کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داود ئۆغلۆ هیچ پەیامێکی بۆ هەولێر پێ نەبوو

Tuesday, 03/11/2015, 21:43


لە وتارەکەی داود ئۆغلو، راستەوخۆ لە پاش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا، پەیامێکی زۆری بۆ نێوخۆی تورکیا  و  وڵاتانی ناوچەکە و جیهان  نارد . ئەوەی تێبینی کرا، کە تەنها پەیامی بۆ هەولێر پێ نەبوو، کە بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکەی پێشوو، پەیامی بۆ هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجەش نارد، لە کاتێکدا لەم وتارەیدا وەک نیازپاکیەک پەیامی بۆ بەغدا نارد، بە پێچەوانەوە لە وتارەکەی هەڵبژاردنی پێشویدا هیچ پەیامێکی لەوجۆرەی بۆ بەغدا نەنارد . لەبەرامبەردا، عێراق لەم رۆژەدا بریاری وەستاندنی  ناردنی نەوت لە بەندەری جیهانەوە  دا، کە هەولێر لەو رێگەیەوە بە فەرمی نەوت رەوانەی دەرەوە دەکات . ئەمە جگە لەوەی  وەک لە رێکەوتنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کە هیچ لایەنێکیان پەیوەست نین پێوەی، دەبێت برێکی نەوتەکە بچێتە کۆمپانیای سۆمۆ وە و، لەوێوە داهاتەکەی بگەرێتەوە بۆ عیراق، بەڵام هەولێر پابەند نەبووە بەم پەیمانەی خۆیەوە و بەغداش لە ئەرکەکانی لە ئاست کورد دا کەم تەرخەمە و،  تورکیاش دەتوانێت لەم نێوەندەدا یاری خۆی بکات و تەنها زەرەرمەند کورد دەبێت  .
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دەسەڵاتی تورکیای پاش ئەم هەڵبژاردن و بردنەوەی ئا کەپە، چ گۆرانێک بەسەر سیاسەتی ناوچەیی ئەم وڵاتەدا دێت و، روانینی نوێی تورکیا بۆ هەرێم و عیراق لە چ گۆشەنیگایەکەوە دەبێت و ،چارەنوسی رێکەوتنە پەنجا ساڵیەکەی نێوان هەولێر و ئەنقەرە چی دەبێت و، ناوچەکە و مامەڵەی تورکیا لەگەڵ رووداو و پیشَهاتەکانەوە، تا چ ئەندازەیەک گۆرانکاری بە خۆیەوە دەبینێت ؟
ئەوەی بە روونی دیارنیە، چارەنوسی پەیوەندی کورد و تورکیایە سەرەرای راگەیاندنەکانی دەسەڵاتی هەولێر، جگە لە چاوەروانی بۆ چۆنێتی مامەڵە کردنی تورکیا لەگەڵ بەغدا و جێگیربونی را و بۆچون و کاردانەوەی بەغدا لەمەر هەڵگەرانی  رووی ئەنقەرە بەرەو عیراق، وەک بە تەواوی لە لایەن زۆرینەی چاودێرانەوە پێشبینی دەکرێت و، لەم میانەشدا سیاسەت و ئابوری هەرێم رووە و قورساییەکی تر ملدەنێت و هەولێر ناچار دەبێت بە شەرمەوە روو لە بەغدا بکات .
لە مامەڵە کردنی تورکیا لەگەڵ دۆزی کورد لە کوردستانی باکور،  چاورەوانی ئەوە ناکرێت کە تا ماوەیەکی درێژتر هەنگاوی زیاتر لەوبارەوە بنێت و، تورکیا لە قۆناغی پاش ئەم هەڵبژاردنە کە بەو شێوەیە دەنگەکاانی زیاد کرد، لەو باوەرەدا نابێت کە لە بەدیهێنانی ئامانجە گرنگەکانی،  هەنگاوی زیاتر لە چارەسەرکردنی پرسی کورد یارمەتیدەری بێت و، لەم چەند ساڵەدا خەریکی ئامانجەکانی ئۆردوغان دەبێت و لەو باوەرەدایە کە سیستمەکە دەگۆرێت بۆ سەرۆکایەتی و دەستکاری دەستور دەکات و هەمواری دەکاتەوە .  زیاد کردنی دەنگەکانی ئا کە پە بە شەرفرۆشتن بە کورد و دروستکردنی ئاڵۆزی، لەوانەیە زیاتر  پاڵ بە ئۆردوغانەوە بنێت کە سەرکێشی زیاتر  بکات و بوغرا بێت و زۆر ملهوری لەم بارەوە بکات و، بۆ هەنگاوەکان لەو بارەوە کاری نابەجێ ئەنجام بدات . 
لە بارەی خودی کوردیشەوە، لە ئاست کوردستانی باکوو،ر هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ چاوەروان ناکرێت و کاریگەری لەسەر کوردستانی رۆژئاواش دەبێت و گەیشتن بە دوا مەنزڵگەی کورد پەیوەست دەبێت  بە بەرژەوەندی  وڵاتە گەورەکانی رۆژئاوا  و ئەو لایەنانەی کە دەستیان خستۆتە نێو سوریاوە .
 لە کوردستانی باشور، دەسەڵاتی هەولێر وەک خۆی بە تاکە لایەنێکەوە لە سەر ئاستی ناوچەکە بەستۆتەوە و، بە ریکەوتنەکەی لەگەڵ تورکیادا دڵخۆشە، هیچ کەسێک لەو باوەر و متمانەدا  نیە، کە تورکیا ئەم رێکەوتنە بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغدادا نەفرۆشێتەوە، بە تایبەتی عەبادی سیاسەتێکی جیاواز لە مالکی لەگەڵ ئەنقەرەدا پەیرەو دەکات . 
 بۆیە، کورد لەمرۆ بەدواوە  بە هاوکێشەیەکی ئاڵۆزدا تێدەپەرێت و کارلێکەکانی لەسەر رەوتی ناوچەکە بە راستەوخۆ کاریگەری زۆر خەتەرناکی لەسەر دوارۆژیی لەهەر چوار پارچەکە دەبێت  . بۆیە، ئەگەر زۆر رەشبین نەبین لەم قۆناغەی کە لە ناوچەکەدا چاورەێی دەکەین ، تا ماوەیەکی درێژ هیچ پێشکەوتنێک لەدۆزی کورد نابینین، ئەگەر بەرەو دواوە نەگرێینەوە ،بە تایبەتی لە کوردستانی باکوردا، ئەمە جگە لە ئەگەری بەهێزی دوبارە هەڵسانەوەی شەرو کوشتار و ماڵوێرانی لە هەموو لایەکەوە  وەلانێین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە