گۆڕان باجی هەڵە ستراتیجیەکەی خۆی دەدات
Sunday, 01/11/2015, 3:02
پێشتر لە دوتوێی سێ نوسیندا باسی ئەوەم کرد، کە یەکەم : هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕان قازانجی دەبێت بۆ هەمووان، دووەم : هاوپەیمانی پارتی و گۆران قازانجی نابێت بۆ هەمووان . سێیەم: بەشداری گۆڕان لە حکومەت هەڵەیەکی ستراتیجیە بۆ گەلی کوردستان .
دیارە خوێندنەوەی واقعی سیاسی ئەو کاتە، بە پشت بەستن بە مێژووی خەباتی ئەم لایەنانە و رەفتار و مامەڵە کردنیان لەگەڵ بارودۆخ و پێشهاتەکان و، عەقڵیەت و سیاسەتی سەرکردەی ئەم حزبانە و دیدگایان بۆ خەباتی گەلی کوردستان و، ململانێکانیان و روانینیان بۆ دیموکراسیەت و ئازادی و یاسا: لە رووی بارودۆخی خودیەوە، لەگەڵ بارودۆخی کوردستان و نەبونی ئۆپۆزسیۆن، بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ و داهێنانی نوێ لەم بارەوە و وەزعی ئیقلیمی و پەیوەندیەکانی وڵاتانی ناوچەکە بە هەرێمەوە و بارودۆخی ئابوری هەرێم: وەک بارودۆخە بابەتیەکە، پەنجەرەی تێروانینی ساکار و سادەی من بوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و پەیوەندیەکانی ئەم سێ لایەنە بەیەکەوە .
ئەگەر ناوەرۆکی نوسینەکان دوبارە نەکەمەوە، لێرەدا دەڵێم: بزوتنەوەیەک یان حزبێکی تازە هەڵقوڵاوی منداڵدانی رەوشێکی وەک کوردستان، لە سەرجەم بوارەکانیەوە و بە تایبەتیش بە سەرکردایەتی خەڵکێکی قاڵبوی نێو کۆری خەباتی شاخ و، ئەو ململانێیەی کە بۆ هەمووان روونە چۆن بەرێوە چوو، تا رادەی شەری نێوخۆ، بەڵام لەم کاتەدا بە ریتمێکی نوێوە، پرکردنەوەی بۆشاییەکی زۆر گەورەی کاروانی حوکمرانی کوردستان بوو، لە کاتێکدا کە پێویستیەکی زۆر گەورەی وەزعی سیاسی و لە ئانوساتی تایبەتی کوردستانیشدا بوو، کە بزوتنەوەی گۆڕان بە جوانی پری کردەوە و ئۆپۆزسیۆنی سەردەمانەی داهێنا و گۆڕانکاریەکی رێژەیی لە رەوتی ژیانی سیاسی و بەرێوەبردنی کاروباری حزبی لە هەرێمی کوردستاندا کرد و، دەتوانین بڵێین، کە نەوشیروان موستەفا بە پێی مێژوو و پێگە و جەماوەرێتیی، داهێنەری ئەم تازەگەریە بوو لە کوردستاندا . کارێکی زۆر ماقوڵ و سیاسەتێکی حەکیمانەی لە لایەنی رەفتاری ستیراتیجی گشتی کوردستاندا بەرێوەبرد و، بۆ یەکەمجار کاری تەواوکاری سیستمی سیاسی دیموکراسی لە کوردستاندا تەواو کرد، کە هیچ دیموکراسیەتێک بە بێ ئۆپۆزسیۆن کامڵ عەیار نیە لە هیچ شوێنێکدا، بۆیە نەوشیروان موستەفا گەیاندیە تەواوعەیار و، دەتوانین بڵێین رەوتی سیاسی کوردستانی پەراندەوە بۆ قۆناغێکی نوێی پێشکەوتوتر ، کە بە هیچ حزب و کەسێکی تر نەدەکرا .
زۆر کەس و ئێمەو مانانیش وتمان، بەشداری کردنی گۆڕان لە حکومەت بەم شێوە و فۆرمەوە، بە تایبەتی بە هاوکاری لەگەڵ لایەنێکی موحافزکار، کە هەموو کەس دەزانێت دیدگای چۆنە بۆ کوردستان و وەزعە سیاسیەکەی و، چۆن مامەڵە لەگەڵ یاسا و حزبایەتی و فکر و فەلسەفە دەکات و، بە چ عەقڵیەتێک سیاسەتی هەرێمی کوردستان رایی دەکات و، لە کاتی تەنگانەدا دەست لە چی ناپارێزێتَ، جێگەی نیگەرانی بوو . ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە، بەشداری سەرجەم لایەنەکان و حکومەتی بنکە فراوان، واتە نەمانی ئۆپۆزسیۆنێک کە تازە لە دایکبووبێت: بەواتا دوبارە لەنگ کردنی سیستمی سیاسی و دیموکراسی لەکوردستاندا بە نەهێشتنی ئۆپۆزسیۆن، کە ئەمە نە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و نەش خودی بزوتنەوەی گۆران و نەش هیچ لایەنێکی تردا بوو . بەڵکو گەورەترین لێدانی ئیدعائەکانی خودی بزوتنەوەی گۆرانیش بوو . ئەگەر بەشداری کردنی گۆڕان لە حکومەت بە چەندین بەهانەوە بوبێت، بەڵام سەرکیترین هۆکاری بەشداریەکە ترس بوو لە لاوازبون و هەڵوەرانی کادران و جەماوەرێتیەکەی لە لایەک و، بەوهیوایەی کە لە دەسەڵات بێت و، لایەنی تر جێگەی بگرێتەوە لە ئۆپۆزسیۆن و، تا رادەیەک هەوڵی دەدا وەک بەدیلی خەڵکانی تر رەفتار بکات و لەقەڵەم بدات، لە لایەکی ترەوە، کە ئەمە خاڵە لاوازە سەرەکیەکەی بزوتنەوەی گۆران بوو لەم ماوە زۆر کورتەی ژیانی سیاسییدا . بۆیە وەک چۆن زەرەری بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەت بۆ خودی خۆی گەرایەوە و، ئەمرۆ باجی ئەو هەڵەیە دەدات، لەبەر ئەوەی بە کورسیەکی زۆر کەمەوە بێ ئەوەی بتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست و خەڵکی تر هاوبەشی ئەو بن، کەچی بە بەشداریەکی لاواز رازی بوو نەک هاوبەشی، یان ئەوەتا نەیدەازنی کە بەشداری حکومەتێک دەبێت کە لایەنێکی دیاری دەسەڵاتەکە بەو نایەتە ژێر باری پەرینەوە بۆ دونیای سەردەم و سیاسەتی تازەگەری و گواستنەوەی کوردستان بۆ قۆناغێکی نوێ و نمونەیی لە ناوچەکەدا، یان وەک حزبە کلاسیکیەکانی تر تەنها بەرژەوەندیە تەسکەکەی خۆی لەبەرچاو گرت . بۆیە وا ئێستا گۆڕان بە خۆی باجی رەفتار و هەنگاوەکانی خۆی دەدات، نەک خەڵکی تر .
بەڵام ئێستاش و لەم کاتەدا، بزوتنەوەی گۆران دەتوانێت بە خۆداچونێک و بە سیاسەتێکی حەکیمانە، ئەم قۆناغە بپەرێتەوە و، سەرجەم بەڕەکە بێنێتەوە ژێر پێی خۆی و، وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ئیجابی لە خەباتدا بەردەوام بێت و، قەرەبوی ئەم دوو ساڵە بەفیرۆچوەی بکاتەوە، تاوەکو لە بارودۆخێکی باشدا بە گۆرانێکی هەمەچەشنەوە جڵەوەکە بگرێتەوەدەست، ئەمەش نەک تەنها بە خۆی بەڵکو گەلی کوردستان بە گشتی قازانج دەکات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست