌وه ئه‌وه‌ش کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر هه‌ژاری له‌و وڵاتانه‌دا پێشان داوه.
کویبریا سه‌باره‌ت به گه‌شه‌ی وڵاتانی ئاسیای دوور که به هۆی گه‌شه‌ی ئابوریانه‌وه به پڵنگه‌کانی ئاسیا ناسراون، ده‌ڵێت: " گه‌شه‌ی خێرای ئابوری نێوان 1980 تاکو 1990 به ڕاده‌یه‌کی بنچینه‌یی ژماره‌ی هه‌ژارانی خوار یه‌ك دۆلاری ( بۆ سه‌رێك له ڕۆژێك دا) دابه‌زاندووه. له‌و وڵاتانه‌دا دابه‌شکردنی دادپه‌روه‌رانه بۆته هۆکاری دابه‌زینی توندی هه‌ژاری."
- لێکۆڵینه‌وه‌ی گویپتا و ئه‌وانی تر (the Gupta et al study1998 )
له لێکۆڵینه‌وه له 56 وڵاتی جیاوازدا له په‌یوه‌سته‌ی گه‌نده‌ڵی و گه‌شه‌ی ئابوری و هه‌ژاری دا گه‌یشتونه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که که‌مبونه‌وه‌ی هه‌ژاری به ڕۆڵی خۆی کاریگه‌ره له‌سه‌ر به‌ره‌و پێشه‌وه بردنی گه‌شه‌ی ئابوری وڵات.
- گروپی لێکۆڵینه‌وه‌ی دۆلار و کرای بانکی جیهانی بۆ گه‌شه پێدان
Dollar and Kraay of the World Bank Development Research Group
له لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانیان دا له 80 وڵات دا له ماوه‌ی 4 ده‌یه‌دا گه‌یشتونه‌ته ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی که ده‌سکه‌وتی نزم ترین توێژی له‌سه‌دا بیستی دانیشتوان هاوکات له‌گه‌ڵ گه شهی به‌رهه‌می گشتی ناوخۆ بۆ هه‌ر سه‌رێك به‌رز بۆته‌وه. به پێی لێکۆڵینه‌وه‌که له‌گه‌ڵ به‌رز بونه‌وه‌ی له‌سه‌دا یه‌کی گه‌شه‌ی به‌رهه‌می گشتی ناوخۆ، له سه‌دا یه‌ك له ده‌سکه‌وتی هه‌ژاران زیادی کردووه.
ده‌یان لێکۆڵینه‌وه و تاقیکردنه‌وه‌ی مه‌یدانی که‌سانی ئابوری ناس و ڕێکخراو و ده‌زگا جیهانیهکان ئه‌و ڕاستیه پێشان ده‌ده‌ن که گه‌نده‌ڵی له دوا ئه‌نجام دا هه‌ژاری به‌دوای خۆیدا دێنێت. نمونه‌ی تر به پێویست نازانم و مشتێك نمونه‌ی خه‌روارێکه.
ده‌رئه‌نجام:
گه‌نده‌ڵی ده‌کڕێت شێواز و قه‌واره‌ی جیاوازی هه‌بێت. گه‌نده‌ڵی له هه‌ر وڵاتێك دا تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی هه‌یه. گه‌نده‌ڵی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی فه‌رمی و نافه‌رمیه‌وه به تایبه‌تی له وڵاتانی خاوه‌ند سامانی سروشتی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێته هۆی پێك هێنانی توێژێکی خاوه‌ن سه‌رمایه‌ی گه‌وره. له سایه‌ی ئه‌وانیش دا توێژێکی بچوك و مام ناوه‌ندی له گه‌نده‌ڵان پێك دێت. ئه‌م توێژانه هه‌ر یه‌که‌یان به شێوازی خۆیان به‌ربه‌ست ده‌بن له گه‌شه‌ی ئابوری وڵات و دوا ئه‌نجام به‌رزکردنه‌وه‌ی ژماره‌ی هه‌ژاران و دابه‌زاندنی ئاستی گوزه‌رانی هه‌ژاران( هه‌ژاران هه‌ژار تر و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ند تر ده‌که‌ن).
گه‌نده‌ڵی کاریگه‌ریه‌کانی له ڕێگای جیاوازه‌وه له‌سه‌ر باری ئابوری وڵات نیشان ده‌دات گرینگ‌ترینیان؛ دروستکردنی جیاوازی و بۆشایی فراوان له ده‌سکه‌وت و موچه‌کاندا، تێکدانی سیسته‌می پێشبڕکێی دروستی سه‌رمایه، تێکدانی سیسته‌می بازار، لاوازکردنی هێزی کڕینی زۆربه، به‌رزبونه‌وه‌ی ناشه‌رعی خه‌رجی بۆ ئه‌نجام دانی بازرگانی و به‌رهه‌م هێنان و خزمه‌تگوزاریه‌کان، لاواز کردنی ده‌زگا فه‌رمانبه‌ری و خزمه‌تگوزاریه‌کان، به‌هێزکردنی ده‌سه‌ڵاته نایاسایی و نامهشروعهکان، نه‌هێشتنی متمانه‌ی هاووڵاتی به یاسا و ده‌زگاکان و به‌رپرس و سه‌رانی وڵات.
ڕێژه‌ی زۆر و فراوانی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی به تایبه‌تی له لایه‌ن خودی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه شه‌رعیه‌تی حکومه‌ت و ده‌زگاکانی ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه. کاتێك که هاوڵاتیان و لایه‌نی سیاسی و ده‌زگا دژ به گه‌نده‌ڵیه‌کان بێ هیوا ده‌بن له چاکسازی به ئاراسته‌ی گۆڕانکاریه ڕادیکاڵیهکاندا ده‌چن و له دوا ئه‌نجام دا قه‌یرانه سیاسیه‌کان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن.
بۆیه ده‌کرێت بوترێت ئه‌و که‌س و لایه‌نه سیاسیانه‌ی به‌رنامه به ئاراسته‌ی چاکسازیه‌کان و دژایه‌تی کردنی گه‌نده‌ڵی ده‌خه‌نه ڕوو ڕێگرن له ڕودانی قه‌یرانه‌کان. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وانه‌ی پشتگوێخه‌ر یان په‌یڕه‌و که‌ری به‌رده‌وامن له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی، دروستکه‌ر و به‌رپرسیاری زه‌مینه‌ی قه‌یرانه سیاسیه‌کانن.
پاشکۆ:
له‌م بابه‌ته‌دا به کورتی په‌نجه بۆ چه‌ندین لایه‌نی تری په‌یوه‌ست به گه‌نده‌ڵیه‌وه ڕاکێشراوه. ده‌کرێت له‌سه‌ر هه‌ر یه‌کێکیان بابه‌تی به سوود بنوسرێت. به ئه‌نجام گه‌یاندنیان له لایه‌ن نوسه‌رانی تره‌وه، به‌تایبه‌تی که‌سانێك که له بواری ئابوری سیاسی دا شاره‌زان به دڵنیاییه‌وه سوود گه‌یاندنه به دژایه‌تی کردنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمه‌که‌مان دا. ئه‌و بابه‌تانه‌ش بریتین له‌م باسانه‌ی خواره‌وه.
- پێناسه و ئاماره‌کان و شێوزهکان و ئاسته‌کانی هه‌ژاری به پێوانه جیهانیهکان و لێکۆڵینه‌وه له هه‌ژاری له هه‌رێمی کوردستان دا به‌و پێوانانه.
- گه‌نده‌ڵی و کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئایندهی خوێندن و فێربون و ته‌ندروستی و بواره خزمه‌تگوزاریه‌کان و هێزه کاریه‌کان به گشتی.
- گه‌نده‌ڵی و کاریگه‌ری له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه‌دارانی ده‌ره‌وه و کاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه.
- گه‌نده‌ڵی و کاریگه‌ری له‌سه‌ر بنه‌ما و ده‌زگا دیموکراسیه‌کان و شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات و سه‌قامگیری سیاسی.
- گه‌نده‌ڵی و په‌یوه‌ندی به نه‌ریتی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتور و ئایینه‌وه.
- تاقیکردنه‌وه جیهانیهکان له بواری چاره‌سازی و دابه‌زاندنی ڕێژه‌یی گه‌نده‌ڵی.
کۆتایی
سه‌رچاوه‌کان:
ARMOEDE DOOR CORRUPTIE
BEKÄMPFUNG DER ARMUT
corruption-and-poverty
Corruptie houdt miljoenen mensen in armoede gevangen
Die Bekämpfung von Armut und Korruption
Het inherent risico van Corruptie
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست