کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


"بارزانی تا گەیشتە شەنگال سێجار بەژێر ئاڵای پەكەكەدا تێپەڕی"

Friday, 13/11/2015, 23:03


دوای‌ داگیركردنی‌ شەنگال لەلایەن "داعش"ەوە بۆ ماوەی‌ زیاتر لە ساڵیك‌و سێ‌ مانگ، ئەمڕۆ هێزەكانی‌ پێشمەرگەو شەڕڤانان‌و گەریلا بە هاوكاریی‌ هێرشی ئاسمانی فڕۆكەكانی‌ هاوپەیمانان، ئازادكردنی‌ شەنگالیان راگەیاند. 
مەسعود بارزانی‌ لە بەرزاییەكانی‌ نزیك شارۆچكەی‌ شەنگالەوە لە كۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەڵێنەكەی‌ خۆیان بردەسەرو جگە لە هێزی‌ پێشمەرگە هیچ هێزیكی‌ تر بەشداریی‌ ئازادكردنی‌ شەنگالدا‌ نەكردوە.
لە وەڵامی‌ وتەكەی‌ بارزانیدا لەبارەی‌ زەوتكردنی‌ دەستكەوتی‌ ئازادكردنی‌ شەنگالەوە، سەرچاوەیەك لە هێزەكانی‌ پاراستنی‌ شەنگال (یەبەشە ) بەماڵپەری‌ SNN ی وتوە"‌ مەسعود بارزانی‌ تا گەیشتە شەنگال بە سێ بازگەی‌ (پەكەكە)دا تێپەڕیوە‌و ئەگەر بە ئۆتۆمبیل بچوایە بۆ ناو شەنگال، دەبو چوار بازگەی‌ تری‌ پەكەكە تێپەڕێنیت".
ئەو سەرچاوەیە دەڵێ" بەمنزیكانە هەمو راستییەك لەبارەی‌ بەشداریكردنیان لە ئازادكردنی‌ شەنگالەوە ئاشكرادەكەن" هاوكات یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند" سەركەوتنەكەی‌ پێشمەرگەو گەریلاو شەڕڤانان لەبارەی‌ ئازادكردنی‌ شەنگالەوە، دەبێتە جێگەی‌ متمانە بۆ چارەسەركردنی‌ كێشەی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم".
لەلایەكی‌ ترەوە، جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی‌ هێزەكانی‌ 70 ی‌ پێشمەرگە، بە (تۆری میدیای گۆڕان)ی‌ ڕاگەیاند: سەركەوتنەكەی‌ شەنگال، دەستكەوتی‌ هەمو پێشمەرگەی‌ كوردستانە، چونكە ئەو هێرشانە بەهێزیك ناكرێت، یەكێكیش لەعەیبەكان ئەوەیە، هەندێك هێز دەیانەوێت سەركەوتنەكان بەهی‌ خۆیان بزانن.
هەر لەبارەی‌ سەركەوتنەكەی‌ ئەمڕۆی‌ شەنگالەوە، پارتی‌ ژیانەوەی‌ ئازادی‌ كوردستان لەبەیاننامەیەكدا راگەیاند: هێزەكانی‌ گەریلاو شەڕڤانان‌و پێشمەرگە شەنگالیان ئازادكرد.. لای‌ خۆشیەوە عەگید جڤیان فەرمانداری‌ گشتی‌ هێزەكانی‌ پاراستنی‌ گەل (هەپەگە) رایگەیاند، مزگێنی‌ ئەو سەركەوتنە دەگەیەننە كوردانی‌ ئێزیدی‌‌و گەلی‌ كورد لە باشور كە خوێنی‌ شەهیدان بەفێڕۆ ناچێت‌و لەهەمان كاتدا تۆڵەی‌ سەدان شەهیدی‌ ئێزیدیان كردەوە.
غەیاس سورچی‌ وتەبێژی‌ مەڵبەندی‌ نەینەوای‌ یەكێتی‌ بە ماڵپەڕی‌ SNN ی‌ وتوە: لیوای‌ 111 ی‌ سەربە هێزەكانی‌ 70 ی‌ پێشمەرگەو گەریلاكانی‌ پەكەكەو شەڕڤانانی‌ (یەبەشە)و (هەبەشە)، لەگەڵ جەنگاوەری‌ ئێزدیان لەناو قەزای‌ شەنگالن‌و بەشداریان لە راماڵینی‌ "داعش"دا كردوە.
مالپەڕی‌ SNN ئاماژەی بەوەشكردوە" هێزیكی‌ دژە تیرۆری‌ پارتی‌ لە قۆڵی‌ رۆژئاوای‌ شەنگالەوە، داوایان لە پەكەكە كردوە ڕێگەیان بدەن ماوەیەك لە هێڵی‌ یەكەمی‌ روبەڕوبونەوەی‌ ئەو گروپە تیرۆریستیەدا بمێننەوە، بەڵام پەكەكە رەزامەندیی‌ نیشان نەداوە.
ژمارەیەك لە چاودێرانی‌ سیاسیش لە تۆڕی‌ كۆمەڵایەتی‌ فەیسبوك ئاماژەیان بۆ ئەوەكردوە، دەبو مەسعود بارزانی‌ لە پێشدا، هۆكاری‌ كەوتنی‌ شەنگال و ئەنفالكردنی‌ ئێزدییەكانی‌ بەدەستی‌ داعش رون بكردایەتەوە، ئینجا سەركەوتنەكەی‌ بە حسابی‌ حزبەكەی‌ بژماردایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە