شەنگالی دوێنێ و شەنگالی سبەی
Friday, 13/11/2015, 18:25
شوێنی جوگرافی و شەنگال لە مێژوودا :-
شەنگال ناوچەیەکی هێجگار بەرفرەوانە ، سەرجەم 13 ئۆردوگا و 6 ناحیە و سەدان گوند لە خۆی دەگرێت ، دانیشتوانەکەی بەشێوەیەکی گشتی لە ئێزدی پێکهاتوون و کەمینەیەکی زۆر کەمیش مسوڵمانانی کورد و عەرەب و مەسیحی لێ دەژین . لە هەمان کاتدا لە لایەن ئێزدێکانەوە بە یەکێک لە هەرە شوێنە پیرۆزەکان دادەنرێت و دەیان شوێنی پیرۆز لە ناوچەکەدا هەیە . لە باکور و خۆرئاواوە ڕۆژاوای کوردستانە ، لە باشووریەوە بەعاج و بیابانی ڕۆژاوای عێراقە و لە خۆرهەڵاتیشەوە شارۆچکەی تەلەعفەرە .
شەنگال هەم شوێنێکی ستراتیژییە و هەم ناوچەیەکی دەوڵەمەندیشە بە کشتوکاڵ و غازی سروشتی و بەرهەمەکانی چیمەنتۆ و گەچ ، بەهۆی دەوڵەمەندی خاکەکەیەوە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا گەورەترین کارگەی چیمەنتۆی عێراق لەو ناوچەیە دامەزرابوو ، لە ڕووی هەستی نەتەوایەتیشەوە دانیشتوانەکەی لە کەسانێکی زۆر شۆڕشگێڕ پێکهاتبوون و هەمیشە گرێدراو بە ڕاپەڕینەکانی کوردانەوە بوون .
شەنکال و حیزبی بەعسی ڕووخاو :-
ئەنجامی ئەم هەستی شۆڕشگێڕێتی و نەتەوەیی بوونەش شەنگالیەکان کەوتبوونە ژێر فشارێکی زیاد لە پێویستی بەعسیەکان و بە زۆر ناسنامەکەیان لە کوردیەوە پێ گۆڕدرا بۆ عەرەبی ، هەڵبەت لەم ناسنامە گۆڕینەدا میر تەحسین بەگ و ژمارەیەک لە شێخە هەلپەرستەکانی ئێزدیش ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو کە خەڵکی شەنگال نەبوون و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ئەو ڕۆڵە نەگریسەیان گێڕا ، هەر بەهۆی ئەو هەستی نەتەوەیی بوونەوە لە هەموو ڕوویەکەوە ناوچەکە بە دواکەوتووی مابوویەوە و ڕێگەیان نەدەدا باری گوزەرانی خەڵکەکەش بەرەو باشی بچێت ، تەنانەت بەعسیەکان ڕێگەیان نەدەدا هیچ ئێزدیەک لە کارگەی چیمەنتۆی شەنگالیش دابمەزرێت و لە هەموو ڕوویەکەوە ئەو جەماوەرەیان بە هەژاری هێشتبوویەوە ، کە لەو سەردەمەدا باشترین پێناسە بۆ شەنگال و دانیشتوانەکەی بریتی بوو لە :- خاکێکی دەوڵەمەند و گەلێکی هەژار .
شەنگال و کۆمەڵگای کوردی ئیسلام :-
ئیسلام بە شێوەیەکی گشتی هیچ غەیرە ئیسلامێک قبوڵ ناکات و بە تایبەتیش ئێزدیەکان ، ئەم دیاردەی قبوڵ نەکردنەش هەم ڕەنگی لە پارتە ناوچەگەراکاندا داوەتەوە و هەم ڕەنگی لە کوردە مسوڵمانەکانیشدا داوەتەوە و هەمیشە بە چاوێکی کەم تەماشای ئێزدیەکانیان کردووە .
بۆ نموونە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق (کە هەم پارتێکی ناوچەگەرایە و هەم حیزبێکی ڕاستڕەوی تەواو گرێدراو بە شێخانی تەریقەتی نەقشبەندیە) هەمیشە وەک مرۆڤی ژمارە سێ و بگرە خراپتریش هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئێزدیەکاندا کردووە ، تەنانەت چۆن حیزبی بەعس ڕێگەی نەدەدا تەنها ئێزدیەک لە کارگەی چیمەنتۆی شەنگال دابمەزرێت ، پارتیش ڕێگەی نەدەدا تەنها ئێزدیەک کەمترین دەسەڵاتی لە شەنگالدا هەبێت و سەرجەم بەرپرسانی پارتی لە شەنگالدا خەڵکی دهۆک و دەوروبەری بوون و لە ڕووی سیاسیەوە پارتی بوون دەنا لە ڕووی دینیەوە هاوشێوەی ئیسلامیەکان لە خەڵکی شەنگالیان دەڕوانی و لە ماوەی 11 ساڵ دەسەڵاتداریاندا تەنها پڕۆژەیەکیان لە هەموو دەڤەری شەنگال نەکردەوە ، چەندین جار دانیشتوانی شەنگال داوایان لە بەرپرسانی پارتی دەکرد کە نەخۆشخانەیەکی منداڵبوون لە دەڤەری شەنگال بکەنەوە کەچی هەموو جارەکان هەم لە زاری بەرپرسانی پارتیەوە و هەم لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە دەیانگوت ( شەنگال بەشێک نیە لە هەرێمی کوردستان و بە ڕەسمی بەشێکە لە عێراق و لە چوارچێوەی مادەی 140دایە ، لەبەرئەوە بەشە بوجەی شەنگال لە عێراقەوەیە و دەبێت عێراق بەو کارە هەستێت ) .
هەرچی کۆمەڵگای کوردە ئیسلامەکانیشە (بە شێوەیەکی گشتی) لە ڕوانگەی دینەکەوە لە ئێزدیەکانیان ڕوانیوە و زۆر سوکایەتیشیان پێیان کردووە . بۆ نموونە من باس لە 3 دیاردە دەکەم کە بە چاوی خۆم بینیومن :-
1- لە ساڵی 2009دا سەردانی شاری دهۆکم کرد و چوومە ناو بازاڕەکەی ، ژمارەیەک ئێزدیم بینی کە ماستیان دەفرۆشت ، ماستەکەیان هێجگار تازە و جوان بوو لە هەمان کاتدا زۆر بە نرخێکی هەرزانیش دەیانفرۆشت ، ئەوەی کڕیاری ماستەکەیان بوو تەنها مەسیحی و ئێزدیەکانی ئەو شارە بوون ، بەڵام لە تەنیشت ئەو ماستفرۆشانەوە دوکاندارێک هەبوو کە یۆغورتی تورکی دەفرۆشت (یۆغورت واتا ماست) و کوردە مسوڵمانەکان نۆرەیان بۆ گرتبوو ، پرسیارم لە ماستکڕێک کرد و گوتم :- ئەی بۆچی ئەو ماستە خۆماڵیە ناکڕن کە زۆن تازە و جوانترە لەم یۆغورتە تورکیە ؟ لە وەڵامدا گوتی ئەوە ماستی ئێزدیەکانە و پیسە .
٢- گوتەی ئەو مشتەریە زۆر ئازاریدام ، ناچاربووم ڕوو لە شارەوانی دهۆک بکەم کە ئەوکات بەرپرسێکی پارتی بە ناوی (شیروان عبدالواحد حاجی ملۆ) سەرۆکی شارەوانی بوو ، ڕووداوەکەم بۆ گێڕایەوە ، بەڵام لە وەڵامدا نەک هەر چارەسەری بۆ ئەو دیاردەیە دانەنا بەڵکو بە کورتترین وەڵام گوتی (ئێزدیەکان پیسن) .
٣- ساڵی 2013 سەردانی شاری سلێمانیم کردەوە ، خزمێکی خۆم (کە زۆربەی کاتەکانی لە مزگەوت بەسەر دەبات) زەنگی بۆ لێدام و گوتی بۆ ئێوارە دەعوەتی ئێمەیت ، منیش لەو کاتەدا لەگەڵ دکتۆرێکی زانکۆی سلێمانی پەیاسەم دەکرد کە ئێزدیە و خەڵکی بەعشیقەیە ، لە وەڵامی ئەو خزمەمدا گوتم ئاخر برادەرێکی خۆشەویستیشم لەگەڵدایە . ئەویش گوتی : جا لەوە خۆشتر هەیە لە خزمەتی برادەرەکەشتدا بین . بۆ ئێوارە چووینە دەعوەت و خزمەتێکی زۆریان کردین ، پاش ڕۆیشتنی برادەرەکەم پرسیاریان لێکردم و گوتیان ئەو بەڕێزە بە قسەکانیدا دیارە کە خەڵکی ئێرە نییە ، ئەوە کێیە ؟ منیش گوتم ئەوە برادەرێکی زۆر خۆشەویستمە و لە زانکۆی سلێمانی دکتۆرە و ئێزدییە . لەگەڵ گوتم ئێزدییە هیچ خۆیان تێک نەدا بەڵام سەرنجمدا کابانووە بەڕێزەکەی ماڵەکە یەکسەر چوو ئەو کەوچک و قاپانەی جیاکردەوە کە ئەو بەڕێزە خواردنی تێدا خواردبوو و یەکسەر فڕێی دایە نێو تەنەکەی خۆڵەکەوە .
شەنگال و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق :-
بەر لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ، بەشێوەیەکی گشتی شەنگالیەکان لە نێو ڕیزەکانی حیزبی شیوعی عێراقدا جێگەیان گرتبوو ، بەڵام بەهۆی دووری حیزبی شیوعی لە هەستی نەتەوایەتی و بەکارهێنانی دەستەواژەی کوردایەتی لە لایەن پارتییەوە شەنگالیەکانیش وەک زۆربەی خەڵکی باشووری کوردستان ڕوویان لە ڕیزەکانی پارتی کرد تا ئاشبەتاڵی 1975 .
پاش نەمانی حیزبی بەعس لە ساڵی 2003دا شەنگالیەکان بەسەر هەردوو لایەنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقدا دابەش بوون ، نزیکبوونەوەی بەشێک لە شەنگالیەکان لە یەکێتی ناڕازیبوونی لە ڕادەبەدەری پارتی لێکەوتەوە ، یەکێک لە مەرجەکانی بارزانی بۆ بە سەرۆک کۆماربوونی تاڵەبانی ڕادەستکردنی شەنگالیەکان بە پارتی بوو ، ڕازیبوونی تاڵەبانی بەم مەرجە نابەجێیەی بارزانی ناڕازیبوونی بەشێک لە ئێزدیەکانی لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا پارتێکیان بە ناوی بزوتنەوەی چاکسازی و پێشکەوتنخوازی ئێزدی( حرکە الاسلاح و التقدم الایزدی) دامەزراند .
بەهۆی ڕازیبوونی تاڵەبانی بە مەرجەکەی بارزانی و پشتگوێخستنی ئێزدیەکان لە لایەن پارتیەوە ، بزوتنەوەی چاکسازیش هەوڵی دەدا ئێزدیەکان لە کوردبوون دوور بخاتەوە و خۆیان وەک نەتەوەیەکی جیاواز پێناسە بکەن ، کە لەم هەوڵەدا هەم تورکیای ئەردۆغانی و هەم بەشێک لە سیاسەتمەدارانی ئەرمەنیش هاوکاریان بوون .
پارتی هیچ کاتێک ڕێگەی نەدەدا هیچ پارت و لایەنێکی دیکە لە شەنگالدا ڕۆڵیان هەبێت و هەمیشەش بە توندترین شێوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەو ئێزدیانەدا دەکرد کە نەیاری سیاسەتەکانی پارتی بوون ، لە ئەنجامی ئەم توندوتیژیانەشدا ڕۆژ بە ڕۆژ ساردی دەکەوتە نێوان پارتی و ئێزدیەکان ، تا وای لێهات لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2013دا بەشێکی زۆر لە شەنگالیەکان دەنگیان بە یەکێتیدا . پێدەچێت ئەنجامی ئەو دەنگدانەش یەکێک لەو دەیان هۆکارە بێت بۆ ڕادەستکردنی شەنگال بە داعش و بەرگری نەکردن لەو دەڤەرە .
شەنگال و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) :-
یەکێک لەو لایەنانەی کە زۆر گرنگی بە شەنگال دەدا پارتی کرێکارانی کوردستان و بە تایبەتیش خودی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانی سەرۆکی ئەو حیزبە بوو ، تەنانەت لە زۆربەی نوسراوەکانیدا باس لە گرنگی دەڤەری شەنگال و تراژیدیای سەر ئێزدیەکان دەکات ، لە ساڵەکانی 2006 و 2007شدا لە زیندانی ئیمراڵیەوە چەندین جار باسی لە مەترسیەکانی سەر شەنگال کردووە ، تەنانەت لە 2007دا زۆر بە ڕاشکاوی گوتی (مەترسیەکانی سەر شەنگال هێجگار زۆرن ، ئەگەر ئامادەکاری نەکرێت ئەوا لەسەر دەستی نەژادپەرستانی عەرەب و هێزە ئیسلامیەکاندا کۆمەڵکوژیەک بەسەر شەنگالدا دێت کە چەندین هێندەی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە بێت ) .
بەڵام وەک باس کرا لە شەنگالدا هێزی باڵا دەست پارتی بوو ، پارتیش ئەگەر بۆی بکرایە پەکەکەی لە ڕەگ و ڕیشەوە دەردەهێنا نەخوازە بگات بەوەی کە ڕوو لە شەنگال بکەن ، هەر کاتێکیش کەسانێکی نزیک لە پەکەکە ڕوویان لەو دەڤەرە کردبێت ئەوا لە لایەن پارتیەوە بە توندترین شێوە لێپرسینەوەیان لێکردووە .
بەڵام لە دوای 3ی ئابی 2014وە (دوای داگیرکردنی شەنگال) ، لە زووترین کاتدا گەریلای پەکەکە خۆیان گەیاندە شەنگال و زۆربەی ئەو خەڵکەیان لە کۆمەڵکوژی ڕزگار کرد . هەر بە هاوکاری پەکەکە هێزێکی تۆکمە لە کوڕان و کچانی ئێزدی بە ناوی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) پێکهات بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و دەڤەرەکەیان ، کە ئەوەش یەکەمین جارە کە ئێزدیەکان ببنە خاوەنی هێزێکی تایبەت بە خۆیان و لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە بۆ یەکەمین جارە لە نێو کۆمەڵگای داخراوی ئێزدیدا کچان ببنە خاوەنی هێزی تایبەت بە خۆیان بە ناوی (یەکینەکانی پاراستنی ژنانی شەنگال) .
شەنگال و هێزە ئیسلامیەکان :-
هەموو هێزە ئیسلامیەکان وەک کافر لە ئێزدیەکان دەڕوانن و کوشتن و تاڵان و بڕێویان بە ڕەوا دەزانن ، تانانەت لە کاتی کارەساتە جەرگبڕەکەی شەنگالیشدا نەک هەر داکۆکیان لێ نەکردن بەڵکو ڕەوایەتیان بەو هەموو وەحشیگەرییەی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلام(داعش) دەدا ، لە زۆربەی مزگەوتەکانەوە مەلا و وتارخوێنەکانی لایەنە ئیسلامیەکان و بە تایبەتیش یەکگرتووی ئیسلامی کارەساتی شەنگالیان بە تاوان نەدەزانی و تەنانەت داکۆکیشیان لەو تاوانە دژە بەشەریە دەکرد و زۆر جار دژ بەو کەسانەش لێدوانیان دەدا کە هاوکاری ئاوارە ئێزدیەکانیان دەکرد .
لە 25 و 26 و 27ی ئەیلولی 2015دا واتە (مانگ و نیوێک بەر لە نوسینی ئەم بابەتە) کۆنگرەی کەنەکە لە بروکسلی پایتەختی بەلژیکا بەسترا ، لەو کۆنگرەیەدا لایەنە ئیسلامیەکانیش بەشدار بوون ، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ بەڕێز عەلی باپیری ئەمینداری گشتی کۆمەڵی ئیسلامی پرسیاری ئەو هەموو زوڵم و تاوانەم کرد کە بەرامبەر بە ئێزدیەکان کراوە ، ئەگەرچی ئەو بەڕێزە لێدوانی خراپی بەرامبەر بە ئێزدیەکان نەدا بەڵام هەموو وەڵامەکەی ئەوە بوو کە گوتی ( ملیارێک مسوڵمان بەراورد ناکرێت بە ملیۆنێک ئێزدی ) ، کە لە ڕاستیدا ئەمە نەک هەر وەڵامی ئەو پرسیارەی من نەبوو بەڵکو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چاوپۆشیکردنیش بوو لەو تاوانە گەورەیەی کە بەسەر شەنگالیەکاندا هاتبوو .
چی پێویستە بۆ شەنگال بکرێت ؟
خۆشبەختانە ئێستا (وەک خاک) شەنگال ئازاد کراوە ، بەڵام لەو ئازادکردنە گرنگتر ئەوەیە کە خەڵکەکەشی (واتە ئێزدیەکان) ئازاد ببن ، چونکە بە باوەڕی من ئازادی لە نان و ئاو گرنگترە ، ئازادی ئەوە نییە کە لەدەست زاڵمێک ئازاد ببن و بکرێنە کۆیلەی زاڵمێکی دیکە ، بەڵکو ئازادی ئەوەیە کە خەڵکی شەنگال خۆیان بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن و هیچ لایەنێکی دیکە خۆی بەسەریاندا دانەسەپێنێت .
تایبەتمەندی شەنگال زۆر جیاوازە ، هەم وەک دین و هەم وەک نەتەوە لەلایەن هیچ داگیرکەرێکەوە قبوڵ ناکرێن ، وەک دینیش لە لایەن هیچ حیزبێکی ئسلامی و تەنانەت هیچ حیزبێکی ناوچەگەریشەوە قبوڵ ناکرێن . لەبەرئەوە ئەگەر خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری نەکەن ئەوا دووچاری دەیان کۆمەڵکوژی دیکە دەبنەوە .
لەم کاتەدا کە سەرنج دەدەم ڕاگەیاندن و بەرپرسانی پارتی لە هەوڵی داگیرسانی ئاگردان ، ئاگرێک کە هەموو کوردی پێ بسوتێنن ، دیارە ئەم هەوڵەشیان لە نیگەرانی ڕزگاربوونی شەنگالەوەیە ، چونکە شەنگال بەشەڕ داگیرنەکرا بەڵکو بە ڕێکەوتنێکی نهێنی و بەبێ هیچ بەرگریکردنێک ڕادەستی داعش کرا بەڵام بە خوێنی سەدان گەریلای پەکەکە و شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە خەڵکەکەی پارێزرا و دەڤەرەکەش ئازاد کرا ، خۆ ئەگەر بێتو شەنگال ئازاد نەکرایە ئەوا پارتی نەک هەر ڕووی لە شەنگال نەدەکردەوە بەڵکو هاوشێوەی تلکێف و خازر و بەشیقە و حەمدانیە و دەیان شار و هەزاران گوندی دیکە پشتگوێی دەخست بۆ چەتەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و وەک جێگەیەکی کوردستانیش باسی لێوە نەدەکرد .
سەرسوڕمان ئەوەیە کە ئێستا پارتی و بە تایبەت خودی مەسعود بارزانی خۆیان وەک قارەمانی ڕزگارکەری شەنگال دەناسێنن و خۆشیان بە ڕەوا دەزانن کە حاکمیەتی شەنگال بکەن و داوا لە گەریلا و شەڤانان دەکەن کە ناوچەکە چۆڵ بکەن ، ئەم هەڵسوکەوتەش هاوشێوەی دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمانە لە هەولێر .
لە هەولێردا لە لایەن سەرۆکێکی ناشەرعیەوە سەرۆکێکی شەرعی دەرکرا ، چونکە سەرۆکی پەرلەمان شەرعیەتی لە میلەت و پەرلەمانتاران تا ساڵی 2017 وەرگرتبوو ، بەڵام ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم بە سەر چووە و شەرعیەتی نەماوە و تاکو ئێستاش کەس ئەو شەرعیەتەی بە بارزانی نەداوەتەوە کە ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێم . بە هەمان شێوە لە شەنگالیشدا پارتیەک کە ناوچەکەی ڕادەستی داعش کرد و بەبێ هیچ بەرگریکردنێک هەڵهات ، بە لایەنێک دەڵێت بچنە دەرەوە کە بە دەریایەک خوێن شەنگالیەکانیان پاراست و دەڤەرەکەشیان ڕزگار کرد .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست