پیلانی تورکیا و ڕێکەوتنی لەگەڵ پارتی بۆ داگیرکردنی جەرابلوس ئاشکرا دەبێت
Wednesday, 11/11/2015, 21:46
ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئاژانسی دەنگوباسی هاوار لە شیکاریەکدا بە پێنوسی ڕۆژنامەنوس (عەزیز کیلوئۆغڵوو) باس لە ئامانجەکانی تورکیا لە داگیرکردنی جەرابلوس هەڵکەوتوو لە سنوری ڕۆژئاوا – باکوری کوردستان دەکات و تیایدا ئاماژە بە ڕێکەوتنی تورکیا لەگەڵ داعش و پارتی دەکات.
ئاژانسەکە نوسیویەتی، لەم ڕۆژانەی دواییەدا تورکیا گوایە تێکۆشانی لە دژی داعش دەکات کردوەتە ڕۆژەڤی خۆی، گوایە چەتەکان دەستگیر دەکات بەڵام لە دەرگایەکەوە دەیانباتە ژورەوە لە دەرگایەکی ترەوە ئازادیان دەکات، بەتایبەتی لەسنورەکانی کلیس و دیلۆکی باکور – ڕۆژئاوای کوردستان ڕێبازی سەرنجڕاکێش پێکدێنێت، ئۆپەراسیۆن دەکاتە سەر کەسانێکی لە سوریاوە هاتوون گوایە دژی داعش تێدەکۆشێت، ئەو ئۆپەراسیۆنەش کە پێش هەڵبژاردن لە ئامەد ئەنجامیدا لە فریودانێکی ڕایگشی زیاتر هیچیترنەبوو.
(دانوسانەکانی میت و داعش لەسنوری جەرابلوس زیاتر دەبێت)
هاوار دەڵێت: چەند سەرچاوی جیاواز لەم ماوەیەدا ئاشکرایان کردوە کە دوای هەڵبژاردنەکانی کانونی دووهەمی ئەمساڵی تورکیا، چەند جارێک میتی تورک و داعش لەسەر ناوچەی جەرابلوس کۆبونەتەوە، دیدارەکانیش لە هۆڵی وێسگەی شەمەندەنەفەری ئەڵبایلی تورکیا پێکهاتووە، لەو دیدارەدا تورکیا داوای لەداعش کردوە لەهەرێمەکە بکشێنەوە، داعش بەمەرجی ئەوەی تورکیا لە هێڵی ڕەقا - حەلەب هاوکاریان بکات بڕیارەکە قبوڵ کردووە، هەروەها داواشی کردوە لە تورکیادا ئازادبن، ڕێگە لە ئەندامەکانیان نەگیرێت بۆ چوون بەرەو وڵاتانی دیکە.
دەوترێت تورکیا بە ئامانجی ناچارکردنی داعش بەڕزایبوونی داخوازیەکانیان ئەو ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنەی پێکهێناوە و لەوەشدا هەندێک ئەنجامی گرتووە.
(پیلانی جەرابلوس)
لەو شیکاریەدا هاتووە، دەوڵەتی تورک – ئاکەپە دەیەوێت بە دەستگیرکردن و ڕێگریکردن لە هاتوچۆی چەتەکانی داعش ناچاریان بکات مل بۆ داخوازیەکانیان کەچ بکەن، لەپاڵ ئەوەشدا ئامادەکاری دەکات هێزەکانی خۆی بنێرێتە ڕۆژئاوای کوردستان، زانرا کەتورکیا هەفتەیەک بەرلە ئێستا کەتیبەکانی ئەحرارئەلشام، فەیلەقی شام و سوڵتان مورادی هێناوەتە ناوچەی قەرەقامیشی سنووری نزیک لە جەرابلوس و لەوێ لە وێستگەی شەمەندەنەفەر و سایلۆی گەنمدا لەژێر سەرپەرشتی میت و جەندرمەدا جێگیریکردوون.
(داعش دەکشێتەوە و گروپی چەتەکانی سەربەتورکیا جێگەی دەگرنەوە)
بەپێی زانیاریەکانی ئاژانسی هاوار، ڕێکەوتنەکە بەو شێوەیەیە کە فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بەبەهانی بۆردومانی داعش چەند جیگەیەکی چۆڵ بۆردومان بکەن، داعشیش ئەو دیمەنە وەک شەڕ نیشان بدات و لەهەرێمەکە بکشێتەوە، پاشان تورکیا چەتەکانی ئەحرارئەلشام، فەیلەقی شام و سوڵتان مورادی سەر بەئەلقاعیدە بخاتە جێگەی ئەوان، سەرچاوەکان ئاشکرایان کردوە کە ئەو گروپانە هەموویان گرێدراوی جەبهەی ئەلنوسرەن، سوڵتان موراد زۆرینەیان تیمی تایبەتی سەربەسوپا و میتی تورکن، زۆرترین ڕۆڵ لەهەرێمەکە بەوان دەدرێت، بەو شێوەیەش تورکیا دەیەوێت بەشێکی سوریا داگیربکات.
(ڕێکەوتنەکانی تورکیا و پارتی لەسەر جەرابلوس)
|
(مەسعود و نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سنرلیئۆغڵوو) |
ئاژانسی هاوار ئاماژەی بەوەشکردوە کە تورکیا لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دانوسانی کردوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا فەرەیدوون سنرلیئۆغڵوو لە دیدارێکیدا لەگەڵ سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی و جێگرەکەی نێچیرڤان بارزانی لەهەولێر، لەسەر پیلانی داگیرکردنی جەرابلوس قسەیان کردوە، تورکیا بۆ ڕەواییدان بە داگیرکردنی جەرابلوس داوای لە پارتی کردوە چەند گروپ و هێزێکی خۆی بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە بنێرێت، تا بەو شێوەیە ناڕەزایی کوردان لەوداگیرکردنە کەم بکاتەوە.
دەوڵەتی تورکیا جگە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەسەر باکوری کوردستانیش بۆ ڕەواییدان بە سیاسەتی کوشت و بڕ لەگەڵ پارتیدا ڕێکەوتن و دانوسانیان کردوە، پارتیش بەو مەرجەی تورکیا پشتگیری مانەوەی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکات داخوازیەکەی تورکیای قبوڵ کردوە.
(نوسرە، ئەحرارئەلشام، جوندولئەقسا و داعش ڕێکەوتوون)
باسیان لەوەشکردوە کە دوای ئۆپەراسیۆنەکانی ڕووسیا لە سووریا، گۆرانکاری جدی لە هەرێمەکەدا هاتونەتە ئاراوە، بەرامبەر بەوەش بەناوبژیوانی تورکیا لە نێوان گروپە سەلەفیەکان و داعش دا ئاگربەست ڕاگەیەندرا.
لەکاتێکدا گفتوگۆ لەسەر ئەو پیلانانە دەکرێت، سەرۆک وەزیرانی تورک ئەحمەد داودئۆغڵوو چاوەشەکاری مەزن دەکات و دەڵێت " لەداعش دەدەین" سەرچاوە هەرێمیەکانیش دەڵێن تا ئێستا تورکیا هیچ هێرشێکی جدی دژی داعش ئەنجامنەداوە، بەپێچەوانەوە ڕۆژانە هاوکاریان دەکات، ئەو هاوکاریانەش لە ڕێگەی چەتەکانی ئەحرارئەلشام و سوڵتان مورادەوە دەکات، بۆئەوەش ناوچەی عەزازیان کردوەتە بارەگای ناوەندی خۆیان.
(ئامانج ئاستەنگکردنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە)
دەوڵەتی تورک – ئاکەپە سیستمی دیموکراتیک و دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و پێشکەوتنەکانی کوردان وەک ترس و هەڕەشەیەک لەسەر خۆی دەبینێت، لەبەر ئەوەشە سیاسەتی خۆی بۆ سوریا لەسەر دژایەتی کوردان ئاوا دەکات، لەوپێناوەشدا هەموو ڕێگەیەک تاقی دەکاتەوە.
هێشتا دیارنیە هێزەکانی هەرێمەکە وەک ڕووسیا و ئەمەریکا چۆن مامەڵەیەک لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن، بەڵام ئاشکرا بووە کە تورکیا بەنیازە لە کۆبونەوەی 20 وڵاتی پێشکەتوودا ئەو بابەتە لەگەڵ ئەمەریکا تاوتوێ بکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست