هەڵبژاردن یان سەرەخۆرەی ئۆردوگان!
Tuesday, 03/11/2015, 8:27
لە هەڵمەتی پێش هەڵبژاردنەکانی ١/١١/٢٠١٥ی تورکیادا، دروشمە سەڕەکییەکانی ئۆردوگان لەو هەڵمەتەدا، بۆ بەدەستهێنانی ڕێژەی زیاتری دەنگ، بریتی بوو لە جەنگ دژ بە دوژمنە سەرەکیەکانی تورکیا. میللەتی کورد یەکێک بوو لەو دوژمنانە، کە ئۆردوگان بەڕاشکاوانە ناوی دەهێنا، وەکو بوونی مەترسەیەک بە میللەتی تورکی دەناساندن، لەوەی کە هەڕەشە لە یکریزیی خاکی تورکیا دەکەن.
ئۆردوگان، ڕشتنی خوێنی مرۆڤی کوردی کرد بە ئامرازێک، بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەو جارەی تورکیا. پێش هەلبژاردنەکانی ١/١١/٢٠١٥، بەدەیان هێرشی سەربازیی، زەمینی، ئاسمانی ئەنجامدا بۆ سەر بنکەو بارەگایی پارتی کرێکارانی کوردستان. بەدەیان تەقینەوەی خۆکوژی ئەنجامدا لە نێو گردبونەوەی کوردان لە نێو تورکیادا. بە دەیان گوندی کوردنشینی وێران کرد، بەسەدان خێزانی ئاوارە و دەربەدەر کرد.
ئۆردوگان و پارتەکەی، توانیان ڕێژەی ئەو دەنگانە بەدەستبهێنن کە یارمەتیدەر بێت، لەوەی بەتەنیا بتوانن دەستەڵاتی سیاسی تورکیا پێکبهێنن، بەڵام لەو هەڵبژاردنەدا خەونەکەی ئۆردوگان بە تەواوی نەهاتە دی، بەوەی مافی ئەوەیان هەبێت، کە بە تەنیا بانگەواز بکەن بۆ ریفەراندەم، بە مەبەستی دەستکاری کردنی دەستوری تورکیا، بە تایبەتی ئەو بڕگەیەیی کە پەیوەستە بە پانتاوکردنی دەستەڵاتەکانی سەڕۆکی وڵات. ئۆردوگان هەموو هەوڵێکی ئەوەبوو، کە دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەو جارە، دەستەڵاتەکانی خۆشی زیاد بکات لە نێو دەستوردا، چوارچێوەیەکی یاسایی بدات بە بڕیارە تاکڕەوەکانی.
ئاکەپە، لە کۆێ ٥٥٠کورسی پەرلەمان، ٣١٥کورسی بەدەستهێناوە، کە توانای دروست کردنی حکومەتیان هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو حکومەتە مافی هەبێت بانگەواز بۆ ریفراندەم بکات، بە نیازی دەستکاری کردنی دەستوری ئەو وڵاتە، پێویستی بە ٣٣٠کورسی پەرلەمان هەیە، واتە پارتەکەی ئۆردوگان ١٥ کورسی کەمتری هێناوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بگات بەو مرادە و بەتەنیا دەستکاری دەستور بکات.
ئۆردوگان، لەو هەڵبژاردنەدا هەوڵەکانی دژ بە کورد، لە هەموو بوارەکاندا چڕ کرد بوو وەکو، میدیایی ناوەخۆ، میدیایی جیهانی، هاندانی زلهێزەکان و ناتۆ دژ بە کورد، هێزی سەربازیی ئاسمانی و زەمینیی، هەرچی لە توانیدا هەبوو خستیە گڕ، ئینجا توانی سەرکەوتوو بێت لە کەم کردنەوەی رێژەی دەنگەکانی هەدەپە، کە تاکە پارتێکە لە تورکیادا کە کورد بە گشتی هەموو توانای تیا کۆ کردۆتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، لەوەی بتوانێت ئەو کاردانەوەیە دروست بکات، ئەو پارتە رێژەی لە سەدا دە کەمتر بهێنێت، کە ببێتە هۆی ئەوەی نەتوانێت بچێتە پەرلەمانی تورکیا.
هەڵبژاردنی ١/١١/٢٠١٥ی تورکیا، دەروازەیەکی فرەوانی کردەوە بۆ کێشە و گرفتی زیاتر، ئۆردوگان دەرگایەکی ئێجگار مەزنی رقوقینی لە نێو هاووڵاتیانی تورکیادا خستە سەر پشت، هەڵگرتنی دروشم دژ بە نەتەوەیەک، کە لە سەدا بیستی دانیشتوانی تورکیا پێکدەهێنێت. دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێی و نەتەوکانی تری ناوچەکە و تورکیا، فیتنە و گڕی تەوژمی شەری مەدەنی لەنێو ئەو وڵاتەدا، زەمینەی لەبار تری بۆ دروست بوو. رۆحی هاندانی گیانی دژایەتی کردنی تاکەکانی ئەو وڵاتە لەسەر بیناغەی جیاوازی رەگەز، بیروباوەر، نەتەوە لە گەشکردنی زیاتر دەبێت، ئەو مێژووە پڕ خویناوییەی نێوان نەتەوەکانی تورکیا، کە زەمانێک بوو لەبیر چووبووەوە، نەوەکانی تازە زانیارییان دەربارەی سنووردار بوو، دووبارە ئۆردوگان زیندوی کردەوە، خوێنی تازەی لە پێناو ڕژاند، لە ئایندەدا ئەو وڵاتە بارودۆخی ناوەوەی زیاتر بەرەو شڵەژان و لێکترازان دەچێت، دەنگی ناڕەزایی زیاتر بەرز دەبێتەوە دژ بە ئۆردوگان نەک تەنیا لە نیو نەتەوەیی کورد بەڵکو لە نێو دامودەزگا حکومییەکان و نەتەوەی تورکیش کە لەدەرئەنجامدا سەری ئۆردوگان و تورکیا یی لە خۆبایی دەخوات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست