کارتی نیشتمانی یان کارتی میللی!
Friday, 30/10/2015, 21:16
پێش گووتن
دوایین ژیانی کۆمۆنی مرۆڤەکان لە قەراخ چەموورووبارەکاندا ئاڵوگۆڕی مەزنی بەسەردا هات. کاتێک زمانی ئاماژەو مامڵەی جنس لە بەرابەر جنسدا( کەلوپەل)کەوتە ژێر کاریگەری هێزوخۆ بە زلزانی، بەوواتایە زۆردار دەبوو بیباتەوە وبێهێزیش دەبوو وەبن کەوێ.ئەوسەردەمانە کەس بیری لە رەگەزوزمان وکولتورو داب ونەریت وکارتی نیشتمانی نەدەکردەوە. نە پارڵمان هەبوو، نە هێزی چەکدار،نە یاسای دەستکردی مرۆڤ، نە سیستمی پەروەردەوڕاهێنان ،چوون یاسادانەرویاساناس بوونیان نەبووە. هەرچەند چەکوچۆڵی کوشتاری بە کۆمەڵ لە دەست کەسدا نەبوو.بەڵام بە چەکی سارد کە مرۆڤ بە دەستی خۆی دروستی دەکرد دەتوانراهێزی تاقمێک بە سەر تاقمێکدا تاقی کرابایەوە. ئەوسەردەم نە سنوری نەتەوەیی هەبوو، نە سنوری خاک. نە ڕێنوسێک هەبووبۆ نوسین، نە رێزمانێک هەبووبۆئەلفوبێی. ئەو سەرەتایە هێدی هێدی دوای نزیکەی ٣ونێومیلیون ساڵ گەیشتۆتە دەستپێکی هەزارەی سێ. بە بێ گومان ئەومێژوویە لە گوتارێکی ئاوادا بە من شی ناکرێتەوە. بەڵام لەسەر هەر خاک وجوغڕافیایەک کە نەتەوەیەک خاوەنی زمان مێژوو، کولتور،سەرخان وژێرخانی ئابوری،دامودەزگای بەڕیوەبردن،هیزی پاراستن،پێناسەی ئایینی،پێناسەی نیشتمانی و...... بێ پێی دەڵێن ئەو نەتەوەیە خەڵکی ئەو خاکەیە کە تێیدا مەزن دەبێ یانی هیچ نەتەوەیەکی دیکە یا دەسەڵاتێکی دیکە ئەو مافەی پێنادرێ پێی بڵێ: تۆش دەبێ لە من بی وسەر بۆ هەموو یاساکانی من کەج بکەی.! یاهیچ زلهێزێکی دیکە ناتوانێ بەسەرتدا بسەپێنێ و پێت بڵێ کە وەک قۆچی قوربانی ملت داخە تا دەسەڵاتی ناوەند بتکاتە هێ خۆی و کەم کەم مێژووناسنامەت لێ بسڕێتەوە! بۆ ئەوەی نەکا بەرژەوەندی داگیرکار لە مەترسی کەوێ. کارتی نیشتمانی لە عێڕاق ( لە ئێرانیش) بۆ هەر تاکێک کە لەوێ دەژی، یانی هەموومان عێڕاقین ( یا ئێرانین) بە سوننە وشیعە وکوردیشەوە! لەو گیرودارەدا ئەو دەوڵەتە کوردیەی کە کاک مەسعود دەیهەویست رابگەیەنێ چی لێدێ با لەخۆی پرسیاربکرێ. بەغدای دوای سەددام حوسێنیان بە قەشمەرەگرت، پێان وابوو دەرەقەتی دێن. ئەوە دەبینین سەلانە سەلانە چۆن لقوپۆمان دەقرتێنن.! دەسەڵاتی ماڵوێرانکاری کورد لە باشوورتەواوی کارەکانی هەڵگرتووە بۆ دوای شەڕی داعش کە جێ بە جێیان بکا.بەڵام دەسەڵاتی ناوەندی بە خشکە خەریکە لە خشتەمان دەبا! مەسعود بارزانی سەرۆکە بۆ وڵاتانی بیانی وبەرژەوەند خواز، لە هەمان حاڵدا بێگانەیە بۆ دانیشتوانی باشووری وڵات.من نازانم چۆن لە رووی هەڵدێ رۆژانە لەسەر مێدیاکان دەردەکەوێ!
گووتن
کوردستان بە بێ ئیزن وبە بێ ڕاپرسی لە کورد کرایە چواربەش! لەو تڕاژیدیایەدا چەندە نەیار خەتابارە و چەندە بەرپرسی سەرهەڵدانەکانی کورد گوناحبارن بۆ من گرینگە. کەس نایە هەر بە خۆڕایی بستێکت زەوی بداتێ وتۆش بەروبوومی لێوەرگری. تەنانەت ئەگەر خاک خاکی خۆشت بێ. ئەگەرلە من پرسن کێ تاوانباری سەرەکیە لە ئاست کێشەی نەتەوەکەمان، یەکەمجار دەڵێم بۆخۆمان، جاری دووهەم ،دەڵێم سەرکردەکانمان،پاشآن دەڵێم داگیرکارو دونیای دەرەوەی کوردستان. ئێمە یان فێرکردوە هەر فێری گوڕە گوڕونەڕەنەڕبین.وەک شەپۆل هەڵدەچین! بە کەچکێک ئاو وەمەلە دەکەوین. لەشەردا ئازاین،بەڵام هیچ دەسکەوتێکی لێ بە دەست ناهێنین.لەسەر ماسەی وتووێژیش دەڵێی کەڕوولاڵین.سەرجەم ئەوە کارنامە وبەرهەمی سەرهەڵدانەکانمانە. بەڵگەشم بۆ ئەو قسانەم ئەوەیە،ئەگەر وانییە ئەدی لەوعەسر و زەماندا بۆتووشمان بە تووشی عەشیرەی بارزانی و ئەیاخەکانی تاڵەبانی بووە! ئەدی بۆئەو کەسانەی کە هاتا دوینێ شۆڕشگێڕبون ئەوڕۆکە بوونەتە دێوجامە لەسەرسەرمان. حیزب هەیە ناوی خۆی ناوە دێمکڕات! دەڵێ ٧٠ساڵم خەبات هەیە وخاوەنی کۆمارم. رێک ٣٥ساڵە بۆتە یەخسیروگەمەی دەستی دەسەڵاتێکە لەباشوور، کە بۆ خۆی تا بینەقاقا لە زلکاوی بندەستی داگیرکاردا گیری خواردوە وفززەی لێ نایە!کوڕوکوڕەزاونەوەکانی کارمەندی سازمانی/ سیا/ ی ئامریکا وسازمانی / ساواکی/ شای پێشووی ئێران حازرن خاکی کوردستان توورەکە بە توورەکە بدەنە دەستی بیانی بۆ ئەوەی بۆ خۆیان لەسەردەسەڵات بمێننەوە! کۆمەڵەکان لەسەر ناوی زەحمەتکێش و دیفاع لە رەنجدەر٣٥ساڵە لە کەمپەکانی زڕەگوێز وەک گەڵای سیخواری پاییز وردە وردە لێک دادەبڕن بەڵام دەست لە خۆ بە زلزانی هەڵناگرن. وێنەی سێ شەشەی بەهاریان لێهاتووە، هەرتاوێک روویان لە شوێنێکە.
لەسەرسایتی/ ئاوێنە/ خەبەرێکی سرنجڕاکێشم دیت.ئەوەش دانی کارتی نیشتمانی یان کارتی میللی بە خەڵکی عێڕاق بە هەرێمی کوردستانیشەوە!( ٢٧/١٠/٢٠١٥). ئەو یاسایە دەبرێتە بەردەستی سەرۆککۆماری عێڕاقی عەڕەبی کە ناوی،، فوادمەعسوومە،،ئەوکابرایەی کە تووشی ئالزایمێری نەتەوەیی بووە، دەبێ واژۆی لە سەر بداوپاشآن دێتە بواری جێ بە جێ کردن. (واژۆکردنی ئەو یاسایە لەلایان کەسێکی بە رەگەزکوردوئەندامی دێرینی حیزبێکی کوردی دەبێتە پەڵەیەکی ڕەشی مێژوویی بۆ شەخسی،ف، مەعسووم وبەو حیزبەی کە ساڵەها تێدا ئەندام بووە کورد دەبێ چاوەڕوان بێ کەسەرۆککۆماری عێڕاقی عەڕەبییە بە رەگەزیش کوردە بە وردی و بە بێ ترس هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو یاسایە دەرببڕێ)، ئە لێرەدایە ئیدی عێڕاقی فدراڵ وهەرێمی کوردستانی فدراڵ یانی / فت /.ئەوە یەکێکی دیکەیە لە ئامۆژگاریەکانی دەسەڵاتدارانی تاران بۆ بەغدا. ئەوان لەوڵاتێکی وەک ئێران لەوبوارەدا ئەزموونێکی باشیان وەگیرکەوتووە.
هەروەک دەزانین وڵاتێکی وێنەی ئێران لە کوردوعەڕەب و ئازەری (تورک) و تورکمەن وبەلوچ وفارس پێک هاتووە،جگە لەوەش دەیان ئایین وکولتورو دابو نەریتی جۆراوجۆی دیکە جوغڕافیای ئەو خاکە پێک دێنن. دانیشتوانی ئەو خاکە بە هەموو پێکهاتەکانی نزیکەی٧٤میلیون کەس دەبن. هەروەها نزیکەی ٥میلیون ( لەوانەیە کەمتر یا زیاتربن) کەس خەڵکی ئەو وڵاتە لە هەندەران دەژین. بە خەڵکانی هەیی ناو وڵات وبەوخەڵکانەی کەلە هەندەران دەژین پێویستە گشتیان خاوەنی دووبابەت بن. ناسنامەی ئێرانی ( کارتی نیشتمانی )، پاسپۆڕتی ئێرانی،ئەو دوو بابەتە بوونە تەوەرەی بە قووەتکردنی دەسەڵاتی / نەتەوە دەوڵەت) یان دەوڵەتی نەتەوەیەک کە خاوەنی زمانێکە کە دەبێ هەموو نەتەوەکای دیکەش، پێی بخوێنن،پێی بنووسن،پێی بفکرن! بێ گومان ئەویاسایەش کە لەعێڕاق دەدەرچێ مەبەستی سیاسی تێدایە. یانی بە پێی ئەو یاسایە کۆی دانیشتوانی جوغڕافیای عێڕاق/ عێڕاقین/،لەوەها خاکێکداخاک،ڕەگەز،ناسنامە،زمان،سیاسەت، پەروەردەوڕاهێنان، مافی بڕیاردان، ئابوری.......، دەکەوێتەوە بەردەستی یاساکانی دەوڵەتی ناوەندی! هەرکەس یان حیزبێک یان نەتەوەیەکی جودا لە عێڕاقی عەڕەبی فززەی لێ بێ سەرکوت دەکرێ! لەوەش بترازێ ئەوکەسەی کە دەبێ ئەویاسایە واژۆبکا خودای ناخواستە/ کوردە/ لە رابوردووشدا کۆنە مائۆییستێکی تۆخ ولایەنگری زەحمەت کێش ورەنجدەربوو!
دەبێ لە مەسعودی مەلای (لەشەڕی خۆدڕێنی ناوخۆییدا جەلال کوردکوژ بە بارزانی دەگووت: مەسعودی مەلای،یانی تۆ باوکت مەلابووە، هەمیش نۆکەری مەلاکانی تارانی)، پرسیار بکرێ ئایا خۆتووبنە ماڵەکەتووعەشیرەکەت کارتی نیشتمانی وەردەگرن؟ ئەگەروەریناگرن دەبێ لەعێڕاق بچنەدەرێ، وەریشی گرن دەبێ پابە ندی تەواوی یاساکانی نەتەوەدەوڵەت بن. چوون سەرەی یەکەم بۆ وەرگرتنی ئەو کارتە ئەیاخەکانی تاڵە بانین بۆ وەرگرتنی کارتی نیشتمانی.پرسیار ئەوەیە، دەوڵەتی کوردی کاک مەسعود چی لێ بە سەردێ؟ هەرێمی فدڕاڵ بەرەو کوێ دەڕوا،لە کۆی دەرئامەدی ساڵانەی عێڕاق بەشی ناوچە کوردنشینەکان چۆن دەبێ؟ لەهەموان ناخۆشترئەو خەونەیە کە بۆ پێشمەرگەی حیزبیان دیوە. کاتێک رۆڵەی کورد بە دڵێکی پاک دژی داعش شەڕدەکا ومنداڵەکانی تێروتەسەل نین چۆن دەتوانن متمانە بەودەسەڵاتە بکەن کە نەخاوەنی ستڕاتیژیەکی روونە، نە خاوەنی سیاسەتێکی بوێرانەیە. ئەورۆژەی کە ناسنامەی نیشتمانی وکارتی نیشتمانی بەزۆر وبە پێی یاسای عێڕاقی درا بە پێشمەرگە دەبێ فاتیحای چەکداری حیزبی بخوێندرێ! خۆحەشدی شەعبی نابێتە پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگەشمان بۆ دەکەنە حەشدی شەعبی.زەمینەی ئەوکارە قڕێژەش لە تانوپۆی حیزبەکەی جەلال تاڵەبانیدا چەکەرەی هێناوە. چون سەرۆک کۆماری عێڕاق / یەکێتیە / وداردەستی بنەماڵەی تاڵەبانیە. بەڵام ئەوکارتە ( کارتی نیشتمانی) ئەگەر لە باکوری وڵات ولە رۆژئاوای وڵات بدرێ بە تاکی کورد ،تەواوجیاوازی هەیە لەگەڵ باشووری وڵاتورۆژهەڵاتی وڵات، لەو دوو بەشە بەرخۆدان وسیاسەت بە رەوپێشتردەچێ بە تایبەت لە رۆژئاوای وڵات کە خەریکە یاسای کانتۆنەکان کاری پێدەکرێ.. کارتی نیشتمانی یان کارتی میللی بەڕواڵەت بابەتێکی ئاساییە، بەڵام لە ناوەرۆکدابابەتێکی سیاسی، مێژووییە، جەوهەروناوەرۆکی کارتی نیشتمانی لەودەستەواژەیەدا دەتوانین پێناسە بکەین،، ئە من کێم،،؟ئێرانیم، ئێراقیم، سوریم،تورکم، سۆئیدیم، ئاڵمانیم......؟.کەم نەتەوە هەن دوای شەڕی دووهەمی جیهانی بە قەرای کورد خوێنی ڕشتبێ ونە گە یشتبێتە ئامانجە کانی. من قورسایی ئەو بێ بەختیە زیاتر دەخەمە سەر شانی لاوازی وبێ مۆڕاڵی حیزب وسەرهەڵدانی سەرکردەی حیزبی. زۆری ناخایەنێ کە بەغدا بە هاوکاری ئەردۆغان کارتی نیشتمانی عەڕەبی لەسەر سنگی مەسعود بارزانی هەڵاوەسن. لەماوەیەکی کورتدا دەبێ،،فواد مەعسوم،، سەرۆک کۆماری کورد لە عێڕاقی عەڕەبی ئەو یاسا نوێیە واژۆ بکا! کوردێک بە خەتتی خۆی لەبەردەسەڵاتی حیزبی و دەسەڵاتی کورسییەکەی،ئینکاری نەتەوەیی پێ دەقەبڵێنن!!
" دواگووتن"
بە کورتی، کارتی نیشتمانی باس لە نیشتمانی عێڕاقی عەڕەبی دەکا (وەک ئێرانی سەردەمی کۆماری ئیسلامی).یانی دانیشتوانی ئەو خاکە بە پێی زۆرینەی دانیشتوانی دەکەونە ژێر چەتری یاساکانی دەسەڵاتی زۆرینەو دەسەڵاتی ناوەندی،دینی ڕەسمی هی زۆرینەیە،دامودەزگای بەڕێوەبردن هی زۆرینەیە،سیاسەتی دەرەوەیی وناوخۆیی بە دەنگی زۆرینە بەڕێوەدەچێ، دانی پاسپۆڕت بە تاکی خاوەن کارتی نیشتمانی بە پێێ یاسای عێڕاقی و عێڕاقی بوون دەدرێ بە تاک، ماملەی بانکی، ماملەی زەویوزار،خوێندن،زانکۆ،هێزی نیزامی، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی وزۆر بابەتی دیکە دوای راگەیاندنی ئەو یاسایە لە هەرێمی باشووری کوردستان دەکەوێتە ژێرپرسیار؟ ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی کە گەندەڵکارانی دەسەڵات پێکیان هێناوە خوداش ڕەحممان پێناکا!تەنیا رێگایەکی کە من پێم شک دێ ئەوەیە، خەڵکی وەزاڵەهاتووی باشووری وڵات چواردەوری کۆشکوقەڵای سەرسەری ڕەش (سەری نەوی) بگرن و بە بنەماڵەی بارزانی بڵێن، وەرەدەرێ لەو کۆشکوقەڵایەی کە بە خوێنی رۆڵەکانی ئێمە شوورەتان لە دەوری کێشاوە،کوردستانمان بۆ چۆل کەن،بڕۆنەوە لای ئەربابەکانی خۆتان. ئێمە خوازیاری ژیانێکی ئازادین.
سندوقی کوردستانپۆست.
٣٠/١٠/٢٠١٥
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست