گۆڕان ڕوى لە قانون وەرگێڕاوە
Friday, 27/11/2015, 22:38
بزوتنەوەى گۆڕان چ لەسەردەمى ئۆپۆزیسێنبونى یان بەشدارى لەحکومەتکردنیدا ئەگەر سێ ووشەى لەدەم ترازابێت ئەوا دوانیان ووشەگەلى یاساو قانون بووە ، ئایا ئەوە بەشێکبووە لەبەرنامە و کارى هەنوکەییان یان بۆ بەکارهێنانى ڕۆژانە بووە کە ختوکەى سۆز و گیانى سادەى کۆمەڵانى خەڵکیان پێداوە ... ؟ لەمەیانى کردەوە و لەم دیفاکتۆیەى ئێستا ئەبێت پەنا بۆ قانون بەرن بەڵام ئەوەى ئەوەى کە ڕویان لێوەرگێڕاوە قانون وڕێکارەکانیەتى ، لە کاتێکدا و بەوتەى خۆیان ژوورى یاساییان هەیە ، کەواتە ئەو قانونەى کە باسیان لێوە دەکرد لە کاتى حوکمداریدا خولیایەک بوو سنورى قەڵەمڕەوى ئەملا بووە تێنەپەڕیوە ، تا ئەوەندە بڕیکردووە کە جێگە بەخەڵکانیتر لەق بکەن و کەسى خۆیان لە جێگەى دابنێین .
بە (کودەتا ) کەى پارتى وەزیرەکانى گۆڕان دەرکران و ڕێگرى چونە سەرکارەکانیان لێکرا ، ڕێگرى لەسەرۆکى پەڕلەمانکرا کە بچێتە سەرکارەکەى ، پرسیارەکە ئەوەیە: بۆ بزوتنەوەى گۆڕان ئەم شمشێرى قانونەى لە کێلان دەرنەهێنا ، لەکاتێکدا ئەوەى پارتى کردویەتى تاوانێکى یاساییە بەماناى ووشە وسزاى تایبەتى خۆى هەیە .
تاوانەکە بەپێى مادەى ٢٣١ و ٢٣٢ لە یاساى سزاکانى ژمارە ١١١ى ساڵى ١٩٦٩ هەموارکراو وە بەڕێنمایى مادەى ١٣٦ و بڕگەى دووەم سزاکەى ئەڕوات بۆ زیندانى، کە هەرکەس بە دەسئەنقەست ڕێگرى لە کارمەندێک یان یان هەرکەسێکە ڕاسپێردراو بەئەرکى گشتى ، بکات ، نەهێڵێت بەئەرکەکانى هەڵبسێت .
ئەڵێن : لەگەرمەى شەڕى ناوخۆ ، هەندێک پارێزەرى سلێمانى پێشنیارى پەنا بۆدادگا بردن دژ بە مەسعود بەرزانى و هەندێک سەران و لێپرسراوانى پارتى بۆ یەکێتى کردبوو ، بەڵام یەکێتى گاڵتە و قەشمەرى بەمجۆرە قسانە هاتبوو .
هەرلەگەرمەى شەڕى ناوخۆ ، پارتى کەیسێکى بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ کردبوو لەسەر تەقینەوەکەى بازاڕى زاخۆ ، حوکمى لە سێدارەدانى بۆ دەرکرد ، وەکو کەیسێک هەمو قۆناغە یاساییەکانى تێپەڕاندبوو ، لاموابێت دواتر بوو بە خاڵى مفاوەزاتى نێوانیان .
گۆڕان ژورى یاساییەکەى بۆکەى هەڵگرتووەو دەرگاکەى بۆناخاتە سەر پشت تەنگانە لەمەزیاتر ئەبێت چى بێت . بەپێى ڕابوردووى بزوتنەوەى گۆڕان بێت دەرگاى ئەم ژوورى قانونە هەروا بەکڵۆم دراوى ئەمێنێتەوە ، بە حوکمى قانون سەرۆکى پەڕلەمان نەیتوانى وەکو سەرۆکى هەرێم دەسەڵاتەکانى بەکاربهێنێت لەگەڵ ئەوەدا خۆى خاوەن دەسەلات بوو ، سەرۆکى گەورەترین دامەزراوەى یاسادانان بوو بەڵام دوو وشەى قانونى دژ بە و هێزى چەکدارە کە حەرەم وشکۆى پەڕلەمانیان شکان ، نەووت ، هیچ نەبێت بەزمانى ئاماژەش یەک دوو ئاماژەى ناڕەزایى دەرنەبڕى ، نێچیرەوان نەیهێشت وەزیرى داراییەکەى گۆڕان بە تەپەتەپ بۆ پەڕلەمان بچێت ، بزوتنەوەى گۆڕان نوزەیەکى بۆنەکرد ، پەڕلەمان ئاوا هەتیو کەوتبێت هەڵوێستێکى قانونىمان بەدى نەکرد .!
بزوتنەوەى گۆڕان لەبرى ئەوەى وەکوهێزێکى کۆمەڵایەتى ، ئاستى ناڕەزایەتیەکانى جەماوەرى فروانبکات و ( کودەتا )کە لە خانەى گۆڕانەوە دەربهێنێت و بیکات بە کودەتا دژ بە ئیرادەى خەڵک و دەنگدەرى کوردستان ، یان پەنا بۆ قانون و ڕێکارى یاسایی ببات ، ئە چێت لەدەروازەى ئەم کونسول و ئەو باڵوێزخانە ئەدات . لەوانەیە هۆى سەرەکى ئەوە بێت گۆڕان شکستیان لە حکومەتکردندا پینە ناکرێت و خەڵکیش ناچێتە پاى ناڕەزایەتیەکەیان .
پێموایە بزوتنەوەى گۆڕان ، لە پەنابردن بۆ چالاکى شارستانیانە ، کورتیبن و نەفەس کورتە ، ئاماژەکان شتێکیترمان بۆ وێنا ئەکەن ، کە ئەم بزوتنەوەیە ئاوەژوو دیمەنەکان ئەبینێت :
جاڕێک کۆمەڵێک فەرمانبەر بۆ نارەزایی دەربڕین لە بێئاستى و ناکارامەییى بەڕێوەبەرێکی گشتى گۆڕان بەناوى هەوار رەووف بەناچارى ڕوو لە گردى زەرگەتە ئەکەن ، لەوێ بەڕێز عومەرى سەیدعەلى ئەبینن ، زۆر شتى بۆ باس ئەکەن هەر ئەوە ماوە بڵێن کە ئەم کارمەندى گۆڕان دۆسیەى لێکۆڵینەوەو دادگایى دزیەکەى جارانى گومرگى هێشتا تۆزى لێنە نیشتووە . لە وەڵامى ئەم گازندە و گلەیى و سکاڵایانە بەڕێزیان ئەفەرمووێت : وازى لێبێنن گەنجە ئەیەوێت چاکسازى بکات .
ئیتر : گرد لە خەیاڵێک و گردەوان لە خەیاڵێکیتر قانونیش لە هیچ کامیان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست