گه‌نده‌ڵی و کاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌شه‌ی ئابوری ناوخۆ و هه‌ژاری ـ بەشی دوهەم
Sunday, 22/11/2015, 4:06
مەترسی و کاریگەریەکانی گەندەڵی لەسەر سەرمایەی ناوخۆ
یه‌كێك له مه‌رجه گرنگه‌کانی گه‌شه‌ی ئابوری هه‌ر وڵاتێك یان ناوچه‌یه‌ك به پله‌ی یه‌که‌م بوون و جموجۆڵی به‌رده‌وامی سه‌رمایه‌ی ناوخۆیه‌تی. سه‌رمایه‌ی ناوخۆ به‌شێکی گرنگی پێکهاته‌ی به‌رهه‌می گشتی ناوخۆیه. سه‌رمایه‌ی ناوخۆی پاك له مه‌یدانی به‌شداری کردنیدا له ئابوری وڵات دا به‌هۆی گه‌نده‌ڵیه‌وه ڕوبه‌ڕوی کۆمه‌ڵێك مه‌ترسی ده‌بێته‌وه.
گه‌وره‌ترین مه‌ترسی که سه‌رمایه‌ی گه‌نده‌ڵ پێکی ده‌هێنێت ئه‌وه‌یه که ده‌که‌وێته پێشبڕکێ له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌ی پاك و ده‌بێته به‌ربه‌ست له ڕێی گه‌شه‌ی ئاسایی ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌دا.
گه‌نده‌ڵی ڕێگر ده‌بێت له به‌کارهێنانی به‌سوود له سامانه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌ی به‌ده‌ست هاتوو له‌و سامانه. ئه‌مه‌ش له چه‌ند ڕێگایه‌کی دیاریکراوه‌وه ڕوده‌ده‌ن که گرنگترینیان ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن؛
یه‌که‌م: ته‌واوی کۆمه‌ڵ هاوسان و ڕه‌وا له سه‌رچاوه سروشتیه‌کان به‌هره‌مه‌ند نین به‌ڵکو به‌شێکی ده‌چێته ئه‌و که‌ناڵانه‌وه که له خزمه‌ت که‌س و ده‌زگا تایبهتیهکاندایه.
دوهه‌م: ئه‌ندازه‌ی پێویست له‌و ده‌سکه‌وتانه وه‌کو سه‌رمایه‌ی چالاك بۆ وه‌به‌ر هێنانه‌وه به‌کار ناهێنرێته‌وه. ئه‌مه‌ش واده‌کات ئه‌و سه‌رمایانه‌ی به‌کارده‌هێنرێنه‌وه که‌متر بن له سه‌رمایه‌ی پێویست بۆ گه‌شه‌ی ئابوری ناوخۆ.
سێهه‌م: به‌هره‌مه‌ندی ئابوری نه‌ته‌وه‌یی له سه‌رمایه‌ی به‌ده‌ست هاتو به پێی پێویست نیه. به‌و مانایه‌ی که ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ی ده‌خرێته‌وه خزمه‌ت ژێرخانه ئابوریه‌کان به هۆی گه‌نده‌ڵیه‌وه ڕاده‌یه‌کی که‌متری له پێویست بۆ دیاری ده‌کرێت. ژێرخانه ئابوریه‌کان به پله‌ی یه‌که‌م بۆ گه‌شه‌ی ئابوری و خزمه‌تگوزاریه‌کان پێویستن و بریتین له ڕێگاو بانه‌کان و ووزه‌ی کاره‌بایی و هۆکاره‌کانی گوێزانه‌وه و به‌رهه‌م هێنان. که‌م بونه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به هۆی گه‌نده‌ڵیه‌وه یان ئه‌و ژێرخانانه پێك ناهێنێت یان له‌رزۆك و لاوازیان ده‌کات.
له‌لایه‌کی تره‌وه گه‌نده‌ڵی له جێبه‌جێکردنی ئه‌و پرۆژه ژێرخانیانهدا به ڕۆڵی خۆی به‌شێك له بودجه‌ی ته‌رخان کراو بۆ ئه‌و پرۆژانه به‌لای خۆیدا ده‌بات و که‌متری ده‌کاته‌وه. هه‌روه‌ها به هۆی گه‌نده‌ڵیه‌وه ئه‌و پڕۆژانه ده‌که‌ونه ده‌ست که‌سان و ده‌زگای ناپسپۆر و که‌م تاقیکردنه‌وه و مافی پێویستی خۆیان پێ نادرێت.
له زۆر له‌و وڵاتانه دا که گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌کی بڵاو و له‌به‌رچاوه ئه‌م ڕاستیانه له لایه‌ن هه‌موانه‌وه هه‌ستی پێ ده‌کرێت. بۆ نمونه هه‌ندێك له شه‌قامه‌کانی هاتوچۆی نێوان شاره‌کان و ووزه‌ی کاره‌با و کارگه و ئامرازه‌کانی به‌رهه‌م هێنان له ئاستی پێویستی به‌رهه‌م هێنان دا نین و ته‌نها چه‌ند ساڵێکی که‌م خۆ ڕاگرن. له کاتێکدا بودجه‌ی زیاتر له قه‌واره‌ی خۆیان بۆ دیاری کراوه.
چوارهه‌م: به‌کار نه‌هێنانی خه‌رجی پێویستی به‌ده‌ست هاتو له بواره‌کانی خوێندن و فێرکردن و ته‌ندروستی دا. ئه‌م بوارانه له تێڕوانینی ئابوری ڕووته‌وه ده‌کرێت وه‌کو پته‌وکه‌ری فاکتۆره‌کانی فیزیکی و پسپۆڕی سه‌رمایه مرۆییه‌کان سه‌یریان بکرێت و ده‌بنه پێك هێنه‌ری کادێری ته‌کنیکی به توانا. به کارهێنانی سه‌رمایه‌ی به‌ده‌ست هاتو به شێوه‌ی ڕاست و دوور له گه‌نده‌ڵی و زانستیانه له‌و بواره خزمه‌تگوزاریانه‌دا ئه‌و سه‌رمایه مرۆییه دوباره ده‌خاته‌وه خزمه‌ت گه‌شه‌ی ئابوری ناوخۆوه.
پێنجه‌م: به‌کارهێنانی زیاد له پێویستی سه‌رمایه‌ی به‌ده‌ست هاتو له بواره‌کانی ئاسایشت دا. ئه‌م دیارده‌یه له وڵاتانی وه‌کو هه‌رێمی کوردستان و ئه‌فغانستان ومیسر و مه‌غریب و تونس و یه‌مه‌ن و هه‌ندێك وڵاتانی تری ئه‌فه‌ریقا و ئه‌مه‌ریکای لاتین. به تایبه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی که ڕابوردوی شه‌ڕی ناوخۆیان هه‌یه گه‌لێك له‌به‌ر چاوه. له‌م بوارانه‌دا بۆ پارێزگاری تایبه‌تی لۆردەکانی شه‌ڕ و ڕازیکردنی ئه‌ندام وبه‌رپرسه‌کانی حیزبه‌کان و پیاوانی ده‌سه‌ڵات بودجه‌یه‌کی گه‌وره دیاری ده‌کرێت. هه‌روه‌ها به‌شێکی زۆر له سه‌رمایه‌ی چالاکی ناوخۆ له ده‌ست ده‌درێت بۆ ده‌زگا ئاسایشتی و هه‌واڵبه‌ری و میدیاکان به مه‌به‌ستی کۆنترۆڵ کردنی هاوڵاتیان، بۆ ڕێگری له ناڕه‌زاییه‌کان و چالاکیه مه‌ده‌نیه‌کان، بۆ سه‌رکوتکردنه‌وه‌ی ناڕه‌زاییه‌کانی خه‌ڵکی به شێوازی توند یان نه‌رم، بۆ چه‌واشه‌کاری و کاریگه‌ری له سه‌ر ڕای گشتی له ڕێگای ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه‌وه. هه‌روه‌ها بودجه‌ی خۆ پارێزی له تێرۆر یان نه‌یارانی ده‌سه‌ڵات یان به‌ناوی خۆپارێزی له تێرۆر گوشارێکی گه‌وره له‌سه‌ر ده‌سکه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی دروست دەکات.
ئه‌مانه‌ش به گشتی ده‌بنه هۆکاری ئه‌وه‌ی قه‌واره‌ی سه‌رمایه‌ی پێویست له ئاستی چون به‌ره و کۆمه‌ڵگای پیشه‌سازی یان کشت‌و کاڵی مۆدێرن دا نه بێت و گه‌شه‌ی به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی له ئاستی نه‌بوان دا بێت و که‌مترین پێویستیه‌کانی ناوخۆ پڕنه‌که‌نه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له سه‌رده‌مێکدا تاڕاده‌یه‌ك پشتیان پێ ده‌به‌سترا وه‌کو به‌رهه‌می پیشه‌سازی سووکی ناوخۆ و کشت و کاڵی و ئاژه‌ڵداری به‌ره‌و لاوازی و له‌ناوچون بچن. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی له ناچاریدا بۆ سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌کان ڕوو له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بکرێت.
ڕوکردنه ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش بۆ سه‌رجه‌م به‌رهه‌مێکی بچوك و گه‌وره لە لایەن خۆیەوە چه‌ندین زیانی سه‌ره‌کی و ڕاسته‌وخۆی هه‌یه، گرنگترینیان؛
یه‌که‌م: ڕێگری له گه‌شه یان بنیاتنانی به‌رهه‌می کشت‌و کاڵی مۆدێرن و پیشه‌سازی ناوخۆ.
دوهه‌م: دروستکردنی بێ‌کاری و کۆمه‌ڵگای بێ به‌رهه‌م.
سێهه‌م: دروست نه‌بونی هاوسانی له نێوان بردنه ده‌ره‌وه و هێنانه ناوه‌وه که سه‌رمایه‌ی چالاك ده‌باته ده‌ره‌وه و له‌بری ئه‌وه سه‌رمایه‌ی چالاك ناهێنێته‌وه بۆ ناو بازاڕی ناوخۆ.
چوارهه‌م: دروست بونی بوار و که‌ناڵی فراوان بۆ گه‌شه‌ی زیاتری گه‌نده‌ڵی. له ڕێگای هێنانه ناوه‌وه‌ی زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کان له‌و دیو سنوره‌کانه‌وه به‌شێکی له‌به‌رچاوی ئه‌و بازرگانیانه یان ڕاسته‌و خۆ له لایه‌ن سه‌رمایه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌رپرسانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت یان له ژێر ناوی تایبه‌تی و له ڕێگای کۆمپانیاکانه‌وه به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌ی گه‌نده‌ڵ دا ئه‌و بازرگانیه ئه‌نجام ده‌درێت.
ته‌واوی ئه‌مانه ده‌بنه هۆکاری دابه‌زینی گه‌شه‌ی ئابوری و یه‌کێك له ئه‌نجامه ڕاسته‌وخۆ کانی که پێشتر په‌نجه‌ی بۆ ڕاکێشرا بێکاریه. بێکاریش زۆربه به‌ره‌و هه‌ژاری ده‌بات. جگه له شار و شارۆچکه‌کان بێ‌کاری دێهاته‌کانیش ده‌گرێته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌و گوندیانه‌ی به هۆی هه‌ل و مه‌رجی سیاسی و ئاسایشتیهوه که‌وتونه‌ته شار و شارۆچکه‌کانه‌وه به‌هۆی مۆدێرنیزه نه‌کردنی به‌رهه‌م هێنانی کشت و کاڵیه‌وه نه‌ك ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ گونده‌کانیان، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه ژماره‌یه‌کی زیاتر ناچار ده‌بن روو بکه‌نه شاره‌کان. له شاره‌کانیش دا به‌هۆی نه‌بونی کارگه و کارخانه‌ی به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازی سه‌رباری شاریه‌کان گوندیهکانیش دێنه ناو له‌شکری بێکاریه‌وه.
له وڵاتانێك دا که به‌رنامه‌ی چه‌سپێنراو یان نه‌خشه‌کێشانی زانستیانه و پسپۆرانه بۆ گه‌شه‌ی ئابوری نه‌کێشرابێت حکومه‌ت به شێوازێك ڕووبه‌ڕوی کێشه‌کان ده‌بێته‌وه و چاره‌سه‌ریان ده‌کات که خودی ئه‌و چارهسازیانه به دوای خۆیان دا کێشه‌ی نوێ پێك ده‌هێنن. وڵاتانی خاوه‌ند سامانی سروشتی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌توانن به شێوه‌یه‌کی کاتی تا ڕاده‌یه‌ك چاره‌سه‌ری بێ‌کاری بکه‌ن. حکومه‌تی ئێراقی پێش و دوای به‌عس و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌میشه بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی بێ‌کاری په‌یڕه‌وی سیسته‌می شاردنه‌وه یان ڕازیکردنی بێکاریان کردووه و ده‌یکه‌ن. .ئه‌وه‌ش له ڕێگای هه‌ڵاوساندنی فهرمانبهریهکان و ده‌زگا خزمه‌تگوزاریه‌کان و ده‌زگا و ئۆرگانه حیزبی و ئاسایشی و سه‌ندیکا پیشه‌ییه‌کان و ژماره‌یه‌کی زۆری خانه‌نشین کردنه‌وه. له‌و ڕێگایه‌وه به‌شێکی زۆر له بێکاران له شێوازی جیاوازدا کردۆته مشه‌خۆر به‌سه‌ر ده‌سکه‌وتی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه.
له وڵاتانی به‌رهه‌م هێن دا زۆربه‌ی هێزه کاریه مرۆییه‌کان به‌رهه‌م هێنن یان خزمه‌تگوزارین. خزمه‌تگوزاریه‌کانیش له دوا ئه‌نجام دا له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌شه‌ی فیزیکی و به‌هره‌کانی به‌رهه‌م هێن دان. خزمه‌ت یان به‌رهه‌مه‌کانی هێزه‌کانی کار به‌رامبه‌ر موچهیهکه که له ئاستی خۆش گوزه‌رانیان دایه. له هه‌مان کاتدابه شێك له موچه و ده‌سکه‌وته‌کان له چوارچێوی سیسته‌می باج دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت. ده‌وڵه‌ت له چه‌ندین لایه‌نه‌وه له‌و باجه سوودمه‌نده، سه‌ره‌کی ترینیان دوباره به‌کارهێنانه‌وه‌ی ئه‌و باجه‌یه له بواره خزمه‌تگوزاریه‌کان دا به گشتی و له دابینکردنی لایه‌نی که‌می گوزه‌رانی بێکاران و خانه‌نشینیدا به تایبه‌تی. هه‌روه‌ها به‌کار هێنانی به شێك له‌و باجه له مامه‌ڵه‌ی دراو دا له ڕێگای بانکی ناوه‌ندیه‌وه، له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات دا.
له لایه‌کی تره‌وه خستنه‌کاره‌وه به ئه‌ندازه‌ی پێویست له یه‌که خزمه‌تگوزاری و بهرههمهێنیهکان دا به ئاستی به‌رزی موچه و ده‌سکه‌وت (به پێچه‌وانه‌ی دامه‌زراندن به موچه‌ی مه‌مره و مه‌ژی) ده‌بێته هۆکاری ئه‌وه‌ی هێزه کاریه‌کان کاریگه‌رتر له کاردا بن و دهزگاخزمهتگوزاری و به‌رهه‌مهێنه ده‌وڵه‌تیه‌کان و تایبه‌تیه‌کان چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌م و خزمه‌تگوزاری له‌به‌رچاو له هێزه کاریه‌کان بکه‌ن.
کۆتایی بەشی دووهەم
بەشەکانی داهاتوو:
* بەشی سێهەم
کۆمه‌ڵگای به‌کارهێنه‌ر
توێژی بچوك و مام ناوه‌ندی گه‌نده‌ڵ
* بەشی چوارەم
ـ لێکۆڵینه‌وه مه‌یدانیه‌کان سه‌باره‌ت به کاریگه‌ری گه‌نده‌ڵی و ئابوری و هه‌ژاری له‌سه‌ر یه‌کتری
ـ دەرئەنجام
ـ پاشکۆ
سه‌رچاوه‌کان:
ARMOEDE DOOR CORRUPTIE
BEKÄMPFUNG DER ARMUT
corruption-and-poverty
Corruptie houdt miljoenen mensen in armoede gevangen
Die Bekämpfung von Armut und Korruption
Het inherent risico van Corruptie
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست