کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌نگه‌کانی هه‌ده‌په‌ تورکیا ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌

Wednesday, 04/11/2015, 1:24


(دیموکراتیی زیاتر به‌نده‌ به‌ مافه‌ سروشتییه‌کانه‌وه‌ نه‌ک به‌ خودی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.)
له‌ تورکیا هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت. به‌ڵام تا چ راده‌یه‌ک تورکیا وڵاتێکی دیموکراتییه‌ ئه‌مه‌یان کێشه‌یه‌کی تره‌. چونکه‌ دیموکراتیی هه‌ڵبژاردن نییه.
ئۆردوگان و ئاکه‌په‌ جه‌نگیان دژی کورد ده‌ست پێ کرده‌وه‌. به‌م جه‌نگه‌ش گه‌لی تورکیان له‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌ له‌ خه‌و هه‌ستاند که‌ ده‌سته‌ڵاتێکی زیاتر له‌ ده‌ستی ئاکه‌په‌دا کۆ بکه‌نه‌وه‌. ئاسایی نه‌ک تورکیا به‌ڵكو وڵاتێکی دیموکراتییش کاتێک ده‌که‌وێته‌ شه‌ڕه‌وه‌ راده‌ی دیموکراتیی تیایدا دێته‌ خواره‌وه‌. چونکه‌ ده‌سته‌ڵات زیاتر له‌ ده‌ستی سه‌رۆکی و‌ڵاتدا کۆ ده‌بێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خێراترو چاپوکتر هه‌نگاو بنێت و بڕیار بدات. جگه‌ له‌مه‌ش لایه‌نی سه‌ربازیی زیاتر ده‌که‌وێته‌ کارو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ لایه‌نی ئه‌هلیی سست ده‌بێت.
ئاکه‌په‌ و ئۆردوگان بۆ ده‌سته‌ڵاتی زیاتر هه‌ڵبژاردنیان کرده‌وه‌. ده‌بوو هه‌ده‌په‌ ئه‌مجاره‌ ده‌نگی که‌متر بهێنێت. له‌ راستییدا ئه‌م ئه‌نجامه‌ هێشتا زۆرتر بوو له‌وه‌ی که‌ له‌ وڵاتێکی وه‌کو تورکیادا من چاوه‌ڕێم ده‌کرد.
ده‌سته‌ڵاتی ئاکه‌په‌و ئۆردوگان شه‌ڕی دژی کورد ده‌که‌ن و تاوانه‌کانیان داعشانه‌یه‌. سه‌رکه‌وتنی ئاکه‌په‌‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا لۆجیکییه‌ داکه‌وتنی ده‌نگی ئه‌مسه‌ری په‌ته‌که‌ هه‌ده‌په‌ بێت. پێوه‌ری سه‌رکه‌وتن و ژێرکه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنی تورکیادا جیاوازه‌ له‌ پێوه‌ری سه‌رکه‌وتن و ژێرکه‌وتن له‌ وڵاتێکی دیموکراتییدا. سه‌رکه‌وتن له‌ چیداو شادمانیی به‌ چی؟
کاتێک که‌ ئاکه‌په‌ جه‌نگی دژی کورد پیاده‌ ده‌کات مانای وایه‌ مافی مرۆڤ، ئازادیی و یه‌کسانیی پێشێل ده‌کات. زیادبوونی ده‌نگی ئه‌م جۆره‌ هێزانه‌ی ناو تورکیا له‌ راستییدا دابه‌زینی راده‌ی دیموکراتییه‌. چونکه‌ دیموکراتیی زیاتر به‌نده‌ به‌ مافه‌ سروشتییه‌کانه‌وه‌ نه‌ک به‌ خودی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌. له‌ هه‌مان کاتدا به‌رزبوونه‌وه‌ی ده‌نگی هه‌ده‌په‌ نیشانه‌یه‌ بۆ گه‌شه‌کردنی ئازادیی و چوونه‌‌ پێشه‌وه‌ی دیموکراتیی له‌ وڵاته‌که‌دا.
ژماره‌یه‌ک له‌ کوردنه‌ژاد که‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانی رۆژئاوا، کوبانی و په‌که‌که‌یان له‌سه‌ر دڵ خڕ بوو بوو، ئێستا دڵشادن به‌وه‌ی که‌ هه‌ده‌په‌ ده‌نگی که‌متر هێناوه‌. ئه‌مه‌ داده‌نێن به‌ ژێرکه‌و‌تنی هه‌ده‌په و ده‌یانه‌وێت دژی په‌که‌که‌ قسه‌ی پێ بکه‌ن. به‌ڵام ئایا سه‌رکه‌وتن له‌ چیداو شادمانیی به‌ چی؟
هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان به‌س نین بۆ ئه‌وه‌ی پیشانی بده‌ن وڵاتێک دیموکراتییه‌. به‌ڵام قه‌ده‌غه‌کردنی زمانی میلله‌تێک له‌سه‌ر خاکی خۆی و راکێشانی جه‌سته‌ی پێشمه‌رگه‌ ته‌واو به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی پیشانی بده‌ن جه‌وهه‌ری تورکیا وه‌حشه‌تگه‌رییه‌.
هاتنه‌خواره‌وه‌ی ده‌نگی هه‌ده‌په‌ ژێرکه‌وتنی هه‌ده‌په‌ نییه‌‌، به‌ڵکو تورکیا ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌:
تورکیا چییه‌و به‌ره‌و کوێ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە