راگەیاندنەکانی سەر بە دەسەڵات!
Wednesday, 16/12/2020, 5:31
625 بینراوە
لە باشووری کوردستان:
ئێوەی بەڕێوەبەری میدیاکانی سەربە چەتەکانی دەسەڵات، کە بە هۆی ئەو پارەیەی لەلەیانە دەسەڵاتەوە پێتان دەدرێت لە خۆشگوزەرانییدا دەژین.ئایا دەزانن کار و رۆڵی راگەیاندن چەندە هەستیار و گرنگە؟هیچ وڵاتێک مۆرکی ئازادی و دیموکراسی پێوە نالکێت، ئەگەر خاوەنی مێدیا و چاپەمەنیی ئازاد نەبێ.ئایا هیچکات بیرتان لەوە نەکردۆتەوە کە بۆ کام سیستەمی دەسەڵات کاردەکەن!
ئەو دەسەڵاتەی کە ئێوە رۆژانە درۆ ودەلەسەی بۆ بڵاو دەکەنەوە، ئەوەندە سپڵە و بێویژدانە کە زۆر بە هاسانیی ئێوەی کردۆتە دەسکەلای سیاسەتە خیانەتکارەکانی خۆی، رۆژانە ژەهری درۆ لە ڕێگای ئێوە دەرخواردی خەڵک دەدا! دەزانن پارەی بەرێوەبردنی ئەو چەقەخانانەی کە ناویان ناوە مێدیا و راگەیاندنی دەسەڵات، لە گیرفانی کێ خەرج دەکرێ؟ یان بۆ ئەوەی زیاتر بچەمێنەنەوە بێدەگیتان هەڵبژاردوە.
وەرنە دەر لە ژووری ئەو دامودەزگایەی، کە دەسەڵات ناوی ناوە مێدیای کوردی! زۆربەتان خاوەنی ژن ومنداڵن.زۆربەتان منداڵەکانتان گەورەیە.باش دەزانێ کاتێک لە ماڵ دانیشتووە، چاو لە شاشەی مێدیاکانی دەسەڵات دەکات روخساری درۆزنانەی دایک، یان باوکی دەبینێ، کە چەند بۆ دەستکەوتی مادیی درۆ دەکات و لەملاشەو منداڵەکانی بە پارەی دزیی و بە درۆ و خیانەت بەخێو دەکات!
ئێوە چەندە درۆزنانە تاوانەکانی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی پەردەپۆش دەکەن! لەکاتی پشوودانتان کە دەگەرێنەوە ماڵی خۆتان بۆ ناو ژن ومنداڵتان، چۆن لە رووتان دێ راستە وراست چاو ببڕنە چاوی خێزان ومنداڵەکانتان؟ ئەوان شەقامە خوێناویەکەی خۆنیشاندانەکانی ئەو دواییەی وڵاتیان بینی! شاشەی مێدیاکانی سەر بەدەسەڵاتیشیان بینی.چۆن وەڵامی ویژدان وخاک و بنەماڵەتان دەدەنەوە؟ دوا رۆژتان لە بیر نەچێ، چی چاوەڕێی ئێوەش دەکات.